Accessibility links

سه‌میر سه‌لیم:هه‌رێمی كوردستانمان گه‌یانده‌ كه‌ناری ئارامی ئنجا بڕیاری كشانه‌وه‌مان له‌حكومه‌ت دا


سه‌میر سه‌لیم -كارگێڕی ئه‌نجومه‌نی جێ به‌جێ كردنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان
سه‌میر سه‌لیم -كارگێڕی ئه‌نجومه‌نی جێ به‌جێ كردنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان

سه‌میر سه‌لیم كارگێڕی ئه‌نجومه‌نی جێ به‌جێ كردنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان،ده‌ڵێت،ده‌مانه‌وێت به‌كشانه‌وه‌مان له‌حكومه‌تی هه‌رێم هه‌لومه‌رجێكی بابه‌تیانه‌ بێته‌ كایه‌وه‌،بۆ سه‌ر له‌نوێ ڕێكخستنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان،هه‌روه‌ها ده‌شڵێت،ترس له‌ ئاینده‌ بڕیاری كشانه‌وه‌ی له‌حكومه‌ت پێداین،به‌ڵام بڕیاری كشانه‌وه‌كه‌ی ئێمه‌ جیاواز بوو چونكه‌ ئێمه‌ هه‌رێمی كوردستانمان گه‌یانده‌ كه‌ناری ئارامی ئنجا بڕیاری كشانه‌وه‌مان دا له‌حكومه‌ت."

كارگێری ئه‌نجومه‌نی جێ به‌جێ كردنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌ گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا وتی"ده‌مانه‌وێت به‌كشانه‌وه‌مان له‌حكومه‌تی هه‌رێم سیاقێكی نوێ بهێنینه‌ ئاراوه‌ بۆ پڕۆسه‌ی چاكسازی له‌هه‌رێمی كوردستان."

سه‌میر سه‌لیم وتیشی"كاتێك هیچ ئیراده‌یه‌كی چاكسازیمان له‌حكومه‌تدا به‌دی نه‌كرد،كاتێك بینیمان حكومه‌ت ده‌ست و پێی به‌ستبوو له‌ئه‌نجامدانی چاكسازی بۆیه‌ پێمان باش بوو بڕیاری كشانه‌وه‌ له‌حكومه‌ت بده‌ین."

پێشتر مه‌ولود باوه‌ موراد وه‌زیری گه‌یاندن و گواستنه‌وه‌ له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پشكی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌گفتوگۆیه‌كدا به‌ڕۆژنامه‌نوسه‌كه‌ی ده‌نگی ئه‌مریكای وت"خۆت خانمی ده‌زانی كه‌ محه‌له‌بی دروست كردنیش بێت كاتی زیاتری ده‌وێت،ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی یه‌كگرتوو محه‌له‌بی نیه‌ حكومه‌ت بتوانێت به‌و ماوه‌ كه‌مه‌ جێ به‌جێی بكات ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی پێ جێ به‌جێ بكرایه‌ خۆی ده‌یكرد له‌١٠٠%."

سه‌میر سه‌لیم وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ده‌نگی ئه‌مریكای دایه‌وه‌ ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌كه‌تان جێ به‌جێ كردنی ئاسان نیه‌ وه‌ك مامۆستا مه‌ولود ده‌ڵێت،كه‌واته‌ بۆچی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌تان پێشكه‌ش كرد و ده‌رفه‌تتان دا به‌ حكومه‌ت؟به‌ڵام سه‌میر سه‌لیم وتی"جێ به‌جێ كردنی پڕۆژه‌كه‌مان ئاسان بوو،ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ئیراده‌ی جێ به‌جێ كردنی هه‌بوایه‌ ئه‌وا(١٠-١٥)ڕۆژ جێ به‌جێی ده‌كرد."

كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ئاماژه‌ی به‌ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌كه‌یان دا و وتی"بۆ نمونه‌ دابه‌ش كردنی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت له‌م زستانه‌ سارده‌ به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا،یان خستنه‌ڕووی داهاتی نه‌وت مانگانه‌ كه‌(٦٠٠)ملیار دیناره‌ به‌ڵام حكومه‌ت ژماره‌یه‌كی دیكه‌ ده‌ڵێت كه‌ ئێمه‌ گومانمان هه‌تا له‌ داتای ئه‌و كۆمپانیا به‌ریتانیه‌ش هه‌یه‌،ده‌توانرێت به‌و شه‌ش سه‌د ملیاره‌ مانگانه‌ ئه‌و موچه‌یه‌ی كه‌لێی بڕاوه‌ بدرێته‌ فه‌رمانبه‌ران،ئه‌مانه‌ پێویستی به‌و كاته‌ زۆره‌ نیه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ت بیویستایه‌."

