Accessibility links

نه‌وزاد هادی: یەکێک لەتیرۆرستەکانی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر پارێزگای هەولێر ناسنامەی ئه‌ندامێتی حزبێکی ئیسلامی كوردی هه‌یه‌


 به‌ڕێز- نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر
به‌ڕێز- نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر

نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر ده‌ڵێت" له‌ڕابردوودا ئه‌و كوردانه‌ی له‌ناو داعشدا كوژراون یا ئێستا له‌ناو داعشدان باكگراوندی حیزبی ئیسلامی كوردستانیان هه‌یه‌، هه‌تا یه‌كێك له‌و "تیرۆریستانه‌"ی هێرشی كرده‌ سه‌ر بینای پارێزگای هه‌ولێر ناسنامه‌ی حیزبێی ئیسلامی هه‌رێمی كوردستانی پێبوو ئه‌ندامی ئه‌و حیزبه‌ بوو هه‌تا له‌بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا بانگه‌شه‌ی بۆ ئه‌و حیزبه‌كرد هه‌روه‌ك وێنه‌كانیان بڵاوكرایه‌وه‌، زانیاری زیاتریش له‌سه‌ر دوو ئه‌ندامه‌كه‌ی تر له‌دوای ته‌واوبونی لێكۆڵینه‌وه‌كان ئاشكراده‌كرێن، هه‌روه‌ها ده‌شڵت" كرده‌وه‌كه‌ی هه‌ولێر مه‌به‌ستێكی سیاسی به‌ ئاشكرا له‌پشت بوو، پارێزگاری هه‌ولێر به‌پێویستیشی ده‌زانێت، په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ڕێگریكردن له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی فكری توندڕه‌وی پێویسته‌ به‌یاسای ڕۆژنامه‌وانی و یاسای به‌كارهێنانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا بچێته‌وه‌، ده‌شڵێت"ئێستاش كۆمه‌ڵێك فرمانی گرتن هه‌یه‌ بۆ ژماره‌یه‌ك خه‌ڵك كه‌ ئه‌ندامن له‌یه‌كێك له‌و حیزبه‌ ئیسلامیانه‌ به‌داخه‌وه‌."

له‌میانی گفتوگۆیه‌كی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر وتی" ڕاسته‌ داعش له‌كوردستان هێزێكی ڕێكخراو و چه‌كداری به‌هێزی نیه‌ هه‌ر به‌و سێ كه‌سه‌ی كه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر پارێزگای هه‌ولێر سه‌لماندیان كه‌ داعش به‌فكر هه‌یه‌ نه‌ك وه‌ك هێزێكی ڕێكخراو، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ڕاسته‌ داعش له‌ڕووی سه‌ربازیه‌وه‌ شوێنی فراوانی وه‌ك جاران له‌ده‌ست نه‌ماوه‌ له‌عیراقدا به‌ڵام له‌ڕووی فكره‌ی داعشه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌ر شوێنێكی تری دنیا و وڵاتانی ئه‌وروپا به‌ده‌رنیه‌ له‌و فكره‌ توندڕه‌وانه‌."

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كێیه‌ فكره‌ی داعش له‌هه‌ولێر بڵاوده‌كاته‌وه‌؟ به‌وپێیه‌ی به‌رپرسانی هه‌ولێر له‌ڕۆژی ڕوداوی هێرشكردنه‌ سه‌ر بینای پارێزگای شاره‌كه‌ وتیان ئه‌و سێ چه‌كداره‌ خه‌ڵكی هه‌ولێرن؟ پارێزگری هه‌ولێر به‌هۆی به‌رده‌وامی لێكۆڵینه‌وه‌كان ئاماده‌نه‌بوو زانیاری زیاتر بدات و وتی" ئێستا ئه‌و بابه‌ته‌ له‌لێكۆڵینه‌وه‌دایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زیان به‌لایه‌نی لێكۆڵینه‌وه‌ نه‌گه‌یه‌نرێت ڕونكردنه‌وه‌ی زیاتر نادرێت، وه‌ ئه‌وه‌ تایبه‌تمه‌ندی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه‌ پاش لێكۆڵینه‌وه‌كان كه‌ ئێستا سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه‌ن، دواتر زانیاری و ڕونكردنه‌وه‌كان ئاشكراده‌كه‌ن."

پارێزگاری هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌ سێ هێرشبه‌ره‌كه‌ی سه‌ر بینای پارێزگای هه‌ولێر كرد و به‌مه‌به‌ستی سیاسی بون له‌پشت كرده‌وه‌كه‌یان ناوی هێنان و وتی" ئه‌وان له‌مزگه‌وتێكدا په‌روه‌رده‌كراون به‌و شێوازه‌ وه‌ په‌یوندی و لینكیشیان هه‌بووه‌ بێگومان مه‌به‌ستی سیاسیان له‌پشت بوو چونكه‌ جوڵه‌كه‌ ئاسایی نیه‌ و زۆر ڕوونه‌."

