Accessibility links

هێڤیدار ئه‌حمه‌د: پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ 7/11 تێناپه‌ڕێت


 هێڤیدار ئه‌حمه‌د
هێڤیدار ئه‌حمه‌د

له‌وتووه‌ێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا، هڤیدار ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان باس له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان و واده‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمه‌كه‌ ده‌كات.

"پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ 7/11 تێناپه‌ڕێت "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا، هێڤیدار ئه‌حمه‌د له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان وتی" كۆبونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌یه‌ تا دوو هه‌فته‌ پشووی په‌رله‌مان كورت بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ ده‌كرێته‌ دانیشتنی ئاسایی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت بدرێت، چونكه‌ لایه‌نه‌كان له‌پارتی دیموكراتی كوردستان و لایه‌نه‌كانی تر كاندیدییان بۆ پۆستی وه‌زاره‌ته‌كان ئاماده‌یه‌ به‌ڵام هه‌ست ده‌كه‌ین له‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كاندیده‌كانیان ئاماده‌نین ده‌رفه‌تێكیشه‌ بۆ ئه‌وان به‌ڵام له‌هه‌موو حاڵه‌ته‌كان له‌ 7/11 یا پێش ئه‌و واده‌یه‌ حكومه‌ت دبێته‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڵام له‌و واده‌یه‌ تێناپه‌ڕێت چونكه‌ دوا واده‌ی یاساییه‌."

ڕونیشیكرده‌وه‌ " له‌ 7/1 تا 7/11 چ ڕۆژێك سیڤی وه‌زیره‌كان ئاماده‌بوون به‌ 48 كاتژمێر پێش ئه‌وه‌ سیڤی وه‌زیره‌كان گه‌یشته‌ ده‌ست په‌رله‌مانتاران ئه‌وكات په‌رله‌مان ئاماده‌ی كۆبونه‌وه‌یه‌ ده‌ست به‌جێ، بۆ متمانه‌ دان به‌ ئه‌ندامانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت."

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد" به‌شێك له‌ كاندیدی پۆسته‌ وه‌زارییه‌كانی پارتی ئاماده‌ن وه‌ به‌شێكی تریشیان هێشتا "دیراسه‌" ده‌كرێن به‌شی زۆری ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌مووی بۆ سه‌رۆكی ڕاسپێراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت ڕاسپێردراوه‌ چونكه‌ ئه‌و تیمه‌-كه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت و له‌گه‌ڵ ئه‌و تیمه‌ ئه‌و حكومڕانی ده‌كات وه‌ بڕیاری كۆتایش وه‌ك هه‌موو جار لای "به‌ڕێز سه‌رۆك بارزانی"یه‌ ئه‌و بڕیاری كۆتایی ده‌دات و دواتر ده‌بێته‌ بڕیاری فه‌رمی پارتی."

"پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك به‌ته‌نها هی یه‌كێتی نیه‌ "

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر یه‌كێتی ئاماده‌نه‌بوون به‌شداری حكومه‌ت بكه‌ن به‌هۆی یه‌كلایی نه‌كردنه‌وه‌ی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك ، ئایا متمانه‌ ده‌ده‌نه‌ حكومه‌ت بێ به‌شداری كردنی یه‌كێتی؟

هێڤیدار ئه‌حمه‌د وتی" جارێ ته‌نها مافی یه‌كێتی نیه‌ كه‌ بڵێت ئێمه‌ پارێزگار داده‌نێین یه‌ ته‌نها ئه‌و ناوه‌ بێت كه‌ ئێمه‌ دایده‌نێین، هیچ كه‌س به‌ ئه‌ندازه‌ی پارتی به‌خه‌م كه‌ركوكه‌وه‌ نه‌بووه‌ شۆڕشی له‌سه‌ر داناوه‌، "بارزانی نه‌مر" ژیانی خۆی له‌سه‌ر كه‌ركوك دانا وه‌ ڕیفراندۆم-یشمان له‌سه‌ر كه‌ركوك دانا، وه‌ پارێزگاری كه‌ركوك هی یه‌كێتی نیه‌ تا یه‌كێتی بێت بڵێت ئه‌م ناوه‌ داده‌نێم و ده‌بێت پارتی بێته‌ ژێرباری من، شتێكی هه‌مه‌ لایه‌نه‌یه‌ پۆستێكی كوردییه‌ و كوردستانیه‌ ئێمه‌ش ده‌بێت قسه‌ی خۆمان هه‌بێت وه‌ پێمان باشه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان ڕێك بكه‌ون، مه‌رج نیه‌ یه‌كێتی بێت به‌ڵكو باشتره‌ بۆ ئێستا كه‌سێكی بێ لایه‌ن بێت، واته‌ نه‌كه‌ركوك هی یه‌كێتیه‌ وه‌ نه‌ ئه‌و پۆسته‌ش هی یه‌كێتیه‌ به‌ڵكو كه‌ركوك هی كوردستانه‌ وه‌ ئه‌و پۆسته‌ش هی كورده ئه‌وه‌ لای ئێمه‌ بڕاوه‌ته‌وه‌، پێمان خۆش نیه‌ كه‌سێك ببێته‌ پارێزگار به‌ڵام كابرایه‌كی حه‌شدی شه‌عبی ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ردا هه‌بێت."

