له میانه‌ی وتوێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ئه‌مریكا دڵشاد شه‌هاب ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت" ئه‌وانه‌ی داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن تامه‌زرۆی مانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ته‌ن، له‌كاتێكدا خۆیان پێشتر ده‌یانوت حكومه‌ت گه‌نده‌ڵ و دیكتاتۆره، لێی كشانه‌وه داوای نه‌مانی ئه‌م حكومه‌ته‌یان ده‌كرد ئێستا خێره داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن ئه‌ی چی جوابی خه‌ڵی خۆیان ده‌ده‌نه‌وه؟ده‌شڵێت: پاساوی لایه‌نه‌كان بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن لاوازه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر سوورن با له ڕێگای فراكسیۆنه‌كانیانه‌وه پڕۆژه بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان پێشكەش بكه‌ن خۆ ئێستا ئه‌وان زۆرینه‌ن پارتی( ٣٨ )كورسی هه‌یه, هه‌روه‌ها وتی: پارتی ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ش بهێنێت نیه‌تی نیه كوردستان به‌ته‌نها به‌ڕێوه‌ببات، هه‌روه‌ها وتی: به‌پێی كۆبونه‌وه‌كان "مومكین"ه من ئومێدم هه‌یه ئه‌نجامه‌كان هه‌تا ئه‌وێ بڕۆن به‌یه‌ك وه‌فد بچینه به‌غداد."
بڕیاربوو ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه له هه‌رێمی كوردستانی عیراق یه‌كه‌م ڕۆژی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌كه بێت، به‌ڵام كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته بانگه‌شه‌ی دواخست، به‌بڕوای به‌شێك دواخستنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌سه‌ر داوای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بووه ئه‌وه‌ش پاش سه‌ردانی دوێنێی وه‌فدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ردانی مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان.
به‌ڵام دڵشاد شه‌هاب ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان له وتووێژه‌كه‌ی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕه‌تی كرده‌وه و وتی" پێرێ بوو داواكارییه‌ك له‌لایه‌ن هه‌ندێك له كۆمسیارانه‌وه هه‌بوو بۆ دواخستنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان سه‌رۆكی كۆمسیۆن و براده‌رانی پشكی ئێمه‌ش هیچ ڕێگرییه‌كیان نه‌بوو ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه نیه ڕێكه‌وتنی پێش وه‌خته هه‌بوبێت."
دڵشاد شه‌هاب كه ئه‌ندامی شانده‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو بۆ لای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌وه‌شی وت" ئێمه نهچوبوین بۆ داواكاری له گۆڕان ،گۆڕانیش داواكاری له ئێمه نه‌بوو، ئێمه چوین پاش ئه‌و ماوه درێژه‌ی كۆنهبوینهوه چوین بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر دوو پڕۆسه‌ی گرنگ كه له‌به‌رده‌مماندایه یه‌كه‌م چونه به‌غداد دووه‌م هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان ، واته ئه‌وه نه‌بوو ئێمه چوبێتین داواكاریمان له بزوتنه‌وی گۆڕان كردبێت، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش داوای له ئێمه كردبێت به‌ڵكو گفتوگۆی هاوبه‌شی ئه‌و بابه‌تانه‌مان كردووه."
دوێنێ سێ شه‌ممه له سەرەتای بەشی یەکەمی وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌بەشی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ د. یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی دهسلهكاركێشاوهی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی لیستی هه‌ڵبژاردنەكانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ په‌رله‌مانی عیراق له باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌ڵێت"بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆی به‌ته‌نها له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تر له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانن، هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م پرسه یه‌كێتی و پارتی به‌جیا سه‌ردانی ئه‌م لایه‌نانه (چوار لایه‌نه‌كه) یان كردووه.، ده‌شڵێت"له ئێستادا چوار لایه‌نه‌كه له گفتوگۆی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان یاخود بایكۆتی به كۆمه‌ڵن پێكه‌وه, یا هەر بژاردەیەکی تر بۆ زامنکردنی پاکی هەڵبژاردنەکان."
به‌ڵام دڵشاد شه‌هاب ڕه‌تی كرده‌وه له كۆبونه‌وه‌كه‌دا بزوتنه‌وی گۆڕان باسی ئه‌و بابه‌تانه‌ی كردبێت له‌و ڕوه‌وه وتی" نه‌خێر له كۆبونه‌وه‌كه‌دا باسی دواخستنی هه‌ڵبژاردن یان بایكۆتیان نه‌كرد، به‌ڕای من و به‌ڕای ئێمه هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت، چونكه دوو ڕێگه ماوه له‌به‌رده‌م دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان یا ئه‌وه‌تا چه‌ند لایه‌نێك یا لایه‌نێك به‌فه‌رمی به نوسراو داوا له‌سه‌رۆكی حكومه‌ت بكات به‌پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی پێی دراوه هه‌ڵبژاردن دوابخات یا فراكسیۆنێك یا ژماره‌ی یاسایی په‌رله‌مانتاران پڕۆژه یاسا بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان پێشكه‌ش بكه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا هیچ له‌مانه نه‌كراوه ."
