بەهۆی تووشبونی چەندین كەسی تر لە شارە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و مەترسی تووشبوونی زیاتر و دواگۆڕانکاریەکانی دۆخی تەندروستی و ڕێنمایی و ڕاپۆرتەکانی دامەزراوەکانی وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بڕیاری دا كە ناتوانن دەرگای کامپەسەکانی خوێندن بکەنەوە و دوای تاوتوێکردنی دوا گۆڕانکارییەکانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناو چارەنوسی پرۆسەی خوێندنی ساڵی (2019-2020) بە هەموو بەشە زانستی و مرۆڤایەتیەكان ئەنجامی تێرمی یەكەمیان بۆ ئەژمار دەكرێت بۆ مەبەستی دەرچوون یان دەرنەچوونی ساڵی خوێندن واتا قوتابیان و خوێندكاران تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵ ناكەن نمرەی كۆرسی یەكەمیان بۆ هەژمار دەكرێت.
لە بریارەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەبارەت بە قوتابیان و خوێندكارانی قۆناغی كۆتایی كۆلێژەكانی پزیشكی گشتی و پزیشكی ددان وەها هاتووە كە ئەوان دەنێردرێنە ناو نەخۆشخانەكان بۆ تەواوكردنی لایەنی پراكتیكی وانەكانیان و دواتر هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەنجام دەدرێت لەبری تاقیكردنەوەی كۆتایی ئەمساڵی خوێندن.
لە لایەكی ترەوە لە دوا ئاماری وەزارەتی تەندرۆستی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە كۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان گەیشتە 507 تووشبوو لە نێویاندا 5 مردن هەیە و 403 نەخۆشیش چاكبوونەتەوە و ئێستاش 99 نەخۆش لە ژێر چاودێری پزیشكیدان.