Accessibility links

د.محه‌مه‌د:ئه‌گه‌ر ئه‌م سێ ڕۆژه‌ی جه‌ژن قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ نه‌بووایه‌ ڕه‌نگه‌ ژماره‌ی توشبووانی كۆرۆنا چه‌ندین هێنده‌ی ئێستا زیاتر ببوایه‌


د.محه‌مه‌د قادر خۆشناو وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
د.محه‌مه‌د قادر خۆشناو وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

د.محه‌مه‌د قادر خۆشناو وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت" توش بوونی 6 حاڵه‌ت یان 20 حاڵه‌ت له‌ ڕۆژێكدا له‌هه‌رێمی كوردستان، هێشتا له‌ ئاستی چاوه‌ڕوانكراودان، ئێمه‌ به‌حاڵه‌تێكی وای نابینین كه‌ له‌ كۆنتڕۆڵ ده‌رچوو بێت، ده‌شڵێت" ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌م سێ ڕۆژه‌ی جه‌ژن ئه‌و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیه‌ نه‌بوایه‌ ، به‌ركه‌وتنه‌كان زۆر بوایه‌ ، ئێمه‌ گریمانه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین له‌ڕووی زانستی یه‌وه‌ ژماره‌ی تووشبوانی كۆرۆنا له‌هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین هێنده‌ی ئێستا زیاتر ببوایه‌ چونكه‌ به‌ركه‌وتنه‌كان له‌ ڕۆژی جه‌ژن زۆر ده‌بوون."هه‌روه‌ها وتی" كۆبوونه‌وه‌كانی ناو بازاڕ و شه‌وانی ئیسكان له‌ هه‌ولێر و سه‌هۆڵه‌كه‌ له‌ سلێمانی ، ئه‌و شوێنه‌ گشتیانه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ مزگه‌وته‌كان ، مه‌ترسی ئه‌وانه‌مان نیشانداوه‌، به‌رده‌وام بۆ هاوڵاتیانمان باس كردووه‌، جگه‌ له‌وه‌ی ڕێنمایی پێویستمان داناوه‌."

"ناتوانم بڵێم شه‌پۆلی دووه‌مه‌ به‌ڵام بارودۆخه‌كه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌، سه‌رچاوه‌ی به‌شێكی زۆری تووش بوونی ئه‌و حاڵه‌ته‌ نوێیانه‌ نه‌زانراوه‌ "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستانی عیراق سه‌باره‌ت به‌ژماره‌ی نوێی توشبووانی كۆرۆنا ده‌ڵێت" ژماره‌كان له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی دوایدا گه‌یشتۆته‌ نزیكه‌ی 110 حاڵه‌تی نوێ، ئه‌و ژماره‌یه‌ به‌ڕاستی ژماره‌یه‌كی به‌رزه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان ، ئێمه‌ هێشتا ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌ ئاستی چاوه‌ڕوانكراودا ده‌بینیین، به‌ڵام هه‌ڵكشانێكی زیاد له‌ پێویسته‌ به‌ به‌راورد به‌ ژماره‌كانی دیكه‌ ، ناتوانم پێت بڵێم شه‌پۆلی دووه‌مه‌ به‌ڵام بارودۆخه‌كه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌، وه‌ سه‌رچاوه‌ی به‌شێكی زۆری تووش بوونی ئه‌و حاڵه‌ته‌ نوێیانه‌ نه‌زانراوه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات هه‌ڵگری ئه‌و جۆره‌ په‌تایه‌ ئێستا له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ بوونی هه‌بێت و كه‌سه‌كانی دیكه‌ تووش بكات به‌بێ ئه‌وه‌ی دیاری كرابێت."

"مه‌ترسیه‌كه‌ له‌ ئێستادا به‌رزتره‌ "

د.محه‌مه‌د قادر خۆشناو ئه‌وه‌شی وت" مه‌ترسیه‌كه‌ له‌ ئێستادا به‌رزتره‌ هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ له‌به‌ر هه‌ریه‌كه‌ له‌ بارودۆخی ئابوری هاوڵاتیان بێت یا هۆكارێكی دیكه‌ بێت ئه‌وا قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ هه‌ڵگیرا به‌ركه‌وتنه‌كان یه‌كجار زۆر بووه‌ ، وه‌ به‌ڕاستی پابه‌ندبوون له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ یه‌كجار كه‌م بوویه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش ئه‌م په‌تایه‌ هه‌ر به‌رده‌وامی هه‌یه‌ ، حاڵه‌تی نوێ هه‌ر ده‌ست نیشان ده‌كرێت، بۆیه‌ گریمانه‌ی توش بوونی حاڵه‌تی نوێ شتێكی چاوه‌ڕوانكراوه‌."

