محەمەدی حاجی مەحمود یەکێک لە سەرکردە سیاسیە دیارەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێت"پێم باش بوو بەم شێوازی هەڵبژاردنە کورد بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی عێراق نەکات، چونکە ئەوە زیانێکی زۆر لە ڕێژەی دەنگەکانی کورد دەدات، جگە لەوەی کورد بەم فرە لیستیە بەشداری دەکات کە هەندێک لەو حیزبانە لە پێشووتر بە عێراقیان وت پارە مەنێرە بۆ کوردستان و هێرش بکەرە سەر کوردستان."
محەمەدی حاجی مەحمود لە سەرەتای گفتوگۆکەدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لە بارەی گەڕانەوەی کورد بۆ عێراق لە دوای ڕیفراندۆم و بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو دەوڵەتەی حەوت مانگ لەمەوبەر داوای جیابونەوەیان لێدەکرد وتی"ئێمە ئەو کات ڕیفراندۆمان کرد تا بزانین میلـلەتەکەمان چی دەوێت؟ ئەوەبوو لە ٩٢%ی زیاتر دەنگیان بە بەڵێ دا، وتمان بەو جۆرە گفتۆگۆ لەسەر خواستی میللەتەکەمان دەکەین بەڵام وادیاربوو چ ئەوان و ئەمەریکا و وڵاتانی ناوچەکەش ئەوانەی باسی دیموکراسی دەکەن تەنانەت ڕازی نەبوون بڵێین چیمان دەوێت و گەلەکۆمەکەیان لێکردین لە هەموو لایەکەوە."
وتیشی"بابەتی ڕیفراندۆم لە مێژوودا ئەمە شتێکی گرنگمان کردووە و لە پێشووتردا نەبووە و قەتیش دووبارە نابێتەوە ، هەتا لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش نەیانتوانی خۆیان بگرن لە بەردەم ڕیفراندۆمدا و ئاخیر ڕۆژ هەموویان چونە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگیان دا ڕیفراندۆم تاپۆیەکی ڕەشە و لە گیرفانی هەموو کوردێکدایە بۆ هەرکات پێویست بوو هەتا هەتایە دەمێنێتەوە، ئێستاش دەمانەوێت بە هێزەوە بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوررییەکانمان بین لە بەغداد هەرچەندە لە دوای ئەو ڕووداوانە کورد ئەو هێزەی نەماوە."
بە بڕوای محەمەدی حاجی مەحمود بەشداریکردنی کورد لەم شێوازی هەڵبژاردنەی عێراق(فرە بازنەیی) زیانی بۆ کورد هەیە و دەڵێت"من وەک خۆم پێم باش بوو کورد بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات ئەگەر شێوازی هەڵبژاردنەکان یەک بازنەیی هەڵبژاردن نەبێت چونکە ئەوکات کورد ڕێژەی کوردسیەکانی ڕەنگە بگەیشتایە هەشتا کورسی و زیاتر، هەرچەندە ئێستا ئەگەر کورد سەد و شەست کورسیشی هەبێت ناتوانێت لەو(٣٢٩) کورسیەکە هیچ بڕیارێک لە بەغداد بدات."
لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان بەشێک لە حیزبە کوردستانیەکان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیان ڕیفراندۆم لە بانگەشەکانیان وەک شکستی بەشێک لە پارتە سیاسیەکانی بەرامبەریان باس دەکەن و بە هۆکاری گەڕانەوەی سوپای عێراق بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان هەولێر و بەغداد دەبینن، بەڵام محەمەدی حاجی مەحمود کە یەکێک بوو لەو سەرکردە سیاسیە کوردستانیانەی پشتگیری ڕیفراندۆمی دەکرد و بانگەشەشی بۆ دەکرد، دەڵێت"ڕیفراندۆم بکرایە و نەکرایە ئەوان پەلاماری کەرکوک و دوزیان دەدا، دوای ئەوە خۆ ڕیفراندۆم لە عەفرین نەکراوە لە هەموو لایەکەوە پەلاماریان داوە و کەسیش قسەناکات، ئەوانەی ئێستا بەو جۆرە باسی ڕیفراندۆم دەکەن ڕەنگە ئێستا ئەگەر قسەکانی ئەو ڕۆژەی سەر سندوقی دەنگدانیان بۆ لێ بدەیتەوە خۆیان شەرم بکەن، ئەوان خۆیان هاتنە سەر سندوقی دەنگدان ڕۆژی ڕیفراندۆم پەنجەیان کرد بە مەرەکەبەکەدا و دەنگیان دا."
