عادل حەسەن ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی له لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت کە ئەوان بەردەوامی به خۆپیشاندانەکان ئەدەن هەتاکو سیستەمی پاشەکەوتی مووچه هەڵئەوەشێنرێتەوه و به دەستکاریکردنه نوێیەکەی حکومەتیش ڕازی نابن و پێیان وایه گەر خۆپیشاندانەکان نەبوایه، حکومەتی هەرێم نیازی هەبووه بەردەوامی به پاشەکەوتی مووچه بدات بۆ هەمیشه.
دوێنێ چوارشەممه و له کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوه کرد گەر خۆپیشاندەران چەقۆ و دەمانچەیان پێبێت، ئەوانیش بەو شێوەیه ڕەفتار دەکەن. لەو بارەیەوە عادل حەسەن وتی کە ئەوە هێزە ئەمنییەکانی هەولێر و دهۆکن توندوتیژییان بەرامبەر مامۆستایان و خۆپیشاندەران بەکارهێناوە و ئەوان نیگەرانن لەوەی نێچیرڤان بارزانی وتوویەتی.
لەلایکی ترەوە عادل حەسەن ئاماژەشی بەوه کرد که ئەوان سووپاسی پشتگیری و بەشداری لایەنه سیاسییەکان دەکەن له خۆپیشاندانەکان بەڵام داواکارن که خۆپیشاندانەکان نەکرێته شوێنی موزایەدەی سیاسی.
له ئێستادا خۆپیشاندان له شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەیه دژی سیستەمی پاشەکەوتی مووچه و فەرمانبەران و خۆپیشاندەران داواکارن ئەو سیستەمه هەڵبوەشێنرێتەوه.