ماوەیەکە دانوستانی پارتی و گۆڕان تیپەڕیوە، بەڵام هیچ ئاکامیکی نەبوو، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دڵشاد شەهاب ، هێشتا هیوای پێیەتی بەر لە ریفراندۆم ئەو دوو لایەنە سەرەکییە رێک بکەون. لەبارەی رێک نەکەوتنو ئەکامەکانی ئەو دانوستانە، وتی "دوای نەمانی خوالێخۆش بوو نەوشیروان موستەفا رەنگە بڕیاردان لە ناو ئەو بزوتنەوەیە تا رادەیەک زەحمەتتر بێت، پێش دانیشتنەکەش ئەوان راگەیاندراوێکیان راگەیاند وەک مەرجی دانیشتنیان لەگەڵ پارتی، ئەوە خاڵیکی نەرێنی بوو، هەرچەندە پارتی دانیشتنەکەی بێ مەرجی پێشوەخت لەگەڵ گۆڕاندا کرد، هەروەها هەندێ بابەت کە پەیوەندی بە دانوستانی سیاسی نێوان دوو حیزبەوە نەبوو کرابووە مەرج، بە نموونە سیستمی پاشەکەوتی موچە چ پەیوەندییەکی بە دانوستانی سیاسی دوو حیزبەوە هەیە، ئێمە رامان وابوو پەرلەمان کارا بکرێتەوە، وەزیرەکانی بگەڕینەوەو لەو ریگەیەوە کار لەسەر ئەو دۆسێیەش بکەن لە ریگای وەزیری داراییەوە کە گۆڕانە."
لە رابردوو پارتی تاکڕەوانە پەرلەمانی پەکخست و وەزیرەکانی گۆرانی ناردەوە بۆ سلێمانی، ئایا نەدەبوو پارتی نەرمی زیاتر بڕوێنێت، بە تایبەتی هەرێمی کوردستان لەبەردەم ریفراندۆمدایە؟ لەو بارەیەوە ئەو بەرپرسە دەڵێت "ئێمە هیچ مەرجێکمان نەبوو لە کارا کردنەوەی پەرلەمان، لە رابردوو چەند مەرجیکمان هەبوو، بۆ ئەو دانوستانە پارتی مەرجی پێشوەختی نەبوو، وازمان لە رابردوو هێنا، دەمانویست پەرلەمان کارا بکەینەوەو ماڵی کورد یەک بخریتەوە، گۆڕان وەک حزبێک گرنگە بەشداری ریفراندۆم بکات، گەرمو گوڕی وجۆشوخرۆشێک دەداتە جەماوەرەکەی."