Accessibility links

ئەبوبەکر ھەڵەدنی: بەشێک لەوانەی دووبارە کاندیدن، ھەر خۆیان ھۆکاری قەیرانەکانی حکومەتی ھەرێم بوون


ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ئەبوبەکر ھەڵەدنی ھۆکاری دەنگنەدانیان بە کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەسەر سێ خاڵدا دابەش دەکات و دەڵێ:

ئێمە ھێزێکی ئۆپۆزیسیۆنین، ئۆپۆزیسیۆنیش چاودێری حکومەت دەکات نەک متمانەی پێبدات. دووەمیش: پێمانوایە بەشێک لەو دەموچاوانەی جارێکی دیکە کە کاندیدن لە پۆستەکانی حکومەت ھەر خۆیان ھۆکاری قەیرانەکانی حکومەتی ھەرێم و ئەو نەھامەتییانەن لە 27 ساڵی رابردوودا بەسەر خەڵکی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە. سێیەمیش: عەقڵییەتی حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستاندا گۆڕانی بەسەردا نەھاتووە و ئەو تێڕوانینەی کە بۆ شکستی حکومەت لە رابردوودا ھەمانبووە، ھەر لە جێگەی خۆیەتی و پێناچێت ئەم کابینە تازەیەش پەند و وانەی لە رابردوو وەرگرتبێت. دەشڵێ: ئێمە لەمەودوا تەنیا رەخنە ناگرین، بەڵکو چاودێری حکومەتیش دەکەین و پڕۆژەی چاکسازیشمان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە و بەھیواین بیخەنە ناو بەرنامەی کارەوە.

لەماوەی رابردوودا، زۆر جار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو د.شێرکۆ جەودەت رەخنەی لە وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاشتی ھەورامی دەگرت، دەنگی ئەمریکا لەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکگرتوو دەپرسێ: ئێستا کە ئاشتی ھەورامی کاندیدی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نییە پێتوایە ئەم کابینەیە بەرەو گۆڕان و چاکسازی ھەنگاو دەنێ؟

لە وەڵامدا ئەبوبەکر ھەڵەدنی گوتی: لای ئێمە سیستەم گرینگە ھەرچەندە کەسایەتییەکانیش جێ پەنجەیان دیارە، ئێمە پێمانوایە ئاشتی ھەورامی ھۆکارێکی شکستخواردنی دۆسییەی نەوتە لە ھەرێمی کوردستاندا و بۆیە داواکارین یاسای نەوت ھەموو بڕگە و بابەتەکانی وەک خۆی جێبەجێبکرێن و پەلە بکرێ لە رێکخستنەوەی ھەموو ئەو کۆمپانیا و دەستانەی کە تایبەتن بە دەرھێنان و بە بازاڕخستن و فرۆشتی نەوتەوە و لە ناویاندا یاسای سندووقی داھاتەکانی نەوت و گاز جێبەجێبکرێ، وە ئێمە ھەڵنەبژاردنەوەی ئاشتی ھەورامی بە ھەنگاوێکی ئەرێنی دەزانین و بە ھیواین ئەم کابرایە خۆی لەبەردەم یاسادا ببینیتەوە، چونکە ھەر ئەو بووە ھۆکاری ئەوەی بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان نەوت ببێتە بەڵا نەک نیعمەت .

تەواوی گوتووێژەکە لەم فایلە دەنگییەی خوارەوە گوێبیست بن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:11 0:00

XS
SM
MD
LG