Accessibility links

ساڵح ژاژڵه‌یی: شتێكی خراپه‌ گۆڕان به‌بێ یه‌كێتی به‌شداری له‌حكومه‌تدا بكات چونكه‌ "هامیش "ده‌كرێت و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان لای پارتی ده‌بێت


ساڵح ژاژڵەیی جێگری سەرۆکی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان
ساڵح ژاژڵەیی جێگری سەرۆکی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان

له‌وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا، ساڵح ژاژڵه‌یی جێگری سه‌رۆكی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ڵێت " له‌دواین كۆبونه‌وه‌ی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نیوه‌ زیاتری ئه‌ندامان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌بوون گۆڕان به‌شداری له حكومه‌تدا نه‌كات، شتێكی خراپه‌ گۆڕان به‌بێ یه‌كێتی به‌شداری له‌حكومه‌تدا بكات، چونكه‌ ئه‌گه‌ر گۆڕان به‌بێ یه‌كێتی به‌شداری له‌حكومه‌تدا بكات، پارتی گۆڕان "هامیش،(په‌راوێز) "ده‌كات وه‌ هیچ ڕۆڵێكی نابێت هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان لای پارتی ده‌بێت، ده‌شڵێت "ئێمه‌ و یه‌كێتی هه‌ردولامان ئاماده‌ی كۆبونه‌وه‌ین و گرنگیشه‌ كۆببینه‌وه‌ پێكه‌وه‌ چونكه‌ هه‌ندێك پۆست هه‌یه‌ هه‌ردولامان داوای ده‌كه‌ین، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات "بۆ بەشداریکردنمان لە حکومەت پۆستەکان تاکە بەربەستن, گۆڕان ئێستا چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یه‌ بزانێت جۆر و چه‌ندێتی پۆسته‌كانی كه‌ پێی ده‌درێت ئه‌وكات ده‌یخاته‌ به‌رده‌م جڤاتی نیشتمانی تا بڕیار له‌به‌شداری یا به‌شداری نه‌كردن له‌ حكومه‌تدا بكات، جێگری سه‌رۆكی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌شڵێت "ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ وه‌ك پێشوو له‌حكومه‌ت ده‌ركراین ئه‌وه‌ چه‌ند كارێكی پێش وه‌خته‌ هه‌یه‌ خۆمان ده‌یكه‌ین و حكومه‌ت هه‌ر به‌جێ ده‌هێڵین،هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو" گۆڕان له‌باره‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامیه‌وه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی كردووه‌.هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ڕاده‌گه‌یه‌نێت" تا ئێستا گۆڕان و پارتی به‌جدی كۆنه‌بونه‌ته‌وه‌."

"نیوه‌ی زۆرتری ئه‌ندامانی جڤاتی گشتی دژی به‌شداری كردن له‌ حكومه‌ت بوون "

لەسەرەتای وتوێژەکەدا جێگری سەرۆکی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕانژاژڵەی وتی" ئێمە وەکو جڤاتی گشتی له‌دواین کۆبونەوەمان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەوەی بچینە ناو حکومەت یا نا دەتوانم بڵێم نیوەی زۆرتری جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەوەبوو کەنەچینە ناو حکومەتەوە ئێمە ڕاسپاردەی خۆمان دایە خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی بەڵام ئیتر کۆبونەوەکان دەستیان پێکرد، وە تا ئێستا کۆبونەوەکان لەگەڵ پارتی نەگەیشتونەتە ئەو ئاستەی کە ئەنجامەکان بخرێتە بەردەم جڤاتی نیشتمانی تا بڕیاری بەشداری کردن یاخود بيشداری نەکردنی لەحکومەتدا بدات، چونکە ئەو کۆبونەوانەی تا ئێستا لەگەڵ پارتی کراوە هیچی کۆبونەوەی جدی نەبوون هەمووی بۆ لێکتێگەیشتن بوون، وابڕیاربوو پارتی و یەکێتی دوێنێ کۆببنەوە و قسەی جدی بکەن بەڵام کۆنەبونەوە چونکە دوای کۆبونەوەکەی ئەوان وابڕیاربوو ئێمە و یەکێتی وە دواتر کۆبونەوەی سێ قۆڵی بکرێت چونکە هەندێک پۆست هەیە ئێمە داوای دەکەین یەکێتیش داوای دەکات لەوانەیە هەرچەندە تا ئێستا قسەی جدی نەکراوە، دوای ئەوە وا بڕیارە هەر سێ لایەنەکە کۆببنەوە و قسەی جدی بکەن ."

