هێزێـکی ئاسایش و پـۆلیس لە سلێمانی کەناڵی NRT دادەخەن ئەندامێکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی کەناڵی NRT دەڵێت هێزەکانی ئاسایش و پـۆلیس هاتوونەتە سەر کەناڵەکەیان و پەخشەکانیان ڕاگرتوون و کارمەندەکانیان دەستبەسەرکردووە.
سوهەیب شێخ ئەحمەد بەڕێوەبەری دیجیتاڵ میدیای NRT بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" لە کاژمێر 6:50 ی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە هێزێکی تایبەت کە پێکهاتبوو لە (هێزێکی ئاسایش و هێزێکی دەمامکدار و هەروەها پۆلیس) هەڵیانکوتایە سەر کەناڵەکانی(ئێن ئاڕتی عەرەبی،ئێن ئاڕتی کوردی،ئێن ئاڕتی دوو) بەشێک لە کەلوپەلەکانیان شکاند و دواتر کارمەندانی کەناڵەکەیان لە هۆڵێکدا دەست بەسەرکرد.
وتیشی دواتر وەرەقەیەکی چاپکراویان هێناوە کە بڕیاری وەزارەتی ڕۆشنبیری لەسەرە و تیایدا نووسراوە لەسەر داوای دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکری پارێزگاری سلێمانی کەناڵەکە دادەخەن. هەروەها وتی ئێمە دەزانین ئەمە بڕیارێکی سیاسیە و دژ بە ئازادی ڕۆژنامەوانیە، ئەگەرنا کەناڵی ئێن ئاڕتی دوو بۆ داخراوە کە هەر گۆرانی و دراما پەخش دەکات.
هەڤاڵ ئەبو بەکر لە فەیسبوکی خۆی ڕتیدەکاتەوە داوایەکی لەو جۆرەی کردبێت بۆ داخستنی کەناڵەکە و دەڵێت سەر لەبەری درۆیە.
هاوکات شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نوێ کە لە دەرەوەی وڵات بوو و ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی سلێمانی، لە لایەن هێزێـکەوە دەسـتگیرکراوە و هێشتا ڕوون نیـیە بۆ کوێ براوە.
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی فەرمی پۆلیسی سلێمانی بەڵام ناوبراو وتی ئێمە وەک پۆلیس و ئاسایش فەرمانمان پێکراوە قسە نەکەین.