Accessibility links

"لەرابردوودا له‌سلێمانی چه‌ندین هه‌وڵی تیرۆریستی هاوشێوەی هێرشەكەی سەر هه‌ولێر هەبووە، بەڵام ڕێگری لێكراوه‌ "


دکتۆر هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر
دکتۆر هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر

د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی ده‌ڵێت" پێش ئه‌و كاره‌" تیرۆریستیه‌"ی هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر بینای پارێزگای هه‌ولێر چه‌ندین حاڵه‌ت و هه‌وڵی له‌وجۆره‌ له‌سلێمانی هه‌بووه‌ به‌ڵام ڕێگری لێكراوه‌ و نه‌یانهێشتووه‌ بچێته‌ ناو میدیاكان،ئه‌و هه‌وڵانه‌ش به‌پێی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ زانیومانه‌ ئه‌مانه‌هه‌وڵی تیرۆریستی بوون، ئێستا داعشه‌ لۆكاڵیه‌كان له‌عیرقدا ماونه‌ته‌وه‌ گروپه‌ نوستووه‌كان و كه‌سانی ڕێكخراو و ناڕێكخراون به‌ڵام له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ ده‌ستگیركراون و ڕوبه‌ڕووی یاسا كراونه‌ته‌وه‌، ده‌شڵێت" ئه‌وه‌ی له‌هه‌ولێر ڕوویدا كارێكی تیرۆریستی بوو، بۆ ئێمه‌ هه‌ولێر و سلێمانی وه‌ك یه‌كه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ له‌شاره‌كه‌ی خۆمان ڕویدابێت چونكه‌ هه‌موو شوێنێكی كوردستان شاری خۆمانه‌، هه‌روه‌ها وه‌ڵامی ئه‌و ڕه‌خنانه‌ش ده‌داته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕێگریكردن له‌ مه‌راسیمی ساڵیادی ڕۆژنامه‌نوس(سۆرانی مامه‌حه‌مه‌) له‌ سلێمانی و ئاماده‌نه‌بونی له‌مه‌راسیمه‌كه‌."

د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی له‌میانه‌ی گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا وتی"ئێمه‌ نه‌ك هه‌ر له‌گه‌ڵ ڕوودانی ڕوداوێكی تیرۆریستی وه‌ك ئه‌وه‌ی دوێنێی هه‌ولێر ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ زانیارییه‌كان ده‌كه‌ین ئه‌گه‌رچی ئه‌و زانیاریانه‌ دروست بن یاخود نادروست، به‌ڵكو وامان كردووه‌ هه‌موو شتێك به‌جدی وه‌رده‌گرین، چونكه‌ ئێمه‌ له‌ناوچه‌یه‌كی هه‌ستیارداین له‌خانه‌قینه‌وه‌ تا كه‌ركوك داعش هه‌یه‌ هێزی ده‌ره‌كی زۆر له‌سه‌ر خاكی وڵاته‌كه‌مان هه‌یه‌، بارودۆخی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراقیش دیاره‌، بۆیه‌ به‌سوپاسه‌وه‌ هێزه‌كانی ئاسایش و ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانی دیكه‌ له‌ژێر ڕكێفی ئه‌و ڕێنماییانه‌ی ئێمه‌ و وه‌زاره‌تی ناوخۆ كاره‌كان جێ به‌جێ ده‌كه‌ن و مامه‌ڵه‌ی واقیعی له‌گه‌ڵ زانیاریه‌كاندا ده‌كه‌ن."

د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر باسی له‌وه‌كرد پێش ڕوداوه‌كه‌ی دوێنێی هه‌ولێر حاڵه‌تی وا له‌سلێمانی"زۆر"بووه‌ له‌و ڕوه‌وه‌ وتی" له‌ماوه‌ی ڕابردوودا حاڵه‌تی وا زۆربووه‌ به‌ڵام ئێمه‌ نه‌مانهێشتووه‌ بچێته‌ته‌ ناو میدیاوه‌ هێزه‌كانی ئاسایش مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كردووه‌ چه‌ندین باند، چه‌ندین گروپی نوستوو، چه‌ندین كه‌سی ڕێكخراو و ناڕێكخراو ده‌ستگیركراون ڕوبه‌ڕووی لایه‌نی یاسایی و دادوه‌ری كراونه‌ته‌وه‌."

پارێزگاری سلمانی ئاماژه‌ی به‌ شوێنی هه‌وڵی ئه‌و گروپانه‌كرد كه‌ به‌وته‌ی خۆی ویستویانه‌ هاوشێوه‌ی ئه‌و ڕوداوه‌ی دوێنێی هه‌ولێر په‌لاماری" تیرۆریستی" له‌سلێمانی ئه‌نجام بده‌ن له‌و ڕوه‌وه‌ وتی" به‌شی زۆری ئه‌وانه‌ له‌ناوچه‌كانی ماده‌ی(١٤٠)بوون به‌شێكی كه‌میان له‌ناو سلێمانی بوون، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوو زانیاری له‌سه‌ر ئه‌وه‌بدات كه‌ ئه‌و گروپانه‌ مه‌به‌ستیان بووه‌ هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر چ ئامانجێك له‌سلێمانی ؟ وتی: ئه‌وه‌كاری ئاسایش و وه‌كارێكه‌ جێگه‌ی باس و خواس نیه‌ له‌میدیاكاندا له‌پێناو سه‌لامه‌تی و ئاسایشی گشتی."

