Accessibility links

سەفین دزەیی: هەرێم ئاگاداری‌ سنوربه‌زاندنی سوپای توركیا‌و ئێران نییە


سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ ئاگاداری و ڕێكه‌وتنێكی له‌باره‌ی هاتنی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانی عیراق هه‌بێت،هاوكات بونی هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی توركیا و ئێران به‌هۆكاری هێرشی هه‌ریه‌ك له‌توركیا و ئێران له‌ناو خاكی عیراق له‌ هه‌رێمی كوردستان باس ده‌كات."

سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان-عیراق له‌میانه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی چه‌ند پرسیارێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌باره‌ی هاتنه‌ ناوه‌ وه‌ و چالاكی سوپای توركیا له‌هه‌ندێك شوێنی خاكی عیراق له‌ هه‌رێمی كوردستان)وتی"خۆی له‌ڕاستیدا هاتنی ئه‌و هێزی توركیا بۆ هه‌رێمی كوردستان پشت ڕاست ناكرێته‌وه‌ وه‌ ئه‌وه‌ی باسیان كرد بۆ ناحیه‌ی سیده‌كان به‌تایبه‌ت تۆپزاوا،چونكه‌ هه‌موان ده‌زانن ئه‌و ناوچه‌ سنوریانه‌ له‌ساڵانی هه‌شتاكانه‌وه‌ حكومه‌تی عیراق و توركیا سه‌باره‌ت به‌و ناوچانه‌ ڕێكه‌وتنێكیان هه‌بوو كه‌ سوپای توركیا به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی ئۆپراسیۆن ده‌توانن (٢٠كم) به‌قوڵایی خاكی عیراق بێنه‌ ژوره‌وه‌ كاتێك كه‌له‌شكری عیراق له‌شه‌ڕی ئێران سه‌رقاڵ بوو،به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا باس ده‌كرێت پشت ڕاستناكرێته‌وه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ هه‌میشه‌ له‌ئارادابووه‌."

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عیراق،بونی هێزه‌ كوردییه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی له‌و ناوچانه‌ به‌هۆكاری هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی سوپای توركیا باسكرد،وتی "بوونی هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌و ناوچانه‌ وایكردووه‌ هه‌میشه‌ ده‌ستدرێژی بكرێته‌ سه‌رخاكی كوردستان،هیوادارین خاكی هه‌رێمی كوردستان نه‌بێته‌ جێگای ململانێ له‌گه‌ڵ توركیا یاخود ئێران خه‌ڵكی كوردستان خۆیان توشی نه‌هامه‌تی زۆر بوون و بڕواناكه‌م ته‌حه‌مولی ئه‌و ئاواره‌یی و نه‌هامه‌تی تر بكه‌ن،وه‌ هیوادارم ئه‌و هێزانه‌ش كه‌ له‌و ناوچه‌ سنوریانه‌ن ڕێگه‌ به‌خۆیان نه‌ده‌ن چیتر ببه‌نه‌ هۆكاری نه‌هامه‌تی بۆ خه‌ڵكی كوردستان."

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌تیكرده‌وه‌ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی سوپای توركیا به‌ڕێكه‌وتن یا ئاگاداری حكومه‌تی هه‌رێم بێت و وتی"حكومه‌تی هه‌رێم هیچ ڕێكه‌وتن و ئاگادارییه‌كی هه‌رێم له‌سه‌ر هاتنی سوپای توركیا نیه‌ وه‌ پشتڕاستیش نه‌كراوه‌ته‌وه‌ ،به‌ڵام زۆر جار وابووه‌ له‌ڕابردووشدا بۆمبارانكردنی ناوچه‌ سنورییه‌كان و هاتنی هێزێكی تایبه‌ت بۆ ئه‌و ناوچانه‌ بۆ چه‌ند سه‌عاتێك و گه‌ڕانه‌وه‌یان به‌ڵام ئه‌و هێزه‌ی ئێستا باس ده‌كرێت به‌و شێوه‌یه‌، پشتڕاستناكرێته‌وه‌ هیوادارین شتی واڕوونه‌دات."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا حكومه‌تی عیراق یا هه‌رێمی كوردستان به‌دواداچونی بۆ سنوربه‌زاندنی عیراق له‌لایه‌ن توركیا و ئێرانه‌وه‌ كردووه‌ كاتێك دێنه‌ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانی عیراق؟سه‌فین دزه‌یی وتی؛بۆ بابه‌تی به‌دواداچوون هه‌رێمی كوردستان زیاتر نزیكی ئه‌و ناوچانه‌یه‌ وه‌ك له‌حكومه‌تی عیراق، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ به‌هۆی دوره‌ ده‌ستی و شاخاوی بون واڵابونیانه‌وه‌ نه‌توانراوه‌ ئه‌و به‌دواداچونه‌ بكرێت، به‌ڵام له‌ڕاستیدا هیوادارین ئه‌و سنور به‌زاندنه‌ نه‌بێت چونكه‌ دۆخی ناوچه‌كه‌ بۆ خۆی جێگیر نیه‌."

هه‌روه‌ها ڕه‌تیكرده‌وه‌ جگه‌ له‌توركیا ئێران هاتبێتنه‌ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌،ڕایگه‌یاند"سه‌باره‌ت به‌بونی هێزی ئێران و توركیا وه‌ ئه‌و ته‌واجوده‌ی ئێران كه‌باس ده‌كرێت به‌هیچ جۆرێك له‌هه‌رێمی كوردستان بونی نیه‌،ڕاسته‌ توركیا ئه‌وه‌ی باس ده‌كرێت له‌ به‌عشیقه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌باس ده‌كرێت هاتبێتن بۆ ئۆپراسیۆن به‌هیچ جۆرێك ئه‌سڵ و ئه‌ساسی نیه‌."

سه‌فین دزه‌یی له‌باره‌ی بونی سوپای ئێران له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانی-عیراق وتی"به‌هه‌مان شێوه‌ سه‌باره‌ت به‌بونی هێزه‌كانی ئێرانیش په‌یوه‌ندییه‌كی دراوسێیمان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌،ئێران نیگه‌رانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر جموجۆڵی هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان له‌ناوچه‌ سنورییه‌كان،هه‌ندێك جار له‌و ناوچه‌ سنورییانه‌ خۆیان جموجۆڵی خۆیان ده‌كه‌ن ڕه‌نگه‌ هه‌ندێكجار پێكدادانیش هه‌بێت له‌نێوان هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و سوپای ئێرانیش به‌هه‌مان شێوه‌ لایه‌نی توركیاش له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ به‌هیچ جۆرێك لایه‌نگری ئه‌وه‌ نین كه‌هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ شوێنی ململانێی نێوان هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا یاخود ئێران وه‌ له‌لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی له‌هه‌ركات و شوێنێكدا ڕوببدات هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و لیژنه‌یه‌ گفتوگۆی بكات و چاره‌سه‌ری بكات."

XS
SM
MD
LG