Accessibility links

سلێمان مسته‌فا: دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ته‌نها له‌ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمه‌


سلێمان مسته‌فا جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان
سلێمان مسته‌فا جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان

سلێمان مسته‌فا جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی كوردستان-عیراق ده‌ڵێت" به‌ مه‌رسومی فه‌رمی سه‌رۆكی حكومه‌ت كۆمسیۆن ده‌ستی كرد به‌ ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بۆیه‌ به‌ته‌نها له‌ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ته‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان دوابخات، ده‌شڵێت" ده‌نگۆی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌لایه‌ن لایه‌نه‌كانه‌وه‌ هیچ كاریگه‌ری نه‌كردووه‌ له‌سه‌ر ئاماده‌كارییه‌كانی كۆمسیۆن بۆ هه‌ڵبژاردن و له‌ ئاماده‌كاری به‌رده‌وامین، هه‌روه‌ها وتیشی" بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان حكومه‌ت نزیكه‌ی(٢٩) ملیار دیناری ته‌رخان كردووه‌ هه‌رچی مایه‌وه‌ دوای هه‌ڵبژاردن ده‌یگه‌ڕێنینه‌وه‌ بۆ حكومه‌ت، به‌ڵام له‌هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بێگومان زیانی مادی ده‌بێت به‌ڵام ئێستا من ناتوانم بڵێم ئه‌و زیانه‌ مادیه‌ چه‌نده‌؟"

له‌میانه‌ی گفتوگۆیه‌كی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ سلێمان مسته‌فا جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق، له‌باره‌ی كاریگه‌ری ده‌نگۆی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌سه‌ر ئاماده‌كارییه‌كانی كۆمسیۆن بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان؟ وتی" ئاماده‌كارییه‌كانی كۆمسیۆن بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی كوردستان به‌رده‌وامه‌ ، ئێمه‌ وه‌ك كۆمسیۆن لایه‌نی جێ به‌جێ كارین بابه‌تی ده‌نگۆی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان هیچ په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ نیه‌، وه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاماده‌كارییه‌كانی ئێمه‌ نه‌كردووه‌."

جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی ھەلبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی كوردستان-عیراق ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد" به‌پێی یاسا حكومه‌ت مافی پێش خستن یا دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌یه‌ ئێمه‌ به‌رده‌وامین له‌كاره‌كانی خۆمان بۆ ئاماده‌كارییه‌كان به‌بێ هیچ دوو دڵیه‌ك و ساردبونه‌وه‌یه‌ك ، چونكه‌ بابه‌تی دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌هیچ جۆرێك په‌یوه‌ندی به‌كۆمسیۆنه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌ ڕێكه‌وتنی سیاسی لایه‌نه‌كان خۆیان، پاشان به‌پێی یاسا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ مه‌رسومێكی تر داوای كرد ئه‌وكات چونكه‌ ئه‌مه‌ به‌مه‌رسومی فه‌رمی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ داوای ئاماده‌كاری هه‌ڵبژاردنمان لێكراوه‌ ئێمه‌ به‌و مه‌رسومه‌ كارده‌كه‌ین ."

سلێمان مسته‌فا له‌باره‌ی ئه‌و بودجه‌یه‌ی ته‌رخان كراوه‌ بۆ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێم، وتی" به‌پێی ئه‌و بودجه‌یه‌ی داوامان كردبوو حكومه‌ت ڕه‌زامه‌ندی نواند، نازانم چه‌نده‌ خه‌رج كراوه‌ تا ئه‌م ساته‌, ئه‌و بودجه‌یه‌ی ئێمه‌ پێشتر داوامان له‌حكومه‌ت كردبوو "ئه‌گه‌ر به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چوبێتم" بڕه‌كه‌ی (٢٦-٢٩) ملیار دیناربوو ئه‌و بودجه‌یه‌ چه‌ندی خه‌رجكرا باقیه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌ بۆ سه‌ر حسابی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان."

سلێمان مسته‌فا جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی ھەلبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی كوردستان-عیراق ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو, ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن دوابكه‌وێت زیانی مادی به‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت، له‌و ڕوه‌وه‌ وتی" ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن دوابكه‌وێت زیانه‌ مادیه‌كه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌و كه‌ره‌ستانه‌ی به‌كاریده‌هێنین، كه‌ره‌سته‌ هه‌یه‌ ده‌توانرێت هه‌ڵبگیڕێته‌وه‌ و خراپ نه‌بێت ئه‌وه‌ نابێته‌ زیان به‌ڵام كه‌ره‌سته‌ هه‌یه‌ به‌سه‌رده‌چێت له‌هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بێگومان زیانی مادی ده‌بێت به‌ڵام ئێستا من ناتوانم بڵێم ئه‌و زیانه‌ مادیه‌ چه‌نده‌؟"

XS
SM
MD
LG