Accessibility links

له‌تیف شێخ عومه‌ر:پارتی جۆرێك له‌ خۆسه‌پاندن و بێ منه‌تی زۆری پێوه‌ دیاره‌، ئه‌گه‌ر هۆكاره‌كان به‌رده‌وام بن به‌شداری له‌حكومه‌تدا ناكه‌ین


 له‌تیف شێخ عومه‌ر وته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان--
له‌تیف شێخ عومه‌ر وته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان--

له‌وتوێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌ده‌نگی ئه‌مریكا له‌تیف شێخ عومه‌ر وته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی دوێنێ -یان كه‌ په‌رله‌مانتارانی حیزبه‌كه‌یان ده‌نگیان به‌ كاندیدی سه‌رۆكی هه‌رێم نه‌دا ده‌ڵێت"بابه‌تی پێكهێنانی حكومه‌ت له‌ده‌نگدان بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ست پێده‌كات كه‌ ئێمه‌ ئه‌و هۆكارانه‌ی واده‌كات كه‌ده‌نگ نه‌ده‌ین بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئه‌گه‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ به‌رده‌وام بێت به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌شداریش ناكه‌ین له‌حكومه‌تدا ده‌شڵێت" پارتی بێ منه‌تی زۆری پێوه‌ دیاره‌،ده‌بێت له‌خۆیان (پارتی) بپرسرێت بۆچی بێ منه‌تن، به‌ڵام "ته‌فسیری" ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ پارتی ناتوانێت، وه‌ بۆی ناكرێت، وه‌ نابێت هیچ هێزێكی سیاسی تر له‌كوردستاندا ڕێگه‌ به‌وه‌ بدات كه‌ پارتی به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆرینه‌یه‌كی هێناوه‌ له‌كورسیه‌كان و ده‌نگه‌كاندا تاكڕه‌ویی بكات وه‌ خۆی بسه‌پێنێت و بڕیاری خۆی بسه‌پێنێت به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كاندا وه‌ سه‌رده‌می تاكه‌ حیزب و حیزبی پێشڕه‌و دیسانه‌وه‌ زیندوو بكاته‌وه‌، ئێمه‌ نیه‌ت ناخوێنینه‌وه‌ هه‌نگاوه‌كان ده‌بینین، له‌كاتێكدا ده‌بینین پارتی هیچ "ئیلتیزاماتێكی" خۆی جێ به‌جێ ناكات وه‌ چاوه‌ڕێییه‌ ئێمه‌ هه‌موو ئیلتیزامه‌كانمان جێ به‌جێ بكه‌ین ئه‌وه‌ جۆرێكه‌ له‌ خۆسه‌پاندن و بێ منه‌تی ئه‌وه‌ به‌ ئێمه‌ قبوڵ ناكرێت به‌ڕاستی، هه‌روه‌ها وتی" چۆن گفتو و لێكتێگه‌یشتنمان گرته‌ به‌ر په‌یامێك بوو بۆ ڕێككه‌وتنمان به‌وجۆره‌ش ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی دوێنێ-مان په‌یامێكه‌ به‌شێوه‌یه‌كی تر كه‌ده‌مانه‌وێت پارتی "ئیلتیزام بكات به‌و ڕێككه‌وتنانه‌ی كه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵیان كردومانه‌."

"پارتی هیچ "ئیلتیزامات-ێكی" به‌ڕێككه‌وتنه‌كه‌وه‌ نیه‌ هاوكات هیچ نیه‌ت باشی-یه‌كیش پیشان نادات سه‌باره‌ت به‌وه‌."