سه‌میر سه‌لیم ئاماژه‌ی به‌دواین كۆبونه‌وه‌ی وه‌فدی یه‌كگرتووی ئیسلامی كرد له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌ت كه‌ دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌نجامیان دا و وتی"ڕاشكاوانه‌ لایه‌نی حكومه‌ت به‌ شاندی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستانی وت ئه‌و چاكسازیه‌مان پێ ناكرێت و پڕۆژه‌كه‌ی ئێوه‌مان پێ جێ به‌جێ ناكرێت."

هه‌ر له‌گفتوگۆكه‌دا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا مه‌ولود باوه‌موراد وتی"له‌ناو سه‌كردایه‌تی یه‌كگرتوو دوو بۆچوون هه‌یه‌ بۆ كشانه‌وه‌ له‌حكومه‌ت یا مانه‌وه‌،ئه‌وانه‌ی پشگیری كشانه‌وه‌ ده‌كه‌ن یه‌كێك له‌پاساوه‌كانیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م حكومه‌ته‌ زیان له‌ده‌نگه‌كانی یه‌كگرتوو ده‌دات له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان."

ده‌نگی ئه‌مریكا له‌سه‌میر سه‌لیمی پرسی تاچه‌ند ترستان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان هۆكاربووه‌ بۆ كشانه‌وه‌تان له‌حكومه‌ت؟سه‌میر سه‌لیم وتی"ئه‌وه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌هۆكاره‌كان،به‌ڵام ترس له‌ ئاینده‌ كه‌ به‌ته‌نها هه‌ڵبژاردنه‌كان نیه‌ و ئه‌نجامدانی چاكسازی و زه‌مینه‌ سازی نوێیه‌ بۆی بڕیاری كشانه‌وه‌ی پێداین له‌حكومه‌ت."

سه‌لیم وتیشی"ڕاسته‌ له‌ناو سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوو ئه‌و دوو بۆچونه‌ هه‌بوو به‌ڵام دواجار ئه‌و هه‌موو گفتوگۆ و كۆبونه‌وه‌یه‌ی كه‌كرا بۆ ئه‌وه‌ بوو قه‌ناعه‌ت به‌هه‌موان بهێنین له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ له‌حكومه‌ت و كۆی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی ده‌نگیدا بۆ كشانه‌وه‌ له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان."

مانگی ڕابردوو هه‌ریه‌كه‌ له‌بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌حكومه‌ت كشانه‌وه‌،له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی جیاوازی كشانه‌وه‌ی یه‌كگرتوو چیه‌ له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی ئه‌و دوو لایه‌نه‌؟

سه‌میر سه‌لیم كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان وتی"ئێمه‌ پێمان باش بوو وردتر دیراسه‌ی ئه‌م بڕیاره‌ بكه‌ین وه‌ ئه‌وكات هه‌رێمی كوردستان له‌ژێر مه‌ترسی هێرشی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عیراقدا بوو ڕه‌نگه‌ مه‌ترسیه‌كان گه‌وره‌تر بونایه‌،به‌ڵام ئێستا چوارچێوه‌یه‌كی ده‌ستوری و یاسایی بۆ پاراستنی هه‌رێم له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانان دروست بووه‌ بۆ دوررخستنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسیانه‌،چونكه‌ ئه‌گه‌ر پاراستنی هاوپه‌یمانان نه‌بونایه‌ ئێستا حه‌شدی شه‌عب و سوپای عیراق تا سنوری حاجی هۆمه‌ران ڕۆیشتبوون،وه‌ دوای ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانمان گه‌یانده‌ كه‌ناری ئارامی،ئه‌وكات بڕیاری كشانه‌وه‌مان دا له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان."

سه‌میر سه‌لیم وتیشی"به‌ بڕیاری كشانه‌وه‌مان له‌حكومه‌تی هه‌رێم پردی زۆر كه‌سمان به‌ ئاودا.ئه‌وانه‌ی كه‌ وێنای یه‌كگرتوویان به‌شێوه‌یه‌كی موغریزانه‌ و ناته‌ندروستانه‌ كێشابوو."

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی یه‌كگرتوو په‌شیمان نیه‌ له‌وه‌ی كاتی خۆی پشگیری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی نه‌كرد،سه‌میر سه‌لیم وتی"نه‌خێر چونكه‌ له‌و قۆناغه‌دا شه‌ڕی داعش هه‌بوو،مه‌ترسی له‌سه‌ركوردستان بوو بۆیه‌ پێویستمان به‌یه‌ك ده‌نگی و پاراستنی ناوخۆ هه‌بوو،وه‌ له‌دوای ڕودداوه‌كانی(١٦)ی ئۆكتۆبه‌ریش به‌هه‌مان شێوه‌ پێویستمان به‌و ڕێگایه‌ هه‌بوو بۆ دورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كان له‌سه‌ر كوردستان."

XS
SM
MD
LG