بێگه‌رد تاڵه‌بانی سكرتێری په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانی عیراق ده‌ڵێت" كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له‌م كاته‌دا له‌سه‌ر داوای فڕاكسیۆنه ئۆپۆزسیۆنه‌كان له‌باره‌ی گله‌ییه‌كانیان له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق، هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان و بڕیاره‌كانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق نابێت، چونكه دوور و نزیك كۆمسیۆن په‌یوه‌ندی به‌په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه نیه، ده‌شڵێت" وه‌ك سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌رنج و پێشنیار و تێبینی خۆمان ده‌ده‌ینه وه‌فده كوردییه‌كان له دانوستانه‌كانیان به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق."
بێگه‌رد تاڵه‌بانی له‌گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به بۆچونی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر گله‌یی چه‌ند لایه‌ن و فڕاكسیۆنێك له‌ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان وتی"ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی كرا هی په‌رله‌مانی عیراق بوو وه ئه‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كرد كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق بوو دوور و نزیك په‌یوه‌ندییان به په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه نیه هیچ كاریگه‌رییه‌كمان نیه له‌سه‌ر بڕیار و ئه‌و یاسایانه‌ی كۆمسیۆنی باڵای عیراق هه‌یه‌تی."
له‌پاش ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان چه‌ند فڕاكسیۆنێكی ناو په‌رله‌مانی كوردستان یاداشتێكیان دایه سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان به‌نه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی هه‌رێم سه‌باره‌ت به ڕه‌خنه و گومانه‌كانیان لسه‌ر ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان.
سكرتێری په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان وتی"ئه‌گه‌ر دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستانیش بكرێت له‌سه‌ر داوای ئه‌و یاداشته‌ی فڕاكسیۆنه ئۆپۆزسیۆنه‌كان داوایانكردووه ئه‌وا دانیشتنێك ده‌بێت بریتی ده‌بێت له گفتوگۆی ناو په‌رله‌مان یاخود ڕه‌نگه پشێویه‌ك دروست بكات یان قسه‌كردن به‌رامبه‌ر به‌یه‌كتر هیچ كاریگه‌رییه‌كی نابێت له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئه‌و بڕیارانه‌ی كۆمسیۆن ده‌یدا ئاڵوگۆڕێك دروست ناكات ،له‌به‌ر ئه‌وه باشتره ئه‌و لایه‌نانه‌ی گلله‌ییان هه‌یه به‌پێی ئه‌و ڕێكاره یاساییانه‌ی كۆمسیۆن دیاریكردووه سكاڵا تۆماربكه‌ن و چاوه‌ڕێی ئه‌نجامه‌كان بن به‌پێی ئه‌و یاسا به‌ركارانه‌ی له عیراقدا كاریان پێده‌كرێت، وه ئه‌و فڕاكسیۆنانه‌ی یاداشته‌كه‌یان پێشكه‌ش كردووه نوێنه‌ریان هه‌یه له‌به‌غداد و له‌ناو په‌رله‌مانی عیراق ده‌توانن له‌ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌وه سكاڵا تۆماربكه‌ن به‌پێی ئه‌و یاسایانه‌ی كۆمسیۆن كاری پێده‌كات، یاساكانیش په‌رله‌مانی عیراق په‌سه‌ندی كردوون نه‌ك په‌رله‌مانی كوردستان."
له‌باره‌ی هه‌وڵی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ یه‌كخستنی لیست و لایه‌نه كوردییه‌كان له‌به‌غداد؟ بێگه‌رد تاڵه‌بانی وتی" له‌سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان تاوتوێی ئه‌وه كراوه كه به‌م نزیكانه سه‌رجه‌م كاندیده كوردییه ده‌رچووه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق بانگ بكرێن تا وه‌ك تیمێكی یه‌كگرتوو له‌به‌غداد كاربكه‌ن به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه بڵێم ئه‌وه‌یه وه‌ك په‌رله‌مانی كوردستان یه‌ك گوتاری كورد گرنگه هه‌ڕچه‌نده به‌داخه‌وه ده‌بینین له‌دوای ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕۆڵی نێوانی حیزبه‌كان چۆنه ، هه‌رچه‌نده ده‌زانین كه هه‌ڵوێستی كاندیده ده‌رچووه‌كان هه‌ڵوێستی حیزبه سیاسیه‌كانیانه بۆیه ڕه‌نگه بۆ ئێمه ئاسان نه‌بێت كه‌بتوانین له‌ناو په‌رله‌مانی كوردستان هه‌مویان كۆبكه‌نیه‌وه تا یه‌كگرتووه‌یه‌كیان تێدا دروست بكه‌ین."
سه‌باره‌ت به داواكاری كورد بۆ یه‌كێك له پۆسته باڵاكانی عیراق،وه‌ك په‌رله‌مانی كوردستان پێتان باشه كورد داوای كام پۆسته بكات؟ سكرتێری په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان وتی" ئه‌وه‌ی گرنگه لێره‌دا ئه‌وه‌یه كورد به‌شداری ڕاسته‌قینه‌ی هه‌بێت له‌ناو حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كان به‌ڵام پێدانی هه‌ر پۆستێك ئه‌وه ده‌كه‌وێته سه‌ر ده‌رئه‌نجامی گفتوگۆكان، بێگومان ئێمه‌ش وه‌ك سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌رنج و تێبی خۆمان ده‌ده‌ینه وه‌فده كوردییه‌كان به‌ڵام دووباره ئه‌وه‌ش ده‌كه‌وێته‌وه سه‌ر ئه‌نجامی گفتوگۆی نێوان لایه‌نه‌كان."