لە بڕیارێکدا کە پێشووتر دەرچووە و ئێستا ئەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، وەزارەتی ئەوقاف ڕێگا نەدات هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن بە بێ ڕەزامەندی وەزارەت وتاری هەینی پەخش بکات و نابێت هیچ بەرنامەیەکیش بە بێ ڕەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ بە ناوی خێرخوازییەوە پارە کۆبکاتەوە.
مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوبەری پەیوەندییەکان و پێکەوەژیانی ئاینی لە وەزارەتی ئەوقاف، لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی کە ئەوان هەستیان کردووە هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن بە ناوی خێرخوازی و پارەکۆکردنەوەوە و بەتایبەتیش لە ئێستادا کە قەیرانی دارایی هەیە، دۆخەکەیان قۆستووەتەوە، هەربۆیە لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن بۆی نەبێت بەبێ ڕەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ پارە کۆبکاتەوە.
نەقشبەندی ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەردەمانێکدا هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن کۆمەڵێک وتاریان پەخش کردووە کە پەیامی رق و تووندووتیژی تێدا بووە، هەربۆیە بڕیاریان داوە ڕێکارە یاساییەکان بگرنە بەر و ڕێگا نەدەن هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن بە بێ ڕەزامەندی وەزارەتی ئەوقاف وتاری هەینی پەخش بکات.
هەر لە چوارچێوەی ئەو بڕیارانەی وەزارەتی ئەوقاف دەریکردووە، تێیدا هاتووە گەر مامۆستای ئاینی داوای مۆڵەتی کردنەوەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن بکات دەبێت نووسراو بۆ وەزارەتی ئەوقاف بکات، ئەو ڕادیۆ و تەلەفزیۆنانەش کە خاوەنەکانیان مامۆستای ئاینیین دەبێت بۆ تازەکردنەوەی مۆڵەتەکانیان ڕەزامەندی وەزارەتی ئەوقاف وەربگرن.