Accessibility links

محه‌مه‌د ڕه‌ئوف : چه‌نده‌ ئه‌گه‌ری به‌شداری كردنمان له‌هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌گه‌ری بایكۆت كردنمان هه‌یه‌


 محه‌مه‌د ڕه‌وف ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری
محه‌مه‌د ڕه‌وف ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری

محه‌مه‌د ڕه‌ئوف ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری ده‌ڵێت" حیزبه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌كاتی خۆیدا بكرێت و ئاماده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌، به‌ڵام چه‌نده‌ ئه‌گه‌ری به‌شداریكردنیان له‌هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ بایكۆت بكه‌ن ئه‌گه‌ر دڵنیا نه‌بونه‌وه‌ له‌وه‌ی ساخته‌كاری ئه‌نجام نادرێت.هه‌روه‌ها ده‌شڵێت" به‌خوێندنه‌وه‌ی ئێمه‌ به‌هۆی ئه‌و ساخته‌كاریه‌ی له‌هه‌ڵبژاردنی پێشوو كرا وایده‌بینین ئه‌مجاره‌ خه‌ڵك زۆر كه‌متر به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات، نه‌ك هه‌ر خه‌ڵكی لایه‌نگری لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كان له‌ساخته‌كاری بێزارن به‌ڵكو جه‌ماوه‌ری دوو حزیبه‌كه‌ی تریش بێزارن له‌و ساخته‌كاریه‌ گه‌وره‌یه‌ی ئه‌نجامدرا، چونكه‌ حه‌زده‌كه‌ن كه‌ پڕۆسه‌كه‌ ڕێزگرتن له‌كه‌رامه‌تی مرۆڤی تێدابێت، هه‌تا تا ئه‌م ده‌قیقه‌یه‌ش ئێمه‌ نه‌مانبینیووه‌ له‌جه‌ماوه‌ری پارتی و یه‌كێتی خۆشی ده‌ربڕن به‌ سه‌ركه‌وتنی حیزبه‌كانیان وه‌ دانیشیان پێدانه‌ناوه."

محه‌مه‌د ڕه‌ئوف ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری له‌میانه‌ی گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌باره‌ی بۆچونی حیزبه‌كه‌ی له‌سه‌ر ده‌نگۆی دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان-عیراق ده‌ڵێت"ئێمه‌ وه‌ك هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆی ئه‌نجامبدرێت لیستێكمان پێشكه‌شكردووه‌ و سه‌د كاندیدیمان هه‌یه‌ داواشمان نه‌كردووه‌ هه‌ڵبژاردن دوابكه‌وێت. به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن مانای هه‌بێت ده‌بێت هه‌ڵبژاردنی پێشوو ئه‌نجامه‌كانی ده‌ربكه‌وێت و ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و ساخته‌كاریانه‌ ده‌ربكه‌وێت تا خه‌ڵكی كوردستان متمانه‌یان به‌سندوقی ده‌نگدان هه‌بێت بچێته‌وه‌ سه‌ر سندوقی ده‌نگدان بڕوای خه‌ڵك وای لێهاتووه‌ كه‌له‌ناو هاوكێشه‌ سیاسیه‌كان و پێكهێنانی حكومه‌تدا، ده‌یانه‌وێت ئه‌و ساخته‌كاریانه‌ دیزه‌به‌ده‌رخۆنه‌ بكرێت چۆن ساخته‌كاری كراوه‌ هه‌روا بڕوات."

محه‌مه‌د ڕه‌ئوف وتیشی" ئێمه‌ دڵنیاین له‌وه‌ی حیزبی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێسوو بوین وه‌ ئێستاش بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌، ئاماده‌ین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێمان وایه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان متمانه‌یان به‌هه‌ڵبژاردن نه‌ماوه‌ له‌به‌ر ئه‌و ساخته‌كاریه‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو كرا، ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن ئێمه‌ش به‌شداری ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عییراقیش ڕاگه‌یه‌نرا به‌دڵمان نه‌بوو ئه‌وا دیسانه‌وه‌ تانه‌كان دوباره‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆیه‌ لیستمان پێشكه‌ش كردووه‌ تابه‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ین."

دوێنێ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتی" سه‌رجه‌می حیزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانن."

به‌ڵام محه‌مه‌د ڕه‌وف ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری وتی" ئێمه‌ هیچ وتووێژێكمان له‌گه‌ڵ حیزبی ده‌سه‌ڵات نه‌كردووه‌ بۆ پێش خستن یادواخستنی هه‌ڵبژاردن."

محه‌مه‌د ڕه‌ئوف له‌قسه‌كانیدا دوپاتیكرده‌وه‌." ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بكرێت ئێمه‌ به‌متمانه‌وه‌ ده‌چینه‌ هه‌ڵبژاردن به‌ڵام بڕوامان وایه‌ به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی خۆمان ڕێژه‌ی به‌شداربون له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتوو زۆر كه‌متر ده‌بێت له‌هه‌ڵبژاردنی پێشوو چونكه‌ زۆربه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و عیراق پیان وایه‌ هه‌ڵبژاردن شتێكی بێ مانایه‌ كاتێك ساخته‌كاری ده‌كرێت په‌رله‌مان و دادگای فیدراڵی عیراق دانی پێدادنێت به‌ڵام دواتر هه‌ر ساخته‌كاریه‌كه‌ جێ به‌جێ ده‌كرێت ئیتر خه‌ڵك بێ ئومێد ده‌بێت له‌هه‌ڵبژاردن."

