Accessibility links

سه‌عدی پیره‌: له‌گه‌ڵ پارتی پەیوەندیمان هەیە و پەیوەندیمان بەردەوامە، سه‌ردانه‌كه‌یان بووه‌ هۆی جۆرێك له‌ ئارامكردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌


سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان

لەوتووێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان باس لەسەردانی شاندی پارتی بۆ مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی و پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو حیزبە دەکات.

ده‌قی وتووێژه‌كه‌:

"سه‌ردانی شانده‌كه‌ی پارتی ئیزافە بوو بۆ ئەوەی کە ئەوان ئەو کارەیان پێ باش نەبوو، "تەئکید"یان لەسەر ئەوە كرده‌وه‌ کە ئەو کارە نەخشە بۆکێشراو نەبوو وە بڕیارێک نەبووە کە درابێت وە هەوڵدەدرێت لەڕێگای دامودەزگاکانی حوکمەت بازگەکان بەشێوەیەک ڕێکبخرێت کەشتی وا دووبارە نەبێتەوە."، وه‌ بووه‌ هۆی جۆرێك له‌ ئارامكردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ "

لەسەرەتای وتوێژەکەدا سەعدی پیرە لەبارەی سەردانی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ئاستی پەیوەندییەکانی ئەو دوو حیزبە ڕایگه‌یاند" له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەندیمان هەیە و پەیوەندیمان بەردەوامە، بەڵام مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە 19/9 نامەیەکی ئاڕاستەی مەکتەبی سیاسی پارتی کردبوو، مەکتەبی سیاسی پارتی-ش لە 21/9 وەڵامی نامەکەی داینەوە، دوای وەڵامی نامەکەش دوێنێ وەفدێکی مەکتەبی سیاسی کە پێکهاتبوو لە زۆرینەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە "وەکو کاک فازڵ میرانی و کاک هۆشیار زێباری، کاک مەحمود محەمەد، کاک جەعفەر ئیمنکی هەروەها کاکەمین نەجار" هاتن سەردانی مەکتەبی سیاسیان کرد و لەلایەن "کاک ئەرسەلان و من و برادەران" پێشوازی لێکران هەر تەنها بۆ خۆشکردنەوەی پەیوەندی و دڵنەوایی دانەوەی یەکێتی کە ئەو "مەسەلەیە" ڕویدابوو شانبەشانی نامەکەش بوو کە ڕونکردنەوەیەکی وردی تێدابوو لەسەر ئەو دۆخەی ڕویدابوو "تەقریبەن" بووە هۆی جۆرێک لە ئارامکردنەوەی بارودۆخەکە ئەوە کارێکی باشبوو."

پیرە ئەوەشی وت" هاتنی وەفدەکەی پارتی ئیزافە بوو بۆ ئەوەی کە ئەوان ئەو کارەیان پێ باش نەبووە کە ڕویداوە دەیانەوێت "تەئکید" لەسەر ئەوە بکەنەوە کە ئەو کارە نەخشە بۆکێشراو نەبوو وە بڕیارێک نەبووە کە درابێت وە هەوڵدەدرێت لەڕێگای دامودەزگاکانی حوکمەت بازگەکان بەشێوەیەک ڕێکبخرێت کەشتی وا دووبارە نەبێتەوە."

وتیشی"لەداهاتوویەکی نزیک کۆبونەوەکانی پارتی و یەکێتی لەبارەی کەرکوکەوە دەست پێدەکاتەوە."

"ته‌قه‌كردن له‌باره‌گاكانی پارتی و یه‌كێتی خه‌ڵكێكی گێره‌شێوێن و تێكده‌ره‌ بۆ ئەوەبوو کە نێوای یەکێتی و پارتی تێکبدرێت."

دەربارەی تەقەکردن لەبارەگای لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی هەروەها تەقەکردن لەبارەگاکانی یەکیتی لە هەولێر ؟سەعدی پیرە دەڵێت" من پێم وایە ئەو تەقەکردنانە خەڵکێکی گێرەشێوێن و تێکدەرە وە هەوڵی ئەوە بدرێت کە بەوردی لێبکۆڵرێتەوە ئەم تەقانە لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ وە چ لایەنێک لە پشت ئەم "بەزمەوەیە"؟ ئەوە قابیلی لێکۆڵینەوەیە لەلایەن دامودەزگا ئەمنیەکان، بەدڵنیایی ئەو تەقانە بۆ ئەوەبوو کە نێوای یەکێتی و پارتی تێکبدرێت."

دەربارەی ئەوەی ئایا لەو سەردانەدا هیچ باسی ئەوەکرا کە پارتی دڵنیایی دەدات بۆ ئەوەی جارێکی تر ڕێگە لە بەرپرسی ترتان نەگرێتەوە؟

سەعدی پیرە دەڵێت" نا ئەو شتانە بە "موناقەشە" ناکرێن من پێم وایە ئەمە لایەنێکە لەلایەنی کۆبونەوەکان بۆ ڕاگەیاندن نابێت."

"كۆبونه‌وه‌ی سێ قۆڵی "

سەعدی پیرە ڕەتی کردەوە لە کۆبونەوەکەی دوێنێی پارتی و یەكێتی باسی کۆبونەوەی سێ قۆڵی نێوان (پارتی و یەکێتی و گۆڕان) کرابێت و وتی" ئەوە کۆبونەوە نەبوو، ئەوە سەردانێک بوو قاوە خواردنەوە و باسی هیچ بابەتێکی سیاسی دوو قۆڵیمان نەکرد کە کۆبونەوە یان هەڵوێستێکی دیاریکراوی لێ هەڵبقوڵرێت، بەڵکو تەنها بۆ ئەوەی ڕای گشتی بەهەڵەدا نەچێت، بارودۆخی کوردستان زۆر لەوەگەورەترە ئەگەر کارێکیش ڕویداوە بەڵام پارتی و یەکێتی خۆیان بەبەرپرسیار دەزانن لەبەڕێوەبردنی میللەتەکە وە لەگەڵ گۆڕان-یش و لایەنەکانی تریش کە لە حکومەتدان بۆیە لەو سەردانەی دوێنێ باسی هیچ بابەتێکی سیاسی نەکرا."

پیرە ئەوەشی وت" بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە پێمان باشە کۆبونەوەی سێ قۆڵی ئەنجام بدرێت لەنێوان (پارتی و یەکیتی و گۆڕاندا)."

سەبارەت بە هۆکاری ئەنجامنەدانی کۆبونەوی سێ قۆڵی کە پێشتر سەعدی پیرە بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندبوو دوای پێکهێنانی حکومەت کۆبونەوەی سێ قۆڵی ئەنجام دەدرێت؟ سەعدی پیرە دەڵێت" ئەنجام نەداروە هۆکاری هەبوو چونکە هێشتا حکومەت بەتایبەتی کە پەیوەندی بەبەرنامەی حکومەت و ئەو بابەتانە ڕەنگە چاوەڕوانی ڕونکردنەوەی زیاتر و تا ئەوکاتە قسەی زیاتری لەبارەوە بکرێت، ڕەنگە بیرییان نەکەوتبێنتەوە ئەگەرنا هیچ هۆکارێکی سیاسی نیە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:34 0:00


XS
SM
MD
LG