Accessibility links

له‌زگین:وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ ئاگاداری ئۆپراسیۆنه‌كه‌ی عیراق نیه‌، دژه‌تیرۆری سلێمانی له‌گه‌ڵ عیراق ڕێككه‌وتووه‌


به‌ڕێز -سه‌ربه‌ست له‌زگین بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
به‌ڕێز -سه‌ربه‌ست له‌زگین بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

سه‌ربه‌ست له‌زگین بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت" ئه‌و هێزه‌ عیراقیانه‌ی له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوو هاتنه‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ده‌یانه‌وێت جێگیربن له‌و ناوچانه‌، هاتنی ئه‌و هێزانه‌ بێ ئاگاداری و هه‌ماهه‌نگی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ش بووه‌ ئه‌گه‌رچی له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه‌ عیراقیه‌ هێزی دژه‌تیرۆری سلێمانی هه‌ماهه‌نگ و به‌شدارن له‌و ئۆپراسیۆنه‌دا ته‌نانه‌ت ئه‌و هێزه‌ی دژه‌تیرۆر ته‌نانه‌ت بێ ئاگاداری وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ كه‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حیزبه‌كه‌ی خۆیانه‌ ئاگادار نیه‌ ئه‌وكاره‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه‌ عیراقیانه‌ كردووه‌، ده‌شڵێت،وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ كاره‌كه‌ی دژه‌تیرۆری سلێمانی پێ خۆش نه‌بوو، ئه‌و كاره‌ خۆیان سه‌ربه‌خۆ كردوویانه‌ واته‌ ئه‌و براده‌رانه‌ی سلێمانی خۆیان ته‌حه‌مولی به‌رپرسیاریه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌ن وه‌ ئێستاش په‌یوه‌ندی ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وه‌ عێراق هاتووه‌ و جێگیرده‌بێت و خاڵی تازه‌ داده‌نێن پێویسته‌ په‌یوه‌ندی به‌ به‌غداده‌وه‌ بكه‌ن ئه‌و داوایانه‌ له‌ ئێمه‌ ده‌كه‌ن، بریكاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێم ئه‌وه‌شی وت "ئه‌و ناوچه‌یه‌ گرنگه‌ له‌ڕووی سه‌رچاوه‌ی سروشتی و ئابوری بۆ هه‌رێمی كوردستان و ده‌بووایه‌ "براده‌رانی سلێمانی زیاتر گرنگیان به‌و ناوچه‌یه‌ بدایه‌، به‌داخه‌وه‌ هه‌ست ده‌كه‌م كه‌ ئیهمالیه‌ك هه‌بێت، هه‌روه‌ها ده‌شڵێت" ئێمه‌ وه‌كو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئاگامان له‌وكاره‌ نیه‌، وه‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌یان كردووه‌ و ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌یان ئه‌نجامداوه‌، خۆیان به‌رپرسن هه‌رشتێك ڕووبه‌ڕوویان بێته‌وه‌ یاخود هه‌رشوێنێك هێزه‌كانی عێراقی لێبێت و جێگیر ببن ته‌حه‌مولی به‌رپرسیاریه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌ولایه‌نانه‌ی كه‌ ئه‌م ئیشه‌یان كردووه‌، عێراقیش به‌بیانوی ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ بۆشاییان هه‌یه‌ ده‌یانه‌وێت هێز له‌و ناوچانه‌ جێگیر بكه‌ن وه‌ ئه‌مه‌ش لێپرسراویه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر براده‌رانی سلێمانی ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیار و هه‌نگاوی ناڕه‌وا ده‌ده‌ن كاری ناڕه‌وا ده‌كه‌ن."

