فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت: "له ماوه‌ی شه‌ش مانگدا، واته له سه‌ره‌تای ساڵی 2020 تاكو كۆتایی مانگی پێنج 137 هێرشی ئاسمانی و زه‌مینی كراوه، بۆ سه‌ر سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، 135 هێرشییان هی توركیا بووه، و 2 دانه‌یان هی ئێران بووه، ئه‌مه به‌رگری نیه، له ئێران به‌ڵكو به‌پێی ئاماره‌كه بزانه قه‌باره‌ی پێشێلكارییه‌كان له كوێوه زیاتره." ده‌شڵێت: "ئه‌م بابه‌تانه به شێوازی یاسایی و به شێوازی گفتوگۆ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو لایه‌نه‌ی، كه بوونه‌ته هۆكارێك بۆ هاتنی ئه‌و شه‌ڕه له‌ناو هه‌رێمی كوردستاندا، لایه‌كی حكومه‌تی توركیایه و لایه‌كی تری پارتی كرێكارانی كوردستانه، ئه‌وه‌ی تریشیان لایه‌كی كۆماری ئیسلامییه، له‌گه‌ڵ حیزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی‌دا، كه حیزبی دیموكرات و كۆمه‌ڵه و حیزبه‌كانی تره. ئه‌م كێشه‌یه چاره‌سه‌ره‌كه‌ی به مه‌سه‌له‌ی بردنی هێز و له‌شكركێشی نابێت. هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به بۆردومانی فرۆكه‌كان له ناوچه‌كانی سنوری پارێزگای سلێمانی و دهۆك و هه‌ولێر، یاوه‌ر ده‌ڵێت: "حكومه‌تی عیراق ڕێگه ده‌دات، كه فڕۆكه‌ی جه‌نگی بێته ئاسمانی عیراق و هه‌رێمه‌وه، نه‌ك هه‌رێمی كوردستان. به‌هیچ جۆرێك له‌ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان نیه ڕێگە بە فرۆکەی جەنگی بدات بێتە ئاسمانی هەرێمەوە."
"سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزێكی سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقه"
له سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌باره‌ت بە هێرشه‌كانی توركیا له ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانی عێراق ده‌ڵێت: "سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا له ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزێكی سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقه، له هه‌رێمی كوردستان سێ لیوای پاسه‌وانی سنور هه‌یه كه پۆلیسن، فه‌رمانده‌یی یه‌كیان، له هه‌ولێر كه پێیده‌ڵێن فه‌رمانده‌یی یه‌كی پاسه‌وانی سنور، كه پۆلیسن و سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆیه، هه‌موو ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی كه ده‌كرێت له‌سه‌ر سنور، هه‌موو ئه‌و یه‌كانه‌ی كه سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆ-ن، ڕۆژانه دیاریده‌كه‌ن و پێشكه‌شی ده‌كه‌ن به حكومه‌تی فیدڕاڵی عێراق، واته هه‌ر تۆپبارانكردنێك، بۆردومانكردنێك، هاتنه پێشه‌وه‌یه‌كی هه‌ر هێزێك له وڵاتانی دراوسێ بۆ سه‌ر سنوری ده‌وڵه‌تی فیدراڵی عێراق، كه ده‌كه‌وێته هه‌رێمی كوردستان به تایبه‌تی ئێران و توركیا، له سنورن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌شێكی كه‌می سوریایه ئه‌وه هه‌موو ئه‌و یه‌كانه‌ی كه سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆن، هه‌م ئه‌ركی پاراستنی ئه‌و سنورانه‌یان پێسپێردراوه، هەم زانیارییەکان لەوانەوە دەگات بە عێراق. "
فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ڕونیكرده‌وه "وه‌كو هێزێكی فیدراڵی هه‌م ئه‌وانه ڕاسپێراون، كه هه‌ر پێشێلكارییه‌ك هه‌بێت ئه‌وان بیده‌ن به حكومه‌تی فیدراڵی عێراق. وه‌كو ئێمه ئاگادارین هه‌موو پێشێلكاریهكانییان خولهك بهخولهك به‌پێی ڕووداو ئه‌وه‌ی كه بۆردومانی فڕۆكه‌یه، ئه‌وه‌ی كه تۆپبارانه، ئه‌وه‌ی كه ته‌قه‌كردنه به چه‌كی قورس، ڕۆژانه ئه‌وان ئاماری ده‌كه‌ن و ده‌یده‌ن به وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی فیدراڵی عێراق، و وێنه‌یه‌ك ده‌ده‌نه ئێمه وه‌كو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، ئێمه‌ش ئه‌و وێنه‌یه ده‌ده‌ین به نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غداد و نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌یدات به وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی فیدراڵی عێراق، چونكه ئه‌وان لێپرسراون له‌باره‌ی چۆنیه‌تی "موخاته‌به" كردنی وڵاتانی دراوسێ، ده‌رباره‌ی ئه‌و پێشێلكارییانه."
