Accessibility links

زیا بترۆس:هه‌ركه‌س له‌خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی هه‌رێمدا پێشێلكاری به‌رامبه‌ركراوه‌ ده‌رگامان كراوه‌یه‌ بابێت سكاڵا لای ئێمه‌ تۆماربكات


زیا بترۆس سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان
زیا بترۆس سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان

زیا بترۆس سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت "ده‌رگای ده‌سته‌كه‌مان كراوه‌یه‌ بۆ هه‌ركه‌سێك له‌خۆیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ناوچه‌ جۆراوجۆره‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێشێێلكاری به‌رامبه‌ر كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بێت سكاڵا لای ئێمه‌ تۆماربكات، وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌شی كه‌ تا ئێستا له‌زینداندان كه‌سوكاره‌كانیان ده‌توانن بێن سكاڵا تۆماربكه‌ن، هه‌ندێك حاڵه‌ت هه‌یه‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار گوێمان لێده‌گرن و هه‌ندێك حاڵه‌ت هه‌یه‌ نه‌خێر گوێ ناگرن ، سه‌باره‌ت به‌ چه‌ند كه‌یسێك له‌وانه‌ی ده‌ستگیركرابوون و به‌وته‌ی خۆیان ئازار درابوون، زیا بترۆس ده‌ڵێت" ئێمه‌ش ڕه‌خنه‌مان گرت كه‌ هه‌ر كه‌سێك كاتێك كه‌ ڕاده‌گیرێت پێویسته‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی مرۆڤانه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت"، هه‌روه‌ها ده‌شڵێت " داخستی كه‌ناڵی ئێن ئاڕتی به‌لای ئێمه‌ وه‌كو ئازادی ڕاده‌ربڕین ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌كه‌ و پێشێل كردنی مافی ئازادی ڕاده‌ربڕین و ڕۆژنامه‌نوسانه‌ "

" نه‌خێر بێده‌نگ نه‌بووین "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا زیا بترۆس ده‌رباره‌ی ده‌ستگیركردنی ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ر و چالاكوان و ڕۆژنامه‌نووس له‌خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌خنه‌ی هه‌ندێك كه‌ده‌ڵێن ده‌سته‌ی مافه‌كانی مرۆڤ بێده‌نگه‌، بترۆس وتی" ئێمه‌ وه‌ك ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ بێده‌نگ نه‌بووین و بێده‌نگیش نابین، وه‌ به‌به‌رده‌وام ئاگاداری ئه‌و ڕه‌وشه‌ین له‌ ساڵانی ڕابردوو هه‌تا ئێستا ده‌سته‌ به‌به‌رده‌وامی هه‌ڵوێستی هه‌بووه‌ ، ئێستاش به‌و خۆپیشاندانه‌ی دوایی نه‌خێر بێده‌نگ نه‌بووین به‌ڵكو به‌رده‌وامین له‌ چاودێری بارودۆخه‌كه‌ هه‌روه‌ها له‌ په‌یوه‌ندیدا بووین له‌گه‌ڵ لایه‌نی حكومی چ پۆلیس چ به‌ ئاسایش، وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌ خۆپیشاندانیان كردووه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه‌سوكاری ئه‌وانه‌ی گیراون به‌ڵام به‌پێی یاسا، هه‌ندێك حاڵه‌ت هه‌یه‌ كه‌ ده‌سته‌ ناتوانێت ده‌ستوه‌ردان بكات مه‌گه‌ر به‌ سكاڵایه‌كی فه‌رمی بێت، ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌ ئه‌و قسه‌یان كردووه‌ هیچ داوایه‌كیان لای ئێمه‌ نه‌نوسیووه‌ جگه‌ له‌وه‌ش كه‌حاڵه‌تێك ده‌بێت بێته‌سه‌ر بابه‌تی مافی گشتی به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئازادی ڕاده‌ربڕین ئێمه‌ چاوه‌ڕێی سكاڵاش ناكه‌ین هه‌ر بۆخۆمان دێینه‌ سه‌ر خه‌ت."

