Accessibility links

هێڤیدار ئه‌حمه‌د: ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم بیه‌وێت داهاتی هه‌موو هه‌رێمی كوردستان بهێنێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت پێویستی به‌شه‌ڕی ناوخۆیه‌


 هێڤیدار ئه‌حمه‌د
هێڤیدار ئه‌حمه‌د

هێڤیدار ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی و ئابوری له‌سه‌ر فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت"خۆ ناكرێت پاره‌ ته‌نها بۆ مووچه‌ بێت و بابه‌ته‌كانی تر هه‌مووی ڕابگرین و ئه‌و وڵاته‌ ببێته‌ نموونه‌یه‌كی عێراقی، ئێمه‌ وه‌كو لیژنه‌ی دارایی كه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ت قسه‌ ده‌كه‌ین ده‌ڵێت هه‌رێمی كوردستان ته‌نها مووچه‌ خۆری نییه‌، قوتابخانه‌ كراونه‌ته‌وه‌ چۆن ئه‌م قوتابخانانه‌ ئیداره‌ ده‌كرێن وه‌رزی زستان دێت چۆن سوته‌مه‌نی بۆ خه‌ڵك دابین ده‌كرێت، ڕۆژانه‌ خه‌ڵك پێویستی به‌كاره‌بایه‌ هه‌موو مانگێك 82 ملیۆن دۆلار خه‌رجی كاره‌بایه‌ وێستگه‌ی نوێی كاره‌با داده‌نرێت، كاره‌با بۆته‌ 21 كاتژمێر به‌چی كراوه‌ هه‌مووی به‌پاره‌ كراوه‌، ده‌شڵێت"ئێمه‌ له‌نێوان خراپ و خراپترداین، خراپه‌كه‌ گه‌نده‌ڵیه‌ و خراپتره‌كه‌ شه‌ڕی ناوخۆیه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بیه‌وێت داهاتی هه‌موو هه‌رێمی كوردستان بهێنێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت پێویستی به‌شه‌ڕی ناوخۆیه‌ "

"ڕه‌نگه‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ ناخۆش بێت ئێمه‌ به‌ستراوینه‌ته‌وه‌ به‌ عێراقه‌وه‌... "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی و ئابوری كاروباری دارایی له‌په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد"بابه‌تێك له‌ كوردستان هه‌یه‌ كه‌ زۆر هه‌ستیاره‌ ئه‌ویش بارودۆخی دارایی و ئابورییه‌ هه‌رێمی كوردستان، خۆی به‌پێی ڕاپۆرتی UN بێت به‌شی ئابوری ده‌ڵێت ته‌نها له‌ ساڵی 2020 له‌هه‌موو دنیادا به‌هۆی كۆرۆناوه‌، ئابوری جیهان 8 تریلیۆن و 500 ملیار دۆلار زیانی به‌ركه‌وتووه‌، وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی ئه‌م زیانه‌ بكرێته‌وه‌ 10 ساڵی تر ئه‌گه‌ر نه‌وت به‌رزبۆیه‌وه‌، ئینجا قه‌ره‌بووی ئه‌م زیانه‌ ده‌كرێته‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌شێكه‌ له‌م زه‌ربه‌ ئابوریه‌یه‌ی كه‌ به‌ر هه‌موو دنیا كه‌وتووه‌ چونكه‌ به‌یانی له‌خه‌و هه‌ڵستاون كۆرۆنا ده‌رچووه‌، ئابوری به‌شێوه‌یه‌ك دابه‌زی، هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 45%بۆ 50% پشت به‌داهاتی عێراق ده‌به‌ستێت بۆ دابینكردنی مووچه‌، واته‌ هه‌رێمی كوردستانیش مووچه‌ی دواكه‌وت، ئه‌م دواكه‌وتنی مووچه‌یه‌ بووه‌ هۆی داواكرا وه‌زیری دارایی بێت بۆ لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ڕوونكردنه‌وه‌ بدات كه‌ چی ده‌كرێت و پلانی حكومه‌ت چییه‌؟ ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌ستن گفتوگۆی هه‌موو ئه‌وانه‌مان كرد. "

