Accessibility links

د.یوسف محەمەد: لە ئێستادا چوار لایەنەكە لەگفتوگۆی دواخستنی هەڵبژاردن یان بایكۆتی بەكۆمەڵن


 د.یوسف محمد سه‌رۆكی ده‌سله‌كاركێشاوه‌ی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان- عیراق
د.یوسف محمد سه‌رۆكی ده‌سله‌كاركێشاوه‌ی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان- عیراق

له‌ سەرەتای بەشی یەکەمی وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌بەشی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ د. یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی ده‌سله‌كاركێشاوه‌ی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی لیستی هه‌ڵبژاردنەكانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ په‌رله‌مانی عیراق له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌ڵێت"بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆی به‌ته‌نها له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تر له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانن، هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ یه‌كێتی و پارتی به‌جیا سه‌ردانی ئه‌م لایه‌نانه‌ (چوار لایه‌نه‌كه‌) یان كردووه‌.، ده‌شڵێت"له‌ ئێستادا چوار لایه‌نه‌كه‌ له‌گفتوگۆی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان یاخود بایكۆتی به‌كۆمه‌ڵن پێكه‌وه‌, یا هەر بژاردەیەکی تر بۆ زامنکردنی پاکی هەڵبژاردنەکان"

دوێنێ په‌رله‌مانی عیراق له‌پاش نزیكه‌ی چوار مانگ له‌ ئه‌نجامدانی هەڵبژاردنه‌كان یه‌كەم دانیشتنی خۆی ئه‌نجامدا، به‌ڵام فراكسیۆنی گۆڕان به‌شداری كۆبونه‌وه‌كەی نه‌كرد.

د.یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی ده‌سله‌كاركێشاوه‌ی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی لیستی هه‌ڵبژاردنەکانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ په‌رله‌مانی عیراق ئاماژه‌ی به‌هۆكاری به‌شدارینه‌كردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كرد له‌كۆبونه‌وه‌كەی دوێنێی په‌رله‌مانی عیراق، لەوبارەیەوە وتی: هۆكاری به‌شداری نه‌كردنمان له‌ كۆبونه‌وه‌ی دوێنێی په‌رله‌مانی عیراق وه‌ك ڕێزگرتنێك بوو له‌هه‌ستی ده‌نگده‌ره‌كانمان به‌تایبه‌ت ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی كه‌ ده‌نگه‌كانیان دزرابوو ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ شتێكی ڕه‌مزی بێت بۆیان به‌ڵام زۆركات شته‌ ڕه‌مزییه‌كانیش نرخی خۆیان هه‌یه‌ وه‌ك ده‌زانرێت، به‌ڵام ئێمه‌ ته‌نها به‌مه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوین نوێنه‌ره‌كانمان به‌رده‌وام هه‌وڵیاندا، چه‌ندین بڕیار له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌رچوو پڕۆسه‌ی سیاسی له‌عیراق په‌كی كه‌وت به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دواتر به‌هۆی فشاره‌ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌وه‌ ساخته‌كاریه‌كه‌ به‌سه‌رچوو به‌ڵام ئێمه‌ چ وه‌ك كاندیده‌ ده‌رچوه‌كان چ وه‌ك بزوتنه‌وه‌كه‌ش بڕیاری به‌شدارینه‌كردنمان دا له‌گه‌ڵ سێ لایه‌نه‌كه‌ش ئێمه‌ كاری هاوبه‌ش ده‌كه‌ین به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌به‌شداریكردنیان له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ ئێمه‌ له‌وان تێده‌گه‌ین وه‌ هیوادارین ئه‌وانیش تێگه‌یشتنیان هه‌بێت."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی تا كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان به‌رده‌وام ده‌بن و به‌شداری كۆبونه‌وه‌كانی په‌رله‌مانی عیراقی ناكه‌ن؟ د.یوسف محه‌مه‌د وتی: جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێویست ده‌كات كۆبێته‌وه‌ چونكه‌ تا ئێستا دانی به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژردنه‌كان نه‌ناوه‌ وه‌ پێویست ده‌كات له‌و ڕوه‌وه‌ بڕیاربدات."

سه‌باره‌ت به‌ ڕای بزوتنه‌وی گۆڕان له‌سەر دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێم، د.یوسف محمه‌د وتی: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانین خۆمان به‌ته‌نها و له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی تر له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك چونكه‌ به‌ڕاستی ده‌بێت هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت نه‌ك ساخته‌كردنی ئیراده‌ی خه‌ڵك به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی له‌كوردستاندا تا ئێستا كراوه‌ ساخته‌كردنی ئیراده‌ی خه‌ڵك بووه‌ نه‌ك هه‌ڵبژاردن جارانی پێشوو ئه‌و ساخته‌كاریه‌ هه‌بووه‌ به‌ڵام ئه‌مجارە لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر زۆر زیاتر بوو كه‌ كۆی پڕۆسه‌كه‌ی له‌به‌رچاو خه‌ڵك ناشیرین كرد. "

له‌باره‌ی ناوی ئه‌و لایه‌نانه‌ی له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانن بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان؟ د. یوسف محه‌مه‌د وتی" ئێستا زیاتر چوار لایه‌نه‌كه‌ دیدی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ به‌هه‌ندێك جیاوازیشه‌وه‌. به‌ڵام هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ یه‌كێتی و پارتی به‌جیا سه‌ردانی ئه‌م لایه‌نانه‌ (چوار لایه‌نه‌كه‌) یان كردووه‌."