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌شی وت" به‌دڵنیاییه‌وه‌ خۆپیشاندان ئازادی ڕاده‌ربڕینه‌، وه‌مافێكی ده‌ستورییه‌ چ له‌ده‌ستوری عێراق چ له‌ یاسا به‌ركاره‌كانی عێراق، وه‌ هه‌روه‌ها له‌هه‌رێمی كوردستان به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ یاسای ژماره ‌10 یاسای خۆپیشاندان و ڕێكخستنی له‌هه‌رێمی كوردستان مافی ئه‌وه‌ی داوه‌ كه‌ هاوڵاتی به‌ ئازادی ڕای خۆی ده‌ربڕێت و بێته‌ سه‌ر شه‌قام و ڕه‌خنه‌ بگرێت به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ گرژی تێنه‌كه‌وێت و نه‌بێته‌ هۆكارێك بۆ تێكدانی موڵك و ماڵ و سامان و سه‌روه‌تی خه‌ڵك."

"هه‌ندێك جار ده‌بێته‌ هۆكارێك كه‌ خۆپیشانده‌ر "ته‌عه‌دا" له‌ هێزی ئه‌منی ده‌كات ، وه‌ زۆرجاریش په‌رچه‌كردارییان ده‌بێت و لایه‌نه‌ ئه‌منیه‌كان "ته‌عه‌دا" له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ن "

" به‌ڵێ به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كانی پێشووو ئه‌وه‌ی ئێستا و به‌رده‌وام به‌داخه‌وه‌ له‌ عێراق و له‌ هه‌رێمی كوردستان پێشێلكاری هه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تائێستا نه‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ وه‌كو هاوڵاتی وه‌ نه‌داموده‌زگاكانی حكومی ئه‌وانه‌ی به‌رپرسن بۆ ڕێكخستنی خۆپیشاندان نه‌گه‌یشتونه‌ ئه‌م قۆناغه‌وه‌ ڕاهێنانیشان نه‌كردووه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه‌ پێیان ده‌ڵێن به‌رگری شارستانی ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌رده‌چن بۆ ڕێكخستنی خۆپیشانده‌ران نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ قۆناغێك كه‌بزانن چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌كتری بكه‌ن و چۆن مافی یه‌كتر بپارێزن له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌م خه‌ڵكانه‌ كێشه‌یه‌ك له‌نێوانیان دروست ده‌بێت وه‌ هه‌ندێك جار ده‌بێته‌ هۆكارێك كه‌ خۆپیشانده‌ر "ته‌عه‌دا" له‌ هێزی ئه‌منی ده‌كات ، وه‌ زۆرجاریش په‌رچه‌كردارییان ده‌بێت و لایه‌نه‌ ئه‌منیه‌كان "ته‌عه‌دا" له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ن، وه‌ ئێمه‌ هه‌ڵوێستمان هه‌بووه‌." سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان وایوت"

"تۆماركردنی سكاڵا "

زیا بترۆس سه‌باره‌ت به‌ تۆماركردنی سكاڵا له‌لای ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌میانه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی خۆپیشاندانه‌كان پێشێلكارییان به‌امبه‌ر كراوه‌ ده‌ڵێت" هه‌ندێك حاڵه‌ت هه‌یه‌ كه‌ مافی تاكه‌ كه‌سییه‌ و ده‌بێت سكاڵای هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ به‌دواداچوون بۆ حاڵه‌تی تایبه‌تی خۆی بكه‌ین به‌ڵام ئه‌گه‌ر حاڵه‌تێك گشتییه‌ واته‌ كۆمه‌لێك خه‌ڵك كه‌خۆپیشاندانی كرد ئێمه‌ پێویستمان به‌ سكاڵا نییه‌ چونكه‌ ئێمه‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌مان بینیووه‌ و به‌رچاوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ دێینه‌ سه‌ر خه‌ت بێ وه‌رگرتنی سكاڵا، به‌ڵێ له‌سه‌ر خه‌تین و له‌په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامین له‌گه‌ڵ هێزی پۆلیس و ئاسایش."

