Accessibility links

مەحمود ڕەزا: هیچ چاکسازیـیەک سەرناگرێت ئەگەر ئەو دوو بنەماڵەیە لە ناوخۆی خۆیان چاکسازی نەکەن


هەرچەندە دروشمی کابینەی نۆهەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاکسازییە و بەردەوام لە زاری سەرۆکی وەزیرانیشەوە ئاماژەی بۆ دەکرێت، وەلێ هێشتا کارە کردەییەکانی ئەو چاکسازییەی باس دەکرێن بەرجەستە نەکراون.

مەحمود ڕەزا ئەندامی خولی پیشووی پەرلەمان لە سەر لیستی گۆڕان پێی وایە ئەو چاکسازییە ناتوانن بیکەن و تەنها قسەیە، دەشڵێت "ئەو چاکسازییەی کە باسی دەکەن تەنها قسەیە، من سەیرم کردووە ئەبێت هەمووی یاسای بۆ دەرکرێتەوە، لە ئینشا دەچێت، لە وتارێک دەچێت یەکێک نوسیبێتی، دەنا میکانیزمی دیاری نەکردووە، ناشتوانن بیکەن، دەسەڵاتە ئۆلیگاشییەکە دەڕوخێت. "

لە دنیادا دەسەڵاتێکی دیموکراتی و دادپەروەر کاتێک دێتە ئاراوە کە ئۆپۆزسیۆن هەبێت، گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی ئۆپۆزسیۆن، دوو جارە لە حکومەت بەشدارە، بە واتایەکی تر گۆڕانیش وەکو لایەنەکانی تر بەشدارە لەو حکومەتە، لەو بارەیەوە مەحمود رەزا پێی وایە بەشداریکردنی دووەم جاری گۆڕان، خەیاڵیکی زۆر بەتاڵ بوو، لەو بارەیەوە دەڵێت "ئۆپۆزسیۆن نەماوە، لە خولی یەکەم یەکێک بووم لەوانەی رام وابوو کە بەشداری بکەین، بەڵام بە ئەزمونمان لەگەڵ حکومەت بە کاک نەوشیروانیشەوە بۆمان دەرکەوت بە هیچ شێوەیەک چاکسازی ناکرێت، ئەگەر ئیرادەیەک لە نێو ئەو دوو بنەماڵەیەدا دەرنەکەوێت، خۆی خۆی پاک نەکاتەوە، هیچ هێزێک نییە بتوانێت پاکی بکاتەوە، مەگەر گۆڕانکاری ریشەیی. ئەمانە بوون بە بنەماڵەی ئۆلیگاشی، هەرچی دەسەڵاتە چووەتە دەستیانەوە، سامانی زۆر، هێزی چەکدار، ئەنتەرنێت، نەوت، چوونی گۆڕان بۆ حکومەت شاشی تێگەیشتن بوو، دەنا هیچ هەلومەرجێک نییە بۆ چاکسازی، تاوەکو چەکو سامان بەدەست ئەو دوو بنەماڵەیەوە بێت بە نیازی چاکسازی مەبە."

گۆڕان لەم کابینەیە وەزارەتی دارایی بەدەستەوەیە کە وەزارەتێکی تابڵیی هەستیارو گرنگە، نەخشەی ئابووری هەر وڵات و ناوچەیەک وەزارەتی دارایی دایدەنێت، مەحمود ڕەزا وەزارەتەکەیان بە سندوقێک دەشوبهێنێت و دەشڵێت "وەزیرەکەمان بێ ئاگایە لە داهاتی ئەم هەرێمە، چونکە هەرێمەکە بە ئیرادەی چەند کەسێک بەڕێوە دەچێت، کاتێک وەزیری دارایی نەزانێت داهاتی ئەم هەرێمە چەندە و چۆن سەرف دەکرێت، ئیدی ئەوە وەزارەت نییە، وەزیری دارایی ڕۆڵی ئەمین سندوقی فەرمانگەیەک دەبینێت، لەو بنەماڵەیەوە پارەیەکی دەدەنێ و پێشی دەڵێن چۆن سەرفی بکات."

لە بەشیکی تری وتووێژەکە زۆر بە ڕوونی باوەڕی وایە هیچ گۆڕانکاری و چاکسازی ناکرێت تا لە نێو خۆی ئەو دوو بنەماڵەیەدا ئیرادەیەک دروست نەبێت بۆ چاکسازی، پێشی وایە باشترین بەدیل ئەوەیە کە "پێکهێنانی بەرەیەکی نیشتیمانی سیاسی لە لایەنەکانی جگە لە یەکێتی و پارتی، هەوڵدەن وەک بەدیلی ئەوان خۆیان بناسێنن و بە یەک لیست لە هەڵبژاردن بەشدار بن، هەروەها یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن گۆڕانکاری تیا بکرێت، لە ژێر دەستی ئەو دوو لایەنە دەر بهێنرێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:19:06 0:00
Direct link


XS
SM
MD
LG