"هێشتا له‌توانای وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیدایه‌"

"تاوه‌كو ئاوا ژماره‌كان له‌ ئاستێكی كۆنتڕۆڵ كراودا بمێنێته‌وه‌ ، بۆ نموونه‌ دوێنێ دوو حاڵه‌تی دیكه‌مان دیاری كردووه‌، پێرێ شه‌ش حاڵه‌تمان هه‌بووه‌ ، رۆژی پێشتر بیست حاڵه‌تمان هه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر ژماره‌كان له‌م چوارچێوه‌یه‌ بخولێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ هێشتا له‌توانای وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیدایه‌ ، وه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌توانێت خزمه‌تگوزاری ته‌واو پێشكه‌شی ئه‌و كه‌سانه‌ بكات، به‌ڵام مه‌ترسیه‌كه‌ له‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات ئه‌گه‌ر ئه‌و ژمارانه‌ به‌رز ببنه‌وه‌ و حاڵه‌ته‌كان زۆر تربن، ئه‌گه‌ر ئه‌و شوێنانه‌ی له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌نه‌خۆشخانه‌كان دابین كراوه‌ نه‌توانرێت بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ دابین بكرێت ، ئه‌و كاته‌ بێگومان پێویسته‌ ڕێكاری زۆر توند تر بگرینه‌به‌ر ، له‌ كاتێكدا ژماره‌كان ئاوا به‌رز بێته‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ دووباره‌ ڕابگه‌یه‌نرێته‌وه‌ به‌پێ ی ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه‌ی كه‌ ده‌رده‌چن."د.محه‌مه‌د خۆشناو واده‌ڵێت "

"...ئه‌مانه‌ كاریگه‌ری زۆر زیاتر ده‌بێت له‌ درێژ كردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ "

د.محه‌مه‌د خۆشناو ڕاشیگه‌یاند" تاوه‌كو ئێستا وه‌ك وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هیچ پێشنیارێكمان نیه‌ بۆ درێژ كردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ، به‌ڵام ئێمه‌ زۆر جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌كه‌ پێویسته‌ به‌ به‌رده‌وامی ئه‌و ڕێنماییانه‌ له‌لایه‌ن نه‌خۆشخانه‌كان و فه‌رمانگه‌كان له‌ هه‌مووی سه‌ره‌كی تر له‌لایه‌ن هاوڵاتیان كه‌ كاریگه‌ری له‌ هه‌ر هه‌موویان زیاتره‌ جێ به‌جێ بكرێت، له‌پاراستنی مه‌ودای نێوانیان و گرنگی دان به‌ پاك و خاوێنی و مانه‌وه‌ له‌ماڵه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو پێویست نه‌كات بچنه‌ده‌ر، ئه‌مانه‌ كاریگه‌ری زۆر زیاتر ده‌بێت له‌ درێژ كردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ، ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ڕووبه‌ڕووی ئه‌و په‌تایه‌ ببنه‌وه‌."

"ئه‌گه‌ر حاڵه‌ته‌كه‌ بگاته‌ ئه‌وه‌ی چه‌ند هه‌زار كه‌سێك تۆمار بكرێت، حاله‌تی مردنه‌كان زۆر به‌رز ده‌بێته‌وه‌ ، په‌تای كۆرۆنا هیچ كاتێك له‌ هه‌رێمی كوردستان بنه‌بڕنه‌بووه‌ "

هه‌روه‌ها وتی" كاتێك بۆ نموونه‌ نزیكه‌ی هه‌فته‌یه‌ك هیچ حاڵه‌تێك تۆمار نه‌كرا كه‌ ساردبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان هاوڵاتیان ڕوویدا ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌ میدیاكانیش به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان وایان نیشان ده‌دا كه‌ ئه‌م په‌تایه‌ لێره‌ كۆتایی هاتووه‌، وه‌كو وه‌زاره‌ت جه‌ختمان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ ئه‌م په‌تایه‌ سه‌د له‌ سه‌د بوونی هه‌یه‌ له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌ ، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژماره‌كه‌ی یه‌كجار به‌رزنیه‌ كه‌سانی بێ نیشانه‌ زۆر زیاتر ده‌بن."

