وا بڕیارە سبەی سێشەممە 18/12/2018 یەکەمین دانیشتنی دادگایی ئیداری لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عیراق ئەنجام بدرێت، ڕێڤینگ هروری سەرۆکی پەرلەمان کە بە شێوەیەکی کاتی لەو پـۆستەیە، لەپەیوەندییەکی ژیار محەمەد، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند " زۆر ئاسایی وەرمگرتووە بابەتی دادگایی کردنەکە و پارێزەرەکەم لە بەردەم دادگا ئامادە دەبێت."
ڕۆژی 6/11/2018 پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یەکەم دانیشتنی خولی نوێ( خولی پێنجەم) ئەنجام دا، بەڵام بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر پۆستەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان دانیشتنەکە بە کراوەیی جێهێڵرا. فڕاکسیۆنی (نەوەی نوێ) یەکێک لەفڕاکسیۆنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە خاوەنی هەشت کورسیە، ڕایگەیاند" بەهۆی هێشتنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان بەکراوەیی سکاڵای یاسایی لەسەر سەرۆکی کاتی پەرلەمانی هەرێم تۆمارکردووە."
تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر سەرۆکایەتی کاتی پەرلەمانی هەرێم هاوشێوەی سکاڵاکەی خولی ڕابردووبوو لەسەر سەرۆکی کاتی پەرلەمان، کەبەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی هەرێم یەکەم دانیشتنی پەرلەمان لەلایەن بەتەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆکایەتی دەکرێت و پـێویستە لەو دانیشتنەدا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دیاریبکرێت."
لە میانەی گفتوگۆیەکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا ڕێڤینگ هروری سەرۆکی کاتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند" سبەی سێشەممە 18/12/2018 یەکەم دانیشتنی دادگایی کردنمە بە سیفەتی سەرۆکی کاتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان(إضافة الی وظیفتە) (سهرهڕای كارهكهی)."
هروری وتیشی " زۆر ئاسایی وەرمگرتووە دادگایی کردنەکە، پارێزەرەکەم دەچیتە بەردەم دادگا لەبری خۆم، وە پابەندم بە هەر بڕیارێکی دادگاوە کە لەو بارەیەوە لەسەر من دەریبکات."
سەرۆکی کاتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی وت" بە "حکومی" تەمەنەکەم ئەو پۆستەم گرتە دەست، وە لەسەر داوای هەموو فراکسیۆنەکان جگە لە چەند کەسێک ئەو دانیشتنەمان بە کراوەیی بەجێهێشت لەپێناو ڕێکەوتنی لایەنە سیاسیەکان و ئاشتەوایی بەڵام بەداخەوە ئەگەر چی سکاڵاکەم بە ئاسایی وەرگرتووە بەڵام نەدەبوو دەسپێکی پەرلەمان ئەوان بەو شێوەیە بکەن."