هێڤیدار ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌شی وت " ڕه‌نگه‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ ناخۆش بێت ئێمه‌ به‌ستراوینه‌ته‌وه‌ به‌ عێراقه‌وه‌، 57% مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت دابین بكات به‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی ، ئه‌و به‌شه‌ی تر كه‌ئێمه‌ به‌ستراوینه‌ته‌وه‌ به‌ عێراق ده‌توانێت عێراق دابینی بكات ده‌ینرێت یان ناینێرێت به‌قسه‌ی وه‌زیری دارایی وتی " كه‌ چوومه‌ ناو دانوستان له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌وه‌ عێراق هه‌ر به‌مه‌به‌ست ده‌یه‌وێت كورد سزا بدات. " "واته‌ مانگانه‌ چه‌ند له‌ گیرفانیدایه‌ ئه‌وه‌نده‌ دابه‌ش ده‌كات ئه‌مه‌ قسه‌ی وه‌زیربوو " ئه‌ی كه‌واته‌ چی ده‌كرێت بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ئه‌گه‌ر مانگێێك به‌غداد ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی نه‌نارد؟ له‌وه‌ڵامدا هێڤیدار ئه‌حمه‌د وتی " ئه‌م پرسیارمان كرد، خۆ گونجاندنه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و داهاته‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ دابه‌ش بكرێت، واته‌ ئه‌و داهاته‌ی كه‌ هه‌رێم هه‌یه‌تی مانگانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ ده‌كات چه‌ند له‌ گیرفانیدایه‌ ئه‌وه‌نده‌ دابه‌ش ده‌كات ئه‌مه‌ قسه‌ی وه‌زیربوو. "

" عێراق ناهێڵێت كورد نینۆكی هه‌بێت سه‌ری خۆی پێ بخورێنێت "

هێڤیدار زیاتر ڕوونیكرده‌وه‌ " مانگانه‌ چه‌ند بۆ داهات ده‌بێت، ئایا هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌رداری جێبه‌جێكردنی هه‌موو پرۆژه‌كان ده‌بێت ، هه‌موو شتێ ده‌وه‌ستێنێت ، شه‌له‌ل ده‌كه‌وێته‌ هه‌موو داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌ دابین بكرێت . ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ له‌ وه‌زیری دارایی حاڵی بووین به‌وه‌ی كه‌ ئه‌ندامی شاندی دانوستانه‌كانی به‌غداد بووه‌ عێراق ناهێڵێت كورد نینۆكی هه‌بێت سه‌ری خۆی پێ بخورێنێت، واته‌ ناهێڵێت جارێكی تر هه‌رێمی كوردستان دینارێكی زیاد هه‌بێت یان له‌ كاتی خۆیدا مووچه‌ بدات، عێراق ده‌ڵێت ئه‌م هه‌رێمه‌ كێشه‌یه‌ بۆ من. "

"به‌شه‌ڕ و به‌ غه‌در هه‌رێمی كوردستان به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ عێراق هه‌رێمی كوردستان به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ ده‌وڵه‌تێكه‌وه‌ كه‌ فاشیلترین ده‌وڵه‌ته‌ له‌هه‌موو دنیا به‌پێی ڕاپۆرتی شه‌فافیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی گه‌نده‌ڵترین ده‌وڵه‌ته‌، هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه‌ له‌و ده‌وڵه‌ته‌. ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ له‌گه‌ڵ عێراق ناهێڵن هه‌رێمی كوردستان سیاسه‌تی ئابوری خۆی دابنێت، ناهێڵن له‌هه‌رێمی كوردستان بانكێكی به‌هێز هه‌بێت، ناهێڵن هه‌رێمی كوردستان قه‌رز وه‌ربگرێت، عێراق هه‌موو ساڵێك به‌ ملیارات دۆلار قه‌رز وه‌رده‌گرێت به‌شی هه‌رێمی كوردستان نادات كه‌چی ئه‌گه‌ر بودجه‌ هه‌بێت بودجه‌ی سیادی له‌به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم ده‌بڕێت له‌سه‌ر هه‌رێم حسابه‌ و هه‌رێمیش لێی سودمه‌ندنیه‌، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر پێی نه‌ڵێن زوڵم و ئه‌و غه‌دره‌ی له‌و میلله‌ته‌ ده‌كرێت ئه‌ی چیه‌."هێڤیدار ئه‌حمه‌د وای وت"

"عیراق بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر پاره‌ به‌هه‌رێمی كوردستان بده‌ن دیسانه‌وه‌ هه‌رێم بیر له‌جیابوونه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ "

هێڤیدار ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌شی وت" عیراق ئێستا بیر ده‌كاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر پاره‌ به‌هه‌رێمی كوردستان بده‌ن دیسانه‌وه‌ هه‌رێم بیر له‌جیابوونه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و خه‌ونه‌ جارێ هه‌ر به‌تاڵ نه‌بووه‌ به‌ڵام پێش 2003 وپێش ڕاپه‌ڕین خۆ هه‌رێمی كوردستان داوای ده‌وڵه‌تی نه‌كرد خه‌ڵكی ئه‌نفال كرد و 4000 گوندی وێرانكرد ئه‌مه‌ كه‌لتور و فه‌رهه‌نگه‌ له‌ عێراق كه‌ هه‌موو جارێك به‌شێوازێك ئه‌م میلله‌ته‌ سزابدرێت، به‌ڕاستیش پێیان ناخۆشه‌ ئه‌م بارودۆخه‌ی كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان دروست بووه‌ وه‌كو عێراق میلیشیا نییه‌ و وه‌كو عێراق به‌رامبه‌ر یه‌كتری نه‌وه‌ستاون، واته‌ هه‌ندێك چیرۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ركه‌وتوو تره‌ له‌ عێراق ده‌یانه‌وێت ئێره‌ش تێكبده‌ن، ئێستا ڕه‌نگه‌ نه‌توانن وه‌كو جاران كیمیابارانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن به‌ڵام قوڕگی هه‌رێمی كوردستانیان گرتووه‌ و پاره‌ی هه‌رێم نانێرن."

"ده‌بوو عیراق هه‌موو مانگێك 453 ملیار دیناربنێرێت، یه‌كسه‌ر كردیه‌ 320 ملیار دینار واته‌ به‌ هه‌وه‌س و به‌ زه‌وق "

هه‌روه‌ها زیاتر وتی" خۆی مووچه‌ ئیلتیزامێكی حكومه‌ته‌ به‌رامبه‌ر به‌ مووچه‌ خۆران كه‌ ده‌بێت دابین بكرێت بارودۆخێك هاته‌ پێش ساڵی 2014 شه‌ڕی داعش بوو، له‌عێراق نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیران بوو یه‌كسه‌ر مووچه‌ و بودجه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی بڕی، عێراق ساڵانه‌ بودجه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان نه‌ناردووه‌ له‌ 2014 وه‌ هه‌تاوه‌كو ئێستا ئه‌م ساڵ 2020 له‌ مانگی 5،6، 7 یه‌ك دیناری نه‌نارد بۆ هه‌رێمی كوردستان، دواتر له‌حه‌قی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی بودجه‌ی 2019ده‌بوو هه‌موو مانگێك 453 ملیار دیناربنێرێت، یه‌كسه‌ر كردیه‌ 320 ملیار دینار واته‌ به‌ هه‌وه‌س و به‌ زه‌وق گریمان خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان نه‌نه‌وتی هه‌یه‌ و نه‌هیچ شتێكی هه‌یه‌ و نه‌ غازی هه‌یه‌ وه‌كو پارێزگاكانی تری عێراق خۆ ده‌بێت مووچه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان دابین بكات."

"ده‌یانه‌وێت خه‌ڵك له‌و سیستمه‌ هه‌ڵبستێت و بڵێن نامانه‌وێت و ده‌مانه‌وێت به‌شێك بین له‌و ده‌وڵه‌ته‌ فاشیله‌ی عێراق. "

سه‌باره‌ت به‌وته‌ی به‌شێك له‌و په‌رله‌مانتاره‌ كوردانه‌ی به‌غداد كه‌ڕایده‌گه‌یه‌نن هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ نیه‌ نه‌وت ڕاده‌ستی حكومه‌تی عیراق بكات، هێڤیدار ئه‌حمه‌د ڕه‌تیكرده‌وه‌ و وتی" من وه‌ڵامی ئه‌وانه‌ ناده‌مه‌وه‌ چونكه‌ به‌شێك له‌وانه‌ی كه‌ ئه‌و قسانه‌ ده‌كه‌ن لای خه‌ڵكی كوردستان كه‌شف بوون، ئه‌وانه‌ بۆ ئه‌جیندای هه‌ندێك لایه‌نی عێراقی ئیش ده‌كه‌ن و به‌ده‌نگی خه‌ڵكی كوردستان چوونه‌ته‌ به‌غداد هه‌رێمی كوردستان له‌ 2019 وه‌ وتویه‌تی من ئاماده‌م نه‌وتی خۆم 250 هه‌زار به‌رمیل ڕاده‌ستی عێراق بكه‌م ، نیوه‌ی داهاتی گومرگه‌كان ڕاده‌ست بكه‌م به‌ڵام عێراق ڕازی نییه‌ واته‌ وه‌كو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بڵێن "حب من طرف واحد" هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت ئه‌مه‌ بكرێت به‌ڵام عێراق ڕازی نییه‌، ساڵی 2015 شاندی هه‌رێمی كوردستان "به‌ڕێز كاك نێجیره‌ڤان بارزانی" سه‌رۆك وه‌زیران بوو، چوونه‌ به‌غداد له‌وێ ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران بوو ، هه‌رێمی كوردستان هه‌موو نه‌وتی خۆی ڕاده‌ستكرد له‌ڕۆژێكدا 560 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی خۆی ته‌سلیم به‌ عێراق كرد ئه‌و كات نه‌وته‌كه‌ش ڕاده‌ستكرا هه‌ر مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی نه‌نارد. ئه‌مه‌ بڕیارێكی سیاسیه‌ دژی هه‌رێمی كوردستان كه‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان سزا بده‌ن، ده‌یانه‌وێت ئه‌م سیستمه‌ی كه‌ له‌هه‌رێم هه‌یه‌ له‌ناوی ببه‌ن، ده‌یانه‌وێت خه‌ڵك له‌و سیستمه‌ هه‌ڵبستێت و بڵێن نامانه‌وێت و ده‌مانه‌وێت به‌شێك بین له‌و ده‌وڵه‌ته‌ فاشیله‌ی عێراق. "

