بارگرژی سیاسی و تەنگەژەکان تێکڕا لەنێوان حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێمدا لێدوانەکانی هەردوولای پڕکردووە لە روونکردنەوەو رووبەڕووبونەوە. لەم دواییانەدا ئەنجومەنی ئاسایشی عێراقی و هاوکات پەرلەمان و حکومەتی عێراق وەک خۆیان باسی دەکەن کۆمەڵێک رێوشوێنی یاسایی و دەستوریان گرتۆتە بەر لەئاکامی ئەنجامدانی ریفراندۆمەکە. بەڵام هەر ئەمرۆ حکومەتی هەرێم و دەستەی باڵای سەرۆکایەتی سیاسی هەرێم ئاگادارینامەو رونکردنەوەیەکی 6 خاڵیان خستۆتە ڕوو کە تیایدا هاتووە: "سەبارەت بە گفتوگۆكردن لەگەڵ عێراقیشدا ئێمە ئەوكات و ئێستایش جددین، هەر ناجددیبوونی حكوومەتی عێراقیش بوو لە گفتوگۆكاندا وایكرد گەلی كوردستان ڕیفراندۆم ئەنجام بدات، بەڵام لەبەر ئەو گفتوگۆ نهێنیانەی كە پێش دوو مانگ بەڕێز عەبادی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا ئەنجامی داون و ئێستاش درێژەیان پێ دەدات، بە شێوەیەكی زۆر نائاسایی و نایاسایی گفتوگۆ ڕەتدەكاتەوە، لەكاتێكدا ئێمە ڕامانگەیاندووە كە بەبێ مەرج و بە پێشوازیكردن لە بانگەوازی بەڕێز ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی ئامادەین بۆ گفتوگۆیەكی كراوە لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. "
هەروەها لەراگیاندراوەکەدا هاتووە : "بۆ ڕێگرتن لە درێژەكێشانی ئەو سزادانە بەكۆمەڵە، جارێكی دیكە داوا لە بەڕێز حەیدەر عەبادی دەكەین كە ئێمە ئامادەین بۆ هەموو جۆرە گفتوگۆ و هاوكارییەك بەپێی دەستووری عێراق سەبارەت بە دەروازەكان، بازرگانیی ناوخۆیی، دابینكردنی خزمەتگوزارییەكانی هاووڵاتیان، بانكەكان و فڕۆكەخانەكان."
ئاسۆ جەبار سەبارەت بەو پرسانە وتووێژێکی تایبەتی سازکردووە لەگەڵ ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردسان بەڕێز ئەبو بەکر هەڵەدنی...
هەڵەدنی دەڵێت "ئەم هەڕەشانەو ئاڵۆزبوونی کێشەکان چاوەڕوانکراو بوو."
دەشڵێت "دەسەڵاتدارانی سیاسی هەرێم جەختیان لەوە کردۆتەوە ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆئەوە نیە ئێمە سەربەخۆیی رابگەیەنین."
سەبارەت بە دۆخی هەرێمەکە دەڵێت "دۆخی کوردستان دۆخی 1975 و نە ساڵانی 88 و سەردەمی ئەنفال و نە ساڵی 1991 ە، بەڵکو ئێستا هەرێمی کوردستان پێگەیەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی گرنگی هەیە."
هەڵەدنی دەشڵێت "ئەمرۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشێکە لەئاشتی جیهان."
هاوکات هەڵەدنی پێیوایە "کۆنفدڕاڵی بژاردەیەکی گونجاوە بۆ هەرێم و عێراق"