Accessibility links

كوێستان محه‌مه‌د: چەندین جار لەئاستی باڵا یەكێتی داوای كردووە سەردانی گۆڕان بكات و لەگەڵی كۆببێتەوە بەڵام ئێمە ئامادەنین لەگەڵییان دابنیشین


 کوێستان محەمەد ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان-فۆتۆ : فه‌یس بووكی كوێستان محه‌مه‌د
کوێستان محەمەد ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان-فۆتۆ : فه‌یس بووكی كوێستان محه‌مه‌د

له‌وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌ده‌نگی ئه‌مریكا، كوێستان محه‌مه‌د ئه‌ندامی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ڵێت" تا ئه‌م ساته‌ی قسه‌ی تێدا ده‌كه‌م چه‌ندین جار له‌ ئاستی باڵا یه‌كێتی داوای كردووه‌ سه‌ردانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بكات و له‌گه‌ڵی كۆببێته‌وه‌ به‌ڵام ئێمه‌ "ڕه‌فزمان" كردوون و ئاماده‌نین له‌گه‌ڵییان دابنیشین، بۆ كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی چه‌ند مه‌رجێكمان هه‌یه‌، وه‌ به‌"بۆچونی خۆم" دوای ڕوداوه‌كه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو كه‌ "میلیشیاكانی" لایه‌نێك هێرشیان كرده‌ سه‌ر گرده‌كه‌ و پاسه‌وانێكییان" شه‌هید" كرد گۆڕان مه‌رجی تری ده‌بێت ئه‌ویش ڕاده‌ستكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی پاسه‌وانه‌كه‌یان "شه‌هید"كرد، ده‌شڵێت" ناتوانم بڵێم ئه‌و "میلیشیایانه‌" هی یه‌كێتیه‌ به‌ڵام پێش ئه‌و ڕووداوه‌ یه‌كێتی هه‌ڕه‌شه‌ی له‌گۆڕان كرد كه‌ ئه‌مه‌ له‌ڕووی یاسایی و لۆژیكه‌وه‌ ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌وه‌ی بڵێین یه‌كێتی بووه‌ به‌ڵام ناتوانم به‌دڵنیایی وابڵێم، سه‌باره‌ت به‌ بنه‌مای دیاریكردنی كاندیده‌كانیان، كوێستان محه‌مه‌د ده‌ڵێت" جگه‌ له‌ بڕوانامه‌ و پڕۆفیشناڵی، "جدیه‌ت" و دڵسۆزی بۆ ئه‌و پره‌نسیبانه‌ی كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بڕوای پێیه‌تی، كه‌سێك نه‌بێت "خۆفرۆش بێت" دواتر بۆ "ئیمتیازی بچوك "و هه‌ندێك شتی تر "خۆی بفرۆشێت، ده‌بێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك ده‌چن ئه‌و پۆستانه‌ وه‌رده‌گرن نه‌ك خه‌ڵكی پۆست په‌رست بن چونكه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی بۆ پۆست و پاره‌ بچێته‌ ئه‌و پۆستانه‌ دواتر ئاسانتر ده‌كڕدرێن"

" پێییان وتوین ده‌بێت تا پێش 7/1 سیڤی كاندیده‌كانتان پێشكه‌ش بكه‌ن."

لەسەرەتای وتووێژەکەدا کوێستان محەمەد لەبارەی سەردانی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی کاندیدی ڕاسپێرراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند" ته‌وه‌ری یه‌كه‌می كۆبونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بووه‌ به‌ ڕاده‌ستكردنی ناوی كاندیده‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ كاندیدی ڕاسپێراو بۆ پێكهنانی حكومه‌ت، ته‌وه‌ری دووه‌می كۆبونه‌وه‌كه‌ش تایبه‌ت بوو به‌ نوسینه‌وه‌ی كارنامه‌ی حكومه‌ت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ وا پێشنیار كراوه‌ كه‌ لیژنه‌یه‌كی سێ كه‌سی یا شه‌ش كه‌سی دروست بكرێت له‌ گۆڕان و یه‌كێتی و پارتی، كارنامه‌كه‌ بریتی بێت له‌به‌رنامه‌ی ئه‌و حیزبانه‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ڵێنییان به‌خه‌ڵك داوه‌ تێیدا ڕه‌نگبداته‌وه‌ و له‌چه‌ند ڕۆژی ئاینده‌ ئاماده‌ بكرێت."