" خۆ ناكرێت پاره‌ ته‌نها بۆ مووچه‌ بێت و بابه‌ته‌كانی تر هه‌مووی ڕابگرین و ئه‌و وڵاته‌ ببێته‌ نموونه‌یه‌كی عێراقی "

جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌په‌رله‌مانی هه‌رێم ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو" ئێمه‌ وه‌كو لیژنه‌ی دارایی كه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ت قسه‌ ده‌كه‌ین ده‌ڵێت هه‌رێمی كوردستان ته‌نها مووچه‌ خۆری نییه‌، قوتابخانه‌ كراونه‌ته‌وه‌ چۆن ئه‌م قوتابخانانه‌ ئیداره‌ ده‌كرێن وه‌رزی زستان دێت چۆن سوته‌مه‌نی بۆ خه‌ڵك دابین ده‌كرێت، ڕۆژانه‌ خه‌ڵك پێویستی به‌كاره‌بایه‌ هه‌موو مانگێك 82 ملیۆن دۆلار خه‌رجی كاره‌بایه‌ وێستگه‌ی نوێی كاره‌با داده‌نرێت، كاره‌با بۆته‌ 21 كاتژمێر به‌چی كراوه‌ هه‌مووی به‌پاره‌ كراوه‌، ئه‌ی نه‌خۆشخانه‌كان هه‌موو مانگێگ بای 6 ملیۆن دۆلار ده‌رمان ده‌كڕدرێت و به‌خۆڕایی ده‌درێت به‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها پێویستی به‌ 19 ملیار دیناره‌ شاره‌كان پاك بكرێته‌وه‌، خۆ ناكرێت پاره‌ ته‌نها بۆ مووچه‌ بێت و بابه‌ته‌كانی تر هه‌مووی ڕابگرین و ئه‌و وڵاته‌ ببێته‌ نموونه‌یه‌كی عێراقی واته‌ بارودۆخه‌كه‌ هه‌مووی تێكبچێت و هه‌موو سێكته‌ری ده‌وڵه‌ت شه‌له‌لی تێبكه‌وێت بۆئه‌وه‌ی بتوانرێت ته‌نها مووچه‌ بده‌یت." به‌ڵام ساڵی ڕابردوو له‌كاتی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ڵێنی پێدانی بڕی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی به‌هاوڵاتیان دا خۆ ئه‌وه‌ وه‌رزی سه‌رما هاته‌وه‌ و تا ئێستا نه‌دراوه‌؟ له‌وه‌ڵامدا هێڤیدار ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت" ئێستا ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌په‌رله‌مان وتی ئێمه‌ پێویستمان به‌ 220 ملیۆن لیتر هه‌یه‌ له‌ ساڵێكدا بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵك دابه‌شی بكه‌ین، عێراق وتویه‌تی من 100 ملیۆن ده‌نێرم باقیه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران وتی ئێمه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین دابینی بكه‌ین، خۆی ئه‌گه‌ر واز له‌ عێراق بهێنیین ئایا هه‌رێمی كوردستان ئه‌و داهاته‌ی كه‌ هه‌یه‌ ده‌توانیین ئیداره‌ی بكه‌ین ئایا هه‌موو پاره‌ی داهاتی هه‌رێمی كوردستان دێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت ئه‌مه‌ پرسیاره‌كه‌یه‌!"