ئه‌ندامه‌كه‌ی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ لای لایه‌نه‌كان ئه‌وه‌شی وت" له‌كۆبونه‌وه‌كاندا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان باسی ئه‌وه‌كراوه ئه‌وان بۆ پێیان باشه هه‌ڵبژاردن دوابخرێت؟ پارتی بۆ پێی باشه له‌كاتی خۆی بكرێت هه‌موو پاساوكانیش خراونه‌ته‌ڕوو، به‌ڵام پاساوی ئه‌و لایه‌نانه بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن لاوازه چونكه هه‌ڵبژاردن كاتی خۆی كه دیاریكرا له‌لایه‌ن داموده‌زگای فه‌رمی بوو كه حكومه‌تی هه‌رێم بوو هیچ لایه‌نێك ڕه‌خنه"ئیعتراز" ی نه‌بوو، به ئاگاداری جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت بوو ، وه ئه‌وكات هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق نه‌كرابوو تا بوترێت لایه‌نێك دۆخی باشه لایه‌نه‌كه‌ی تر دۆخی خراپه له‌به‌ر ئه‌وه هه‌ڵبژاردن ده‌كات ، بۆیه ئێستا پارتی هیچ پاساوێك نابینێت داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردن بكات وه هیچ ڕێگریهكیش له‌به‌رده‌م لایه‌نه‌كان نیه بۆ ئه‌وه‌ی داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن به‌و دوو ڕێگا فه‌رمیه‌ی ئاماژه‌م پێكرد."
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو له‌میانه‌ی وتوێژێكی ژیارمحهمهد له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ د.ڕه‌ئوف عوسمان سه‌رۆكی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕایگه‌یاند" بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان هاوهه‌ڵوێستن بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێم به‌هۆی بونی گومانیان له ئه‌نجامدانی ساخته‌كاری گه‌وره له لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه كه مه‌به‌ستێتی له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ڕێژه‌ی (50+1)ی كورسیه‌كان بهێنێت تا خۆی حكومه‌تی داهاتوو پێكبهێنێت وه ده‌ستور په‌سه‌ند بكات."
به‌ڵام دڵشاد شه‌هاب ئه‌و قسانه‌ی ڕه‌تكرده‌وه و وتی" بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌دوای ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی ڕه‌خنه‌یان له‌یه‌كێتی ده‌گرت گوایه ده‌نگیان براوه مافیان خوراوه له‌و ناوچانه ئیتر نازانم "سوبحانه‌ڵا" ئه‌م گۆڕانكاریه له چیه‌وه هات؟ ئه‌گه‌ر ئه‌م قسه‌یه لای ئێوه ( له وتووێژه‌كه‌ی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ د.ڕه‌وف عوسمان) نه‌كرایه به‌دڵنیایی قه‌ت وای بۆ نه‌ده‌چووم لایه‌نێك خۆی بخاته ئه‌و خانه لاوازه."
شه‌هاب جه‌ختی كرده‌وه"پارتی بڕوای به‌خۆیه‌تی هه‌ڵبژاردن بكرێت ده‌نگی باش ده‌هێنێت، دواش بخرێت هه‌ر ده‌نگی باش ده‌هێنێت، له ڕابردوش بكرایه هه‌ر ده‌نگی باشمان ده‌هێنا ،وتیشی" چونكه ئێمه ده‌زانین چیمان كردووه میلله‌تی ئێمه ته‌قدیری هه‌یه، ئه‌و كاته‌ی پارتی له‌و دۆخه قورسه به‌رپرسیارێتی هه‌ڵگرت ئه‌و لایه‌نانه حكومه‌تیان به‌جێ هێشت وایانزانی حكومه‌ت به‌سه‌ر پارتیدا ده‌ڕوخێت، به‌ڵام پارتی و جه‌نابی كاك نێچیرڤان شانیان دایه به‌ر ئه‌و به‌رپرسیارێتیه قورسه دڵنیاین میلله‌تی ئێمه ته‌قدیری ئه‌مه ده‌كات هۆشیاره ئه‌وه‌نیه وه‌ك جاری جاران به‌كه‌ناڵێكی ته‌له‌فزیۆن بتوانن(٢٠-٣٠) كورسی خڕبكهنهوه ."
هه‌روه‌ها وتیشی" پارتی هیچ كات نیه‌تی به‌ته‌نها به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتی نه‌بووه ساڵی (١٩٩٢)ش ئه‌و كاته‌ی زۆرینه‌ی هێنا هه‌ر ده‌سڵاتی فیفتی- به‌فیفتی دابه‌ش كرد، پارتی هیچ كات نیه‌تی نه‌بووه حكومه‌ت به‌ته‌نها به‌ڕێوه ببات ئه‌مه هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌باشی ده‌زانن ."