نه‌وزاد هادی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد یه‌كێك له‌سێ هێرش به‌ره‌كه‌ی سه‌ر پارێزگای هه‌ولێر ئه‌ندامی حیزبێكی ئیسلامی مۆڵه‌تپێدراوه‌ كه‌ ئێستا له‌كوردستان كارده‌كات و ڕایگه‌یاند"وێنه‌كانیان بڵاوبۆته‌وه‌ یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی هێرشی كرده‌ سه‌ر پارێزگای هه‌ولێر ناسنامه‌ی ئه‌ندامێتی حیزبێكی ئیسلامی پێبووه‌ هه‌تا وێنه‌كانیشیان بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ له‌بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و حیزبه‌ به‌شداری كردووه‌ و دوانه‌كه‌ی تریش ورده‌كاریه‌كه‌ی دواتر بڵاوده‌كرێته‌وه‌."

پارێزگاری هه‌ولێر ئه‌وه‌شی وت" ئێستاش كۆمه‌ڵێك فرمانی گرتن هه‌یه‌ بۆ ژماره‌یه‌ك خه‌ڵك كه‌ ئه‌ندامن له‌یه‌كێك له‌و حیزبه‌ ئیسلامیانه‌ به‌داخه‌وه‌."

نه‌وزاد هادی ئه‌وشی وت" ئێمه‌ ده‌ستی تۆمه‌ت و پێش وه‌خته‌ بۆ كه‌س درێژ ناكه‌ین ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ زۆرێك له‌و كوردانه‌ی له‌ناو داعش كوژران یا ئێستاش هه‌رماون باكگراوندی ئه‌و حیزبه‌ ئیسلامیانه‌ی كوردستانیان هه‌یه‌، هه‌تا گروپه‌ توندڕوه‌كانی پێشوتریش كه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بوون وه‌ك "جوندلئیسلام و ئه‌نسارلئیسلام" هه‌ر باكگراوندی ئه‌ندامه‌كانیان حیزبه‌ ئیسلامیه‌كانی كوردستان بووه‌ ئه‌وانه‌ به‌جۆرێك ئاماده‌ ده‌كرێن كه‌ له‌ژینگه‌یه‌كی یه‌كترقبوڵ نه‌كردن و ته‌كفیركردنی یه‌كتر په‌روه‌رده‌ بوون، بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌و فكره‌ توندوتیژیه‌ش گه‌وره‌ترین زیانه‌ له‌خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بۆیه‌ پێویسته‌ دوور له‌ململانێی سیاسی هه‌موان هه‌وڵی به‌گژداچونه‌وه‌ی ئه‌و فكره‌ توندڕه‌وه‌ بده‌ین چونكه‌ دیاره‌ ئه‌زمونی "ئه‌نسارولئیسلام" له‌كوردستان و زۆره‌ له‌و سه‌ركرده‌ و ئه‌ندامه‌كانیان كه‌ كوژران پێشتر باكگراوندی حیزبه‌ ئیسلامیه‌كانیان هه‌بوو."

پارێزگاری هه‌ولێر له‌باره‌ی بونی ڕاگه‌یاندن و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ ئیسلامی و كه‌سایه‌تیه‌ ئیسلامیه‌كان كه‌ به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رفراوان بونیان هه‌یه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان و كاریگه‌ری له‌سه‌ر گه‌شه‌سه‌ندنی فكری توندڕه‌وی وه‌ك خۆی ناوی هێنا؟ ڕایگه‌یاند" بۆ ڕێكخستنی ڕاگه‌یاندنه‌كان و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان تا له‌خزمه‌ت بیری توندڕه‌وی به‌كارنه‌هێنرێت به‌پێویستی ده‌زانم په‌رله‌مانی كوردستان چاو به‌یاساكاندا بخشێنێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت هه‌ردوو یاسای ڕۆژنامه‌وانی و یاسای به‌كارهێنانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان چونكه‌ ئێمه‌ وه‌ك پارێزگار و ده‌سه‌ڵاتی خۆجێی ناتوانین له‌ده‌ره‌وه‌ی یاسا سنور بۆ ڕاگه‌یاندنه‌ ئیسلامی و كه‌سایه‌تیه‌ ئاینیه‌كان دابنێین به‌ڵكو پێویسته‌ په‌رله‌مانی كوردستان چاو به‌و دوو یاسایه‌ی ئاماژه‌م پێكرد بخشێنێته‌وه‌."

دوێنێ به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی هه‌ولێر ڕایگه‌یاند، هێزه‌كانی ئاسایش مه‌لایه‌كی ئاینیان ده‌ستگیركردووه‌، له‌باره‌ی هۆكاری ده‌ستگیركردنی ئه‌و مه‌لا ئاینیه‌؟ نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر وتی" ئه‌و مامۆستا ئاینیه‌ی گیراوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌یه‌ به‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌، وه‌ په‌یوه‌ندی به‌وانه‌ی كه‌دواتر گیراون له‌و نزیك بوون."

XS
SM
MD
LG