سه‌ركرده‌ باڵاكه‌ی هاوپه‌یمانی ئه‌وه‌شی وت." هه‌ر جه‌ماوه‌ری ئێمه‌ نیه‌ جه‌ماوه‌ری دوو حزیبه‌كه‌ی تریش بێزارن له‌و ساخته‌كاریه‌ گه‌وره‌یه‌ی ئه‌نجامدرا، چونكه‌ حه‌زده‌كه‌ن كه‌ پڕۆسه‌كه‌ ڕێزگرتن له‌كه‌رامه‌تی مرۆڤی تێدابێت تا ئه‌م ده‌قیقه‌یه‌ش ئێمه‌ نه‌مان بینیووه‌ له‌جه‌ماوه‌ری پارتی و یه‌كێتی خۆشی ده‌ربڕن به‌ سه‌ركه‌وتنی حیزبه‌كانیان وه‌ دانیشیان پێدانه‌ناوه‌ ئه‌وان حه‌زده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر یه‌كه‌م و دووه‌م بن، یه‌كه‌م و دووه‌می ڕاسته‌قینه‌ بن نه‌ك درۆ و ڕاست تێكه‌ڵ بكرێت ."

له‌باره‌ی داواكاری هه‌ندێك له‌لایه‌نگرانی حیزبه‌ ناڕازییه‌كان بۆ بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، ڕای هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری محه‌مه‌د ڕه‌ئوف وتی." چه‌نده‌ ئه‌گه‌ری به‌شداری كردنمان له‌هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌گه‌ری بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردنمان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر دڵنیانه‌بین له‌وه‌ی ساخته‌كاری چاره‌سه‌ربكرێت، ئه‌وا ئه‌گه‌رێكه‌ بایكۆتی هه‌ڵبژاردن بكه‌ین ، ئه‌وه‌ش هه‌رباسی خۆمانه‌ مه‌بستم حیزبه‌ ناڕازیه‌كان نیه‌ ناشزانم بڕیاری ئه‌وان چیه‌؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ بڕیاری هاوپیمانیه‌."

له‌دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ١٢ی ئایاری په‌رله‌مانی عیراق، شه‌ش لایه‌نی هه‌رێمی كوردستان كه‌بریتی بوون له‌( بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، كۆمه‌ڵی ئیسلامی، هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری، یه‌كگرتووی ئیسلامی، بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی، حیزبی شیوعی)ئه‌نجامه‌كانیان ڕه‌تكرده‌وه‌ و چه‌ندین كۆبونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا وه‌ پێكه‌وه‌ داوای دوباره‌ جیاكردنه‌وه‌ و ئه‌ژماردكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنیان به‌ده‌ست كرد، به‌ڵام پاش چه‌ندین كۆبونه‌و نه‌یانتوانی هاوپه‌یمانێتیه‌كی یه‌كگرتوو پێكبهێنن.

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی بۆچی حیزبه‌ ناڕازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هاوپه‌یمانێتیان پێكنه‌هێنا؟ ئه‌و سه‌ركرده‌ باڵایه‌ی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری وتی"له‌هه‌ر حیزبێك بپرسی هۆكاری ئه‌نجامنه‌دانی هاوپه‌یمانی ده‌یخاته‌ سه‌ر ئه‌وی تر، ئێمه‌ وه‌ك هاوپه‌یمانی داوامان كرد كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی عیراق و كوردستانیش پێكه‌وه‌ بین ئه‌وان له‌به‌ر دۆخی ناوخۆی خۆیان پێیان نه‌كرا، ئێمه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حیزبێكی نوێ بوین هیچ كێشه‌یه‌كمان نه‌بوو ."

ڕاشیگه‌یاند" ئێمه‌ كاتی خۆی هه‌موو بژارده‌یه‌كمان خسته‌ به‌رده‌م ئه‌و لایه‌نانه‌، ئه‌گه‌ر هاتن به‌ده‌م ئه‌و بژاردانه‌وه‌ وه‌ جدی بوون ئه‌وا ئێمه‌ش ده‌چین به‌ده‌میانه‌وه‌ به‌ڵام ئیتر خۆیان ئازادن دێن یا نایه‌ن، ئێمه‌ قسه‌ی خۆمان كردووه‌ له‌به‌شداری كردن به‌یه‌ك لیست له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان چونه‌ به‌غداد نه‌چونه‌ به‌غداد، هه‌موو بژارده‌كان، سه‌باره‌ت به‌وه‌ش تا ئێستا جوابیان نه‌داوینه‌ته‌وه‌ چونكه‌ دۆخێكی چه‌قبه‌ستویی له‌كوردستان هه‌یه‌، به‌ جۆرێك پاشا گه‌ردانی له‌حكومڕانی و حیزبه‌كاندا هه‌یه‌ خه‌ڵك تاقه‌تی نه‌ماوه‌ ته‌نانه‌ت له‌تیڤیه‌كانیشه‌وه‌ كه‌باسی هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مانی بۆ ده‌كرێت گوێ ناگرێت ."

XS
SM
MD
LG