Accessibility links

فازڵ میرانی:هه‌م جه‌نابی سه‌رۆك هه‌م هه‌موو براده‌رانی مه‌كته‌ب سیاسی ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی نوێی یه‌كێتی ده‌كه‌ین


Fazil Mirani
Fazil Mirani

فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت" دوای جه‌ژن كۆبونه‌وه‌ی هه‌ردوو مه‌كته‌ب سیاسی ده‌كرێت، ودواتر هه‌وڵ ده‌درێت بۆ كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌، ده‌شڵێت"نه‌ برایانی یه‌كێتی ئێمه‌یان بانگهێشت كرد بۆ كۆنگره‌ی خۆیان، نه‌ ئێمه‌ش نامه‌یه‌ك یان بروسكه‌یه‌كمان كرد بۆ كۆنگره‌كه‌یان كه‌ من ده‌ڵێم حه‌ق بوو ئێمه‌ بروسكه‌یان بۆ بكه‌ین، هه‌روه‌ها وتی" هه‌م جه‌نابی سه‌رۆك هه‌م هه‌موو براده‌رانی مه‌كته‌ب سیاسی ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی نوێی یه‌كێتی ده‌كه‌ین، میرانی له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانی دهۆك ده‌ڵێت" خۆپیشاندان مافی ڕه‌وای خه‌ڵكه‌ ئه‌گه‌ر مۆڵه‌ت وه‌ربگیرێت به‌ڵام ڕموزی براده‌رانی یه‌كگرتوو له‌ناو خۆپیشانده‌رانی دهۆك-دا هه‌بوو كه‌ ئه‌وه‌مان له‌یه‌كگرتوو پێشبینی نه‌ده‌كرد، هه‌روه‌ها وتی "هه‌ندێك په‌رله‌مانتاری حیزبه‌كانی تر پێشتر ده‌یان ووت ئێمه‌ داهاتی ناوخۆیی به‌شی هه‌رێم ده‌كات، من حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌وانه‌ ئه‌مڕۆ بێن داهاتی نێوخۆیی بژمێرن و كۆی بكه‌نه‌وه‌، من ده‌ڵێم خۆزگه‌ كوردیش ده‌وڵه‌تی خۆی هه‌بووایه‌ با شه‌ش مانگ-یش مووچه‌مان وه‌رنه‌گرتایه‌، ئێمه‌ ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تمان هه‌بووایه‌، ته‌نها به‌ داهاتی نه‌وتی خۆمان ده‌مان توانی مووچه‌ی خۆمان بده‌ین، دڵنیابه‌ به‌."

" ئه‌مه‌ی له‌ سۆشیال میدیا و له‌ هه‌ندێك هه‌وادارانی پارتی یان یه‌كێتی، ئه‌وانه‌ی خوێنیان سوره‌ یان زه‌رده‌ یان سه‌وزه‌ ، ئه‌مه‌ گوزارشتی هه‌ستی هه‌ندێك خه‌ڵكه‌، كاتیه‌ "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی حیزبه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێت"په‌یوه‌ندی پارتی و یه‌كێتی، په‌یوه‌ندیه‌كی ستراتیژییه‌ ئه‌گه‌ر له‌ڕووی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و ده‌ستكه‌وتی بزاڤی ڕزگاری خوازی كوردستانه‌وه‌ سه‌یری بكه‌ین، سه‌ر هه‌وراز و سه‌ر نشێو هه‌یه‌ له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا، خۆ له‌ شه‌ڕی ناوخۆی "شوم" خراپتر نه‌بووه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێمه‌."

" ئه‌مه‌ی له‌ سۆشیال میدیا و له‌ هه‌ندێك هه‌وادارانی پارتی یان یه‌كێتی، ئه‌وانه‌ی خوێنیان سوره‌ یان زه‌رده‌ یان سه‌وزه‌ ، ئه‌مه‌ گوزارشتی هه‌ستی هه‌ندێك خه‌ڵكه‌ ،كاتیه‌ به‌ڵام پرسیارێك ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی باش نه‌بن، ئه‌م هه‌رێمه‌ی كه‌ به‌ خوێنی شه‌هیده‌كانی هه‌ردوو حیزب بوو، به‌ماندووبونی سه‌ركردایه‌تیه‌كانی هه‌ردوو حیزب ئه‌وانه‌ی شه‌هیدبوون و ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نی خۆیان كردووه‌، ئه‌وانه‌ی ئێستا گه‌نجن و ئه‌وانه‌ی به‌ساڵدا چوون ئه‌م ئه‌زمونه‌یان پاراستووه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ خاوه‌نی فیدڕاڵیه‌تن و ده‌ڵێن ئه‌م دوو حیزبه‌ هیچیان نه‌كردووه‌ به‌دیلی ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ باشه‌ چییه‌؟ به‌دیلێكی باشترمان هه‌یه‌، من ده‌ڵێم نا." فازڵ میرانی وای وت"

