Accessibility links

دزه‌یی: پڕۆژەیەکی چاکسازیمان دایه‌ پەرلەمان تێێدا هەموو خانەنشینی پەرلەمانتاران و پلەتایبەتیەکان ڕێکخرابوو بەداخەوە پەرلەمان پەسەندی نەکرد


سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

لەوتووێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ سەفین دزەیی وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەنگۆی پێدانی موچەی شەش مانگ بەسەریەکەوە بۆ پەرلەمانتاران وەک موچه‌ی خانەنشینی ئیكرامی كه‌بڕه‌كه‌ی ( 49)ملیۆن و (200) هه‌زار دیناری عیراقیه‌، دەڵێت" بەپێی بودجەی تەرخانکراو بۆ پەرلەمان وە لەوەزارەتی دارایش ڕەنگە ئەو پارەیە ئێستا وەک "سیویلە" لەبەردەست نەبێت، بۆیە وەزارەتی دارایی و لیژنەی تایبەت لەوەزارەتی دارایی لەگەڵ پەرلەمان لە پەیوەندیدان، بۆ ئەوەی میکانیزمێک" ئالیەتێک" بدۆزنەوە کە بەچ شێوەیەک بێت، هیوادارم سەرۆکایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتارە بەڕێزەکان خۆیان دەستپێشخەری بکەن بۆ چارەسەریەکی گونجاو بۆ ئەو بابەتە، هاوکات باس لەوەش دەکات حکومەتی هەرێم پڕۆژەیەکی چاکسازی پێشکەش بە پەرلەمان کرد کە تێێدا هەموو خانەنشینی پەرلەمانتاران و پلەتایبەتیەکانی ڕێکخستبوو بەڵام بەداخەوە پەرلەمان پڕۆژەکەی پەسەند نەکرد ڕێگریەکەش ڕەنگە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن و تاک تاکەش لەدوو هێزە سەرەکیەکە هەبوبێتن کەهەڵوێستی تریان نواندبێت، ئەگەر ئەو پڕۆژەیە پەسەندبکرایە مانگانە( 100)ملیۆن دۆلار دەگەڕایەوە بۆ حکومەت، دەربارەی موچه‌ی فەرمانبەرانیش سەفین دزەیی وتی" ئەگەر باسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بکرێت ئێستا (30) ڕۆژ جارێک موچە لەکوردستان دەدرێت، ئەگەرچی بەڕێژەیەک پاشەکەوت نەماوە، وە بەردەوام بونی ئەو موچەیە لەسەر ئەوە حساب ناکرێت ئەو موچەیە هی کام مانگە ئەوەتا لەم هەفتە کە مانگی یازدە دەستی پێکردووە دوبارە دابەش کردنی موچە دەست پێدەکاتەوە، لەبەر ئەوە کە بوترێت ئەو سێ مانگەی کۆتایی ساڵ پاشەکەوت دەکرێت شتێکی وا لە ئارادا نیە چونکە دواکەوتن هەیە ئەو موچەیەی کەدەدرێت هی سێ مانگ لەوەو پێشە واتە لەسەر ئەو بنەمایە ئەو موچانە دەدرێت (30) ڕۆژ جارێکە."

سەفین دزەیی لەسەرەتای وتوێژەکەدا باسی لەخانەنشینی فەرمانبەرانی حکومی بەگشتی، (پلە تایبەتیەکان) کرد و وتی" بەپێی یاسای موچە و ئەو ڕێنماییانەی لەوەزارەتی دارایی هاتووە هەر فەرمانبەرێکی حکومی لەهەر پلە و پۆستێکدا بێت لەکاتی خانەنشین کردنیدا مافی ئەوەی هەیە موچەی شەش مانگی بەسەر یەکەوە پێبدرێت، ئەوەش بەپێێ ڕێژەی موچەکان دەگۆڕێت، ئەو (49) ملیۆنەی باسی-ش دەکرێت بەرامبەر موچەی( 6) مانگی پەرلەمانتارێکە، بێگومان لەو بارودۆخی ئێستا کەهەیە وەک بونی "سیولەی پارە" ڕەنگە بکاتە بڕێکی زۆر پارە بۆیە، ڕەنگە لە "ئیمکانیەتی" ئەو بودجەیەی تەرخانکراوە لەبەردەست وەزارەتی دارایی نەبێت بەڵام وەک مافێکی شایستەی دارایی هەبووە و ئێستاش هەر هەیە."