"حكومه‌تی هه‌رێم ناتوانێت ده‌ستوه‌ردان بكات له‌م بابه‌ته‌دا"
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی حكومه‌تی عێراق چی بووه له‌كاتی پهیوهندیكردنییان به توركیا و ئێران له‌سه‌ر هێرشه‌كانییان له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانی-عێراق، یاوه‌ر وتی: "وه‌ڵام ناده‌ن به ئێمه، چونكه ئه‌وان به‌پێی چه‌ند مادده‌یه‌كی ده‌ستور به‌تایبه‌تی مادده‌كانی 109 و 110 ی ده‌ستوری ده‌وڵه‌تی فیدراڵی عێراق ئه‌م بابه‌تانه بابه‌تێكی "حه‌صری" سیادیین". پاراستی سنوری عێراق و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتن له‌سه‌ری، مۆركردنی ڕێكه‌وتننامه، مه‌سه‌له‌ی سنور، ڕێگه‌دان به هه‌ر هێزێكی وڵاتانی ده‌ره‌وه، كه بێته ناو سنور یان هێزێكی خۆیان بڕواته ده‌ره‌وه‌ی سنور، ئه‌مه كراوه‌ته ئه‌ركێكی "حه‌صری سیادی"، كه حكومه‌تی هه‌رێم ناتوانێت ده‌ستوه‌ردان بكات له‌م بابه‌تانه‌دا، چونكه له مادده‌ی (121 )دا دیسان واده‌ڵێت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مافی هه‌یه ده‌سه‌ڵاته یاسایی و جێبه‌جێكاری و دادوه‌رییه‌كانی خۆیان به‌كاربهێنێت جگه له مادده "سیادییه‌كان"، كه "حهصرین" بۆ حكومه‌تی فیدڕاڵی عێراق، له‌به‌رئه‌وه‌ی حكومه‌تی فیدراڵی عێراق خۆی له‌ڕێی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه ئه‌وه‌ی كه ئێمه ئاگاداربوین بانگهێشتی باڵوێزی توركیا و باڵوێزی ئێرانی‌یان كردووه."
هه‌روه‌ها وتی: "سه‌رۆك كۆمار له مادده‌ی 67 له ده‌ستوردا دانراوه، كه وه‌كو كه‌سی یه‌كه‌می لێپرسراو، وه‌كو پارێزه‌ری سیاده‌ی عێراق و سه‌لامه‌تی عێراق و سه‌ربه‌خۆیی عێراق، ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركردووه ئیدانه‌ی ئه‌و بۆردومانانه‌ی كردووه و داوای كردووه كه بۆردومانه‌كان بوه‌ستێت، جگه له‌وه‌ش وه‌كو ئاگادارین كه لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری په‌رله‌مانی عێراق ئه‌وانیش یاداشتێكییان داوه‌ته سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌م كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكرێت، واته سێ ده‌زگای فه‌رمی یاسادانان و جێبه‌جێكردنی عێراق كه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، و سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، و په‌رله‌مانی عێراقن ئه‌وان ئه‌م بابه‌ته‌یان وروژاندووه، وه‌كو بابه‌تێك كه په‌یوه‌ندی به‌عێراقه‌وه هه‌یه".