سه‌باره‌ت به‌و كه‌سانه‌ی تا ئێستا له‌ناو زینداندان؟ بترۆس ده‌ڵێت" كه‌سه‌كه‌ ناتوانێت به‌ڵام كه‌سوكاره‌كه‌ی ده‌توانن ئه‌وه‌ی كه‌ پێمان ده‌كرێت ئێمه‌ سه‌ردانی ئه‌و كه‌سه‌ ده‌كه‌ین، وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌یبینین له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه‌ی كه‌ ده‌ستگیرییان كردووه‌ یان فرمانی ده‌ستگیركردنی داوه‌ بۆئه‌وه‌ی یه‌كه‌مین جار دڵنیابین كه‌ به‌فه‌رمانی دادوه‌ر گیراوه‌ یان نا، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین هه‌نگاوی ئێمه‌یه‌ ئینجا بزانیین ئه‌و مادده‌ یاساییه‌ی كه‌ پێی ڕاگیراوه‌ ئایا گونجاوه‌ به‌دواداچونی بۆ ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر زانیمان فه‌رمانی دادوه‌ره‌ و ڕێكاری یاسای خۆیگرتۆته‌ به‌ر ، ئیتر ڕاده‌ستی دادگا ده‌بێت به‌ڵام به‌دواداچون ده‌كه‌ین له‌ قۆناغه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌."

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان جه‌ختیكرده‌وه‌" ده‌رگای ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ كراوه‌یه‌ ئێمه‌ سكاڵاكه‌ی وه‌رده‌گرین فۆڕمێكی تایبه‌تمان هه‌یه‌ به‌چوار زمان ئه‌م فۆڕمه‌ وه‌رده‌گیرێت زانیاری له‌ كه‌سه‌كه‌ وه‌رده‌گیرێت و یه‌كسه‌ر ئێمه‌ نوسراو ده‌كه‌ین بۆ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ئه‌گه‌ر حاڵه‌ته‌كه‌ زۆر زۆر خراپ بێت و به‌په‌له‌ بێت یه‌كسه‌ر فه‌رمانبه‌ر و تیم ده‌نێرم بۆ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار هه‌تا به‌خێرایی ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌گه‌ر نا پێویستی به‌ قۆناغی تر هه‌یه‌ ئێمه‌ ڕێكاری خۆمان ده‌گرینه‌به‌ر ئه‌گه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌ هاته‌ سه‌ر خه‌ت ته‌واو كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ ده‌ینرینه‌وه‌ بۆ داواكاری گشتی، وه‌ داواكاری گشتی ده‌زگایه‌كیان هه‌یه‌ به‌ناوی مافی گشتی ئه‌وان دێنه‌وه‌ سه‌ر خه‌ت بۆ جوڵاندنی ده‌عواكه‌."

" ئێمه‌ش ڕه‌خنه‌مان گرت كه‌ هه‌ر كه‌سێك كاتێك كه‌ ڕاده‌گیرێت پێویسته‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی مرۆڤانه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت "

سه‌باره‌ت به‌ یه‌كێك له‌خۆپیشانده‌ره‌ ده‌ستگیركراوه‌كانی دهۆك، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ وتی" ئێمه‌ ئاگادار بووین وه‌ تیمی ئێمه‌ له‌ دهۆك بۆ خۆم ڕامسپارد به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی دهۆك چوو سه‌ردانیشی كرد، وه‌ ئێمه‌ش ڕه‌خنه‌مان گرت كه‌ هه‌ر كه‌سێك كاتێك كه‌ ڕاده‌گیرێت پێویسته‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی مرۆڤانه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت ، وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ مافی خۆیه‌تی بۆی دابین بكرێت، هه‌ركاتێك توشی ئه‌شكه‌نجه‌دان بوو یاخود بخرێته‌ ژێر فشارێك جا فشارێكی ده‌روونی بێت یان بایلۆژی بێت یاخود خواردنی بۆ نه‌برێت ئه‌مه‌ "قه‌ید" ده‌كرێت له‌سه‌ر لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كان وه‌ ده‌بێت ئه‌مه‌ سزا بدرێت."

" داخستی كه‌ناڵی ئێن ئاڕتی به‌لای ئێمه‌ وه‌كو ئازادی ڕاده‌ربڕین ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌كه‌ و پێشێل كردنی مافی ئازادی ڕاده‌ربڕین و ڕۆژنامه‌نوسانه‌ "

ده‌رباره‌ی داخستنی نوسینگه‌كانی ئێن ئاڕتی- وه‌ هه‌روه‌ها ده‌نگۆی داخستنی كه‌ناڵه‌كه‌ له‌ڕێگای دادگاوه‌ زیا بترۆس ده‌ڵێت" به‌به‌رده‌وام ئێمه‌ قسه‌مان هه‌بووه‌ به‌تایبه‌تی (ئێن ئاڕ تی) بۆخۆشیان باش ده‌زانن، چه‌ند جارێكیش له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ریان قسه‌م كردووه‌ له‌ حاڵه‌ته‌كانی پێشوو كاتێك هه‌ر حاڵه‌تێك ڕوویدابێت له‌ په‌لاماردان، سوتاندنی كه‌ناڵه‌كه‌یان و گرتنی په‌یامنێره‌كانیان، ئێمه‌ به‌به‌رده‌وامی فشارمان خستۆته‌ سه‌ر لایه‌نه‌كانی ئێره‌ به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ئێن ئاڕ تی ڕوویدا كه‌ سه‌ر به‌لایه‌نێكی ئۆپۆزیسیۆنه‌."

