سەرباری سەختی بژێوی ژیانی خەڵک و قەیرانی ئابوری و سیاسی و حیزبی و قەیرانی بێ موچەیی و بێ کارەبایی و گرفتەکانی بواری پەروەردەو سەرجەم کەرتە شارستانی و ژیارییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوڕۆکە قەیرانی سەختی سوتەمەنیش یەکێکی دیکەیە لەقەیرانە رۆژانییەکانی هاوڵاتیانی هەرێمەکە. هاوڵاتیان لەنێوان بەرداشی بەڵێنەکانی حکومەتی عێراق و بێتوانایی حکومەتی هەرێم و قەیرانە سیاسی و ئابورییەکانی نێوان هەردوولادا گرفتارن. بە ڕای شارەزایان ئەوەی لەپشت تەواویی ئەم قەیرانانەوە ئامادەگی هەیە گەندەڵی و ناپسپۆری و نادادپەروەری و قەیرانی حکومڕانی و سیاسییە.
ئاسۆ جەبار بۆ بەدواداچون و پتر گەیاندنی زانیارییەکان بە خەڵک سەبارەت بە کێشەی سوتەمەنی و گرفتە گەورەکانی هەرێمی کوردستان وتوویژێکی تایبەتی لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا دکتۆر غالب محەمەد عەلیدا سازکردووە...
دکتۆر غالب دەڵێت "حکومەتی هەرێم دەتوانێت نەوت بدات بە خەڵک بەڵام نایدات."
دەشڵێت "چاوەڕوانی چی بکەیەن لەنێچیرەڤان بارزانی کە خۆی خاوەنی کۆمپانیای کارە...." و "نێچیرەڤان بارزانی نایەوێت نرخی نەوت دابگرێت."
سەبارەت بە داهاتی ئێستای حکومەتی هەرێم دکتۆر غالب دەڵێت "حکومەتی هەرێم لە مانگی 11 وە 550.000 بەرمیل نەوتیان هەناردە کردووە، پارەکەی دەکاتە 515 ملیۆن دۆلارە، بەڵام حکومەت نە چارەکە موچە دەدات و نە سوتەمەنی دەدات بە هاوڵتیان."
لەکاتێکدا "حکومەت نە سوتەمەنی دەدات، نە کارەباو باجیشیان لەسەر خەڵک زیادی کردووە، نرخی کارەباشیان لەسەر خەڵک زیاد کردووە، فشاریشیان بۆ دەهێنین کە دار نەبڕنەوە."
دەشڵێت "ئەوەی حکومەتی هەرێم بەرامبەر هاوڵاتیانی خۆی دەیکات حکومەتی عێراقیش نەیکردووە."
هەروەها د. غالب دەڵێت "450.000 پێشمەرگە ناونوسکراوە، بەڵام 450 فیشەکیان لە شەڕەکەی کەرکوکدا نەتەقاند."
هاوکات "لەماوەی 24 کاتژمێردا 526 بیرە نەوتیان لەکەرکوک و عەینزالە رادەستی عێراق کرد."
دکتۆر غالب کۆمەڵێک زانیاری لەبارەی هەندێک لە لیواکانی پێشمەرگەو حکومەتی هەرێمەوە دەخاتە ڕوو دەڵێت "کۆمەڵێک لیوای پێشمەرگە هەن کە جێگەی دەستخۆشین بە کردار پێشمەرگەن و دەوامی خۆیان دەکەن، بەڵام ئەوانی دیکە کراون بە پاسەوانی بیرە نەوت و ماڵ و ڤیلەکانی بەرپرسەکان."
هەروەها دەشڵێت "حکومەتی هەرێم بە راشکاوی شکستی خۆی راگەیاندووە، هەر دوێنێ نێچیرەڤان بارزانی وتی ناتوانین موچەو سوتەمەنی بۆ خەڵک دابین بکەیەن."