دەربارەی ناڕه‌زایەتییەکانی خەڵک و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی چه‌ندە کاریگەری هەیە کە ئه‌و موچەیە نەدرێتە پەرلەمانتارانی خانەنشین بەسەر یەکەوە لەم کاتەدا؟

سەفین دزەیی وتی" ئەو نیگەرانی و ناڕەزایەتیانەی کە هەیە تەنها بە ڕیفۆرم و چاکسازی لەیاساکاندا دەکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان پاکێجێکی چاکسازی پێشکەش بە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کردبوو لە خولی چوارەم، بەڵام بەداخەوە لەسەر وردەکاری ئەو پڕۆژە یاسایە دەنگی لەسەر نەدرا وەک خۆی مایەوە، هیوادارین لەخولی پێنجەمدا ئەو پڕۆژە یاسایە پەسەند بکرێت چونکە چارەسەری بەشێکی زۆر لەو کێشانە دەکات وە بڕێکی زۆر لەخەرجی دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، هیوادارین هەموو ئەو بابەتانە بەیاسا چارەسەر بکرێت."

دەربارەی ئەوەی ئەگەر ئەو پڕۆژە یاسایە جێ بەجێ بکرایە بەپێی یاسا چۆن دەبوو بڕی ئەو خانەنشینیەی پەرلەمانتاران و پلە تایبەتیەکان؟

وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێم ڕوونیکردەوە " یەکێک لەو پێشنیارانەی لە پاکێجە چاکسازییەکەی حکومەت بۆ پەرلەمان هاتبوو کە پەسەندییان نەکرد ئەوەبوو کە ئەو کەسانەی لەپەرلەمانن یا لەپلەی تایبەت خانەنشین نەکرێن، بەڵکو ئەگەر پۆستێکی" وەزیفی"یان هەبوو بگەڕێنەوە سەر "وەزیفەکە"ی خۆیان جا ئەو کەسانە دکتۆر بون، یا مامۆستابوون بگەڕێنەوە سەر ئەو وەزیفانەی خۆیان، تەنها خانەنشینی بۆ ئەوانە بێت کە تەمەنی خانەنشنیان هەیە یا پێش پانزە ساڵ خزمەتی"وەزیف"ییان هەیە، خۆ ئەگەر کەسێک تەمەنی خانەنشینی نەبوبێت وە پێشتر فەرمانبەر" واتە پلەی وەزیفی" نەبوبێت بەڵکو کاری تایبەتی خۆی هەبوبێت ئەوکات خانەنشینی "شمولی" ناکات ئەمە چەند پێشنیارێک بوون کەلەو پڕۆژەیەی حکومەت هاتبوو بەڵام وەک وتم بەداخەوە ئەگەرچی گفتوگۆی پێویستی لەسەرکرابوو، بەڵام دەنگی لەسەر نەدرا و نەبووە یاسا بەڵکو وەک پڕۆژە لەپەرلەمان مایەوە."

دەربارەی هۆکاری پەسەند نەکردنی پڕۆژە چاکسازییەکەی حکومەت لەلایەن پەرلەمانەوە؟ وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی" بەداخەوە وەک زۆر شتی تری وڵاتی ئێـمە "موزایەداتی" سیاسی، هەندێک لایه‌ن یا تاک لەناو حیزبێک یا کۆی حیزبە سیاسیەکە یا خود بەناوی ئۆپزسیۆن یا هەر ناوێکی تر هەوڵ دەدەن بەناوی پێشنیاری تر ڕێگربن لەبەردەم ئه‌و چاکسازییانە، ئیتر ئيو موزایەدە سیاسیانە وایکرد ئه‌و پڕۆژەیە بچەقێت و بەرەو پێشەوە نەچێت وە دەنگی پێویستی لەسەر نەدرێت."

دزەیی وتیشی" خۆ ئەگەر بەهەدەردان هەبوبێت ئەوا ئەو بەهەدەردانە لەبەرنامە و پلانی حکومەت نەبوو بەڵكو ئەو یاسایانە بوون کەڕێگەی داوە هەندێک خەرجی بکرێت یا هەندێک" موخەسەسات"ی بەهەندێک لە فەرمانبەران ڕەنگە شایستە بوبێتن یاخود زیاتر بوبێت یا کەمتر بوبێت، لەبەر ئەوە ئەو پڕۆژە و پاکێجە زۆر بەوردی ئامادەکرابوو لەلایەن پسپۆڕانی بانکی نێودەوڵەتی و کەسانی بیانی ئەو پڕۆژەیە ئامادەکرابوو تا لەداهاتوو ئەو گللەییانەش نەمێنێت کە حکومەت خەرجیەکانی بەهەدەر دەدات، خۆ ئەگەر ئەو پڕۆژەیە جێ بەجێ بکرایە مانگانە نزیکەی(100) ملیۆن $ مانگانە دەگەڕایەوە خەزێنەی دەوڵەت، بەڵام بەداخەوە وەک وتم پەسەند نەکرا هیوادارم لە خولی داهاتووی پەرلەمان پەسەند بکرێت."

