لهوتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ڕێبوار حه‌مه‌د وته‌بێژی فه‌رمی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ڕایگه‌یاند " له‌په‌راوێزی كۆبونه‌وه‌كه‌ی دوێنێی نێوان پارتی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی باسی پێكهێنانی حكومه‌ت كراوه، به‌ڵام كۆمه‌ڵی ئیسلامی هێشتا به‌رچاوی ڕوون نیه له‌باره‌ی "واقیعی سیاسی" كوردستان و كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی هه‌رێم و به‌رنامه‌كه‌ی بۆیه وه‌ك" عاده‌تی" كۆمه‌ڵی ئیسلامی" په‌له ناكات له‌بڕیاردان و پێش وه‌خته بڕیار نادات چونكه ئه‌وه یه‌كه‌م كۆبونه‌وه بوو له‌گه‌ڵ پارتی وه‌ك ده‌سپێكی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان، پێویستمان به‌وه‌یه به‌رچاومان ڕوون بێته‌وه ، هێشتا به‌رچاومان ڕوون نه‌بۆته‌وه وه چاوه‌ڕوان ده‌بین بزانین هه‌نگاوه‌كانی داهاتوو چی ده‌بێت،وته‌بێژی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئه‌وه‌شی وت: وه‌فده‌كه‌ی پارتی ڕه‌تیان كرده‌وه كه پارتی ڤیتۆی هه‌بێت له‌سه‌ر به‌شداری كردنی كۆمه‌ڵ له‌حكومه‌ت، له‌باره‌ی كاریگه‌ری وته‌كانی (فازڵ میرانی) له ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌كه‌ی دوێنێی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی."
له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا وته‌بێژی فه‌رمی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئاماژه‌ی به‌سه‌ردانه‌كه‌ی دوێنێی شانده‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد بۆ لای حیزبه‌كه‌یان، ڕایگه‌یاند" ئامانجی سه‌ردانه‌كه بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو حیزب بووه كه ماوه‌یه‌ك بوو جۆرێك لهدوركهوتنهوه و به‌ریه‌ك كه‌وتن له‌نێوان هه‌ردوو حیزبه‌كه( پارتی و كۆمه‌ڵ) هه‌بوو،، كۆمه‌ڵی ئیسلامی هه‌روه‌ك له‌پێشتر ڕایگه‌یاند: به‌شدار بێت له‌حكومه‌ت یاخود نا ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ندروستی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كاندا هه‌بێت."
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی بۆچی باسی پێكهێنانی حكومه‌ت نه‌كرا له‌كاتێكدا ته‌نها كۆمه‌ڵ ماوه ئه‌و باسه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت؟
ڕێبوار حه‌مه‌د وتی" ئه‌گه‌ر بڵێم له‌كۆبونه‌وه‌كه هه‌ر باس نه‌كرا، نه‌خێر شتی وا نه‌بوو، باس كرا به‌ڵام ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبونه‌وه‌كه نه‌بوو، كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌حكومه‌ت بێت یا ئۆپۆزسیۆن ڕۆڵی چالاكانه و كاریگه‌ری خۆی ده‌بینێت، ئه‌وانیش (وه‌فده‌كه‌ی پارتی) ڕه‌تیان كرده‌وه كه پارتی ڤیتۆی هه‌بێت له‌سه‌ر به‌شداری كردنی كۆمه‌ڵ له‌حكومه‌ت، وه مه‌به‌ستیان بوو بزانن كۆمه‌ڵ بڕیاری چیه له‌باره‌ی به‌شداری كردنی له‌حكومه‌ت یاخود به‌شداری نه‌كردن. به‌ڵام كۆمه‌ڵی ئیسلامی هێشتا ده‌یه‌وێت به‌رچاوی ڕوون بێت له‌باره‌ی كارنامه و كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت و لایه‌نه به‌شداربووه‌كان ئه‌كات بڕیاری به‌شداری كردن له‌حكومه‌ت یاخود به‌شداری نه‌كردن لهحكوهتی هه‌رێم ده‌دات."
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا هیچ ده‌سپێشخه‌رییه‌ك بۆ كۆمه‌ڵی ئیسلامی كرا بۆ به‌شداریكردن له‌كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت له‌لایه‌ن شانده‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان-ه‌وه؟
وته‌بێژی فه‌رمی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان به‌م جۆره وه‌ڵامی دایه‌وه و وتی" پێش هاتنی وه‌فده‌كه‌ی پارتی ڕه‌نگه له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌هێزه سیاسیه‌كان و چاودێرانیشه‌وه ڕه‌خنه له‌كۆمه‌ڵی ئیسلامی گیرابێت له‌سه‌ر بڕیار نه‌دان له‌به‌شداری كردن یاخود به‌شداری نه‌كردن له‌حكومه‌ت، به‌ڵام وه‌ك كۆمه‌ڵی ئیسلامی وه‌ك "عاده‌ت" هیچ كات په‌له‌مان نه‌كردووه پێش ڕووداوه‌كان نه‌كه‌وتووین، ئێمه هه‌موو كاتێك له‌ڕاگه‌یاندنی هه‌ڵوێست ویستومانه به‌رچاو ڕوون بین، ئێستاش ئێمه هه‌رواین، وه ئێستاش ئێمه پهلهناكهین له‌یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی له‌پرسی به‌شداری كردن یاخود ئۆپۆزسیۆن بوون."
وته‌بێژی فه‌رمی كۆمه‌ڵی ئیسلامی باسی له‌كاریگه‌ری ئه‌و قسانه كرد له‌سه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ی دوێنێ و وتی" كاك فازڵ میرانی به ویژدانه‌وه باسی ڕۆڵ و پێگه‌ی مامۆستا عه‌لی باپیر-ی كردبوو هه‌م وه‌ك ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی هه‌م وه‌ك كه‌سایه‌تی و زانایه‌كی ئاینی ، مامۆستا عه‌لی باپیر داهێنه‌ری ئه‌و بیرۆكه‌یه‌یه كه هه‌میشه ده‌ڵێت" ئۆپۆزسیۆنی "ئیجابی و سلبی-"مان نیه، هه‌میشه به‌چاك ده‌ڵێین چاك به‌خراپ ده‌ڵێین خراپ، پێویسته ئه‌وه بڵێم هه‌موو لێدوانێكی باش كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر هه‌نگاوی باش و چاككردنی په‌یوه‌ندی سیاسی."
سه‌باره‌ت به‌داواكاری پارتی و كۆمه‌ڵ له‌یه‌كتر لو كۆبونه‌وه‌یه؟ ڕێبوار حه‌مه‌د وتی" وه‌ك وتم كۆبونه‌وه‌كه ده‌ست پێك بوو بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵ و پارتی له "هامش-دا" -په‌راوێزدا باسی پێكهێنانی حكومه‌ت كراوه، وه كۆمه‌ڵی ئیسلامی هێزێكه هه‌میشه په‌له‌ی نه‌كردووه له‌بڕیاردان پێویستمان به‌وه‌یه به‌رچاومان ڕوون بێته‌وه له" واقیعی سیاسی" هه‌رێمی كوردستان وه ئه‌وه یه‌كه‌م كۆبونه‌وه بوو له‌گه‌ڵ پارتی هێشتا به‌رچاومان ڕوون نه‌بۆته‌وه وه چاوه‌ڕوان ده‌بین بزانین هه‌نگاوه‌كانی داهاتوو چی ده‌بێت."