Accessibility links

ئیمنكی: پڕۆژه‌ یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم پڕۆژه‌ی فڕاكسیۆنی پارتی و گۆڕان بوو


جه‌عفر ئیمنكی سه‌رۆكی كاتی (جێگری سه‌رۆكی )په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانی عیراق
جه‌عفر ئیمنكی سه‌رۆكی كاتی (جێگری سه‌رۆكی )په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانی عیراق

جه‌عفه‌ر ئیمنكی سه‌رۆكی كاتی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند" پڕۆژه‌ یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم پڕۆژه‌ی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و فڕاكسیۆنی گۆڕان بوو كرایه‌ یه‌ك پڕۆژه‌، ده‌شڵێت" هیچ فڕاكسیۆنێك به‌پڕۆژه‌ یاسا داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی نه‌كردووه‌ چونكه‌ هه‌ركه‌س ئه‌و داوایه‌ی هه‌بوو ده‌بوو به‌پێی یاسای ژماره‌(٢٠٠٥) پڕۆژه‌یه‌كی جیاوازی پێشكه‌ش بكردایه‌،چونكه‌ له‌ناو پڕۆژه‌كه‌ی فراكسیۆنی پارتی و گۆڕان كه‌خرایه‌ ده‌نگدان باسی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی تێدا نه‌بوو، هه‌روه‌ها وتیشی" من ده‌ستخۆشی له‌هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌م كه‌ پشگیری پڕۆژه‌ یاساكه‌یان كرد ته‌نانه‌ت خۆشم ده‌نگم بۆ دا چونكه‌ به‌پێویستم ده‌زانی بۆ ئه‌م دۆخه‌ی كوردستان."

له‌میانه‌ی گفتوگۆیه‌كی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ جه‌عفه‌ر ئیمنكی سه‌رۆكی كاتی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان- عیراق( كه‌خۆی وتی جێگر یا سه‌رۆكی كاتی هه‌ركامیان دروسته‌)، له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵپساردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ئیمنكی وتی" دوو پڕۆژه‌ یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هاتنه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، یه‌كیان هی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، ئه‌وی تریان هی فراكسیۆنی گۆڕان بوو، هه‌ردوو پڕۆژه‌كه‌ ئاڕاسته‌ی لیژنه‌ی یاسایی كرا چونكه‌ هه‌ردوو پڕۆژه‌كه‌‌ هاوشێوه‌ی یه‌كتربوون، وه‌ هۆكاری ده‌رچوانی هه‌ردوو پڕۆژه‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ده‌رفه‌تی زیاتر به‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بدرێت تا یه‌كڕیزیه‌كی نیشتمانی بهێننه‌ دی تا هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ خاوه‌نی پڕۆژه‌ی ده‌ستوری خۆی وه‌ ئه‌و گرفتانه‌ی كه‌ وروژێنرابوون له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئه‌مانه‌ش یه‌كلایی بكرێنه‌وه‌، كه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌ ساڵی (١٩٩٢)وه‌ كێشه‌ و گرفتی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانه‌ و ناسه‌قامگیری سیاسی دروست كردووه‌ بۆیه‌ ئه‌‌و پڕۆژانه‌ی هاتن دوێنێ یه‌كلایی كرانه‌وه‌، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌ڵپه‌سێردرا تا ئه‌و سازانه‌ی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان دروست ده‌بێت."