"نه‌ برایانی یه‌كێتی ئێمه‌یان بانگهێشت كرد بۆ كۆنگره‌ی خۆیان، نه‌ ئێمه‌ش نامه‌یه‌ك یان بروسكه‌یه‌كمان كرد بۆ كۆنگره‌كه‌یان كه‌ من ده‌ڵێم حه‌ق بوو ئێمه‌ بروسكه‌یان بۆ بكه‌ین "

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان دان به‌سه‌ركردایه‌تی نوێی یه‌كێتی-دا ده‌نێت؟

میرانی وتی"با به‌ كورتی و به‌ كرمانجی پێت بڵێم، ئه‌و دۆخه‌ی له‌ناو خودی یه‌كێتی دا هه‌بوو پێش كۆنگره‌ وای لێكردبوو كه‌ هه‌ندێك په‌یوه‌ندیه‌كانی پارتی و یه‌كێتی سارد ببنه‌وه‌، وه‌ ئه‌و سارد-یه‌ش بوو به‌هۆكاری نه‌ برایانی یه‌كێتی ئێمه‌یان بانگهێشت كرد بۆ كۆنگره‌ی خۆیان، نه‌ ئێمه‌ش نامه‌یه‌ك یان بروسكه‌یه‌كمان كرد بۆ كۆنگره‌كه‌یان كه‌ من ده‌ڵێم حه‌ق بوو ئێمه‌ بروسكه‌یان بۆ بكه‌ین، ئه‌وان بانگهێشتیان نه‌كردیین، بانگهێشتی خه‌ڵكی تریان كردبوو، وتیان ئێمه‌ بانگهێشتی كه‌س ناكه‌ین كه‌چی ئێمه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆن خه‌ڵكی ترمان بینی وه‌كو میوان، ئه‌و مافه‌مان له‌سه‌ریان هه‌بوو له‌میوانه‌كانی تر له‌پێشتر بووین به‌ڵام نه‌ده‌بوایه‌ ئێمه‌ بروسكه‌یان بۆ نه‌نێرین یان كه‌ سه‌ركردایه‌تی تازه‌ هه‌ڵبژێردرا پیرۆزباییان لێ نه‌كه‌ین ئه‌مه‌ خۆمان "ئیعتراف" ده‌كه‌ین كه‌ ده‌بوایه‌ بیكه‌ین به‌ڵام بۆ نه‌مانكرد‌ووه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و هۆكارانه‌ی پێشتر، ئێستاش كه‌ ئه‌وه‌مان نه‌كردووه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌م دابڕانه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت."

" هه‌م جه‌نابی سه‌رۆك هه‌م هه‌موو براده‌رانی مه‌كته‌ب سیاسی ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی نوێی یه‌كێتی ده‌كه‌ین "

فازڵ میرانی جه‌ختیكرده‌وه‌"به‌ڕِاستی-ش ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی نوێی یه‌كێتی ده‌كه‌ین هه‌م جه‌نابی سه‌رۆك هه‌م هه‌موو براده‌رانی مه‌كته‌ب سیاسی ئێمه‌، ئێمه‌ ده‌ست وه‌رناده‌ین له‌ ئیش و كاری نێوخۆیی یه‌كێتی ، هه‌رچی "ده‌رهاوێژه‌كه‌ی" كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی هاتۆته‌وه‌، ئێمه‌ ئه‌وه‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ده‌زانیین، وه‌ دیسان دووباره‌ پیرۆزبایی له‌ سه‌ركردایه‌تی تازه‌ ده‌كه‌ین به‌ هاوسه‌رۆكه‌كانیشه‌وه‌، ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌ركردایه‌تیه‌ نوێه‌ی یه‌كێتی ده‌كه‌ین. براده‌رێك وه‌كو كردار و په‌رچه‌كردارێك گوزارشت لێكده‌داته‌وه‌ ئه‌مه‌ گوزارشت له‌ بۆچوونی ره‌سمی پارتی دیموكراتی كوردستان ناكات."