د.محه‌مه‌د خۆشناو وتیشی" ئه‌گه‌ر حاڵه‌ته‌كه‌ بگاته‌ ئه‌وه‌ی چه‌ند هه‌زار كه‌سێك تۆمار بكرێت، بێگومان حاله‌تی مردنه‌كان زۆر به‌رز ده‌بێته‌وه‌ ، حاڵه‌تی نیشانه‌داره‌كان ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ نیشانه‌ی په‌تاكه‌یان زۆر به‌رز ده‌بێته‌وه‌ ، په‌تای كۆرۆنا هیچ كاتێك له‌ هه‌رێمی كوردستان بنه‌بڕنه‌بووه‌، ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا بوونیان هه‌بووه‌ بۆته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ كه‌سانی دیكه‌ تووش بكه‌ن ، بۆیه‌ ئێمه‌ وای ده‌بینین و گریمانه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین حاڵه‌تی بێ نیشانه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ هێشتا بوونی هه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ڕێنماییه‌ خۆ پارێزییه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌."

" كامه‌ ڕێكار ئاسانتر بێت بۆ كۆنترۆڵ كردنی ئه‌و په‌تایه‌ ، ئه‌وه‌ به‌كار ده‌هێنیین، هه‌تا قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆش بێت"

"پلانی داهاتومان ده‌وستێته‌ سه‌ر ڕاده‌ی بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌م په‌تایه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌، وه‌ ده‌وستێته‌ سه‌ر ئاستی پابه‌ندبوونی هاوڵاتیان به‌ ڕێنماییه‌كان. ئه‌گه‌ر هاتوو ژماره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی چه‌ندین زیاد نه‌كات وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ ، ئێمه‌ به‌ ئاستێكی قبوڵكراو ده‌یبینین تاوه‌كو ئێستا ڕێنماییه‌كان وه‌كو خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌و مه‌رجه‌ی هاوڵاتیان له‌ته‌نیشت ئێمه‌ شه‌ڕی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م په‌تایه‌ بكه‌ین به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو ژماره‌كان له‌ چه‌ند ڕۆژێكدا چه‌ند هێند بوویه‌وه‌ گه‌یشته‌ 20 و 40 و100 حاڵه‌ت، ئه‌وا ڕێكاره‌كان توندتر ده‌كرێنه‌وه‌." وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم وای وت"

ده‌شڵێت"ڕێكاره‌كانیش كه‌توندتر بكرێت له‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی "جزئی" واته‌ به‌شێك له‌ڕۆژ یان قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی ته‌واوه‌تی بێت .ئیتر كامه‌ ڕێكار ئاسانتر بێت بۆ كۆنترۆڵ كردنی ئه‌و په‌تایه، ئه‌وه‌ به‌كار ده‌هێنیین به‌ڵام له‌ ئێستادا وه‌كو وه‌زاره‌ت بۆ ئه‌م ژماره‌یه‌ ڕێكاری نوێمان نییه‌."

د.محه‌مه‌د خۆشناو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو" ئه‌گه‌ر ژماره‌كه‌ بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ ئێمه‌ ناچاریین قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ڕابگه‌ێنین به‌ڵام وه‌كو وتم بۆ هه‌ر حاڵه‌تێك ئێمه‌ هه‌ڵوێستێكمان ده‌بێت ، له‌ ئێستادا هیچ بڕیارێك نییه‌. ئه‌گه‌ر بگاته‌ ئه‌وه‌، ئێمه‌ پێشنیاری خۆمان بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و بۆ حكومه‌ت ده‌خه‌ینه‌ ڕوو ئه‌گه‌ر مه‌ترسیه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌رز بێت. ئێمه‌ ناچار ده‌بین بۆ سه‌لامه‌تی گیانی هاوڵاتیان هه‌ر ڕێكارێك پێویست بێت بگرینه‌ به‌ربه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی "جزئی" و یان ته‌واوه‌تی بێت . بۆ نموونه‌ ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا به‌شێك له‌ كاته‌كانی ڕۆژ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به‌ته‌واوه‌تی بوو ، به‌شێكی ته‌واوه‌تی نه‌بوو، هه‌ر ڕێكارێك پێویست بێت بۆ هاوڵاتیان ئێمه‌ ده‌یگرینه‌به‌ر ، ئه‌گه‌ر هاتوو مه‌ترسیه‌كه‌ به‌رز بێته‌وه‌."

