Accessibility links

ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید:بابەتی دیارنەمانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لای به‌رپرسانی عیراقی لە گومان دەرچووە بۆته‌ یه‌قین


ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید سه‌رۆكی فڕاكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق
ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید سه‌رۆكی فڕاكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق

له‌وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌ده‌نگی ئه‌مریكا، ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌په‌رله‌مانی عیراق له‌سه‌ر لیستی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌ڵێت" دیار نه‌مانی موچه‌ی دوو مانگی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌به‌غداد لای به‌رپرسانی عیراقی بۆته‌" یه‌قین"، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وام بێت له‌ پێنه‌دانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ئه‌وا حكومه‌تی عیراقی ده‌توانێت به‌"تاوانی مالی" سكاڵا له‌سه‌ر به‌رپرسانی هه‌رێم تۆمار بكات، یاخود به‌دوای جێگره‌وه‌ ده‌گه‌ڕێن كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ڕێگای پارێزگاكانه‌وه‌ به‌غداد موچه‌ بداته‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌رێم پابه‌ند نه‌بێت به‌پێدانی موچه‌ی ئه‌و دوو مانگه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم وه‌ موچه‌ی سه‌رجه‌م مانگه‌كان ئه‌وا جارێكی تر وه‌ك لیژنه‌ی دارایی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كه‌ین و ڕاسپارده‌كانی خۆمان ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی عیراقی ده‌كه‌ین." له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا ئێوه‌ وه‌ك په‌رله‌مانتار هه‌وڵتان داوه‌ له‌حكومه‌تی هه‌رێم پرسیار بكه‌ن؟ ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید ده‌ڵێت" به‌رپرسیارێتی و كاری من نیه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌م چونكه‌ من نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم نیم نوێنه‌ری خه‌ڵكی كوردستانم بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ من بكات."

"بابەتی دیارنەمانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداد لە گومان دەرچووە و بۆته‌ یه‌قین"

لەسەرەتای وتووێژەکەدا ئەحمەدی حاجی ڕەشید لەبارەی ئەو ڕونکردنەوەیەی دابویان بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان وتی" ئەو ڕاپۆرتەمان لەسەر داواکاری سەرۆکایەتی پەرلەمان بوو سەبارەت بەوەی کەوەزیری دارایی عیراق بانگ بکرێت بۆ ئەوەی ڕونکردنەوە بدات لەسەر ئەوەی ئەو بڕگانەی یاسای بودجە کە پەیوەندی بەهەرێمی کوردستانەوە هەیە بزانرێت چۆن خەرج کراوە، ئەم ڕاپۆرتەش لەچەند ڕاسپاردە و خاڵێک پێکهاتووە کە بەرزدەکرێتەوە بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان تا بخرێتە بەردەم پەرلەمانتاران بۆ ئەوەی ڕآپۆرتەکە ببێتە ڕاسپاردەیەک و حکومەت لەسەر ئەو بنەمایە لێپرسینەوە بکات."

وتیشی " بابەتی دیارنەمانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداد لە گومان دەرچووە چونکە وەزیری دارایی هەرێم بە ئاشکرا باسی لەوەکرد کە ئەوان پێنج موچەیان وەرگرتووە بەڵام تا ئێستا دوو موچە خەرج کراوە بەتەواوی و دەستیان کردووە بەدابەشکردنی موچەی سێیەم واتە دوو موچە تا ئێستا بەلاڕێدا براوە بۆیە یەکێک لەبڕگە گرنگەکانی ئەو ڕاپۆرتە کە ئێمە هەرچوار ئەندامە کوردەکە جەختمان لێی کردۆتەوەکە دەبێت ئەو پارەیەی کە لەبەغداوە تایبەت کراوە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدرێت بەموچەی فەرمانبەران ئەگەرنا حکومەتی هەرێم ئیجرائاتی خۆی دەگرێتە بەر بەرامبەر بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان."