سه‌رۆكی كاتی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ره‌كه‌ی به‌كاتی دانا به‌ڵام ئه‌و به‌پێویستی ده‌زانێت لایه‌نه‌كان چاره‌سه‌ری هه‌میشه‌ییان هه‌بێت وتی" ڕاسته‌ ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ كاتیه‌ كارێكی باشبوو به‌ڵام من ده‌ڵێم ده‌بوو چاره‌سه‌ری هه‌میشه‌یمان بدۆزییایه‌ وه‌ك ڕێكه‌وتنی سیاسی نێوان لایه‌نه‌كان كه‌ ده‌بوو بگه‌نه‌ ڕێكه‌وتن و له‌ڕه‌گه‌وه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌یان چاره‌سه‌ربكردایه‌، بۆ ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ كاتیه‌ من نه‌ له‌ڕه‌شبینه‌كانم وه‌ باسی گه‌شبینیش به‌وشێوازه‌ ناكه‌م من ده‌ڵێم ده‌ستور كه‌دووجار ته‌واوو بوه‌ له‌نا هۆڵی په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ردرا به‌ڵام ڕێگه‌ نه‌درا بچێته‌ گشتپرسی، بۆیه‌ من پێم وایه‌ له‌م بارودۆخه‌دا ناتوانرێت هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بكرێت به‌ڵام لایه‌نه‌كان ده‌توانن بگه‌نه‌ ڕێكه‌وتن به‌ ئاڕاسته‌یه‌كی ئیجابی."

جه‌عفه‌ر ئیمنی ڕونیكرده‌وه‌" ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایانه‌ له‌ ئه‌نجامی تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش بووه‌ له‌ێوان فراكسیۆنی پارتی و فراكسیۆنی گۆڕان، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت بڵێین ڕێكه‌وتنكیان ئه‌نجامداوه‌ و هاتون به‌وشێوازه‌ جێ به‌جێ بكه‌ن"

سه‌رۆكی كاتی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌تیكرده‌وه‌ به‌فه‌رمی هیچ فراكسیۆنێك داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی له‌ڕێگای پڕۆژه‌ یاساوه‌ كردبێت كه‌ به‌پێی وته‌كانی خۆی ئه‌وه‌ شێوازی یاسایی داوای په‌رله‌مانتارانه‌ به‌فه‌رمی، له‌باره‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاند" ته‌نانه‌ت پڕۆژه‌كه‌ی فراكسیۆنیگۆڕانیش بۆ هه‌ڵپه‌ساردن بوو نه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ وه‌ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی جیاوازی ده‌وێت، ڕاسته‌ ڕای جیاواز هبوو وه‌ك فراكسیۆنی یه‌كگرتوو داوای هڵوه‌شاندنه‌وه‌یان ده‌كرد به‌ڵامده‌بوو بێن له‌سه‌ر بنه‌مای یاسای ساڵی ٢٠٠٥ پڕۆژه‌یه‌كی تر پێشكه‌ش بكه‌ن، چونكه‌ ئێمه‌ ناتوانین له‌ ناوه‌رۆكی پڕۆژه‌ یاسا ده‌رچین كه‌ ته‌نها باسیان له‌هه‌ڵپه‌ساردن كردبوو به‌پێی پڕۆژه‌كه‌ی فراكسیۆنی گۆڕان و پارتی."

جه‌عفه‌ر ئیمنكی ده‌ستخۆشی له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ كرد كه‌ده‌نگیان بۆ پڕۆژه‌كه‌ داوه‌ و وتی" ئه‌و یاسایه‌ی دوێنێ پێویست بوو گرفتێكی چاره‌سه‌ركرد به‌ڕاستی ده‌ست خۆشی بۆ ئه‌وانه‌ی پشتیوانیان كرد هه‌رچه‌نده‌ وه‌ك سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌بێت بێ لایه‌ن بین به‌ڵام خۆشم ده‌نگم بۆ پڕۆژه‌كه‌ دا."

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وت" هه‌ڵپه‌ساردنه‌كه‌ش كاتیه‌ تا ئه‌و كاته‌ی له‌خولی داهاتوو په‌رله‌مان له‌ دوو وه‌رزدا ئه‌و بابه‌ته‌ یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌ یا ده‌ستورێكی هه‌میشه‌یی بۆ كوردستان داده‌نرێت و هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌خته‌ ده‌كرێت ئه‌وكات ده‌بێته‌ دۆخێكی تر دامه‌زراوه‌كانی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیشه‌وه‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ به‌خۆیانه‌وه‌ ده‌بینن. ئه‌وه‌ پێ ده‌ڵێن بابه‌تی سیاسی پێیویسته‌ به‌ سازانی سیاسی بێت ناكرێت شه‌قام به‌و بابه‌تانه‌وه‌ بوروژێنرێت و په‌لاماری یه‌كتر بده‌ین به‌رده‌وام كێشه‌ و ناكۆكی هه‌بێت ئه‌م بڵێ سه‌رۆكی به‌سه‌رچوو ئه‌و قسه‌یه‌كی تر بكات له‌كاتێكدا كوردستان ڕویه‌كی جوانی هه‌بوه‌ له‌ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی شه‌ڕی تیرۆر نكرێت له‌ناوخۆدا خۆمان خۆمان ناشرین بكه‌ین به‌هۆی كێشه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌."