ڕاشیگه‌یاند" پێییان وتوین ده‌بێت تا پێش 7/1 سیڤی كاندیده‌كانتان پێشكه‌ش بكه‌ن."

"جگه‌ له‌مه‌رجه‌كانی تر، ده‌بێت كه‌سێك نه‌بێت "خۆفرۆش بێت" دواتر بۆ "ئیمتیازی بچوك "و هه‌ندێك شتی تر "خۆی بفرۆشێت"

ده‌رباره‌ی مه‌رجی كاندیده‌كانیان كوێستان محه‌مه‌د وتی" پێشتر جڤاتی گشتی كۆمه‌ڵێك بنه‌مای ئاماده‌كردبوو، ڕاسپارده‌ی كرد بۆ جڤاتی نیشتمانی جڤاتی نیشتمانی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كردۆته‌ بڕیار ئه‌وانه‌ چونه‌ته‌ به‌رده‌ستی لیژنه‌ی باڵای ئاماده‌كار، له‌و بنه‌مایانه‌ له‌هه‌مووی گرنگتر دڵسۆزییه‌ بۆ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌خه‌ڵكی داوه‌، وه‌ "جدیه‌تی" كاركردنه‌ بۆ ئه‌و پره‌نسیبانه‌ی كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بڕوای پێیه‌تی، كه‌سێك نه‌بێت "خۆفرۆش بێت" دواتر بۆ "ئیمتیازی بچوك "و هه‌ندێك شتی تر "خۆی بفرۆشێت"

كوێستان محه‌مه‌د ڕه‌تی كرده‌وه‌ به‌ڵێنیان له‌ كاندیده‌كانیان وه‌رگرتبێت كه‌ پاش وه‌رگرتنی پۆست واز له‌بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌هێنن، له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت" نه‌به‌ڵێننامه‌ وه‌رگیراوه‌ نه‌ وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام پێویسته‌ لیژنه‌ی باڵا وردبین بن له‌ده‌ست نیشانكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ بۆ پۆسته‌كان كه‌ خه‌ڵكی دڵسۆز بن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك ده‌چن ئه‌و پۆستانه‌ وه‌رده‌گرن نه‌ك خه‌ڵكی پۆست په‌رست بن چونكه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی بۆ پۆست و پاره‌ بچێته‌ ئه‌و پۆستانه‌ دواتر ئاسانتر ده‌كڕدرێن، وه‌ بابه‌تی بڕوانامه‌ و پڕۆفیشناڵی و ئه‌زمونی ئیداره‌دان كه‌ پێشتر كاری كردبێت وه‌ هه‌ریه‌ك له‌و بنه‌مایانه‌ نمره‌ی له‌سه‌ره‌."

"یه‌كێتی پێشتر هه‌ڕه‌شه‌ی له‌گۆڕان كرد.."

ئه‌ندامه‌كه‌ی جڤاتی گشتی ئه‌وه‌شی وت" بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ هه‌ر پۆستێك یه‌ك كاندیدی ده‌بێت وه‌ خۆی به‌رپرسه‌ له‌سه‌ركه‌وتویی كاندیده‌كه‌ی یا هه‌رشتێك."

سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، كوێستان محه‌مه‌د ده‌ڵێت" له‌دوای 12/5 ی ساڵی ڕابردوو كه‌ یه‌كێتی به‌به‌رنامه‌ هێرشی كرده‌ سه‌ر مه‌كۆكانمان له‌سلێمانی و كه‌لار و چه‌مچه‌ماڵ له‌وكاته‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێمه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ئاڵۆزه‌ وه‌ له‌وكاته‌وه‌ تا ئێستا یه‌كێتی چه‌ندین جار داوایان كردووه‌ كه‌ سه‌ردانی مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن بكه‌ن به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاماده‌نه‌بووه‌ له‌گه‌ڵییان دابنیشێت و پێشوازی له‌وه‌فدی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بكات، سه‌باره‌ت به‌و ڕووداوه‌ش كه‌ هێرش كردنه‌ سه‌ر مه‌كۆی گۆڕان و "شه‌هید" كردنی گه‌نجێك بوو كه‌ باوه‌ڕناكه‌م له‌ هیچ وڵاتێكی دواكه‌وتوو و دیكتاتۆر حیزب "میلیشیاكانی" بنێرێته‌ سه‌ر حیزبكی تر و پاسه‌وانێكی "شه‌هید" بكات ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئاڵۆزكردووه‌ وه‌ خراپتری كردووه‌ له‌وه‌ی پێشتر هه‌بووه‌."

ڕاشیگه‌یاند" پێش ئه‌و ڕووداوه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو به‌رپرسێكی یه‌كێتی تیلفۆنی كرد و هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كرد، ئه‌و چه‌كدارانه‌ی كه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر گرده‌كه‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو نه‌ پۆلیس بوون نه‌ ئاسایش نه‌ پێشمه‌رگه‌، كه‌واته‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌ یاساییه‌كان میلیشیان، من نازانم كێ بوون، به‌ڵام پێش ڕووداوه‌كه یه‌كێتی هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ گۆڕان كرد."

"بۆ كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی مه‌رجمان هه‌یه‌، وه‌ ڕه‌نگه‌ مه‌رجی نوێ-شمان هه‌بێت."

كه‌واته‌ ئێستا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان مه‌رجی نوێی هه‌یه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا؟

كوێستان محه‌مه‌د له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت" بۆ كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كۆمه‌ڵێك مه‌رجمان هه‌یه‌، یه‌كه‌م هه‌موو سزا دراوه‌ سیاسیه‌كانمان سزاكه‌یان له‌سه‌ر هه‌ڵبگیرێت و بچنه‌وه‌ شوێنی خۆیان وه‌ چوار ڕێككه‌وتنمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی به‌تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌ حكومه‌ته‌ خۆجێییه‌كان ده‌بێت ئه‌وانه‌ جێ به‌جێ بكات، ئه‌م مه‌رجانه‌ش تا پێش ڕووداوه‌كه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو بوو، به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆچونی خۆمه‌ زانیاری نیه‌ به‌ڵام پێم وایه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دوای ئه‌و ڕوداوه‌ و ته‌قانه‌ مه‌رجی تری ده‌بێت ئه‌ویش ڕاده‌ستكردنی ئه‌وانه‌ی كه‌ "ڕێبه‌ندییان شه‌هید كردووه‌."

ئه‌ندامه‌كه‌ی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت" له‌سنوری پارێزگای سلێمانی ئێمه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا زۆرینه‌مان هێناوه‌ ئه‌وه‌ نه‌ خێره‌ نه‌ به‌خشش كه‌ پۆستی پارێزگاری سلێمانی لای ئێمه‌یه‌ ده‌بوو نه‌ك دوو ساڵی كۆتایی ده‌بوو هه‌ر چوار ساڵه‌كه‌ ئه‌و پۆسته‌ لای ئێمه‌ بووایه‌، له‌سنوری پارێزگای سلێمانی هه‌زار و سی پۆست هه‌یه‌ له‌م ڕێژه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ زۆرینه‌ین ده‌بوو نیوه‌+ 1 ی ئه‌و پۆستانه‌ به‌ده‌ست ئێمه‌وه‌ بووایه‌ كه‌چی ته‌نها سی (30) پۆستمان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، واقیع به‌وجۆره‌یه‌ كه‌ هێز به‌ده‌ستی حیزبه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بچیته‌ ئاسایشی سلێمانی یه‌ك كه‌س نادۆزیته‌وه‌ یه‌كێتی نه‌بێت ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت به‌ شه‌و و ڕۆژێك ئه‌م "واقیعه‌" بگۆڕین پێمان ناگۆڕێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:16:09 0:00

XS
SM
MD
LG