میرانی ئه‌وه‌شی وت" له‌ڕاستیدا ئێمه‌ دوو ئاراسته‌مان نیه‌، له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێك له‌نێو خۆماندا بیروڕای جیاوازمان هه‌بێت، ئینجا كاته‌، شێوه‌ی مامه‌ڵه‌ كردنه‌، شێوه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ته‌ یان بابه‌تێكی تر به‌ڵام له‌ كۆتاییدا ئێمه‌ یه‌ك ئاراسته‌مان هه‌یه‌، ئه‌و ئاراسته‌یه‌ كه‌ مه‌كته‌بی سیاسی ئاماده‌ی ده‌كات، "جه‌نابی سه‌رۆك" و جێگره‌كه‌ی بڕیاری لێده‌ده‌ن ئه‌وه‌ په‌یڕه‌وی لێده‌كرێت له‌لایه‌ن هه‌موو سه‌ركردایه‌تی پارتیه‌وه‌."

" كێ ده‌ستپێشخه‌ری بكات ئه‌وه‌ جوامێره‌ "

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا بۆ كۆبونه‌وه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتی ئێوه‌ چاوه‌ڕێی ده‌ستپێشخه‌ری یه‌كێتین یا خۆتان ده‌ستپێشخه‌ری ده‌كه‌ن؟

له‌وه‌ڵامدا سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت" كێ ده‌ستپێشخه‌ری بكات ئه‌وه‌ جوامێره‌، كاتی خۆی "عومه‌ر شێخ موس یادی به‌خێر بێت" ده‌یوت به‌رپرسانی ئێمه‌ی كورد له‌به‌غدا سیاسه‌ت ناكه‌ن جوامێری ده‌كه‌ن، من پێم باشه‌ هه‌ردوو لامان جوامێری بكه‌ین چونكه‌ ئه‌مه‌ خزمه‌ته‌ بۆ میلله‌تی خۆمان، وه‌ جوامێری له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی دا ئاسایشی خه‌ڵكی كوردستان سه‌قامگیر ده‌كات وه‌ خه‌ڵكیش چاوه‌ڕوانی ئه‌مه‌ له‌ ئێمه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ نابێته‌ كێشه‌."

" دوای جه‌ژن كۆبونه‌وه‌ی هه‌ردوو مه‌كته‌ب سیاسی ده‌كرێت، ودواتر هه‌وڵ ده‌درێت بۆ كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌..نه‌ ئێمه‌ به‌بێ یه‌كێتی ده‌توانیین بڵێن له‌سلێمانی حكوم ڕانیین"

فازڵ میرانی ده‌شڵێت"خودا یارمه‌تیمان بدات دوای جه‌ژن هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی كۆده‌بنه‌وه‌ وه‌ دوای ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌ب سیاسی هه‌وڵ ده‌ده‌ین كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رزتر له‌وه‌ی مه‌كته‌ب سیاسی (كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌) بكرێت چونكه‌ نه‌ یه‌كێتی به‌بێ پارتی ده‌توانێت به‌رهه‌م و سوود و خۆشی له‌ "ده‌رهاویشته‌كانی" كۆنگره‌كه‌یان بكه‌ن ، نه‌ ئێمه‌ به‌بێ یه‌كێتی ده‌توانیین بڵێن له‌سلێمانی حكوم ڕانیین،چونكه‌ ئێمه‌ و یه‌كێتی ته‌واوكه‌ری یه‌كتریین، كوردستان پێویستی به‌ ئاشته‌واییه‌كی سیاسی هه‌یه‌، حیزبه‌ سیاسیه‌كان پێویستیان به‌ ئاشته‌وایی هه‌یه‌، ئه‌م ئه‌حزابانه‌ كه‌ پێكه‌وه‌ بن جۆرێكه‌ له‌ وه‌فا بۆ میلله‌ت، میلله‌تی ئێمه‌ میلله‌تێكی پاكه‌، پشتیوانی ئێمه‌ ده‌كه‌ن له‌ یه‌كڕیزی."

" حكومه‌تی هه‌رێم فاشل نیه‌ وه‌ك خه‌ڵكێك ته‌مه‌ننا ده‌كه‌ن "

ده‌رباره‌ی ڕه‌خنه‌كان و ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی ده‌ڵێن حكومه‌تی هه‌رێم شكستی هێناوه‌، فازڵ میرانی وتی" حكومه‌ته‌كه‌ حكومه‌تێكی بێ كه‌فائه‌ت نیه‌ و فاشل نیه‌ وه‌كو خه‌ڵكێك ته‌مه‌ننا ده‌كه‌ن، حكومه‌ته‌كه‌ حكومه‌تێكی تۆكمه‌یه‌، وه‌ سێ هێزی سه‌ره‌كی كوردستان به‌شدارن تێیدا، هه‌روه‌ها پێكهاته‌كانی كوردستان به‌شدارن تێیدا، به‌ڵام مه‌سه‌له‌یه‌ك هه‌یه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ هات كێشه‌ی عێراق ده‌ستی پێكرد، نرخی نه‌وت و كۆرۆنا ده‌ستی پێ كرد، قه‌یرانی ئابوری ته‌نها له‌ كوردستان نیه‌ له‌ عێراقه‌ ئه‌م موچانه‌ی كه‌ نه‌دراوه‌ له‌ حكومه‌تی كۆنه‌وه‌ تا ئێستا سێ مانگ له‌ دواوه‌یین، وه‌ ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می شه‌ڕی داعش تا ئێستا."