" وه‌كو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئێمه‌نه‌كراوه‌، ئێمه‌ ئاگامان لێی نییه‌ "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ ئۆپراسیۆنی هێزه‌ عیراقیه‌كان له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان وتی" دیاره‌ هێزه‌كانی عێراق به‌پێی به‌رنامه‌یه‌كی خۆیان پێش چه‌ند ڕۆژێك ده‌ستیانكردووه‌ به‌ ئۆپراسیۆنێك له‌ ناوچه‌ی سه‌ر به‌دیاله‌ و نزیك دوزخورماتوو له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی بۆ داماڵین و به‌دواداچوون و چاودێریكردنی جموجۆڵی داعش له‌و شوێنانه‌ چونكه‌ ماوه‌یه‌كه‌ جموجۆڵییان زۆربووه‌ و چالاكی له‌شكری ئه‌نجام ده‌ده‌ن له‌و شوێنانه‌ قوربانی زۆر ده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌ ڕیزه‌كانی هێزه‌كانی ئه‌منی و سوپای عێراق و خه‌ڵكی سیڤلی ئه‌و ناوچانه‌دا ده‌بنه‌ قوربانی به‌پێی به‌رنامه‌یه‌كه‌ ڕه‌نگه‌ ئاراسته‌كردنی "به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی-ش" بێت خۆیشی سه‌ردانی ئه‌و ناوچانه‌ی كردبوو به‌م دواییه‌، ئۆپراسیۆنێكیان ده‌ستپێكردووه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ بۆشایی ئه‌منیان هه‌یه‌ كه‌ هێزی ئه‌منی تێدا نییه‌ ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ چه‌ند ڕۆژێكه‌ به‌رده‌وامه‌."

بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌تیكرده‌وه‌ ئه‌وان ئاگاداری ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ بن له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت" وه‌كو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئێمه‌نه‌كراوه‌، ئێمه‌ ئاگامان لێی نییه‌."

"وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ش ئاگادار نیه‌..وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ كاره‌كه‌ی دژه‌تیرۆری سلێمانی پێ خۆش نه‌بوو، "

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند" وه‌كو وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ هیچ ئاگاداری ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ نه‌بووه‌، پێشتریش په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ نه‌كراوه‌ كه‌ئۆپراسیۆنێك له‌و شوێنانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن هه‌ندێك له‌و شوێنانه‌ ده‌كه‌ونه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی نزیك هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ یان ناوچه‌ی زیاتر بڵێن كورد نشینن، من خۆم له‌گه‌ڵ "به‌ڕێز وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ كاك شۆڕش ئیسماعیل" دوێنێ باسمانكرد ئه‌ویش ئاگای لێنه‌بووه‌ واته‌ وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ كه‌ خۆی ئه‌ندامێكی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌ كادیری مه‌كته‌ب سیاسی و سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حیزبه‌یه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئاگادار نه‌بووه‌ كه‌ هه‌ندێك هێزی دژه‌ تیرۆری سلێمانی به‌شدارییان كردووه‌ له‌و ئۆپراسیۆنه‌ وه‌ ڕێكه‌وتنیان كردووه‌ كه‌ پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی عێراقی به‌شداربن له‌و ئۆپراسیۆنه‌ له‌كاتێكدا وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ هیچ ئاگاداری ئه‌و ئیشه‌ نه‌بووه‌ وه‌ نه‌ده‌بوو هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆری سلێمانی بێ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و بێ وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ كه‌ له‌ خۆیانه‌ به‌شداری ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ بكه‌ن ده‌بوو وه‌زیر ئاگادار بووایه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئاگادارنه‌كراوه‌ وه‌ئاگای لێنه‌بووه‌."

ته‌ئكیدیكرده‌وه‌" به‌ڵێ وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ ئاگای لێنه‌بووه‌، ته‌نانه‌ت ئاگاداریش نه‌كراوه‌ته‌وه‌ له‌و كاره‌، خۆی به‌ ئێمه‌ی وت كه‌ من ئاگام لێ نییه‌ و كه‌س به‌ منی نه‌وتووه‌ خۆی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌یه‌ وله‌ یه‌كێتییه‌ پێویست بوو ئاگادار بێت به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئاگادار نه‌كراوه‌ته‌وه‌."

سه‌ربه‌ست له‌زگین ئه‌وه‌شی وت" دوێنی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ په‌یوه‌ندی به‌ فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی 70 ش كرد، ئه‌وانیش وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ ئاگادار نیین ، به‌ زانیاری ئێمه‌ نه‌كراوه‌ ، ئه‌و به‌شداریه‌ی كه‌ كراوه‌ دیاره‌ هه‌ندێك خه‌ڵكی تر له‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ عێراق ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ كراوه‌ و ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ كراوه‌ كه‌ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ پێكه‌وه‌ بكه‌ن."

