لەم گوتووێژەی دەنگی ئەمریکادا، رووبار ئەحمەد شانۆکار و مامۆستای ھونەری سەماکردن باس لە سەرەتای دروستبوونی گروپەکەی (گروپی لەیزین) دەکات و دەڵێ: لە کوردستانی باشوور دروستکردنی گروپێکی سەما زۆر قورس بوو و من لە ساڵی ١٩٩٢ەوە تاوەکو ئێستا خەریکم. دەشڵێ یازدە جار ئەم گروپەم داناوە و ھەڵوەشاوەتەوە، چونکە لە سلێمانی و ھەولێر و دھۆک دەرکراین، دوای ئەوەیش کە قوتابخانەیەکی تایبەت بە سەماکردنم کردەوە، کەچی گوتیان حەرامە و داخرا.
بە بڕوای رووبار ئەحمەد ئەگەر چەندان گروپی دیکەی تایبەت بە سەماکردن لە ھەرێمی کوردستاندا ھەبن، کاریگەری دروستدەکەن بۆ کاڵبوونەوەی بیری توندڕەوی لای کۆمەڵگا، بە تایبەت باس لە گروپەکەی خۆی (گروپی لەیزین)دەکات کە پێنج ئاستی جیاوازی ھەیە و توانای ئەوەی ھەیە پێشبڕکێ لەگەڵ گروپە رۆژئاواییەکاندا بکات و خۆزگەش دەخوازێ دەیان گروپی ھاوشێوەی گروپەکەی ئەو لە ھەرێمی کوردستاندا دروستبن. بە بڕوای رووبار ئەحمەد تەنانەت خواپەرستی و نوێژکردنیش سەمایە و دەڵێ: کاتێک بە جەستە لە خوای خۆمان دەپاڕێینەوە، ئەمە سەمایە.. بەڵام ئێمە بە ھەڵە لە وشەکە تێگەیشتووین.
تەواوی گوتووێژەکە لەم فایلە دەنگییەی خوارەوە، گوێبیست بن.