"حكومه‌تی عیراق ڕێگه ده‌دات كه فڕۆكه‌ی جه‌نگی بێته ئاسمانی عێراق و هه‌رێمه‌وه، نه‌ك هه‌رێمی كوردستان"
فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ده‌ستوری ده‌وڵه‌تی فیدراڵی عێراق ڕێگه پێدراونییه، كه هیچ ڕێكه‌وتنێك بكات له‌گه‌ڵ هیچ وڵاتێكی دراوسێ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئه‌منی و سه‌ربازی، ئه‌م بابه‌ته بابه‌تێكی "سیادییه" ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌وڵه‌تی فیدراڵی، بۆ نموونه ڕۆژانه فڕۆكه‌ی جه‌نگی به ئاسمانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌سوڕێته‌وه و بۆردومان ده‌كات باشه به‌رامبه‌ر به فڕۆكه‌ی جه‌نگی وڵاتان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕێگه ده‌دات بێته ناو ئاسمانی عێراقه‌وه یان ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتێكی "حه‌صری" عێراقی یه كه ڕێگه ده‌دات فڕۆكه‌یه‌كی جه‌نگی بێته ناو ئاسمانی خۆیه‌وه. ئێستا به‌هۆی نه‌خۆشی كۆرۆناوە، عێراق هه‌موو هاتنی فڕۆكه‌یه‌كی گه‌شتیاری قه‌ده‌غه كردووه، بۆ هه‌موو فڕۆكه‌خانه‌كانی. له هه‌رێمی كوردستان ده‌بینیین فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی هیچ فڕۆكه‌یه‌كی تیا گه‌شت ناكات، مه‌گه‌ر فڕۆكه‌یه‌ك بێت بۆ بابه‌تی كارگۆ یان بۆ بابه‌تی ئه‌وانه‌ی یوئێن یان بۆ بابه‌تی نه‌خۆشی".
ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌هێرش و بۆردومانی فڕۆكه‌كانی توركیا، له هه‌رێمی كوردستاندا له ماوه‌كانی ڕابردوودا، زیاتر ڕونیكرده‌وه "ده‌سه‌ڵاتی فڕینی فڕۆكه له ئاسمانی هه‌رێمی كوردستان و له ئاسمانی هه‌موو عێراق "حه‌صری" ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق ناگه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان، واته هه‌رێمی كوردستان نه ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه ڕێگری له‌و فڕۆكانه بكات، كه دێنه ئاسمانه‌كه‌ی خۆی، نه ده‌سه‌ڵاتیشی هه‌یه ڕێگه‌یان بداتێ بێنه ئاسمانه‌كانی خۆی، زۆربه‌ی پێشێلكارییه‌كان كه ده‌كرێن له ڕێی ئاسمانه‌وه‌یه، چونكه له ئاسمانه‌وه بۆردومانی ده‌وروپشتی زاخۆ و ئامێدی، ئاكرێ، سۆران، كونه‌ماسی، ناوچه‌كانی سه‌فره، ناوچه‌كانی قه‌ندیل و ناوچه‌كانی تر دەکرێت، له‌به‌رئه‌وه ده‌ڵێم ئه‌مانه هه‌مووی په‌یوه‌ستن به ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵه‌وه، ده‌وڵه‌تی فیدراڵ ده‌توانێت ئاسمانی خۆی بپارێزێت و ده‌توانێت داوا له‌و وڵاتانه بكات و نه‌هێڵت. ده‌توانێت ڕێگری بكات چونكه هه‌رێمی كوردستان ناتوانێت هیچ ڕێگرییه‌ك بكات، نه له ڕوی یاساییه‌وه، نه له‌ڕوی ڕێكه‌وتنه‌وه، نه له ڕوی سه‌ربازیشه‌وه".
له هه‌رێمی كوردستانیش حكومه‌تی هه‌رێم به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركردووه له‌و باره‌وه، باسی پێشێلكارییه‌كانی كرد، په‌رله‌مانی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركرد و ئیدانهیكرد، ئه‌ندامانی فراكسیۆنه كوردییه‌كان له په‌رله‌مانی عێراق ئه‌وانه‌ی له لیژنه‌ی به‌رگری و ئاسایش-ن، چ ئه‌وانه‌ی فراكسیۆنه جیاكانن داوایان له سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق كردووه به‌په‌له له‌م بابه‌ته بدوێن و چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزنه‌وه. سه‌رۆك كۆمار كه خۆی كه‌سێكی كورده به‌یاننامه‌یه‌كی توندی ده‌ركردووه له سه‌رۆكایه‌تی كۆمار. "فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر وای وت".