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا له‌تیف شێخ عومه‌ر وتی" ماوه‌یه‌كی درێژه‌ كه‌ كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیمان كردووه‌، وه‌"براده‌رانی" پارتی-مان له‌سه‌ر ئاستی باڵا ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ داواكاریمان هه‌یه‌ بۆ جێ به‌جێ كردنی ڕێككه‌وتننامه‌كانمان سه‌باره‌ت به‌كه‌ركوك به‌ڵام "براده‌رانی" پارتی هه‌میشه‌ وه‌ڵامه‌كانیان وابووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ویستومانه‌ و له‌سه‌ری ڕێككه‌وتوین هیچ به‌ڵێنێكیان نه‌داوه‌ بۆ جێ به‌جێ كردنی، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌میدیاكانه‌وه‌ گوێمان له‌قسه‌ی نادۆستانه‌ی زۆربووه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی تێكست و ڕۆحی ڕێككه‌وتننامه‌كانه‌وه‌ وه‌ ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوو له‌سه‌ر ئاستی زۆر باڵا "براده‌رانی" پارتی-مان ئاگاداركردۆته‌وه‌ كه‌ ڕێككه‌وتنه‌كانمان یه‌ك پاكێجن ناكرێت ئێمه‌ ده‌نگ بده‌ین به‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و به‌شداری له‌حكومه‌تدا بكه‌ین له‌وكاته‌دا پارتی هیچ "ئیلتیزامات-ێكی" خۆی نه‌به‌رامبه‌ر كه‌ركوك نه‌به‌رامبه‌ر به‌غداد وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ڕێككه‌وتنه‌كاندا هاتووه‌ جێ به‌جێ بكات، له‌ ئاكامه‌كه‌شی ئاگادارمان كردونه‌ته‌وه‌، پێمان وتوون كه‌ ئه‌مه‌ ئاكامی باشی نابێت وه‌ به‌و په‌یامانه‌ی كه‌ناردومانن بۆ مه‌كته‌بی سیاسی وه‌ "جه‌نابی سه‌رۆكی پارتی" جه‌ختمان كردۆته‌وه‌ كه‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ یه‌ك پاكێجه‌ وه‌ پارتی جگه‌ له‌وه‌ی هیچ "ئیلتیزامات-ێكی" به‌ڕێككه‌وتنه‌كه‌وه‌ نیه‌ هاوكات هیچ نیه‌ت باشی-یه‌كیش پیشان نادات سه‌باره‌ت به‌وه‌."

"پێشیان نه‌وتوین وه‌ له‌ ده‌میشیان نه‌هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌ به‌هیچ جۆرێك كه‌ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی ئێمه‌ كردومانه‌ بۆ دانانی پارێزگارێكی كه‌ركوكی یه‌كێتی جێ به‌جێ ده‌كه‌ین."

وته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی دووباره‌ جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستانیان له‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌ی دوێنێی فراكسیۆنه‌كه‌یان ئاگاداركردۆته‌وه‌ و وتی" پێمان وتوون ناتوانین ڕێككه‌وتنه‌كه‌ جێ به‌جێ بكه‌ین ئێوه‌ ئێستا "ئیلتیزام-ێكتان" له‌سه‌ره‌ سه‌باره‌ت به‌كه‌ركوك پێویستان به‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌نگاو بنێن و بێنه‌ پێشه‌وه‌ جێ به‌جێی بكه‌ن ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ش ناتوانین "ئیلتیزامات-ه‌كانی" خۆمان جێ به‌جێ بكه‌ین ئه‌مانه‌مان به‌ڕوون و ئاشكرا له‌چه‌ند جارێك زیاتر گه‌یاندووه‌ به‌ "براده‌رانی" پارتی و مه‌كته‌بی سیاسی-ییان."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا له‌دوای ئه‌و هه‌ڵوێسته‌تان پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی باڵا په‌یوه‌ندی به‌ یه‌كێتیه‌وه‌ كردووه‌؟

له‌تیف شێخ عومه‌ر وتی" به‌هه‌مان شێوه‌ پێشتر ئه‌وانیش په‌یامیان ناردووه‌ بۆمان دوای په‌یامه‌كانی ئێمه‌، كه‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ جێ به‌جێ ده‌كه‌ین، به‌ڵام هیچ "ئالیه‌ت-ێك" وه‌ هیچ هه‌نگاوێك و "نیه‌ت پاكی-ییه‌كیان" پیشان نه‌داوه‌ ته‌نانه‌ت پێشیان نه‌وتوین وه‌ له‌ ده‌میشیان نه‌هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌ به‌هیچ جۆرێك كه‌ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی ئێمه‌ كردومانه‌ بۆ دانانی پارێزگارێكی كه‌ركوكی یه‌كێتی پێییان نه‌وتوین كه‌ ئه‌وه‌ جێ به‌جێ ده‌كه‌ین."

