Accessibility links

د.کازم فاروق: بایکۆتی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان بۆ راسپاردنی سەرۆکی حکومەتمان کرد


لەم گوتووێژەی دەنگی ئەمریکادا، د.کازم فاروق ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ ھۆکاری بایکۆتکردنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ ڕاسپاردنی سەرۆکی حکومەت دەخاتە روو و دەڵێ: ئێمە پێشووتر بایکۆتی ئەو کۆبوونەوەی دوێنێمان کردبوو کە تایبەت بوو بە سوێندخواردنی سەرۆکی ھەرێم، ئەمەیش لەبەر ئەوەی کۆبوونەوەکە لە دەرەوەی ھۆڵی پەرلەمان بوو و بۆیە وەک فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ بڕیارماندا کۆی کۆبوونەوەکە بایکۆت بکەین، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیش کە بۆ راسپاردنی سەرۆکی حکومەت بوو، درێژکراوەی کۆبوونەوەکەی دوێنێ بوو و لەبەر ئەوە رێزمان لە بڕیارەکەی خۆمان گرت و نەچووینە ئەو کۆبوونەوە درێژکراوەیە. دەشڵێ: ھۆکاری سەرەکی بەشدارینەکردمان ئەو سەرنجانە بوون کە ھەمانبوون، ئێمە رامانگەیاندووە کە تێبینیمان لەسەر کۆی گشتی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم کە سەرۆکێکی ھەرێم بە بێ لێپرسینەوە و بە دەسەڵاتێکی رەھاوە ھەڵدەبژێردرێت، دووەمیشیان بردنی پەرلەمانتارانە بۆ لای کاندید و بەرپرسە سیاسییەکان بۆ دەرەوەی حەرەمی پەرلەمان، کە ئەمە کارێکی جوان نەبوو و بێنرخکردنی ئەو دامەزراوە گەورەیەیە کە پێیدەگوترێ: پەرلەمان.

ھەر ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان مەسرور بارزانی بە دەنگی 87 پەرلەمانتار، وەک سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دیاریکرد، د.کازم فاروق لە بارەی بۆچوونی نەوەی نوێ لەسەر دانانی ئەم پۆستە گوتی: پێمانوایە کە گۆڕینی دەموچاوەکان تەنیا بە گۆڕینی کەسەکان نابێتە گۆڕانکاری گەورە، بەڵکو دەبێ گۆڕانکارییەکە لە بەرنامە و ئەو ئەقڵییەتەوە بێ کە کابینەکە بەرێوە دەبا، ئەوە روونە ئەو حزبەی کاندیدی راسپاردووە بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەمان ئەو حزبەیە کە لە کابینەی رابردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستانی لە ژێر دەستدا بووەوە ھەمان ئەقڵییەت و شێوازی بەڕێوەبردنە و بۆیە ئێمە پێمانوایە جیاوازییەکی ئەوتۆ رووینەداوە.

تەواوی گوتووێژەکە لەم فایلە دەنگییەی خوارەوە گوێبست بن

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:16 0:00

XS
SM
MD
LG