له‌باره‌ی داواكاری هه‌ڵوه‌شاندنوه‌ی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئیمنكی وتی" ئه‌و دیوانه‌ مایه‌وه‌ چونكه‌ ئیشه‌ كارگێڕی و ئیداریه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌بات ته‌نها له‌و ڕۆڵه‌ به‌رده‌وام بێت."

سه‌باره‌ت به‌كاریگه‌ری نه‌مانی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌م كاته‌دا جه‌عفه‌ر ئیمنكی وتی" ئه‌مه‌ پرسێكی ته‌قدیریه‌ ڕه‌نگه‌ من به‌جۆرێك بیبینم به‌ڕێزی دیكه‌ به‌جۆری تر، به‌ڵام به‌ بۆچونی من پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌پێویست ده‌زانم بۆ كوردستان بۆ سه‌روه‌ری خاك و نیشتمان و گه‌ل، له‌وه‌ش گرنگتر كه‌سایه‌تیه‌كه‌ی ئه‌و پۆسته‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات گرنگه‌ چ له‌ڕووی كه‌سایه‌تی، توانا و لێهاتوویی و ڕابردووی پاك، ئه‌و ماوه‌یه‌ی جه‌نابی كاك مه‌سعود له‌و پۆسته‌ بوو تا درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌كه‌شی خزمه‌تێكی زۆری به‌كوردستان كرد له‌ڕووی دیبلۆماسی و نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌."

هه‌روه‌ها وتی" به‌ڵام خۆ له‌ (١٩٩٢)وه‌ تا (٢٠٠٥) كوردستان بێ سه‌رۆكی هه‌رێم بوو، هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام بووه‌ و ئیش و كاره‌كانی خۆی به‌ڕێوه‌بردووه‌.

جه‌عفه‌ر ئیمنكی سه‌رۆكی كاتی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌ڕۆڵی سه‌رۆكی هه‌رێم كرد له‌ماوه‌كانی ڕابردوودا و وتی: من له‌ژیانی خۆمدا شه‌خس په‌رست نه‌بووم ده‌بێت وه‌ك خۆی شته‌كان ببینین و هه‌ڵسه‌نگێنین به‌ڵام له‌دوای بارزانی بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ له‌كوردستان دروست بووه،‌ به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی ململانێ سیاسیه‌كانه‌وه‌ قه‌دری پیاوی لێهاتوو نازانین، به‌ڕاستی ده‌بوو نوخبه‌ی سیاسی پێداگری له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی بارزانی بكه‌ن چونكه‌ كوردستان پێویستی به‌كه‌سایه‌تیه‌كی وا دیبلۆماسی و مۆراڵی بۆ پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌ له‌دوای سه‌رۆكی هه‌رێم ڕاسته‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان دابه‌شكراوه‌ به‌ڵام په‌رله‌مانی كوردستان خۆی یاسا ده‌رده‌كات و خۆی په‌سه‌ندی ده‌كات كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ڕوی دیموكراسیه‌و نامۆیه‌ ، ڕاسته‌ له‌ڕووی ڕێ و شوێنه‌كانه‌وه‌ كاره‌كان ده‌ڕۆن به‌ڵام له‌ڕووی ئیعتباریه‌وه‌ ئه‌و بۆشاییه‌ به‌رده‌وامه‌ به‌تایبه‌ت دوای ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌ی كه‌سایه‌تیه‌كی وه‌ك سه‌رۆك بارزانی .

XS
SM
MD
LG