"توش بوونی 6 حاڵه‌ت یان 20 حاڵه‌ت له‌ ڕۆژێكدا هێشتا له‌ ئاستی چاوه‌ڕوانكراودان، به‌حاڵه‌تێكی وای نابینین كه‌ له‌ كۆنتڕۆڵ ده‌رچوو بێت "

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم ده‌شڵێت" ئێمه‌ هه‌موو كات جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌چه‌ند فاكته‌رێك وای كرد هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌باشی ڕووبه‌ڕووی ئه‌م په‌تایه‌ ببێته‌وه‌، یه‌كه‌م زوو ده‌ست پێكردنی ڕێكاره‌كان . دووه‌م زیادكردنی ژماره‌ی پشكنینه‌كان. سێیه‌م كردنه‌وه‌ی كواره‌نتین كه‌ وای كرد ئه‌و كه‌سانه‌ی گومانی تووش بوونیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هاوڵاتیان تێكه‌ڵ نه‌بن . چواره‌م به‌دواداچوونی به‌رده‌وام بۆ حاڵه‌ته‌كان واته‌ تووش بووه‌كان.ئه‌م چوار خاڵه‌ وای كرد كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ئێمه‌ بتوانیین زۆر خێراو زۆر باش كۆنتڕۆڵی ئه‌م په‌تایه‌ بكه‌ین، ئه‌مانه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك په‌تاكه‌ له‌ناو نابه‌ن به‌ڵكو ژماره‌ی تووش بووان له‌ناكاو به‌رز ناكه‌نه‌وه‌، وه‌ واده‌كات ژماره‌كه‌ له‌ئاستی چاوه‌ڕوانی كراودا بێت ، له‌ ئاستی ئه‌وه‌دا بێت كه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بتوانێت له‌خۆی بگرێت، وه‌ توش بوونی 6 حاڵه‌ت یان 20 حاڵه‌ت له‌ ڕۆژێكدا هێشتا له‌ ئاستی چاوه‌ڕوانكراودان، ئێمه‌ به‌حاڵه‌تێكی وای نابینین كه‌ له‌ كۆنتڕۆڵ ده‌رچوو بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان ڕۆژانه‌ تۆمار ده‌كرێت، كوردستانیش وه‌كو هه‌ر وڵاتێكی دیكه‌ ئه‌م په‌تایه‌ی ڕۆژانه‌ تێیدا تۆمار ده‌كرێت. ئێمه‌ وای نابینیین له‌ كۆنتڕۆڵ ده‌رچوو بێت به‌ڵام ده‌ڵێن مه‌ترسیه‌كه‌ سه‌د له‌ سه‌د به‌رده‌وامه‌."

"هه‌موو ئه‌ووڵاتانه‌ی كۆرۆنایان بچوك بینیوه‌ ئێستا باجه‌كه‌ی به‌گه‌وره‌ترین شێوه‌ده‌ده‌ن "

سه‌باره‌ت به‌ قسه‌ی هه‌ندێك هاوڵاتی كه‌ ده‌ڵێن كۆرۆنا په‌یوه‌ندی به‌نه‌دانی موچه‌ و دۆخی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌؟ د.محه‌مه‌د خۆشناو ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت" به‌داخه‌وه‌ كه‌ بابه‌ته‌كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ی كه‌ په‌یوه‌ست بكرێت به‌و بارودۆخه‌ سیاسیه‌ ناجێگیره‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌، ئێمه‌ پێویسته‌ زۆر زۆر جه‌خت بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كۆرونا په‌یوه‌ندی نیه‌ به‌بابه‌تی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، باری دارایی و سیاسی هه‌رێمی كوردستان ، هه‌رجۆره‌ حاڵه‌تێك له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕووده‌دات پێویسته‌ جیای بكه‌ینه‌وه‌ له‌ په‌تای كۆرۆنا كه‌ په‌تایه‌كی جیهانییه‌ كه‌ هیچ وڵاتێك و هه‌رێمێك ناناسێت، رۆژانه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا ژماره‌ی تووش بووان له‌ 1000 حاڵه‌ت تێپه‌ڕ ده‌كات، ژماره‌ی مردووان ئێستا گه‌یشتۆته ‌100 هه‌زار له‌ئاستی جیهان حاڵه‌تی مردن تۆمار ده‌كرێت. كوردستان به‌ده‌ر نییه‌ له‌و وڵاتانه‌ی دیكه‌ . ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی زه‌نگی مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاستی جیهان لێده‌دات، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێری ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ن ، هه‌موو ئه‌مانه‌ وا ده‌كات به‌چاوێكی دیكه‌وه‌ سه‌یری ئه‌و بابه‌ته‌ بكه‌ین ، گه‌وره‌تر له‌و بابه‌ته‌ بڕوانیین كه‌ له‌ قاڵبێكی سیاسی بچوكدا كۆی بكه‌ینه‌وه‌ . ئه‌گه‌ر هه‌ر بابه‌تێك به‌ هه‌رجۆرێك له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بابڵێن كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر باری دارایی هاوڵاتیان، كۆرۆنا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌كار نایه‌ت ، پێویسته‌ به‌چاوێكی گه‌وره‌تر و جیهانی سه‌یری ئه‌و حاڵه‌ته‌ی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین تێكه‌ڵی نه‌كه‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه‌ی كه‌ له‌ ئێستادا ڕووده‌دات چونكه‌ هه‌موو ئه‌ووڵاتانه‌ی بابه‌ته‌كه‌یان به‌ بچووك گرتووه‌ یان هه‌موو ئه‌ووڵاتانه‌ی كۆرۆنایان بچوك بینیوه‌ ئێستا باجه‌كه‌ی به‌گه‌وره‌ترین شێوه‌ده‌ده‌ن نموونه‌ش ئه‌مه‌ریكا وبه‌ڕازیل-ه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ژماره‌ی مردووان له‌ 100 كه‌س تێده‌په‌ڕێت."

" ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌م سێ ڕۆژه‌ی جه‌ژن ئه‌و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیه‌ نه‌بوایه‌ ، ئێمه‌ گریمانه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ژماره‌كه‌ چه‌ندین هێنده‌ی ئێستا زیاتر ببوایه‌"

سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ له‌ڕۆژانی جه‌ژن ؟ د.محه‌مه‌د قادر خۆشناو وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم ده‌ڵێت" ئه‌و به‌ركه‌وتنه‌ ڕاسته‌وخۆیانه‌ی كه‌ له‌ ڕۆژانی جه‌ژن هه‌یه‌ ، وه‌كو ته‌وقه‌كردن و ماچ و باوه‌ش مه‌ترسیه‌كه‌ یه‌كجار زیاتره‌ له‌وه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ناو مزگه‌وته‌كاندا بێت بێگومان ئه‌ویش مه‌ترسی خۆی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها بازاڕیش به‌هه‌مان شێوه‌ . وه‌ ئێمه‌ وه‌كو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ڕۆژانه‌ به‌ به‌رده‌وامی له‌ڕێگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كان و هه‌ر به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ته‌نانه‌ت خودی پزیشكه‌كان و ئه‌و هاوپیشه‌ به‌ڕێزانه‌ی له‌ به‌شی وشیاری ته‌ندروستی كارده‌كه‌ن ، مه‌ترسی ئه‌و حاڵه‌تانه‌مان بڵاو كردۆته‌وه‌. كۆبوونه‌وه‌كانی ناو بازاڕ و شه‌وانی ئیسكان له‌ هه‌ولێر و سه‌هۆڵه‌كه‌ له‌ سلێمانی ، ئه‌و شوێنه‌ گشتیانه‌ وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ مزگه‌وته‌كان ، مه‌ترسی ئه‌وانه‌مان نیشانداوه‌، به‌رده‌وام بۆ هاوڵاتیانمان باس كردووه‌، جگه‌ له‌وه‌ی ڕێنمایی پێویستمان داناوه‌ له‌ به‌كارهێنانی ماسك و به‌كارهێنانی پاكژكه‌ره‌وه‌ی ده‌ست له‌حاڵه‌تێك كه‌ نه‌توانرێت ده‌سته‌كان بشۆردرێت، ئه‌مانه‌ هه‌ر هه‌مووی ڕێنمایی بوون، به‌ڵام كه‌ زانیمان له‌ جه‌ژندا پابه‌ندبوون كه‌متر جبه‌جێده‌كرێت ، ناچاربووین كه‌ ئه‌وه‌ ڕابگه‌یه‌نیین ، وه‌ ئێمه‌ وای ده‌بینیین كه‌ سوودێكی یه‌كجار زۆری ده‌بێت، ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌م سێ ڕۆژه‌ی جه‌ژن ئه‌و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیه‌ نه‌بوایه‌ ، به‌ركه‌وتنه‌كان زۆر بوایه‌ ، ئێمه‌ گریمانه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین له‌ڕووی زانستی یه‌وه‌ ژماره‌كه‌ چه‌ندین هێنده‌ی ئێستا زیاتر ببوایه‌ چونكه‌ به‌ركه‌وتنه‌كان له‌ ڕۆژی جه‌ژن زۆر ده‌بوون."

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:12 0:00


XS
SM
MD
LG