Accessibility links

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: کۆسرەت ڕەسوڵ بە هاوسەرۆکی ڕازیـیە


 فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێت" دوێنێ له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به‌فه‌رمی پێمان ڕاگه‌یه‌نرا كه‌ كاك كۆسره‌ت ڕازییه‌ به‌ سیستمی هاوسه‌رۆكی بۆ یه‌كێتی، یا هه‌ردوكیان یا یه‌كێك له‌كوڕه‌كانیشی پۆستێكی باڵا وه‌رده‌گرێت، ده‌شڵێت" د.به‌رهه‌م ساڵح" یش ڕازییه‌ به‌ هاوسه‌رۆكی و كاك بافڵ له‌كۆبونه‌وه‌ی دوێنێ پێی وتین تێلفۆنی بۆ كردووه‌ بۆ پیرۆزبایی و له‌هه‌فته‌ی داهاتوشه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سلێمانی بۆ به‌شداری كردن له‌كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌ی یه‌كێتی وه‌ك ئه‌ندام."

" هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌ماوه‌ "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا ئه‌سه‌سه‌رد ئاماژه‌ی به‌ هه‌ڵبژاردنی هه‌ردوو هاوسه‌رۆكه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كرد و وتی" له‌ ڕۆژی ده‌نگدان له‌سه‌ر هاوسه‌رۆك له‌ناو هۆڵی كۆبونه‌وه‌ له‌كۆی 94 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی 93 یان ده‌نگیان دا واته‌ زیاتر له‌ڕێژه‌ی یاسایی كه‌ ده‌نگی 63 ئه‌ندامی پێویست بوو، به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ دیاربوو هه‌ندێك كه‌س هه‌بوون تێڕوانینی جیاوازییان هه‌بوو ئه‌مه‌ ئه‌وكاته‌ وابوو به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌وه‌شمان چاره‌سه‌ركردووه‌ و هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌ماوه‌."

"ئه‌وه‌ دروست نیه‌ بوترێت یه‌كێتی بۆته‌ حیزبی بنه‌ماڵه‌یی "

ده‌رباره‌ی پێشنیاری دیاریكردنی دوو هاوسه‌رۆك بۆ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد له‌گفتوگۆكه‌یدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا وتی" له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ بۆ ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌موو بژارده‌كانمان له‌به‌رده‌مدا بوو به‌ڵام ئه‌م بژارده‌یه‌مان به‌گونجاوترین زانی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كێتی."

سه‌باره‌ت به‌و ڕه‌خنانه‌ی له‌ حیزبه‌كه‌ی ده‌گیرێت كه‌ یه‌كێتی بۆته‌ حیزبی بنه‌ماڵه‌یی، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ڕه‌تیكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت" ئه‌وه‌ دروست نیه‌ بوترێت یه‌كێتی بۆته‌ حیزبی بنه‌ماڵه‌ ڕاسته‌ هه‌ردوو هاوسه‌رۆكه‌كه‌ له‌بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانین، به‌ڵام هه‌ڵبژاردنی هه‌ردوكیان له‌م كاته‌دا بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ یه‌كێكیان له‌كۆنگره‌ ده‌نگی یه‌كه‌می هێنا ئه‌وی تریان ده‌نگی دووه‌م."

" هه‌ڵوێستی كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی و د.به‌رهه‌م "

هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ڕێككه‌وتنی هاوسه‌رۆكه‌كان و كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی كه‌باسی لێوه‌ده‌كرێت، ئه‌سه‌سه‌رد وتی" نزیكه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی له‌كۆبونه‌وه‌داین، هۆیه‌كه‌شی دیاری نه‌كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی كه‌ بڕیاربوو دوای كۆنگره‌ دانیشتن بكرێت و ده‌سه‌ڵاته‌كانیان دیاری بكرێت له‌ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌ینه‌وه‌ به كۆبونه‌وه‌كان له‌و باره‌یه‌وه‌، هۆكاری دووه‌میش په‌یوه‌ندی به‌هه‌ندێك له‌په‌یوه‌ندییه‌ ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتیه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ دوێنێ بناغه‌یه‌كمان له‌و ڕوه‌وه‌ دانا."

له‌باره‌ی بۆچونی هه‌ریه‌كه‌ له‌كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی و د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كێتی له‌لایه‌ن دوو هاوسه‌رۆكه‌وه‌، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ده‌ڵێت" له‌كۆبونه‌وه‌ی دوێنێی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كاك بافڵ تاڵه‌بانی پێی ڕاگه‌یاندین كه‌ د.به‌رهه‌م تیلفۆنی بۆ كردووه‌ و پیرۆزبایی لێكردووه‌، وه‌ كاك لاهوڕ-یش خۆی له‌به‌غداده‌ په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌، وه‌ كاك د.به‌رهه‌م به‌ڵێنی داوه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سلێمانی و به‌شداری كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی بكات وه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كێشه‌ پێشتر هه‌بوبێت ئه‌وا له‌ئێستادا كێشه‌ نه‌ماوه‌."

ئه‌سه‌سه‌رد ڕونیكرده‌وه‌" له‌پێشتردا كێشه‌ی ئه‌وه‌ هه‌بوو كه‌ د.به‌رهه‌م ئومێدی هه‌بوو خۆی كاندید بكات به‌ڵام هه‌ندێك هه‌لومه‌رجی هه‌بوو بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ ئه‌و پێی باشبوو یه‌ك سه‌رۆك هه‌بێت له‌گه‌ڵ دوو جێگر به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی هاوسه‌رۆكی په‌سه‌ندكرد ، به‌ڵام ئه‌و مه‌رجانه‌ نه‌هاتنه‌ دی بۆیه‌ چوینه‌ سه‌ر بژارده‌ی دووه‌م كه‌ هاوسه‌رۆكی بوو."

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌وه‌شی وت" دوێنێ به‌فه‌رمی پێمان ڕاگه‌یه‌نرا كه‌ "كاك كۆسره‌ت" ڕازییه‌ به‌ هاوسه‌رۆكی له‌ناو یه‌كێتیدا و هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌ماوه‌ ئێستا ئێمه‌ باس له‌بابه‌تی تر ده‌كه‌ین."

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ده‌وترێت كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی به‌ مه‌رجی پێدانی پۆست به‌یه‌كێك له‌ كوڕه‌كانی ڕازییه‌ به‌ پۆستی هاوسه‌رۆكی؟ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ده‌ڵێت" كاك كۆسره‌ت سه‌ركرده‌یه‌كی خه‌باتگێڕ و ماندووه‌، له‌دوای كۆچی دوایی مام جه‌لال ئه‌و یه‌كێتی به‌ڕێوه‌ بردووه‌ و بۆ ئێمه‌ هه‌میشه‌ جێی ڕێزه‌، وه‌ كوڕه‌كانی كاك كۆسره‌ت هه‌ردوكیان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیتن مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ پۆستی سه‌ركرده‌یی وه‌ربگرن، به‌دڵنیاییه‌وه‌ یا هه‌ردوكیان یا یه‌كێكیان پۆستی سه‌ركرده‌یی باڵا وه‌رده‌گرێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:17 0:00


XS
SM
MD
LG