Accessibility links

عەبدولستار مەجید: چارەسەری گرانبونی نرخی سەوزە و میوە و گۆشت لەبازارەكانی هەرێمی كوردستان بۆ حكومه‌ت زۆر ئاسانە ئه‌گه‌ر بیه‌وێت


عه‌بدولستار مه‌جید- وه‌زیری پێشووی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
عه‌بدولستار مه‌جید- وه‌زیری پێشووی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

له‌ وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا عەبدولستار مەجید، وەزیری پێشوی كشتوكاڵ و ئاودێری له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژە به‌ هۆكاره‌كانی گرانی نرخی خوارده‌مه‌نی و سه‌وزه‌ و میوه‌ و گۆشتی سور هه‌روه‌ها مریشك ده‌كات له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان-عیراق،ده‌ڵێت" چارەسەرەكەی له‌م دۆخه‌دا ئاسانە ئه‌گه‌ر بیه‌وێت و كاری بۆ بكات، بەڵام پێویستی بەپلانێكە كەماوەی ساڵێك بۆ دوو ساڵی ڕه‌نگه‌ بوێت، بەڵام ئێمە كاتی خۆی لەوەزارەت گەورەترین كێشەمان دابین نەكردنی بودجە بوو كە لە باشترین حالەتدا بودجەی وەزارەت لە1،8%واتە نەگەیشتۆتە لە ٢%، وە پشتیوانی كردن، ئەم دوو هۆكارە نەبوو بۆیە نەمانتوانی ئەو پلانە جێ بەجێ بكەین، تا ئێستا به‌هۆی كۆتایی وه‌رزی به‌روبومه‌كان یا ڕێگرییه‌كانی وڵاتانی دراوسێ له‌و به‌روبومانه‌ نه‌بێته‌ هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی كه‌لوپه‌له‌كان." هاوكات وه‌ڵامی ئه‌وه‌ش ده‌داته‌وه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ت له‌م دۆخی گرانبونی ناو بازاڕ داوات لێبكات بۆ گه‌ڕانه‌و بۆ پۆسته‌كه‌ت ده‌گه‌ڕێییته‌وه‌؟ ده‌ڵێت" ئەگەر وەك تاك بومایە و كەسی حیزبی نەبومایە ئەوا هەركات حكومەت داوای لێبكردمایە بۆ بەڕێوەبردنی پۆستێك كەخزمەتی خەڵك بكەم و بە من بكرێت بێگومان بێ دوو دڵی دەمكرد، بەڵام من ئێستا پابەندم بەبڕیاری حیزبەكەم."

عه‌بدولستار مه‌جید له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا ده‌ڵێت: ئێمە لەكاتی خۆیدا زۆر هەوڵماندا كە بەخود دابینكاری بگەین، بەڵام بەهۆی نەبونی بودجەی پێویستەوە نەمانتوانی بەخود دابین كاری بگەین ئەوەتا ئێستا كە قەیرانی ئەو بەروبومانە لەوڵاتانی دەوروبەر دروست دەبێت كەڕۆژانە خۆراكی خەڵكن، یاخود وەرزی تەواو بونی ئەو بەروبومانه‌یە لەكوردستان كێشە دروست دەبێت و نرخ بەرز دەبێتەوە، هۆكارەكەش لێرەدا حكومەتی هەرێمە."

لەم كابینیەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاودێری درا بەكۆمەڵی ئیسلامی ، عەبدولستار مەجید خۆی وەزیری كشتوكاڵ بوو، بەڵام چەند مانگێك لەمەوبەر كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاری كشانەوەی لەحكومەتی هەرێمدا، دەربارەی ئەوەی تۆ وەك وەزیر چیتكردووە لەچوار ساڵی رابردوو كە دەڵێی خەتای حكومەتی هەرێمە؟

عەبدولستار مەجید وتی" ئێمە لەكاتی خۆیدا بە بەشێكی زۆر لەبەرهەمەكان هەندێكی بەدرێژایی ساڵ وە هەندێكی لەوەرزی پێگەیشتنیدا نەك بەخودابینكاری، بەڵكو بەزیادەوە بەرهەممان هەبووە تەنانەت ڕەوانەی شارەكانی تری عیراق و وڵاتانی دەوروبەرمان كردووە، لەوانە گەنم لەساڵی ٢٠١٤ ڕێژەی بەرهەم لە 80%بوو، بەڵام تاوەكو 2016 گەیشتە لە 180% وەبەرهەمەكانی تریش توانیبومان ڕێژەیان بەرز بكەینەوە بەڕێژەی لە 80% -90% بەخود دابینكاری گەیشتبوین، وه‌ له‌به‌رهه‌می گۆشتی سور و مریشك-یش تا ڕاده‌یه‌ك كێشه‌مان نه‌بوو، وە ئەو ڕێژە كەمەی بەرهەمیش كە لەدەرەوە دەهات كاریگەری لەسەر بەرهەمی ناوخۆ نەبوو، هەروەها باجمان ئەكتیڤ كردبوو لەسەر بەروبومی دەرەوە كاریگەری هەبوو لەسەر ئەوەی كە جوتیاری هاندەداو سەرقاڵی كشتوكاڵ بێت و بەرهەمی ناوخۆ زیاد بكات."