"ئه‌گه‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ی واده‌كات كه‌ده‌نگ نه‌ده‌ین بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وام بێت به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌شداریش ناكه‌ین له‌حكومه‌تدا."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا یه‌كێتی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆی به‌به‌شداری نه‌كردن له‌ ده‌نگدان هه‌تا به‌ متمانه‌دان به‌ كابینه‌ی حكومه‌ت هه‌تا دانانی پارێزگاری كه‌ركوك؟

له‌وه‌ڵامدا وته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان وتی" ئێمه‌ ڕێككه‌وتنمان هه‌یه‌ وه‌ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ وه‌ك یه‌ك پارچه‌ و یه‌ك پاكێج سه‌یر ده‌كه‌ین له‌ڕێككه‌تندا ماف هه‌یه‌ وه‌ "ئیلتیزام" هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر پارتی "ئیلتیزام-ه‌كانی" خۆی وه‌ به‌شێك له‌ "ئیلتیزام-ی" خۆی سه‌باره‌ت به‌كه‌ركوك جێ به‌جێ بكات ئێمه‌ش ده‌چینه‌ پێشه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌سه‌رمانه‌ به‌ زیاده‌وه‌ جێ به‌جێی ده‌كه‌ین به‌ڵام پارتی له‌كاتێكدا هیچ هه‌نگاوێك نانێت بۆ پێشه‌وه‌ وه‌ بێ منه‌تیه‌كی زۆر-یش له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌رده‌بڕێت به‌ڵێ ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین."

واته‌ هه‌تا ئه‌گه‌ر كابینه‌ی حكومه‌تیش بێ ئێوه‌ پێك بێت؟

له‌تیف شێخ عومه‌ر ده‌ڵێت" بابه‌تی پێكهێنانی حكومه‌ت له‌ده‌نگدان بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ست پێده‌كات كه‌ ئێمه‌ ئه‌و هۆكارانه‌ی واده‌كات كه‌ده‌نگ نه‌ده‌ین بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئه‌گه‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ به‌رده‌وام بێت به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌شداریش ناكه‌ین له‌حكومه‌تدا."

"به‌دوای ده‌نگ نین بۆ كاندیده‌كانمان، ئێمه‌ به‌دوای به‌شداری كردنێكی ڕاسته‌قینه‌وه‌ین بۆ دروستكردنی حكومه‌تێكی به‌هێز"

ئێوه‌ له‌په‌رچه‌ كرداری پارتی "سڵ" ناكه‌نه‌وه‌ له‌كاتێكدا ئێوه‌ كاندیدتان ده‌بێت بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و وه‌زیره‌كان؟

وته‌بێژه‌ فه‌رمیه‌كه‌ی یه‌كێتی ڕایگه‌یاند" ئێمه‌ به‌دوای ده‌نگ نین بۆ كاندیده‌كانمان، ئێمه‌ به‌دوای به‌شداری كردنێكی ڕاسته‌قینه‌وه‌ین بۆ دروستكردنی حكومه‌تێكی به‌هێز بۆ خزمه‌تی خه‌ڵك وه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ ئاكامی ئه‌و "ئه‌زمه‌ سیاسی و ئابوریه‌ی" به‌سه‌ریان هاتووه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌حكومه‌تێكدا به‌شداربین كه‌ جێگه‌ په‌نجه‌مان له‌هه‌موو بڕیاره‌كاندا دیاربێت له‌وكاته‌دا كه‌وا نه‌بین به‌شداری ناكه‌ین ئه‌م به‌شدارییه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی كه‌ركوك و به‌غداد ڕێككه‌وتنه‌كه‌مان جێ به‌جێ بكرێت به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌ له‌به‌غداد نه‌ له‌كه‌ركوك ئه‌مه‌ نه‌كراوه‌ له‌كاتێكدا چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن ئێمه‌ زیاتر و زۆرتر بچینه‌ پێشه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ڕوونادات به‌و شێوه‌یه‌."