"په‌رله‌مانتاره‌ عه‌ره‌به‌كان چاودێری میدیا كوردییه‌كان ده‌كه‌ن"

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا نەدانی دوو موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆتە بابەتی پرسیار لای بەرپرسانی عیراقی؟

ئەحمەدی حاجی ڕەشید وتی" بەڵێ بێگومان، چونکە پەرلەمانتارە عەرەبەکان "موتابەعەی" میدیا کوردییەکان دەکەن وە ئەو میدیایانەی کە بابەتەکان وەردەگێڕن بۆ عەرەبی بۆیە میدیا کوردییەکان یا هەندێک لە میدیای ئۆپۆزسیۆن ئەو بابەتەیان گواستۆتەوە لەسەر زاری وەزیری دارایی هەرێمی کوردستانەوە کە بەڵێ موچەی تەواو نەدراو بەفەرمانبەرانی هەرێم لانی كه‌م دوو موچه‌یان نه‌داوه‌ به‌فه‌رمانبه‌ران بۆیه‌ ئه‌مه‌ بۆته‌" یه‌قین "كه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران نه‌دراوه‌ ئه‌و پارانه‌ له‌شتی تردا خه‌رج كراوه‌ بۆیه‌ ئه‌وان نیگه‌رانن له‌م ڕوه‌وه‌ به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك نوێنه‌ره‌ كورده‌كان توانیمان مادده‌یه‌ك بچه‌سپێنیم ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ده‌بێت ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران خه‌رج بكرێت."

"ئه‌گه‌ر هه‌رێم پابه‌ند نه‌بێت به‌ پێدانی موچه‌ی ئه‌و دوو مانگه‌.. "

ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید ڕاشیگه‌یاند" ئه‌گه‌ر هه‌رێم پابه‌ند نه‌بێت به‌ پێدانی موچه‌ی ئه‌و دوو مانگه‌ی فه‌رمانبه‌ران ئه‌وا به‌غداد ده‌توانێت به‌پێی یاسای بودجه‌ داوا له‌هه‌رێم بكات ڕونكردنه‌وه‌ بدات له‌سه‌ر شێوازی خه‌رجكردنی پاره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت كه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران نه‌دراوه‌ ئه‌وا ده‌بێته‌ "تاوانی مالی" و عیراق ده‌توانێت سكاڵا له‌سه‌ر هه‌رێم و به‌رپرسانی هه‌رێم تۆمار بكات، ڕێگای تریش هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جێگره‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی عیراقی دوور نیه‌ خۆی ڕێگا چاره‌ی تر بدۆزێته‌وه‌ تا خۆی موچه‌ بداته‌ پارێزگاكان كه‌ ئه‌وه‌ به‌رپرسانی هه‌رێم ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ كه‌ ئه‌وانن هۆكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌روه‌ری هه‌رێم."

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وت" ئه‌گه‌ر پارێزگاكانی هه‌رێم ئاماده‌نه‌بوون موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران وه‌ربگرن ئه‌وا فه‌رمانبه‌ران بێ موچه‌ ده‌كرێن كه‌ زه‌حمه‌ته‌ بوێرێت شتی وابكات، چونكه‌ ئێمه‌ وه‌ك نوێنه‌ره‌ كورده‌كان بڕگه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانمان چه‌سپاندووه‌ بۆیه‌ زه‌حمه‌ته‌ جارێكی تر بڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ڕووبدات، به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌ین میكانیزمێك بدۆزینه‌وه‌ بۆ پێدان و گه‌یاندنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم."

ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید جه‌ختی كرده‌وه‌" ئه‌گه‌ر هه‌رێم پابه‌ند نه‌بێت به‌پێدانی موچه‌ی ئه‌و دوو مانگه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم وه‌ موچه‌ی سه‌رجه‌م مانگه‌كان ئه‌وا جارێكی تر وه‌ك لیژنه‌ی دارایی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كه‌ین و ڕاسپارده‌كانی خۆمان ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی عیراقی ده‌كه‌ین."

"مه‌له‌فی موچه‌ مه‌له‌فی حیزبیه‌"

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا ئێوه‌ وه‌ك په‌رله‌مانتار هه‌وڵتان داوه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم قسه‌ بكه‌ن؟ ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید ده‌ڵێت" ئێمه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم نیه‌، چونكه‌ زیاتر ئه‌و مه‌له‌فانه‌" مه‌له‌فی موچه‌" مه‌له‌فی حیزبین و مامه‌ڵه‌ی حیزبییان له‌گه‌ڵ ده‌كات."

ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید ده‌شلێت" به‌رپرسیارێتی و كاری من نیه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌م چونكه‌ من نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم نیم نوێنه‌ری خه‌ڵكی كوردستانم بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ من بكات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:58 0:00

XS
SM
MD
LG