به‌ڵام دكتۆر هه‌ڤاڵ ئه‌وه‌ی نه‌شارده‌وه‌ كه‌هه‌وڵه‌كان تیرۆریستی بوون و وتی" ئه‌وه‌ی ئێمه‌ زانیومانه‌ ئه‌مانه‌هه‌وڵی تیرۆریستین ئێستا داعشه‌ لۆكاڵیه‌كان له‌عیرقدا ماونه‌ته‌وه‌ ئه‌وانی تریان به‌شێكی زۆریان عیراقیان به‌جێ هێشتووه‌، ئه‌وه‌ ناشاردرێته‌وه‌ به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراقی به‌ئێمه‌یان داوه‌،خه‌ڵكی داعش بۆ زیاتر له‌سه‌د وڵاتی جیهانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی له‌سه‌ر گرژییه‌كانی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق ئایا هیچ كه‌س ده‌ستگیركراوه‌ به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر بابه‌تی هێرش كردنه‌ سه‌ر گردی زه‌رگه‌ته‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌پێی وته‌كانی خۆیان؟ د.هه‌ڤال ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی وتی" ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین كه‌نابێت هیچ به‌ریه‌كه‌وتنێك له‌نێوان هاوڵاتیان و داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تدا هه‌بێت، داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت هی هاوڵاتیانن، ئه‌وه‌ش له‌دوو خۆپیشاندانی ڕابردوو سه‌لماندمان كه‌هێزه‌كانی ناوخۆ و ئاسایش به‌گیانێكی به‌رپرسیارانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان كردووه‌ چ ئه‌وانه‌ی داوای مافی ڕه‌وای خۆیان كردووه‌، ئێمه‌ به‌ته‌نها ئه‌ركمان پاراستنی شه‌قام نیه‌ به‌ڵكو كارمان پاراستنی شه‌قام و هاوڵاتینانه‌ سوپاس بۆ خوا و سوپاس بۆ هه‌موو هاوڵاتیانی ئه‌م وڵاته‌ چ دامودزگاكانی ئاسایش چ هاوڵاتیانیش به‌گیانێكی به‌رپرسانه‌ مامه‌ڵیان كردووه‌ ئیتر به‌ریه‌ككه‌وتن و توند و تیژی كۆتایی هاتووه‌ ."

ڕۆژی شه‌مه‌(٢١-٧-) مه‌راسیمك بۆ ده‌یه‌مین ساڵیادی "تیرۆركردن"ی ڕۆژنامه‌نوس سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ له‌سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو به‌ڵام به‌وته‌ی به‌رپرسانی مه‌راسیمه‌كه‌ و ڕێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ ئاسایش ڕێگه‌ی به‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و هۆڵه‌ نه‌دا كه‌ بۆ مه‌راسیمه‌كه‌ ئاماده‌كرابوو بۆیه‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه‌ مه‌راسیمه‌كه‌یان به‌ڕێوه‌برد.

هه‌ندێك له‌وانه‌ ڕه‌خنه‌یان له‌پارێزگاری سلێمانی گرت كه‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی پارێزگاكه‌یه‌ له‌كاتێكدا ساڵانی پێشوو به‌شداری مه‌راسیمه‌كه‌ی كردووه‌ به‌ڵام ئه‌مساڵ نه‌ك به‌شداری نه‌كرد، به‌ڵكو ڕێگری كرد، به‌ڵام د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر وه‌ڵامی خۆی بۆ ئه‌و ڕه‌خنانه‌ هه‌یه‌ و وتی" كه‌س داوای مۆڵه‌تی نه‌كردووه‌، تامۆڵه‌ت بده‌ین یاخود نا؟ ته‌نانه‌ت منیش بانگهێشت نه‌كرابوم و ئاگادارنه‌كرابومه‌وه‌ پێنج خوله‌ك پێش مه‌راسیمه‌كه‌ ئاگاداركراینه‌وه‌ ئه‌گه‌رنا خۆم له‌خزمه‌تیاندا ده‌بوم و وه‌ك ساڵانی پێشوتریش به‌شداری مه‌راسیمه‌كه‌ ده‌بوین به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌تی خۆجێیی سلێمانی كۆمه‌ڵێك ڕێ و شوێنی یاسایمان هه‌یه‌ له‌پێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامی، ئێمه‌ سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌پێناو وشه‌و نیشتماندا شه‌هید بون به‌تاجی سه‌ری خۆمانیان ده‌زانین."

XS
SM
MD
LG