دەربارەی ئەوەی ئەو پۆستانە چێن کە گۆڕان و یەکێتی لەیەککاتدا هەردوکیان چاویان لێیە؟

ساڵح ژاژڵەیی وتی" بۆ نمونە جێگری سەرۆکی حکومەت کەهەردولامان (گۆڕان و یەکێتی) داوای دەکەین، یا ئێمە دەڵێین با دوو جێگر بێت کامیان بۆ یەكێتی و کامیان بۆ گؤران بێت. "

جێگری سەرۆکی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان جەختی کردەوە " کاتێک لەجڤاتی گشتی تاوتوێی چونە حکومەتیان کردووە زۆرینە یا دەواتنم بڵێم نیوە لەگەڵ ئەوەبوون ئێمە نەچینە ناو حکومەتەوە چونکە کێ دەڵێ ئێمە ئەم حکومەتە ئەو داوایانەی ئێمە جێ بەجێ دەکات، من لەگەڵ ئەوەبووم کەنەچێنە حکومەت هەندێکیش پێی باشە لەدەرەوەی حکومەت نەبین بەڵام هێشتا کۆبونەوەکان نەچونەتە ئەو ئاستەی ئێمە بەرچاو ڕونیمان بۆ دروست بێت کە ئایا پارتی ئەو داواکارییانەی ئێمە جێ بەجێ دەکات یا ئەو پۆستانەی ئێمە داوای دەکەین لە ئاست ئێمەدان نەگەیشتونینەتە ئەو ئاستەی ئەو بڕیارە بدەین. "

"تاكه‌ به‌ربه‌ستی به‌ردم گۆڕان پۆسته‌كانه‌ "

ڕۆژی دووشەممە لەوتوێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ فازڵ میرانی، میرانی لەبارەی قسەی گۆڕان بۆ بەشداری لەحکومەت ڕایگەیاندبوو " تا ئێستا ئه‌و كۆبونه‌وانه‌ی كه‌كراون له‌گه‌ڵ گۆڕان وتویانه‌ دێین، وه‌ پێشنیاری خۆیان پێشكه‌ش كردووه‌، وه‌ هه‌ندێك له‌و پۆستانه‌ی ده‌یانه‌وێت ده‌ستنیشانیان كردووه‌ باقیه‌كه‌ی تریان داناوه‌ بۆ دانوستان، وه‌ به‌ڕاستی "ڕه‌غبه‌ت"ی خۆیان نه‌شاردۆته‌وه‌ ده‌ڵێن" ئێمه‌ ڕه‌غبه‌تمان لێیه‌ بێینه‌وه‌ ناو حكومه‌ت" پارتیش به‌گه‌رمی پێشوازییان لێده‌كات بۆ ناو حكومه‌ت، چونكه‌ پێمان خۆشه‌ براده‌رانی گۆڕانیش به‌شداری له‌حكومه‌تدا بكه‌ن."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی گۆڕان بەفەرمی ڕایناگەیاند کە حەزدەکات بچێتە ناو حکومەت لەکۆبونەوەکان بەنهێنی وادەڵێت؟ ساڵح ژاژڵەیی وتی" بەڕاستی ئەزانی چۆنە هەروەک وتم ئێستا بڕیاری کۆتایی نەدراوە قسە لەسەر پۆستەکان و جۆری پۆستەکانە ئەو پۆستانە بڕیاری لێنەدراوە تا ئێمە بڕیاری لێبدەین، دووەم دەبێت بزانین وەزارەتێکمان دەدەنێ یا وەزیرێک بەتەنها ئێمە دەمانەوێت لەخوارەوە بۆ سەر بيشداربین نەک تەنها وەزیرێک لەوەزارەت."