"كێ به‌شدار بێت یاخود نا حكومه‌ت هه‌ر پێكده‌هێنرێت "

هێڤیداد ئه‌وه‌ش وت" نازانم یه‌كێتی ئیش بۆ پۆست ده‌كات یا بۆ كوردستان؟ پێشتریش هه‌ر له‌سه‌ر چه‌ند پۆستێك به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان بۆ هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردنی لیژنه‌كان و سه‌رۆكی هه‌رێمیان نه‌كرد، جا ده‌بێت یه‌كێتی خۆی ساغ بكاته‌وه‌ ئیش بۆ پۆست ده‌كات؟ یا بۆ كوردستان؟ بابه‌ته‌كه‌ لێره‌دا یاسایه‌ كۆتا واده‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت 7/11 كێ دێته‌ ناو حكومه‌ت یا خود نایه‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت هه‌ر پێكده‌هێنرێت وه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت یه‌كێتی بێت و ئه‌گه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌ هاتنیانه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌هات ئه‌وا تا 7/11 حكومه‌ته‌كه‌ پێكدێت نه‌له‌به‌ر خاتری" پارتی-نه‌ گۆڕان- نه‌یه‌كێتی) نه‌هیچ لایه‌ك پێكهێنانی حكومه‌ت دواناخه‌ین . "

" بۆ ده‌نگدان به‌ كاندیده‌كانی یه‌كێتی چاوه‌ڕێی بڕیاری حیزبی خۆمانین "

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا ئه‌ندامانی فراكسیۆنی پارتی متمانه‌ ده‌ده‌نه‌ كاندیدانی یه‌كێتی بۆ پۆسته‌كان یا تۆڵه‌ی نه‌هاتنی یه‌كێتی بۆ ده‌نگدان به‌سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌كه‌نه‌وه‌؟

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، (هێڤیدار ئه‌حمه‌د) ده‌ڵێت " ئێمه‌ چاوه‌ڕێی حیزبی خۆمان "جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی و مه‌كته‌بی سیاسی پارتی " ده‌كه‌ین هه‌ر وه‌ڵامێك هه‌بێت 100% پێوه‌ی پابه‌ندین، چونكه‌ پارتی به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ بڕیاری دا له‌ "مه‌ركه‌زه‌وه‌ " بێ "موناقه‌شه‌ " 100% پێوه‌ی پابه‌ند ده‌بین و وه‌ك خۆی جێ به‌جێ ده‌كرێت هه‌ر به‌وه‌ش كوردستان بردویه‌تیه‌وه‌ كه‌ پارتی حیزبێكی خاوه‌ن بڕیاره‌، پارتی حیزبێكی "به‌ره‌ڵا " نیه‌ حیزبێك نیه‌ هه‌ركه‌س به‌ دڵی خۆی بڕیار بدات یا بێت بڵێت ئه‌م ناوچه‌یه‌ هی منه‌ یا هی من نیه‌، حیزبێكی "مولته‌زیمه‌، دیسپلینی تێدایه‌ وه‌ هه‌موومان ملكه‌چی بڕیاری "سه‌رك بارزانی-ین " هه‌رچی هه‌بێت پێوه‌ی پابه‌ند ده‌بین 100%. "

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:07 0:00

XS
SM
MD
LG