"دیاره‌ عیراق بۆ ناردنی ئه‌و هێزه‌ په‌یوه‌ندییان به‌هه‌ندێك كه‌س كردووه‌ كه‌ده‌كرێت پایه‌ی حیزبیان هه‌بێت "

"ده‌بوایه‌ هه‌م حكومه‌تی عێراق هێزه‌كانی عێراق ئه‌گه‌ر بیانویستبایه‌ ئۆپراسیۆنێكی هاوبه‌ش بكه‌ن پێویست بوو یه‌كه‌مجار په‌یوه‌ندی به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بكه‌ن ، وه‌ له‌ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگی و به‌شداری بكرایه‌ پێكه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ بكرایه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دیاره‌ ئه‌وان په‌یوه‌ندییان به‌هه‌ندێك كه‌س كردووه‌ كه‌ده‌كرێت پایه‌ی حیزبیان هه‌بێت وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ن وه‌ له‌ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ ئه‌و هه‌ماهه‌نگی و ئه‌و به‌شدارییه‌ كراوه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای عێراق خۆی ڕایگه‌یاند كه‌ به‌تالیۆنێكی دژه‌ تیرۆری سلێمانی له‌گه‌ڵمان به‌شداره‌ له‌و ئۆپراسیۆنه‌دا ئێستاش له‌و ناوچه‌یه‌ كێشه‌یه‌ك هه‌یه‌ هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌یان ئه‌نجامداوه‌."سه‌ربه‌ست له‌زگین وای وت"

"ئه‌و هێزانه‌ی عیراق ده‌یانه‌وێت جێگیربن له‌و ناوچانه‌ "

بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد ئه‌و هێزانه‌ی عیراق نیازی مانه‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌و ناوچانه‌، له‌و ڕوه‌وه‌ وتی" دیاره‌ ده‌یانه‌وێت جێگیربن له‌و شوێنانه‌ له‌ناوچه‌ی كارێز و ڕێگای نزیكی دووزخورماتوو ده‌گاته‌ جه‌باره‌ و ئه‌و شوێنانه‌، هه‌ندێك ده‌یانه‌وێت خاڵی نوێ دابنێن .به‌ڕاستی ئێمه‌ وه‌كو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئاگامان له‌وكاره‌ نیه‌، وه‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌یان كردووه‌ و ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌یان ئه‌نجامداوه‌، خۆیان به‌رپرسن هه‌رشتێك ڕووبه‌ڕوویان بێته‌وه‌ یاخود هه‌رشوێنێك هێزه‌كانی عێراقی لێبێت و جێگیر ببن ته‌حه‌مولی به‌رپرسیاریه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌ولایه‌نانه‌ی كه‌ ئه‌م ئیشه‌یان كردووه‌."

" ئێستاش په‌یوه‌ندی ده‌كه‌ن ... ئه‌و داوایانه‌ له‌ ئێمه‌ ده‌كه‌ن."

به‌ڵام ئه‌و هێزه‌ی باسی ده‌كه‌یت (دژه‌تیرۆر) ئایا سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم نیه‌ كه‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ڕاسته‌وخۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت خۆی سه‌رپه‌رشتی ده‌كات؟ سه‌ربه‌ست له‌زگین به‌مشێوه‌یه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی" ئه‌و هێزه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ نین و من ئاگادارم وه‌زاره‌تی ناوخۆش ئاگای لێنییه‌ وه‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش یش ئاگایان لێی نییه‌ ،ئه‌و كاره‌ خۆیان سه‌ربه‌خۆ كردوویانه‌ واته‌ ئه‌و براده‌رانه‌ی سلێمانی خۆیان ته‌حه‌مولی به‌رپرسیاریه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌ن وه‌ ئێستاش په‌یوه‌ندی ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وه‌ عێراق هاتووه‌ و جێگیرده‌بێت و خاڵی تازه‌ داده‌نێن پێویسته‌ په‌یوه‌ندی به‌ به‌غداده‌وه‌ بكه‌ن ئه‌و داوایانه‌ له‌ ئێمه‌ ده‌كه‌ن."