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌وه‌شی وت" باشه چ ڕێگریه‌ك هه‌یه فراكسیۆنی گۆڕان بێت پڕۆژه‌یه‌ك پێشكه‌ش بكات بڵێت ئێمه ده‌مانه‌وێت هه‌ڵبژاردن دوابخرێت ته‌مه‌نی په‌رله‌مان درێژ بكرێته‌وه؟ باشه داواكاری دواخستنی هه‌ڵبژاردن له ئه‌نجامدا ده‌بێت ته‌مه‌نی په‌رله‌مان درێژ بكرێته‌وه ئه‌ی باشه ئه‌وان له خۆیان ناپرسن ده‌سه‌ڵات و حكومه‌تێك به‌گه‌نده‌ڵ و قۆرخكار بزانن وه له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنیش نین ؟ باشه هه‌ر خه‌ڵكی خۆیان ناڵێن ئه‌رێ ئه‌و حوكمه‌ته‌ی ئێوه بهگهندهڵتان ده‌زانی و به‌جێتان هێشت قسه نه‌ما پێی نه‌ڵێن ئێستا هه‌وڵی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ده‌ده‌ن؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وان هه‌ر سوورن با ئه‌و چوار لایه‌نه پڕۆژه یاسا پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی په‌رله‌مان بۆ له‌پارتی ده‌ترسن ؟ خۆ پارتی زۆرینه نیه ئه‌وان زۆرینه‌ن پارتی ته‌نها ( ٣٨) كورسی هه‌یه."
دڵشاد شه‌هاب داواكاری ئه‌و لایه‌نانه‌ی بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن به تامه‌زرۆ بوون به مانه‌وه‌ی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ئێستای كوردستان وه‌سفكرد و وتی" ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئه‌وه‌نده تامه‌زرۆی ئه‌م حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌ن با پڕۆژه یاسا پێشكه‌ش بكه‌ن ته‌مه‌نی په‌رله‌مان درێژ بكه‌نه‌وه ، چونكه ئه‌وانه‌ی داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن حه‌ز ده‌كه‌ن ئه‌م حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته به‌رده‌وام بێت هیچ مانایه‌كی تر هه‌ڵناگرێت، ئایا هیچ واتای تری هه‌یه من له‌وان ده‌پرسم؟ ئه‌ی چی جوابی خه‌ڵكی خۆیان ده‌ده‌نه‌وه تا دوێنێ ده‌یانوت حكومه‌ت گه‌نده‌ڵ و دیكتاتۆره بابڕوخێت؟!"
دڵشاد شه‌هاب كه ڕاوێژكاری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشه له هه‌مان كاتدا باسی له‌وه‌كرد" هیچ كات له به‌رده‌م سه‌رۆكی حكومه‌ت نه‌ماوه بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، باشه وا دوای خست خۆ ده‌سه‌ڵاتی هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه(٢٠) رۆژ یا شه‌ش مانگ درێژی بكاته‌وه ئینجا ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن له (٣٠\٩) نه‌كرێت ، (٦-١١)ته‌مه‌نی په‌رله‌مان كۆتایی دێت ده‌بێت درێژی بكرێته‌وه ماوه‌ی په‌رله‌مان به‌ڕاستی پارتی توانای هه‌ڵگرتنی ئه‌و یاسایه‌ی نیه، و پارتی ڕاسته له‌گه‌ڵی نیه به‌ڵام به(٣٨)كورسیه‌وه ناتوانێت ڕێگری بكات له درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی په‌رله‌مان ئه‌گه‌ر ئه‌وان سوربون له‌سه‌ر دواخستنی هه‌ڵبژاردن ."
دڵشاد شه‌هاب باسی له‌وه‌شكرد له‌حاڵه‌تی دواخستنی هه‌ڵبژاردن زیانی مادی به‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت چونكه بودجه‌یه‌كی زۆری له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه بۆ ئاماده‌كاری هه‌ڵبژاردن ته‌رخانكردوه‌و وتی" ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ هه‌ڵبژاردنی ته‌رخانكردووه به‌ڵام ده‌ڵێن با دوابخرێت كه ئه‌م خه‌رجیه بێ ئه‌نجام ده‌بێت ئه‌وا دنیایان پڕده‌كرد له‌وه‌ی حكومه‌ت ماڵی گشتی به‌هه‌ده‌رداوه باشه ئه‌مه به‌هه‌ده‌ردان نه‌بێت چیه؟"
سه‌باره‌ت به‌ڕای چوار لایه‌نه ناڕازییه‌كه له‌سه‌ر ئه‌گه‌ری به‌شداری كردنیان له وه‌فدی هاوبه‌شی پارتی و یه‌كێتی بۆ به‌غداد ؟ دڵشاد شه‌هاب ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئه‌ندامی شانده‌كه‌ی پارتی بۆلای لایه‌نه‌كان وتی" به‌بۆچونی من ئه‌وه‌نده‌ی له‌كۆبونه‌وه‌كان به‌دیمان كرد بۆچونه‌كان له‌سه‌ر داواكاری مافه‌كانی كورد و چارسه‌ركردنی كێشه‌كان دیدی هاوبه‌شمان هه‌یه بۆیه "مومكینه" یا ئومێدم هه‌یه كه ئاستی لێكتێگیشتنهكان به‌و ئه‌ندازه‌یه بڕوات به‌یه‌ك وه‌فد بچینه به‌غداد ."