واتە گؤران ئەگەر پۆستەکانی بەدڵ بوو بەشداری لەحکومەتدا دەکات؟

سالح ژاژڵەیی وتی" ئەوکاتەی کە ساغ بوینەوە پارتی لەسەر چ داواکارییەکی ئێمە ڕازییە ئەوکاتە دەخرێتە جڤاتی نیشتمانی، ئەو خاوەن بڕیارە بۆ ئەوەی بچینە حکومەتەوە یا نەچینە حکومەتەوە. "

واتە تاکە بەربەست لەبەردەمتان بۆ بڕیارنەدان لەوەی دەچنە حکومەت یا نا تەنها کێشەتان پۆستەکانە؟

ژاژڵەیی وتی" بەڵێ، چونکە ئێستا ئێمە هیچ بەرچاو ڕونیەکمان نیە کە چ پۆستێک وەردەگرین؟ چەند پۆست وەردەگرین؟ ئایا بە "فیعلی" ئێمە بەشداری لەحکومەتدا دەکەین؟ ئایا پارتی ئامادەیە داواکارییەکانی ئێمە جێ بەجێ بکات؟ ئێمە داوای چاکسازی دەکەین، داوای لادانی پاشەکەوتی موچە دەکەین، داوای شەفافیەتی داهات دەکەین، ئنجا ئەوکاتە"سەقفێک"ی زەمەنی دادەنێین، بۆ جی بەجێ کردنی داواکارییەکانمان ئەگەر جی بەجێ نەکرا لەحکومەت دەکشێینەوە."

ڕاشیگه‌یاند" ئێمە دەمانەوێت بەشداری حکومەت بکەین پڕۆژەیەکمان هەبێت هەمووان پڕۆژەکە جێ بەجێ بکەین، ئەم پڕۆژەیە خزمەت لەمیللەت بێت ئێمە لەسنوری یەكیتی کاردەکەین حەزدەکەین هەمیشە پەیوەندییەکان ئاسایی بن."

لەبەشێکی تری قسەکانیدا ساڵح ژاژڵەیی لەبارەی بۆچونی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر دروست بوونی دوو ئیدارەیی وتی" من پێم وانیە باسکردنی دوو ئیدارەیی ڕاست بێت، ڕەنگە تەنها وەک جۆرێک لەفشار بۆ جێ بەجێکردنی داواکارییەکانیان یا داواکردنی پۆست بێت نەخەڵک نە ئەمریکا و وڵاتانیش لەناوچەکە ڕێگەنادەن، وە هێشتا دروست نەبووە تا بۆچونی لەسەر بدەین( لکل حادث حدث)."

"شتێكی خراپه‌ گۆڕان بێ یه‌كێتی بشداری له حكومه‌تدا بكات "

دەربارەی ئەوەی ئایا بزوتنەوەی گۆڕان بەبێ یەکێتی دەچێتە حکومەتەوە لەحاڵەتی بەشداری نەکردنی یەکێتی ؟

جێگری سەرۆکی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان وتی" من پێم وایە ئەو حکومەتە بەبێ یەکێتی دروست نابێت، بەڵام بڕواناکەم گۆڕان بەشداری حکومەت بکات وە وەک ڕای شەخسی خۆم دەڵێم، نابێت گۆڕان بەبێ یەکێتی بەشداری لەحکومەتدا بکات وە خراپیشە بەشداری لەحکومەت بکەین بەبێ یەکێتی."

