هەرێمی کوردستان لەم سەروەختەدا کە شەڕی داعش لەکۆتاییەکانیدایە لەعێراق و هاوکاتی قەیرانە سیاسی و حیزبی و ئابوری و یاسایی و دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام پرسی ریفراندۆمیش بۆتە پرسێکی گشتی و تێکڕای پرسەکانی دیکەشی بەخۆیەوە زیندوو کردۆتەوە. بەڵام ئایا کۆمەڵگە کەوتۆتە کوێی ئەو هەموو نەخشە حیزبی و سیاسی و قەیرانە گەورانەوە؟
بۆ ئەو مەبەستە ئاسۆ جەبار بۆ هەفتەنامەی رەهەندەکان میوانداری نوسەرو روناکبیر ئیسماعیل حەمە ئەمین کردووە....
ئیسماعیل حەمە ئەمین دەڵێت "کۆمەڵگەی کوردی لەدۆخی داڕزاندایە."، هاوکات "ئەم داڕزانە تەنها لەهەناوی دەسەڵاتی سیاسیدا نیە، بەڵکو لەهەناوی کۆمەڵگەشدایە."
دەشڵێت "شتێک نەماوە لەباشوری کوردستان پێی بڵێین کۆمەڵگە، واتە شتێک نەماوە بە مانا سمبوڵییەکەی، بە مانا فەرهەنگییەکەی پێی بڵێن کۆمەڵگە، هەتا شتێک نەماوە تەنها پێی بڵێین ئاین......."
ئەو دەڵێت کۆمەڵگەی کوردی لەبەردەم هەڕەشەی دروستبوون و گەورەبوونی فاشیزمێکی نوێدایە. دەشڵێت "هیچ کۆمەڵگەیەکم نەبینیوە، توانای بەرگری ئەمەندە لاواز بێت؛ هەموو بیەوێت بڕوات. ئێستا ئەگەر دەروازەیەک هەبێت، لەوانەیە شارەکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک کەسی تیادا نەمێنێت."
ئیسماعیل حەمە ئەمین باس لە هێزەکانی دیکەی گۆڕەپانی سیاسی دەکات و دەڵێت "هێزێکی دیکە هەیە، حیزبی شویعییە، لەڕاستیدا ئێستا ئەندامەکانی دەچن بۆ حەج و عەمرە." هاوکات "سکرتێری حیزبی شیویعی کوردستان لەبری ئەوەی دکتۆرای هەبێت لە ساندێکا و لەبزوتنەوە کرێکارییەکاندا، دکتۆرای هەیە لەشەریعەتدا."
دواجار دەڵێت " ئێمە لەبەردەم شانۆگەرییەکی زۆر بێ مانای تراژیدیی و کۆمێدیی دایین."