عەبدولستار مەجید وتیشی" جگە لەوە من خۆم ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ئەو وەزارەتەم كردووە، ئێستا بەڕێز كاك ڕێبازە، خۆی وەزارەتی كشتوكاڵ ئەگەر بەوەزیرێك بەڕێوەبچێت دەبێت سوپاسی خوا بكرێت، بەڵام كاك ڕێباز وەزارەتێكی تریشی بەملەوەیە كەزۆر لە وەزارەتی كشتوكاڵ پڕكێشەترە، من لەسەر بەرهەمی خۆماڵی چەندین جار كێشەم لەگەڵ توركیا و ئێران بۆ دروست بووە."

وتیشی" ئەم وەزارەتە پەلوپۆی زۆر فراوانە نەبەئاسان سەرپەرشتی دەكرێت وە نەبە ئاسان خەمی لێدەخورێت، هەر لەم ڕۆژانەدا چەند كۆمپانیایەك پەیوەندییان پێوەكردم وتیان گیرمان خواردووە لەنێوان وەزارەتی كشتوكاڵ و بازرگانی كە بەهۆی كێشەی خۆیانەوە ڕێگەمان پێنادەن (مەواد-كەرەستە) بهێنین، ئەمەش دواجار هاوڵاتی تێدا زیانمەند دەبێت و كاریگەری لەسەر نرخ دەبێت."

دەربارەی ئەوەی پەشیمان نیت لەدەسلەكاركێشانەوە، چونكە خۆت دەڵێی ئێوە كارتان لەسەر كەمبوونەوەی نرخ كردوە لە بازاڕ؟

عەبدولستار مەجید وتی" من نیگەرانم بەبەرزبونەوەی نرخ چونكە دواجار هەر هاوڵاتی هەژار زیانی لێدەكات، بەڵام من بەبڕیاری حیزب دەستم لەكاركێشاوەتەوە و پابەندم بەبڕیاری حیزبەكەم، هەمیشە داوام لەخوا كردووە بتوانم خزمەتی خەڵك بكەم، ئەگەر بابەتی گەڕانەوە بێت بۆ پۆستەكەم، ئەوەش دەكەوێتە سەر بڕیاری حیزب بۆ داهاتوو دەیەوێت بەشداری حكومەت بكات؟ وە كێ دەنێرێت؟ بەڵام ئەگەر وەك تاك بومایە و كەسی حیزبی نەبومایە ئەوا هەركات حكومەت داوای لێبكردمایە بۆ بەڕێوەبردنی پۆستێك كەخزمەتی خەڵك بكەم و بە من بكرێت بێگومان بێ دوو دڵی دەمكرد، بەڵام من ئێستا پابەندم بەبڕیاری حیزبەكەم.

لەبارەی چارەسەری گرانبونی نرخی سەوزە و میوە و گۆشت لەبازاڕه‌كانی هەرێمی كوردستان؟

عەبدولستار مەجید وتی" چارەسەرەكەی ئاسانە، بەڵام پێویستی بەپلانێكە كەماوەی ساڵێك بۆ دوو ساڵی ڕه‌نگه‌ بوێت ده‌توانرێت ته‌نانه‌ت چاره‌سه‌ره‌كه‌ به‌و جۆره‌ بێت كه‌ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له‌زستان نیه‌ دابین بكرێت وه‌ له‌هه‌موو وه‌رزه‌كانی تریش ، بەڵام ئێمە كاتی خۆی لەوەزارەت گەورەترین كێشەمان دابین نەكردنی بودجە بوو كە لە باشترین حالەتدا بودجەی وەزارەت لە1،8%واتە نەگەیشتۆتە لە ٢%، وە پشتیوانی كردن، ئەم دوو هۆكارە نەبوو بۆیە نەمانتوانی ئەو پلانە جێ بەجێ بكەین، تا ئێستا به‌هۆی كۆتایی وه‌رزی به‌روبومه‌كان یا ڕێگرییه‌كانی وڵاتانی دراوسێ له‌و به‌روبومانه‌ نه‌بێته‌ هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی كه‌لوپه‌له‌كان."

هه‌روه‌ها وەزیری پێشوی کشتوکاڵی هەرێم باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ چی بە وەزیری کشتوکاڵی ئێران ووت لەسەر بەرهەمی جوتیارانی کوردستان؟ كلیك بكه‌ بۆ گوێبیست بونی..

please wait

No media source currently available

0:00 0:20:22 0:00

XS
SM
MD
LG