واته‌ هاتنی ئه‌و هێزانه‌ی عیراق به‌ بڕوای ئێوه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ فشار له‌سه‌ر هه‌رێم دروست بكرێت تا له‌گه‌ڵ به‌غداد ڕێكبكه‌وێت؟ له‌وه‌ڵامدا بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتی" به‌ڕای من ئه‌و ناوچه‌یه‌ ناوچه‌یه‌كی زۆر گرنگه‌ له‌ڕووی ئابوریه‌وه‌ گرنگی خۆی هه‌یه‌ به‌نیسبه‌ت هه‌رێمی كوردستان، به‌داخه‌وه‌ ده‌بووایه‌ هه‌رچی هێزی باشه‌و ته‌رتیباتی باش له‌ڕووی عه‌سكه‌رییه‌وه‌ له‌وناوچانه‌دا بكرایه‌ به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه‌ دیاره‌ وه‌كو پێویست نییه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ بۆشایی زۆر هه‌یه‌ عێراقیش به‌بیانوی ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ بۆشاییان هه‌یه‌ ده‌یانه‌وێت هێز له‌و ناوچانه‌ جێگیر بكه‌ن وه‌ ئه‌مه‌ش لێپرسراویه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر براده‌رانی سلێمانی ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیار و هه‌نگاوی ناڕه‌وا ده‌ده‌ن كاری ناڕه‌وا ده‌كه‌ن."

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وت" ئه‌وان پێكه‌وه‌ دیاره‌ به‌رنامه‌ی ئۆپراسیۆنه‌كه‌یان داناوه‌ و به‌شداریش بوون له‌گه‌ڵیاندا، له‌ ڕاگه‌یاندن باسكراوه‌، واته‌ ناشاردرێته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا كه‌ ده‌بینن شته‌كه‌ ڕه‌نگه‌ به‌ زیانێكیتر ته‌واو ده‌بێت یان ده‌بێته‌ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك هێزی عێراقی به‌ته‌واوی جێگیرببن له‌ هه‌ندێك شوێنی نوێ له‌و ناوچانه‌، ڕه‌نگه‌ ناڕه‌حه‌تیش بن به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وان ته‌حه‌موولی ئه‌م به‌رپرسیاریه‌ته‌ ده‌كه‌ن."

" ئێمه‌ وه‌كو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ هه‌ر شتێك له‌وێ ڕووبدات به‌رپرسیار نیین."

ده‌رباره‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی باس له‌مه‌ترسی پێكدادان ده‌كه‌ن له‌نێوان ئه‌و هێزانه‌ی عیراق و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌؟ بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتی" ئێمه‌ ته‌مه‌ننا ناكه‌ین هیچ كێشه‌یه‌ك له‌نێوان ئێمه‌ و هێزه‌كانی عێراقی ڕوو بدات به‌تایبه‌تی كه‌ ئێستا حكومه‌تێكی نوێ له‌ عێراق و "به‌ڕێز موسته‌فا كازمی" كێشه‌یه‌ك و كۆسپێكی زۆر له‌به‌رده‌می هه‌یه‌ ئێمه‌ هاوكاریین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت دۆخی عێراق به‌ره‌و سه‌قامگیری باشتر ببات، ئێمه‌ هاوكار ده‌بین به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ی كه‌ سه‌ربه‌خۆ ده‌كرێن به‌ڕاستی شتێكه‌ و ئێمه‌ش نیگه‌رانیین لێی و پێمان خۆش نییه‌ كه‌بكرێن وه‌ ئێمه‌ وه‌كو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ هه‌ر شتێك له‌وێ ڕووبدات به‌رپرسیار نیین."