هه‌روه‌ها وتی" به‌شداری كردنی یه‌کێتی له‌حكومه‌ت مانا و "ده‌لالاتی" گه‌وره‌ی له‌پشته‌، ئێمه‌ باسی پڕۆسه‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌كه‌ین نامه‌و له‌وه‌دا بچوكی بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ كێ تۆڵه‌ له‌كێ ده‌كاته‌وه‌، ئێمه‌ دوو حیزبین ئه‌بێت به‌گیانی هاوپه‌یمانانه‌ و دۆستانه‌ هه‌وڵی دروست كردنی حكومه‌ت بده‌ین ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌كه‌ و به‌دوای تۆڵه‌ و فرسه‌ت هێنان له‌یه‌كتر بگه‌ڕێین ئه‌وا ناتوانین پێكه‌وه‌ حكومه‌ت پێكبهێنین."

"پارتی ده‌یه‌وێت سه‌رده‌می تاكه‌ حیزب و حیزبی پێشڕه‌و دیسانه‌وه‌ زیندوو بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌ ئێمه‌ قبوڵ ناكرێت به‌ڕاستی"

له‌وه‌ڵامه‌كاندا وتت پارتی بێ منه‌تی زۆری پێوه‌ دیاره‌ هۆكاری ئه‌وه‌ له‌چیدا ده‌بینن؟

له‌تیف شێخ عومه‌ر وتی" ده‌بێت له‌خۆیان (پارتی) بپرسرێت بۆچی بێ منه‌تن، به‌ڵام "ته‌فسیری" ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ پارتی ناتوانێت، وه‌ بۆی ناكرێت، وه‌ نابێت هیچ هێزێكی سیاسی تر له‌كوردستاندا ڕێگه‌ به‌وه‌ بدات كه‌ پارتی به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆرینه‌یه‌كی هێناوه‌ له‌كورسیه‌كان و ده‌نگه‌كاندا تاكڕه‌ویی بكات وه‌ خۆی بسه‌پێنێت و بڕیاری خۆی بسه‌پێنێت به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كاندا وه‌ سه‌رده‌می تاكه‌ حیزب و حیزبی پێشڕه‌و دیسانه‌وه‌ زیندوو بكاته‌وه‌."

واته‌ ئێوه‌ نیه‌تی پارتی وا ده‌خوێننه‌وه‌؟

وته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی وه‌ڵامه‌كه‌ی به‌م جۆره‌ بوو" ئێمه‌ نیه‌ت ناخوێنینه‌وه‌ هه‌نگاوه‌كان ده‌بینین، له‌كاتێكدا ده‌بینین پارتی هیچ "ئیلتیزاماتێكی" خۆی جێ به‌جێ ناكات وه‌ چاوه‌ڕێییه‌ ئێمه‌ هه‌موو ئیلتیزامه‌كانمان جێ به‌جێ بكه‌ین ئه‌وه‌ جۆرێكه‌ له‌ خۆسه‌پاندن و بێ منه‌تی ئه‌وه‌ به‌ ئێمه‌ قبوڵ ناكرێت به‌ڕاستی."

ئه‌گه‌ر قبوڵتان نه‌كرد چی ده‌كه‌ن و چی ڕووده‌دات؟

له‌تیف شێخ عومه‌ر وتی" له‌هه‌ر كات و هه‌ڵوێستێكدا ڕایده‌گه‌یه‌نین جارێ ڕه‌نگه‌ زوو بێت بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌."

"ئێمه‌ نین له‌هیچ كاتێكدا زه‌نگی دوو ئیداره‌یی لێبده‌ین، هیچ هه‌نگاو و نیه‌تێكی باش-مان له‌پارتی نه‌بینی سه‌باره‌ت به‌كه‌ركوك."

هه‌ندێك پێییان وایه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی یه‌كێتی لێدانی زه‌نگی دوو ئیداره‌ییه‌ له‌هه‌رێم؟

وته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی ڕه‌تیكرده‌وه‌ و وتی" ئێمه‌ خۆمان قوربانی دوو ئیداره‌ین هه‌موو هه‌وڵ و خه‌باتێكمان بۆ نه‌هێشتنی دوو ئیداره‌یی بووه‌، ئێمه‌ نین له‌هیچ كاتێكدا زه‌نگی دوو ئیداره‌یی لێبده‌ین."