وتیشی: به‌داخه‌وه‌ تا گره‌نتی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد له‌كوردستان نه‌بێت هه‌ڵبژاردن نیه‌ ئه‌وه‌ی بكرێت به‌ڵكو ساخته‌كردنی ئیراده‌ی خه‌ڵكه‌، وه‌ دوای ئه‌وه‌ ئه‌مه‌ هه‌ر خۆی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان نیه‌ چونكه‌ هه‌ڵبژاردن هه‌ربۆخۆی دواكه‌وتوو ده‌بوو ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌نجامبدرایه‌ له‌ساڵی (١٩٩٢)وه‌وه‌ تا ئێستا هیچ كات هه‌ڵبژاردن له‌كوردستان له‌كاتی خۆیدا نه‌كراوه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌ڵبژاردن له‌ "میزاجی شه‌خسی" و حیزبی بێته‌ده‌ر بكرێته‌ پڕۆسه‌یه‌كی دیموكراسی."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كێشە ناوخۆییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چه‌ند كاریگه‌رییان له‌سه‌ر داواكاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌بووه‌ بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان؟ د.یوسف محه‌مه‌د وتی" ئه‌و هۆكاره‌ی په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێستا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كێشه‌ی ناوخۆیی هه‌یه‌ وه‌ك زۆر له‌حیزبه‌كانی تر به‌ڵام بۆ كه‌سێكی وه‌ك من پێم وایه‌ كێشه‌ دروست نه‌كات بۆ هه‌ڵژاردن گۆڕان ئه‌گه‌ر كێشه‌ی هه‌یه‌ له‌وه‌ده‌چێت له‌هه‌ڵبژاردنێكدا زیان بكات و ده‌نگی پاشه‌كشه‌ بكات به‌ڵام ئه‌گه‌ر دۆخی خۆی چاك بكات ڕه‌نگه‌ ده‌نگی زیاتر بهێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌ كێشه‌یه‌ك نیه‌، ئه‌وه‌ی كێشه‌یه‌ ئایا ده‌توانرێت له‌هه‌ڵبژاردندا ئیراده‌ و ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵك له‌سندوقه‌كانی ده‌نگداندا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌؟ "

د.یوسف محه‌مه‌د ئه‌وه‌شی وت" ئه‌بێت ئێمه‌ جارێ دڵنیابین هه‌ڵبژاردن دواده‌خرێت یا نا؟ وه‌ به‌چ پڕۆژه‌یه‌ك دواده‌خرێت باشه‌ هه‌ڵبژاردن دوابخرێت ئه‌ی چی ده‌كرێت؟ ئایا به‌هه‌مان ئه‌م دۆخه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت؟ وه‌ هه‌ڵبژاردن دواتر بكرێت به‌هه‌مان شێوه‌ی ئێستا؟ یا بۆ نمونه‌ "هه‌روه‌ك نمونه‌" له‌ڕێگای چه‌سپاندنی سیستمی بایۆمەتری بۆ هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد وه‌ك وتم چ گۆڕانكاریه‌ك له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین جارێ ده‌بێت باس له‌سه‌ر ئه‌مه‌ بێت دواتر بابه‌تی بایكۆت یا به‌شداری من پێم باشه‌ وه‌ پێداگرم ئه‌و چوار لایه‌نه‌ پێكه‌وه‌ هه‌ڵووێستێكی یه‌كگرتویان هه‌بێت سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌."

پاش ئه‌وه‌ی د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح سه‌رۆكی حیزبی هاوپه‌یمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری ڕایگه‌یاند" هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كه‌یان بەشداری له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا ناكه‌ن"، له‌باره‌ی بۆچونی بزوتنەوه‌ی گۆڕان و دوو لایه‌نه‌كه‌ی دیكه‌؟ د.یوسف محه‌مه‌د وتی" ئێستا وتووێژ هه‌یه‌ له‌نێوان چوار لایه‌نه‌كه‌ به‌ هاوپه‌یمانی-شه‌وه‌ له‌سه‌ر پرسی دواخستنی هه‌ڵبژاردن یا بایكۆتكردن، یا هەر بژاردەیەکی تر بۆ زامنکردنی پاکی هەڵبژاردنەکان، من پێش ئه‌و بابه‌ته‌ ناكه‌وم به‌ڵام هیوادارم بگه‌نه‌ هه‌ڵوستێكی یه‌كگرتووی هاوبه‌ش."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی هاوپه‌یمانی چۆن به‌شداری ئه‌و گفتوگۆیانه‌ ده‌كات له‌كاتێكدا پێش وه‌خت بڕیاری به‌شداری نه‌كردنی هه‌ڵبژاردنی دا؟ د.یوسف محه‌مه‌د وتی"ئه‌وان " هاوپه‌یمانی" حیزبێكن بۆ خۆیان ئازادن چ هه‌ڵوێستێكیان ده‌بێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستێكی "ده‌سته‌جمعیش" هه‌بێت شتێكی باشه‌ ."

چاوه‌ڕوان بن به‌شی دووه‌می گفتوگۆكه‌ چه‌ندین پرسی گرنگ باس ده‌كات، بابه‌تی به‌شداری كردنی كورد له‌پڕۆسه‌ی سیاسی عیراق، ئه‌گه‌ری هاوپه‌یمانی له‌نێوان چوار لایه‌نه‌كه‌ و پارتی و یه‌كێتی؟ هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی له‌ماوه‌ی ڕابردوو له‌پاش یاسای سڕكردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و هه‌مواری یاسای تیرۆر له‌سه‌ر د.یوسف بڵاوكرایه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئایا پۆستی جێگری دووەمی سه‌رۆكی په‌رله‌مان وه‌رده‌گرێت؟ ئایا چۆته‌ هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ پارتی كۆبۆته‌وه‌؟د. یوسف وەڵامی هەموو ئەوپرسیارانە دەداتەوە.

XS
SM
MD
LG