"ئێمه‌ به‌ڕاستی نیگه‌رانین "

بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه‌ كه‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌و ئۆپراسیۆنه‌ نیگه‌رانن له‌و ڕوه‌وه‌ وتی" ئێمه‌ به‌ڕاستی نیگه‌رانیین ده‌بووایه‌ هه‌مووشته‌كان له‌ شوێنی خۆی و له‌ ڕێگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بكرایه‌ هه‌ر هه‌ماهه‌نگیه‌ك وه‌ ئێمه‌ ئاماده‌یی خۆشمان ده‌ربڕیووه‌ دژی داعش له‌هه‌رشوێنێك بێت به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی عێراق بجه‌نگێین به‌پێی به‌رنامه‌یه‌ك و پلانێك كه‌ ئێمه‌ ڕێكه‌وتنی له‌سه‌ر بكه‌ین به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ تا ئێستا نه‌كراوه‌، پێمان خۆش نییه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی عێراق ڕووبه‌ڕووی هیچ كێشه‌یه‌ك ببینه‌وه‌ نه‌ له‌ ئێستا و نه‌له‌ داهاتووشدا."

"ئه‌و ناوچه‌یه‌ گرنگه‌ و ده‌بووایه‌ "براده‌رانی سلێمانی زیاتر گرنگیان به‌و ناوچه‌یه‌ بدایه‌، هه‌ست ده‌كه‌م كه‌ ئیهمالیه‌ك هه‌بێت"

سه‌ربه‌ست له‌زگین ده‌شڵێت" ئه‌و ناوچه‌یه‌ گرنگه‌ و ده‌بووایه‌ "براده‌رانی سلێمانی زیاتر گرنگیان به‌و ناوچه‌یه‌ بدایه‌ بۆشایی نه‌بووایه‌ و شوێن چۆڵ نه‌بووایه‌ چونكه‌ ناوچه‌یه‌كه‌ له‌ڕووی سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كانه‌وه‌ گرنگی خۆی هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌هه‌رێمی كوردستان یان ئه‌و شوێنانه‌ نزیكن له‌و سه‌رچاوانه‌ی كه‌ سه‌رچاوه‌ی ئابورین بۆ هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌مڕۆ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ست ده‌كه‌م كه‌ ئیهمالیه‌ك هه‌بێت ڕه‌نگه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست نه‌كرابێت چونكه‌ له‌هه‌موو واقیعه‌كاندا ده‌بێت ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ گرنگه‌ و هه‌ستاره‌ پێویسته‌ گرنگی زیاتر به‌و شوێنه‌ بدرێت به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دیاره‌ به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بووه‌."

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وت" ئه‌و شوێنانه‌ زیاتر له‌ژێر لێپرسراوێتی هێزه‌كانی 70 دان كه‌ هێزێكی سه‌ر به‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌، وه‌ ئه‌و هێزانه‌ی ناوخۆیان ده‌نێن دژه‌ تیرۆر سه‌ر به‌ هه‌ندێك كه‌سی دیاریكراون له‌سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی-دا ده‌بووایه‌ گرنگیان زیاتر بدایه‌ به‌و ناوچه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ به‌و شێوه‌یه‌ نه‌هاتایه‌ پێش."

سه‌باره‌ت به‌و شوێنانه‌ی هێزه‌ عیراقیه‌كه‌ی بۆ هاتووه‌؟ بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم وتی" من زۆر شاره‌زای جوگرافی نیم ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من ده‌یزانم ناوچه‌ی كارێزه‌ پێی ده‌ڵێن مه‌فره‌قی كارێز بۆ جه‌باره‌ و لای دوزخورماتوو ئه‌و شۆێنانه‌ن ناوچه‌ی كورمور نزیك ئه‌و ناوچه‌یه‌یه‌ سه‌رچاوه‌ی سروشتی زۆره‌ واته‌ ده‌بوایه‌ گرنگی زیاتر پێش ئێستا بدرایه‌ به‌و شوێنانه‌."

ده‌نگی ئه‌مریكا په‌یوه‌ندیكرد به‌ ده‌زگای دژه‌تیرۆر به‌ڵام ڕایانگه‌یاند به‌وجۆره‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ ناده‌ینه‌وه‌ به‌هۆكااری ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌زگایه‌كی ئه‌منی-ن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:47 0:00


XS
SM
MD
LG