جگە لە تۆمەتبارکردنی ئەو حیزب و کەسایەتیانەی لە سەرەتای ڕیفراندۆم پشگیرییان کرد، یەکێک لە سەرۆک لیستەکانی لایەنە سیاسیەکان بۆ هەڵبژاردنی مانگی داهاتووی پەرلەمانی عیراق ڕایگەیاند، پێویستە سەرانی ڕیفراندۆمچی دادگایی بکرێن، محەمەدی حاجی مەحمود کە یەکێکە لەو سەرکردانەی پشتگیری و بانگەشەی ڕیفراندۆمی دەکرد، ئامادەی دادگایی کردنە لەسەر ڕیفراندۆم و دەڵێت"من لەپێناو میلـلەتەکەی خۆمدا مردنم هەڵبژاردووە نەک دادگایی کردن لە پێناو ڕیفراندۆمدا ئامادەم دەیان جار دادگایی بکرێم ئەگەر ئێستا ریفراندۆم بکرێتەوە دە جاری تر دەنگی بۆ دەدەم چونکە بە مافی ڕەوای خەڵکی کوردستانی دەزانم هەر میللەتێک دەوڵەتی نەبێت خۆشی نەبێت باشترە."
محەمەدی حاجی مەحمود وتیشی"ئەوانەی ئەو قسانە دەکەن تابوری پێنجن و بەدەستی خەڵکی تر ئەو قسانە دەکەن بۆیە لای ئێمە زۆر بایەخی نیە ئەو قسانە، چونکە ئێمە داوای مافی خەڵکی کوردستانمان کردووە با ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەرچن ئەو کات دەبینن ئەوانەی لەگەڵ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی میلـلەتەکەی خۆیان بوون دەنگیان چۆن بووە لەچاو ئەوانەی دژی بوون."
ئەو سەرکردە کوردە نمونەی ئەوناوانەی پێیان دەوترێت بە سەردەمی ڕژێمی بەعس هێنایەوە کە ناو لە سەرکردە کوردەکان نرابوو لەو بارەیەوە دەڵێت" لەپێناو میللەتەکەی خۆماندا چیمان پێدەوترێت با بیڵێن ئێمە سوورین لەسەر سەربەخۆیی و میللەتەکەی خۆمان هەرکات پێمان بکرێت لەبەردەستمانە و پێویستمان بە ڕیفراندۆم نیە، کاتی خۆشی لە سەردەمی بەعسدا پێیان دەوتین خائین و گێرەشێوێن و چەند ناوێکی تر بەڵام ئەم جارەیان جۆرێکی ترە و بە جۆرێکی تر ئەوانە لەگەڵ حکومەتی عێراقین و ئەو ناوانەمان پێ دەڵێن."
محەمەدی حاجی مەحمود باسی لەو هەڵە سیاسیانە کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا کورد لە بەغداد کردویەتی و دەڵێت"خۆی کورد کۆمەڵێک شتی بەسەردا تێپەڕیوە کەدەبوو پێشتر کەمینە و زۆرینەمان قبوڵ نەکردایە، جگە لەوەش تا ئێستا ئەنجومەنی فیدراڵی لە عێراق دانەمەزراوە، کە ئەوانەشمان پێ نەکرا دەبوو کورد بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکانی بکردایە، لە ڕاستیدا جگە لەوە یاسای هەڵبژاردنەکان ئەگەر فرە بازنە نەبوایە وەک وتم کورد دەیتوانی زیاتر لە ٨٠ کورسی بەدەست بهێنێت ، بەڵام ئێستا لەم فرە بازنەییەدا هەموو کورسیەکانی کورد(٤٣) کورسیە جا چل و سێ کەس بچێت بۆ دەنگدان یا شەش ملیۆن کەس بچێت بۆ دەنگدان هەر ئەو ٤٣ کورسیەیە زیاد ناکات، بەس ناوچە جێناکۆکەکان ماوە کورد چاوی لەسەر کورسیەکان بێت، بەداخەوە کورد لەو ناوچانە زۆر موئەدەبانە قسە دەکات دژی عێراق و لیستە عەرەبیەکان قسەناکەن بەڵام لە کوردستان هەموویان کوتەکێکیان داوە بەشانیاندا بەرامبەر یەکتر هەمووی شەڕ لەسەر ئەو (٤٣)کورسیە دەکەن."