"ئه‌زمونێكمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ خۆپیشاندان به‌ڵام ئێمه‌ له‌گه‌ڵ توندوتیژی نیین نه‌ له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌ره‌وه‌ نه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌."

ده‌رباره‌ی خۆپیشاندانه‌كانی شاری دهۆك-یش سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت" ئێمه‌ خۆپیشاندان به‌ مافی سروشتی ده‌زانیین، به‌ ئیجازه‌ و به‌شێوه‌ی ڕه‌سمی له‌ یاساكانی ئێمه‌دا هه‌یه‌ هه‌م په‌رله‌مانی ئێمه‌ ئه‌م یاسایه‌ی ده‌ركردووه‌ وه‌ هه‌م له‌ ده‌ستوری ئاینده‌ی كوردستاندا ده‌بێت بچه‌سپێنرێت كه‌ مافی خۆپیشاندان مافی دیموكراتی خه‌ڵكه‌،به‌ڵام ئه‌مه‌ش ڕێو شوێنی خۆی هه‌یه‌ ، خه‌ڵكێك هه‌یه‌ ده‌ڵێت با بڕژێنه‌ شه‌قام به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی حكومه‌ت، خه‌ڵكێش هه‌ن ده‌ڵێن له‌ زۆرینه‌ی دنیا ئه‌وانه‌ی خۆپیشاندان ده‌كه‌ن ده‌بێت مۆڵه‌تی پۆلیس وه‌رگرن بۆ ئه‌وه‌ی پۆلیس پارێزگارییان لێبكات، خاڵی به‌ڕێكردنیان تا خاڵی كۆتاییان دیار بێت، وه‌ یاداشتیان هه‌بێت بۆ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ لاینی په‌یوه‌ندیداره‌، مامۆستاكانی پارتی و یه‌كێتی به‌ هه‌مان شێوه‌ داوای مافی خۆیان ده‌كه‌ن به‌ڵام ده‌بێت مۆڵه‌ت وه‌ربگرن، ئه‌گه‌ر مۆڵه‌تییان وه‌ربگرتایه‌ له‌ پۆلیسی دهۆك مافێكی سروشتی خۆیان بوو هه‌رچه‌نده‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ ده‌بووایه‌ به‌ ئاشتی بێت وه‌ به‌ ئاشتی-ش بووه‌، پێشتر خۆپیشاندان له‌ كوردستان هه‌بووه‌ له‌ 17 شوپاتیش خۆپیشاندان كراوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌زمونێكمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ خۆپیشاندان به‌ڵام ئێمه‌ له‌گه‌ڵ توند وتیژی نیین نه‌ له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌ره‌وه‌ نه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌."

" ڕموزی براده‌رانی یه‌كگرتوو له‌ناو خۆپیشانده‌رانی دهۆك-دا هه‌بوو كه‌ ئه‌وه‌مان له‌یه‌كگرتوو پێشبینی نه‌ده‌كرد "

فازڵ میرانی ئه‌وه‌شی وت" من زۆر بڕوام به‌ میدیای سێبه‌ر نیه‌ ، ئێمه‌ ئه‌گه‌ر به‌ ئه‌سیری میدیای سێبه‌ر و ناسێبه‌ره‌كان بیین ده‌بێت هه‌میشه‌ له‌ سه‌نگه‌ر بین وه‌ میلی كلانشیكۆف له‌یه‌ك بكێشینه‌وه‌، به‌ڵام دیار بوو "ڕموزی براده‌رانی یه‌كگرتوو كه‌ ئه‌وه‌ پێشبینیمان نه‌ده‌كرد له‌ناو خۆپیشانده‌راندا هه‌بوون ، به‌ڵام هێشتا ڕوونكردنه‌وه‌مان پێ نه‌گه‌یشتووه‌، ته‌نانه‌ت یه‌كگرتووی تێدا بێت، ده‌بێت ئیجازه‌ وه‌ربگرن به‌ناوی حیزبیش مافیان هه‌یه‌ خۆپیشاندان بكه‌ن به‌ڵام به‌ ئاگاداری حكومه‌ت، یه‌كگرتوو حیزبێكی مه‌ده‌نی و قانونین ئه‌وان له‌ خه‌ڵكی تر زیاتر په‌یڕه‌وی له‌ یاسا ده‌كه‌ن، وه‌ له‌ خه‌ڵكی تر زیاتر ده‌زانن هه‌نگاوه‌كانی نایاسایی ئه‌گه‌ر كاره‌كه‌ هه‌ڵه‌بوو په‌رچه‌ كرداره‌كه‌ش غه‌ڵه‌ت ده‌بێت، وه‌ میلله‌تی ئێمه‌ پێویستی به‌م كێشانه‌ نیه‌."