لەوەڵامی ئەوەی بۆچی خراپە بەبێ یەکێتی، گۆڕان بەشداری حکومەت بکات (وه‌ك خۆت وتت)؟

سالح ژاژڵەیی وتی" چونکە ئەوکاتە ئێمە هیچ دەسەڵاتێکمان نەبێت و "هامش"دەکرێین هەموو دەسەڵاتەکان دەچێتە لای پارتی هەروەک ئێستا هەموو دەسەڵاتەکان لای پارتیە ئەو ڕۆڵەمان نابێت، خۆ ئێستاش هۆکاری دواکەوتنی حکومەت ڕێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتیە."

"ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ له‌حكومه‌ت ده‌ركراینه‌وه‌.. "

سەبارەت بەوەی ئایا پێشبینی ناکەن وەک جاری پێشوو وەزیرەکانتان لەحکومەت دەربکرێنەوە؟ ژاژڵەیی بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە و وتی" ئێمە چەند ئامادەکارییەکی پێش وەختە دەبێت بۆ ئەوە بکەین،له‌حاڵه‌تێكدا دووباره‌ ببێته‌وه‌ ئەمجارە دووباره‌ بێته‌وه‌ و شته‌كانمان جێ به‌جێ نه‌كرێت ئەوە هەر حکومەتەکە بەجێ دەهێڵین."

ئایا گۆڕان ئەمجارە پێش لایەنەکانی تر لەگەڵ پارتی ڕێکدەکەوێت بۆ پێکهێنانی حکومەت وەک لە جاری پێشوو ڕویدا؟

ساڵح ژاژڵەیی وتی" من بڕواناکەم ئەوە ڕوبدات گۆڕان و پارتی بەبێ یەکێتی ڕێکەوتنی حکومەت واژۆ بکەن، چونکە وەک وتم حکومەت بەبێ یەکێتی نابێت ئەوە شتێکی"عەمەلی" نابێت، چونکە یەکێتی خاوەنی هێزە لەناوچەی سلێمانی."

لەبارەی کاریگەری کۆنەبوەنەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر کۆبونەوەی گۆڕان و پارتی؟ وتی" من پێم وایە لەبەرژەوەندی گشتیە کەدوای کۆبونەوەی یەکێتی و پارتی، ئێمە و پارتی-ش کۆبینەوە، چونکە پۆستەکان پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە."

"یه‌كێتی و گۆڕان هه‌ردولامان ئاماده‌ین له‌گه‌ڵ یه‌كتر كۆببینه‌وه‌ "

جێگری سەرۆکی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕەتی کردەوە یەکێتی ئامادەنەبێت لەگەڵ گۆڕان کۆببێتەوە و وتی" هەردولامان ئامادین کۆببینەوە، هەتا گرنگیشە بەتایبەت کۆبونەوەی سێ قۆڵی، چونکە ئێمە بەنیازین پێکەوە لەحکومەت بین و پێکەوە پۆستەکان یەکلایی بکەینەوە."

وتیشی" ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان ڕێکەوتنی حکومەتیشی کرد ئەوا بەپێی دەستور جڤاتی نیشتمانی دەتوانێت بڕیار لەسەر پۆستەکان و بەشداری کردن یاخود بەشداری نەکردن لەحکومەت بدات دواجار."

"قسه‌مان له‌گه‌ڵ پارتی كرد له‌ باره‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامیه‌وه‌ "

سەبارەت بۆ کۆمەڵی ئیسلامیش، ساڵح ژاژڵەیی وتی" برادەرانی ئێمە قسەیان لەگەڵ برادەرانی پارتی کرد و داوایان لێکرد کە کۆمەڵیش بەشداری لەحکومەت پێبکەن بەڵام تا ئێستا برادەرانی پارتی "موفاتەح-ە"یان نەکردوون ، ئەگەرچی وتوشیانە سەردانیان دەکەین بەڵام تا ئێستا هەر قسە بووە نەک کردار."

please wait

No media source currently available

0:00 0:16:22 0:00

XS
SM
MD
LG