"ئه‌مانه هه‌ندێك شتی ناواقیعین كه داوا ده‌كرێت له هه‌رێمی كوردستان "
له‌وه‌ڵامی لێدوانی په‌رله‌مانتارێكی عیراق كه بۆچی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به‌رگری ناكه‌ن له پێشڕه‌وی و هێرشه‌كانی توركیا له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان؟"، ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌م شێوه‌یه وه‌ڵامیدایه‌وه و وتی: "باشه هه‌رێمی كوردستان توانای هه‌یه له‌ڕووی به‌رگرییه‌وه سنوره‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا و له‌گه‌ڵ ئێران، کە 1400 كیلۆمه‌تره بپارێزێت؟ ئایا هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت 1400 كیلۆمه‌تر سنوری خۆی له‌گه‌ڵ دوو ده‌وڵه‌تدا بلۆك بكات به‌ته‌واوه‌تی له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له خانه‌قینه‌وه تاوه‌كو 1000 كیلۆمه‌تر هه‌یه ده‌بێت به‌رامبه‌ر داعش بوه‌ستێت، ئایا له توانای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندایه ده‌توانێت ئه‌و كاره بكات؟ دووه‌م له‌سه‌ر بابه‌تی له‌وجۆره حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت شه‌ڕێك دروست بكات له‌گه‌ڵ دوو ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌دا وه‌كو توركیا و ئێران؟ ئه‌مانه هه‌ندێك شتی ناواقیعین، كه داوا ده‌كرێت له هه‌رێمی كوردستان، چونكه ئه‌م بابه‌ته له‌بنه‌ڕه‌تدا به‌شه‌ڕ چاره‌سه‌ر ناكرێت به‌هیچ شێوازێك، ئه‌م بابه‌تانه به‌شێوازی یاسایی و به‌شێوازی گفتوگۆ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو لایه‌نه‌ی كه بوونه‌ته هۆكارێك بۆ هاتنی ئه‌و شه‌ڕه له‌ناو هه‌رێمی كوردستاندا، لایه‌كی حكومه‌تی توركیایه و لایه‌كی تری پارتی كرێكارانی كوردستانه، ئه‌وه‌ی تریشیان لایه‌كی كۆماری ئیسلامییه له‌گه‌ڵ حیزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی‌دا، كه حیزبی دیموكرات و كۆمه‌ڵه و حیزبه‌كانی تره، ئه‌م كێشه‌یه چاره‌سه‌ره‌كه‌ی به مه‌سه‌له‌ی بردنی هێز و له‌شكركێشی نابێت، به‌ڵكو ده‌بێت به ڕێگای گفتوگۆ بێت، جا كێ ده‌سه‌ڵاتی گفتوگۆی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه؟ بێگومان عێراق ده‌سه‌ڵاتی گفتوگۆی هه‌یه. هه‌رێمی كوردستان ده‌سه‌ڵاتی گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆی نییه"
"له ماوه‌ی شه‌ش مانگدا 137 هێرشی ئاسمانی و زه‌مینی كراوه بۆ سه‌ر سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان"
ده‌رباره‌ی ده‌نگۆی بوونی ڕێككه‌وتنێكی نهێنی له نێوان ئێران و توركیا به ئاگاداری عیراق بۆ هێرشه‌كانی ئه‌و دوو وڵاته، له‌ناو هه‌رێمی كوردستاندا، فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ده‌ڵێت: "ناتوانم بزانم ڕێككه‌وتن هه‌بێت یان نه‌بێت، چونكه من به‌شداری هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك نه‌بووم له نێوانی ئه‌و دوو وڵاته به‌یه‌كه‌وه دانیشن و ڕێكه‌وتنێكی نهێنییان هه‌بێت له‌نێوان یه‌كتریدا، به‌ڵام ئاماره‌كان زیاتر ئه‌و په‌لاماردانانه له‌لایه‌ن توركیاوه‌یه نەک له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه، ئه‌مه به‌رگری نیه له ئێران به‌ڵكو به‌پێی ئاماره بۆ نمونه، له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا واته له سه‌ره‌تای ساڵی 2020 تاكو كۆتایی مانگی پێنج 137 هێرشی ئاسمانی و زه‌مینی كراوه بۆ سه‌ر سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، 135 هێرشیان هی توركیا بووه 2 دانه‌یان هی ئێران بووه، له‌به‌رئه‌وه بزانه قه‌باره‌ی پێشێلكارییه‌كان له كوێوه زیاتره."