هەڵمەتی ئازادی بۆ زیندانییەکانی دهۆک لە ناوەوەو دەرەوەی هەرێم فراوان بووە، لەبەرامبەردا دەسەڵاتی سیاسی لە شاری دهۆک بەردەوامە لە دەسگیر کردنی 18 چالاک وان کە لەو شارە بە تۆمەتبارکردنیان بە شیواندنی ئاسایشی هەرێم و خیانەتی نیشتیمانی هێشتا لە زینداندان.
رۆژنامەوان و چالاک وانی مەدەنی نیاز عەبدوڵا سەبارەت بەو هەڵمەتە دەڵێت "ئێمە هەموو رێگا مەدەنییەکان دەگرینە بەر و هەموو ناوەندەکانی دەرەوەو نەتەوە یەکگرتووەکانمان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام دەسەڵاتی پارتی لەو دەڤەرە سوورە لەسەر زیندانی کردنی ئەو چالاکوانانە کە هیچ پاساوێکی یاسایی نییە بۆ دەسگیرکردنیان. نیاز دەشڵێت "بە پێی یاسای عێڕاق و هەرێم و بەرەزامەندی ئەمریکاش لە ساڵی 2003 بە ژمارە یاسای 37 داوا کراوە هێزی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بچنە دەرەوە، خۆ ئەو کەسانەی گیراون ئەوە داواکەیان بووە، کە گرتبونەوەکەشیان نەکردووە، لەبەر ئەوە سەرپاکی ئەو تۆمەتانەی دەیانەێ دادگایی ئەوانی پێ بکەن،یاسایی نین."
ئەو رۆژنامەوانە پێی وایە، هۆکاری تر بۆ دەسگیرکردنی ئەو 18 چالاک وانەی دهۆک هەیەو دەڵێت "ئەو رەش بگیرییەی کردویانە لەو دەڤەرە ، فرسەتێکی باش هەڵکەوتووە بۆ ئاسایشی پارتی، پێشتر بە دووای بیانوو گەڕاون بۆ راپێچ کردنی ئەو چالاک وانانە بۆ زیندان، هەندێکیان لەو شوێنەش نەبوون بە نموونە لە هەولێر مامۆستا بەدەل بەرواری لە ماڵەکەی خۆی، کاک موستەفا لە ئوتێلدا گیراوە، یان تیایدایە ئاگادار نەبووە لە دهۆک چی رویداوە، ئەمانە لەسەر هەڵوێستەکانی رابردویان، ئێستا بە گیروگازیان هێناون. هەرچی دەنوسین هەرچی دەیڵێین، لەدەزگا ئەمنییەکانی هەرێم تۆمار دەکرێ ومەلەفمان هەیە، بۆ رۆژی خۆی هەڵدەگرن، وەک ئەوەی بەسەر ئەو 18 کەسەدا هاتووە."
لەبەشێکی وتوێژەکە باس لەوە کراوە خودی نیازو رۆژنامەوانانی تر بۆچی لە پرسە رەسمییەکانی هەولێر ئەو پرسە ناوروژێنن، بە نموونە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سەرۆکی حکومەت، لەو بارەیەوە نیاز دەڵێت "ئەوە نەبێت نێچیرڤان بارزانی نەزانێت کەچی لە دهۆکدا دەگوزەرێت، وەک سیناریۆکەی رابردووە، کە دەیگووت چەقۆ بەچەقۆ وەڵام دەدرێتەوە و گولە بە گولە، هەمان ئەقڵییەتە، عەقڵییەتێکە دەیانەوێ ئەم سیاسەتە بچەسپێ، ئێستا لە دهۆک ئەو دەسەلاتەی مامەڵە دەکات نەک رۆڵی پارتی نابینن، بەڵکو رۆڵی میتی تورک".
لە لێدوانێکی سەرۆکی ئاسایشی دهۆک لە رابردوو بۆ دەنگی ئەمریکا کە مەلەفی ئەو دەسگیرکراوانە لای ئاسایش نییەو پەیوەندی بە پۆلیسەوەیە، نیاز عەبدوڵا دەڵیت "شیروان شیروانی بردوویانە بۆ ئاسایشی دهۆک بۆ لێکۆڵینەوەو شکاندنی ورەی ئەو کەسایەتیییە".