میرانی ڕونیكرده‌وه‌" به‌رپرسانی لۆكاڵی یه‌كگرتوو له‌ناو خۆپیشاندانه‌كه‌دا بووه‌، وابزانم به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندیان بووه‌ كابرایه‌ك ناوی بابیرییه‌ برایه‌كی ئه‌ندام سه‌ركردایه‌تی ئێمه‌یه‌، با مرۆڤ واقیعی بێت. من كه‌ ده‌چمه‌ ئه‌و گۆڕه‌پانه‌ گوزارشت له‌خۆم ناكه‌م، خه‌ڵكێك كراسه‌كه‌ی حیزبه‌كه‌ی من ده‌بینێت، من ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر مامۆستاش بێ، به‌ڵام كراسه‌كه‌ی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كگرتووی له‌به‌ر دایه‌."

"من ده‌ڵێم خۆزگه‌ كوردیش ده‌وڵه‌تی خۆی هه‌بووایه‌ با شه‌ش مانگ-یش مووچه‌مان وه‌رنه‌گرتایه‌ "

فازڵ میرانی له‌ كۆتا به‌شی وتووێژه‌كه‌ی ده‌نگی ئه‌مریكا-دا وتی" كورد ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی هه‌بووایه‌ ده‌یتوانی خۆی به‌ڕێوه‌ ببات ئێستا عێراق ئه‌گه‌ر قه‌رزی ده‌ره‌كی نه‌كات ناتوانێت خۆی به‌ڕێوه‌ ببات، سوریا و ئوردن هه‌ر وایه‌، له‌به‌ر ئێستاش من ده‌ڵێم خۆزگه‌ كوردیش ده‌وڵه‌تی خۆی هه‌بووایه‌ با شه‌ش مانگ-یش مووچه‌مان وه‌رنه‌گرتایه‌، ئه‌مه‌ بۆچوونی من نیه‌ به‌ڵكو شعوری ئه‌و مامۆستایانه‌شه‌ كه‌خۆپیشاندان بۆ موچه‌ كردووه‌ چونكه‌ میلله‌تی كورد خوێنی داوه‌ له‌پێناو ئازادیدا له‌پێناوی موچه‌دا نا، به‌ڵام موچه‌ش پێداویستی خه‌ڵكه‌. پرسیارێك دێته‌ پێش ئایا حكومه‌تی ئێمه‌ پاره‌ی هه‌یه‌ مووچه‌ نادات؟ به‌دڵنیایی داهاتی ناوخۆیی ئێمه‌ چه‌نده‌، وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ حكومه‌تی عێراق دێت چه‌نده‌؟ وه‌ حكومه‌تی ئێمه‌ ده‌ستی به‌دابه‌شكردنی به‌شێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كان كردووه‌."

"هه‌ندێك په‌رله‌مانتاری حیزبه‌كانی تر پێشتر ده‌یان ووت ئێمه‌ داهاتی ناوخۆیی به‌شی هه‌رێم ده‌كات، من حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌وانه‌ ئه‌مڕۆ بێن داهاتی نێوخۆیی بژمێرن و كۆی بكه‌نه‌وه‌ "

فازل میرانی ئه‌وه‌شی وت"من پرسیاری ئه‌و خه‌ڵكه‌ش ده‌كه‌م كه‌ هه‌ندێك په‌رله‌مانتاری حیزبه‌كانی تر پێشتر ده‌یان ووت ئێمه‌ داهاتی ناوخۆیی به‌شی هه‌رێم ده‌كات، من حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌وانه‌ ئه‌مڕۆ بێن داهاتی نێوخۆیی بژمێرن و كۆی بكه‌نه‌وه‌، ئێمه‌ ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تمان هه‌بووایه‌، ته‌نها به‌ داهاتی نه‌وتی خۆمان ده‌مان توانی مووچه‌ی خۆمان بده‌ین، دڵنیابه‌ به‌."

please wait

No media source currently available

0:00 0:13:27 0:00


XS
SM
MD
LG