هه‌فته‌ی ڕابردووتر له‌وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌ده‌نگی ئه‌مریكا ڕزگار عه‌لی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ڕایگه‌یاند" له‌گه‌ڵ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت ده‌ست ده‌كرێت به‌جێ به‌جێ كردنی ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتی سه‌باره‌ت به‌كه‌ركوك." له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی بۆچی پێش وه‌خته‌ هه‌ڵوێستتان وه‌رگرت له‌كاتێكدا هێشتا پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌ستی پێنه‌كردووه‌؟

له‌تیف شێخ عومه‌ر ده‌ڵێت" هیچ هه‌نگاو و نیه‌تێكی باش-مان له‌پارتی نه‌بینی سه‌باره‌ت به‌كه‌ركوك، "به‌كورت و كرمانجی" ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ پارتی به‌وجۆره‌بوو كه‌ به‌هاوكاری ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌سه‌ر لیستی پارتی پارێزگارێكی كوردی یه‌كێتی داده‌نرێت بۆ كه‌ركوك. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر هه‌نگاو نه‌نرا به‌ڵكو له‌و ماوه‌یه‌دا قسه‌ی "براده‌رانی" پارتی نادۆستانه‌ و دژی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ بوون كه‌ دژی دانانی پارێزگارێكی كوردی یه‌كێتی بوون بۆ كه‌ركوك."

"ئه‌و په‌یامه‌ی دوێنێمان په‌یامێكه‌ ده‌مانه‌وێت پارتی بهێنێته‌وه‌ سه‌ر ڕێگا"

وته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئه‌وه‌شی وت" چۆن گفتو و لێكتێگه‌یشتنمان گرته‌ به‌ر وه‌ په‌یامێك بوو بۆ ڕێككه‌وتنمان به‌وجۆره‌ش ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی دوێنێ-مان په‌یامێكه‌ به‌شێوه‌یه‌كی تر كه‌ده‌مانه‌وێت پارتی "ئیلتیزام بكات به‌و ڕێككه‌وتنانه‌ی كه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵیان كردومانه‌، په‌یامه‌ به‌ره‌و ڕێككه‌وتن و پێكهاتن په‌یام نیه‌ به‌ره‌و لێكترازان، كاتێك ئێمه‌ له‌دانوستانه‌كاندا ئه‌وپه‌ڕی نه‌رمیمان نواند بۆ ڕێككه‌وتن و دروستكردنی حكومه‌تێكی هاوبه‌شی ڕاسته‌قینه‌ ئێستا په‌یامێكی تر ده‌ده‌ین به‌پارتی به‌م شێوه‌یه‌ بۆ جێ به‌جێ كردنی چونكه‌ ده‌زانین پارتی و یه‌كێتی پێكه‌وه‌ ده‌توانن ئه‌م وڵاته‌ به‌ڕێوه‌ببه‌ن."

"به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك ده‌خه‌ینه‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكیشه‌ هه‌رچی بكه‌ین."

ئێوه‌ ئه‌و ئه‌گه‌ره‌تان داناوه‌ له‌حاڵه‌تی نه‌گه‌یشتن و سه‌رنه‌كه‌وتنتان له‌ گه‌یشتنی په‌یامه‌كه‌تان چی ڕوده‌دات؟

له‌تیف شێخ عومه‌ر وتی" ئێمه‌ هه‌رچی بكه‌ین به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك ده‌خه‌ینه‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكیشه‌ هه‌رچی بكه‌ین."

وته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری په‌شیمان بونه‌وه‌ی پارتی له‌ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوانیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ئه‌وه‌شی وت" من نامه‌وێت ئه‌وه‌ی پارتی كردویه‌تی وێنای بكه‌م چیه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ پارتی ئه‌و به‌شه‌ی كه‌ركوك كه‌ سه‌ره‌تای ڕێككه‌وتنه‌كه‌یه‌ شانبه‌شانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت هیچی جێ به‌جێ نه‌كردووه‌ و هه‌نگاوی بۆ نه‌ناوه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌هه‌یه‌ له‌ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ لێدوانی نادۆستانه‌یان لێ ده‌بیستین."

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:48 0:00

XS
SM
MD
LG