هه‌روه‌ها بتریۆس وتی" داخستی كه‌ناڵه‌كه‌ به‌لای ئێمه‌ وه‌كو ئازادی ڕاده‌ربڕین ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌كه‌ و پێشێلكردنی مافی ئازادی ڕاده‌ربڕین و ڕۆژنامه‌نوسانه‌ به‌ڵام لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار هه‌یه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌ویش وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیرییه‌ پێویسته‌ ئه‌و چاودێری ئه‌م بارودۆخه‌ بكات له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری، وه‌ نه‌كاری میدیاكاری به‌ تایبه‌تی كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌كان و لۆكاڵیه‌كان هه‌تا ئێستا ڕێكنه‌خراون، وه‌ یاسایه‌كی له‌وجۆره‌مان نییه‌ كه‌به‌دواداچوون بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ بكات له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ندێك جار گرژی تێده‌كه‌وێت."

" هه‌ندێك حاڵه‌ت هه‌یه‌ گوێمان لێده‌گرن و هه‌ندێك حاڵه‌ت هه‌یه‌ نه‌خێر گوێ ناگرن "

ڕونیشیكرده‌وه‌" ئێمه‌ لایه‌نێكی چاودێرین، نه‌لایه‌نی جێبه‌جێكارین وه‌ نه‌لایه‌نی دادوه‌رین، ئێمه‌ ئه‌ركمان ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چاودێری بارودۆخه‌كه‌ بكه‌ین بۆ ده‌سنیشانی هه‌ر پێشێلكارییه‌كی مافه‌كانی مرۆڤ كه‌ڕووده‌دات، به‌رزكردنه‌وه‌ی ڕاپۆرت، وه‌ په‌یوه‌ندی كردن به‌ لایه‌نی چ هێزی ئه‌منی چ پۆلیس بێت بۆئه‌وه‌ی بۆیان ده‌ستنیشان بكه‌ینئه‌وه‌ی ده‌كرێت هه‌ڵه‌یه‌ به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌مان نییه‌ كه‌ بڕیار وه‌ربگرین."

ئه‌ی ئه‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیدارانه‌ گوێتان لێده‌گرن؟ له‌وه‌ڵامدا زیا بترۆس ده‌ڵێت" هه‌ندێك حاڵه‌ت هه‌یه‌ گوێمان لێده‌گرن و هه‌ندێك حاڵه‌ت هه‌یه‌ نه‌خێر گوێ ناگرن، به‌دڵنیاییه‌وه‌ گوێ نه‌گرتنی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌ڕاپۆرت و قسه‌ی ئێمه‌ له‌ ڕاپۆتی خۆمان تۆمار ده‌كه‌ین و ده‌ڵێن حاڵه‌تێكی له‌وجۆره‌ ڕوویدا و ویستمان چاره‌سه‌ری بكه‌ین به‌ڵام نه‌كراوه‌ ئێمه‌ ده‌سه‌ڵاتمان نییه‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ داواكاری گشتی ده‌هێنینه‌ سه‌ر خه‌ت."

" كۆی گشتی ژماره‌ی ده‌ستگیركراوانی خۆپیشاندانه‌كان "


سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌ژماره‌ی ده‌ستگیركراوانی ئه‌و دواییه‌ی خۆپیشاندانه‌كان كرد و ڕایگه‌یاند" له‌ ڕانیه‌ 100 كه‌س له‌ سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كان ده‌ستگیركراون، تیمه‌كانی ئێمه‌ كه‌ چوون به‌دواداچونیان كردووه‌ ئێستا كۆتا "ئه‌پده‌یتمان" له‌وێ ئه‌وه‌یه‌ كه‌س نه‌ماوه‌ و هه‌مووی ئازادكراون، له‌ سلێمانی 45 كه‌س له‌گه‌ڵ 7 ڕۆژنامه‌نووس ده‌ستگیركرابوون ئه‌وانه‌ هه‌موویان ئازاد كراون به‌ڵام تا ئێستا لایه‌نێكی سیاسی وه‌كو نه‌وه‌ی نوێ سكاڵای هه‌یه‌ له‌ داواكاری گشتی له‌سه‌ر هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی سلێمانی، سه‌ره‌تا له‌ دهۆك42 كه‌س ده‌ستگیركرابوون ئێستا ته‌نها 2 كه‌س ماوه‌ وه‌ ئه‌و دوو كه‌سه‌ش به‌ مادده‌ی 2 ی خراپ به‌كارهێنانی ئامێری په‌یوه‌ندیه‌كان ده‌ستگیركراون ، له‌ زاخۆ 46 كه‌س ده‌ستگیركرابوون ئێستا 10 كه‌س ماون به‌پێی یاسای خۆپیشاندانی ژماره‌ 10 ئه‌وانه‌ تا ئێستا لای پۆلیسن له‌ ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دان، له‌ هه‌ولێر 72 كه‌س ده‌ستگیركرابوون، ئێستا 7 كه‌س ماوه‌، له‌و 7 كه‌سه‌ هه‌ندێكیان بابه‌تێكی سیاسیان هه‌یه‌ و یه‌كێكیان مامۆستایه‌."

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو" له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ش ئێمه‌ به‌دواداچونمان كردووه‌ كه‌ خۆپیشانده‌ران چوون هه‌موو فایل و كه‌یسه‌كانی شاره‌وانیان سوتاندووه‌ ، وه‌ تیمی ئێمه‌ له‌وێش به‌رده‌وامه‌ به‌ڵام هه‌تا ئێستا داواكاری گشتی هه‌ڵه‌بجه‌ داوای فیلمی ڤیدیۆیی كردووه‌ بۆ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌وانه‌ی كه‌ ئه‌م كاره‌یان كردووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ خۆپیشاندان نییه‌ و ئه‌مه‌ تێكدانه‌."

"ئه‌و خۆپیشاندانه‌ كێشه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاندان بوو له‌ لایه‌ن لایه‌نێكی سیاسیه‌وه‌ "

زیا بترۆس ده‌شڵێت" ئه‌و خۆپیشاندانه‌ كێشه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاندان بوو له‌ لایه‌ن لایه‌نێكی سیاسیه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ڕێكخراوی سیاسی داوا بكات بۆ خۆپیشاندان مافی ڕه‌وای خۆیه‌تی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕازی نییه‌ له‌ سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت به‌ڵام ده‌بێت پابه‌ندبێت به‌ یاسای خۆپیشاندانی ژماره‌ 10، وه‌ هاوڵاتیان زیاتر له‌ڕێكخراوه‌ سیاسیه‌كان مافی خۆیانه‌ چونكه‌ ناڕه‌زایان له‌و بارودۆخه‌یه‌ كه‌ فه‌رمانبه‌ر بێ موچه‌یه‌ و بارودۆخی ئابوری زۆر خراپه‌ ، بارودۆخی ته‌ندروستی زۆر خراپه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ كاتێك كه‌س گوێبیستی هاوڵاتیان نه‌بێت له‌ داموده‌زگاكانی حكومی هیچ چاره‌یان نامێنێت و دێنه‌وه‌ سه‌ر شه‌قام بۆ ڕه‌خنه‌گرتن بۆئه‌وه‌ی ده‌نگیان بگاته‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار, من داوا ده‌كه‌م له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌تایبه‌تی لایه‌نی ئه‌منی و پۆلیس كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی مرۆڤانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران بكه‌ن, داوا ده‌كه‌م له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كه‌به‌دواداچوون بكه‌ن چونكه‌ بارودۆخ و ڕه‌وشی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان زۆر زۆر خراپه‌ له‌ ڕووی ته‌ندروستی و ئابوورییه‌وه‌ . فه‌رمانبه‌ران و ئه‌وانه‌ی كه‌ مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌، ئه‌مه‌ ته‌نها كاریگه‌ری نییه‌ له‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ر و خێزانه‌كه‌ی به‌ڵكو كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر شه‌قام و جوڵانه‌وه‌ی بازرگانی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كه‌ ئێستا هه‌مووی وه‌ستاوه‌. "

please wait

No media source currently available

0:00 0:16:07 0:00


XS
SM
MD
LG