دەربارەی ئەوەی کێ ڕێگر بوو لەبەردەم پەسەندکردنی ئەو پڕۆژەیە ئایا لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بوون؟

سەفین دزەیی وتی" ئۆپۆزسیۆن خۆیان تا ڕادەیەک لەناو حکومەت بوون، ئەوانەی کە خۆیان بەبەشێک لەناو ئۆپۆزسیۆن دادەنا تا دوێنێ خۆیان لەناو حکومەت بوون، بەداخەوە هەندێک لەوانەی خۆیان لەناو حکومەت بوون ئەندام پەرلەمانەکانیان هاوکاری وەزیرەکانیان نەبوون، لێرە وەزیرە بەڕێزەکان کە لەناو حکومەت بوون لەهێزە سیاسیەکانی تریش بوون ڕۆڵێکی بەرچاویان لەناو حکومەت بینی، بەڵام پەرلەمانتارەکانیان لەناو پەرلەمان ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنیان دەبینی پاڵپشتی وەزیرەکانیان نەدەکرد، تا "ئەدای" کارەکانیان باشتر بکەن، بەڵێ تا ڕادەیەک ئەوانەی ئۆپۆزسیۆن بوونە ڕێگر بەڵام ڕەنگە هەندێک تاکیش لەناو دوو هێزە سەرەکیەکە هەڵويستی تریان نواندبێت، ئیتر ئەو پڕۆژە وای لێهات."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا لەم دۆخەدا حکومەت توانای هەیە ئەو بڕە پارەیە " موچەی شەش مانگی خانەنشینی پەرلەمانتاران" بدات بەسەر یەکەوە؟

وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی" وەک وتم ئەو بڕە پارەیە بڕێکی کەم نیە، لەتوانای بودجەی دابینکراو نیە بۆ پەرلەمان، وەزارەتی دارایش بێگومان پێداچونەوە دەکات، وە ئەگەر باسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بکرێت ئێستا (30) ڕۆژ جارێک موچە لەکوردستان دەدرێت، ئەگەرچی بەڕێژەیەک پاشەکەوت نەماوە، وە بەردەوام بونی ئەو موچەیە لەسەر ئەوە حساب ناکرێت ئەو موچەیە هی کام مانگە ئەوەتا لەم هەفتە کە مانگی یازدە دەستی پێکردووە دوبارە دابەش کردنی موچە دەست پێدەکاتەوە، لەبەر ئەوە کە بوترێت ئەو سێ مانگەی کۆتایی ساڵ پاشەکەوت دەکرێت شتێکی وا لە ئارادا نیە چونکە دواکەوتن هەیە ئەو موچەیەی کەدەدرێت هی سێ مانگ لەوەو پێشە واتە لەسەر ئەو بنەمایە ئەو موچانە دەدرێت (30) ڕۆژ جارێکە."

دزەیی ڕاشیگەیاند" وەزارەتی دارایی خۆی لەسەر خەت دەبێت بۆ ئەوەی بزانێت لەم دۆخەدا چۆن ئەو مافە یاساییە جێ بەجێ بکات، بەڵام ئەگەر وەک ڕای شەخسی خۆم لەمن بپرسیت بەڕای من لەجێی خۆی بوو پەرلەمانتارە بەڕێزەکان خۆیان داوایان بکردایە دوابخرێت بۆ کاتێکی تر تا ئەو کاتەی حکومەت دەیتوانی ، بەڵام لەڕووی یاساییەوە بەڵی مافی خۆیانە ئەو مافە لە یاسا جێگیر بووە ئیتر چەندی ڕەوایە یاخود نا ئەوا یاسایەکە وادەڵێت."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئەگەر حکومەت نەیتوانی ئەو بڕە پارەیە لەم کاتەدا بۆ پەرلەمانتاران تەرخان بکات ئایا بۆیان پاشەکەوت دەکرێت؟

سەفین دزەیی وتی" وەک وتم وەزارەتی دارایی و لیژنەی تایبەت لەوەزارەتی دارایی لەپەرلەمان لە پەیوەندیدان، بۆ ئەوەی میکانیزمێک" ئالیەتێک" بدۆزنەوە کە بەچ شێوەیەک بێت، دوبارەی دەکەمەوە هیوادارم سەرۆکایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتارە بەڕێزەکان خۆیان دەستپێشخەری بکەن بۆ چارەسەریەکی گونجاو بۆ ئەو بابەتە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:36 0:00

XS
SM
MD
LG