رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 7/6/2017 وادەی ئەنجامدانی پرسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دیاریکرا؛ کە وا بڕیارە 25 ی مانگی 9 ریفراندۆم بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامبدرێت و هاوکات وابڕیارە 6 مانگی 11 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت. سەرباری هاوڕایی لایەنە بەشداربووەکانی ئەم پرسە لەگەڵ بارزانیدا، بەڵام هەریەک لە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بەشداری کۆبونەوەکەیان نەکرد و رای جیاوازی خۆیان هەیە.
وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەکەمینجار بۆ دەنگی ئەمریکا هەڵوێستی خۆیان بۆ خەڵک روون دەکەنەوە...ئاسۆ جەبار وتووێژێکی لەگەڵ شۆرش حاجی دا سازکردووە سەبارەت بە پرسی ریفراندۆم و دەوڵەتی کوردی....
شۆرش حاجی دەڵێت "تەنیا و تەنیا پەرلەمانی کوردستان مەرجەعی بڕیاردانە لەم پرسە چارەنوسازە کە بریتییە لەریفراندۆم و هەڵبژاردن و پرسی سەربەخۆیی کوردستان".
هاوکات هەڵوێستی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان بریتییە: "لەلای ئێمە پرسی ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی دەوڵەتی کوردی جیایە لە میکانیزمی بڕیاردان لەسەر ئەم پرسەو جێبەجێکردنی ئەنجامی ریفراندۆم".
دەشڵێت "ئێمە پێمانوایە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەوڵەتی کوردستان مافێکی ئاسایی و سەرەتایی گەلی کوردستانە".
ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیەی کە بزوتنەوەی گۆڕان دەیخوازێت بریتییە لە "ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیەی ئێمە داوای دەکەین جیایە لەگەڵ ئەوەی کە پارتی و کاک مەسعود بانگەشەی بۆ دەکەن......".
هاوکات ئەوان رایەکی دیکەیان هەیە.... "ئێمە لەگەڵ ئەوە نین ئەگەر ئەم پرسی راپرسییە وەکو کارتێکی فشار بۆ دەستکەوتی حیزبی و شەخسی لەکوردستان بەکاربهێنرێت".
هاوکات شۆرش حاجی دەڵێت "ژیان و بەڕێوبردن لەم هەرێمەی ئێمەدا لەلایەن چەند بنەماڵەیەک و چەند حیزبێک و چەند کەسێکەوە قۆرخ کراوە. دەوڵەتێکی لەو بابەتە بێگومان نایەتە دی و ئەگەر بێتە دیش تەمەنی زۆر کورت دەبێت؛ چونکە متمانەی خەڵکی نیە و ناوماڵی کوردی یەکگرتوو نیە".
بزوتنەوەی گۆڕان چ جۆرە دەوڵەتێکیان دەوێت؟
شۆرش حاجی "ئێمە دەمانەوێت ئەو دەوڵەتی کوردستانەی کە دایدەمەزرێنین دەوڵەتێک بێت کە یاسا تیایدا سەروەر بێت، دەوڵەتێک بێت کەرامەتی هاوڵاتی تیایدا پارێزراوبێت ،..... دادوەری تیایدا بێ لایەن بێت"