پێشتر شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ژیار محەمەد لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لە بارەی هۆکاری بەشداری نەکردنی کورد لە هەڵبژاردنەکانی عێراق بەیەک لیست هەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانی تۆمەتبارکردبوو بە تێکدانی شیرازەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستان کە ئەمەش وایکردووە کوردەکانی عێراق نەتوانن بەیەک لیستی بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن.
بەڵام محەمەدی حاجی مەحمود ڕای جیاوازی هەیە و لەو گفتوگۆیەدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وتی"ئەوە پاساو نیە کە یەکڕیزی نێوماڵی کورد نەپارێزین، من پێم وانیە هۆکارەکە پارتی و یەکێتی بن بە تەنها، بەڵکو هۆکارەکە ئەوەیە کە حقدەکە گەیشتۆتە ڕادەیەک کە ئامادەیە عێراق قبوڵ بکات بەڵام ئامادەنیە حیزبە کوردیەکەی بەرامبەری قبوڵ بکات، ئەوە پەیوەندی بەوەوە نیە پارتی و یەکێتی چییان کردبێت ئەو حیزبانە دەچن لە بەغداد بە حکومەتی عێراق دەڵێن پارە مەنێرە بۆ کوردستان دەچن بە حکومەتی عیراق دەڵێن هێرش بکەرە سەر کوردستان، واتە ئەو حیزبانە ئێستا ڕۆڵێکی خراپ دەگێڕن لە بەغداد، باشە ئەگەر ئەو لایەنانە ئەوەندە دڵسۆزن بۆ ئەو ناوچە دابڕێنراوە کوردستانیانە بۆچی لە ماوەی شەڕی داعشدا سەدان پێشمەرگەی پارتی و یەکێتی و سۆسیالیست شەهید بوون بۆ یەک ڕۆژ نەهاتن بەرگری بکەن لەو ناوچانه؟"
محەمەدی حاجی مەحمود بە دوری دەزانێت لیستی سێ لایەنە کوردیەکە(بزوتنەوەی گۆڕان - کۆمەڵی ئیسلامی- هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری)کاریگەری لەسەر لیستە کوردییەکانی دیکە هەبێت و دەڵێت"من پێم وانیە ڕێژەی دەنگەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان بۆ لایەنەکان زۆر بگۆڕێن چونکە ئەو حیزبانە لایەنگر و دەنگدەری خۆیان هەیە، بەڵکو پێم وایە دەنگەکان لە سلێمانی زیاتر ئەمبەراوبەر بکەن لە ناوچە دابڕێنراوەکان ڕەنگە بە هەموو لیست و حیزبە کوردییەکان دەنگی پێشوو نەهێننەوە وە بە گشتی کورد لە(٥٧)کورسی لەسەر ئاستی عێراق تێناپەڕێت، لە ناوخۆی کوردستانیش لیستی دکتۆر بەرهەم کاریگەری لەسەر دەنگی یەکێتی و ئیسلامیەکان بێت وە لیستەکەی کاک شاسواریش کاریگەری لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت ئەگەر گۆڕان و یەکێتی نیوەی کورسیەکان لە سلێمانی بهێێنەوە باشە ."
سەبارەت بەوەی بۆچی وەک سەرکردەیەک لەگەڵ ئەوەنەبووە کورد بەم شێوازە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات بەڵام حیزبەکەی لیستی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەیە؟ محەمەدی حاجی مەحمود وتی"من لەگەڵ ئەوەم کە بەشداری هەڵبژاردن نەکەین ئێمەش لەناو ئەو هەموو حزبەدا ڕەنگە پێمان بڵێن بۆ بەشداریان نەکرد ڕەنگە زۆر بڕواشمان پێی نەبێت بەڵام بۆ ئەوەی بە قورسایی بچینە بەغداد بۆ پاراستنی مافەکانی کورد، بەڵام ئەمجارە تێڕوانینی خەڵک جیاوازە لە هەڵبژاردنی پێشوو ڕەنگە سۆسیالیست بتوانێت لەوێدا دەستکەوتی گەورە بەدەست بهێنێت و چاوەڕێی خەڵکی کوردستانین."