"ئێمه‌ له‌نێوان خراپ و خراپترداین، خراپه‌كه‌ گه‌نده‌ڵیه‌ و خراپتره‌كه‌ شه‌ڕی ناوخۆیه‌ "

من ویستم ئه‌و پرسیاره‌ له‌تۆ بكه‌م ئه‌گه‌ر واز له‌ عێراق بهێنن ئایا هه‌رێمی كوردستان ئه‌و داهاته‌ی كه‌ هه‌یه‌تی ده‌توانێت ئیداره‌ی خۆی بكات؟ له‌وه‌ڵامدا هێڤیدار ئه‌حمه‌د ڕایگه‌یاند" ئێمه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ لیژنه‌ی دارایین ئاگادارین و سه‌ردان ده‌كه‌ین نه‌خێر پاره‌ی هه‌موو داهاتی هه‌رێمی كوردستان نایه‌ته‌وه‌ ده‌ستی حكومه‌ت من به‌ئاشكرا پێت ده‌ڵێم ئێمه‌ له‌نێوان خراپ و خراپترداین، خراپه‌كه‌ گه‌نده‌ڵیه‌ و خراپتره‌كه‌ شه‌ڕی ناوخۆیه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بیه‌وێت داهاتی هه‌موو هه‌رێمی كوردستان بهێنێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت پێویستی به‌شه‌ڕی ناوخۆیه‌ چونكه‌ من به‌ڕاشكاوانه‌وه‌ پێت ده‌ڵێم داهاتی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت له‌سنوری ئیداره‌ی سلێمانی تائێستاش به‌ئاشكرا یه‌ك ئیداره‌یه‌ به‌ڵام له‌ڕووی مه‌یدانییه‌وه‌ دوو ئیداره‌یه‌، پاره‌ی ده‌روازه‌كانی سنوری له‌ سلێمانی له‌ باشماخ و سه‌یرانبه‌ن و له‌ په‌روێزخان هه‌مووی نایه‌نه‌ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت."

" خه‌ڵكی ئیداره‌ی سلێمانی 36%ن، به‌ڵام به‌ته‌نها له‌ 42% ده‌چێت بۆ مووچه‌ له‌ ئیداره‌ی سلێمانی "

هێڤیدار ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌شی وت" به‌ڕاستی پێت ده‌ڵێم ئه‌وه‌مان به‌چاوی خۆمان بینیووه‌، سه‌ردانی مه‌یدانیمان كرددوه‌ به‌ڵێ قاچاخچێتی له‌و ده‌روازانه‌ كراون به‌تایبه‌ت له‌باشماخ به‌ڵگه‌مان لایه‌ به‌ڤیدیۆ لای خۆمان تۆمارمان كردووه‌ به‌نوسراوی ڕه‌سمی لامانه‌ له‌ په‌روێزخان پاره‌كان بۆ هه‌ندێك كه‌سن و بۆ هه‌ندێك حیزبن نایه‌نه‌وه‌ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت، له‌هه‌رێمی كوردستان، خه‌ڵكی سلێمانی ئێستا به‌پێی ئاماره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌ی ئامار و وه‌زاره‌تی پلاندانان خه‌ڵكی ئیداره‌ی سلێمانی 36%ن، به‌ڵام به‌ته‌نها له‌ 42% ده‌چێت بۆ مووچه‌ له‌ ئیداره‌ی سلێمانی، ئه‌م پاره‌یه‌ له‌ هه‌ولێر و دهۆكه‌وه‌ ده‌چێته‌ سلێمانی به‌ڵام ئه‌وان ئاماده‌نیین ئه‌م پاره‌یه‌ بهێننه‌وه‌ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت هه‌رێمی كوردستان ویستی پیشانی بدات كه‌ ئه‌مه‌ یه‌ك هه‌رێمه‌." هێڤیدار ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد" كێشه‌یه‌كی ئه‌منی هه‌بوو به‌ ئیداره‌ی سلێمانی چاره‌سه‌ر نه‌كرا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كه‌وه‌زیره‌كه‌ی یه‌كێتیه‌ هێزێكی نارده‌ زینی وه‌رتێ خه‌ریك بوو بیكه‌نه‌ شه‌ڕی براكوژی واته‌ خه‌ریكبوو ئه‌م هه‌رێمه‌ تێكبده‌ن، ئێستا چۆن ده‌توانم بچمه‌ په‌روێزخان و هێزێك بنێرمه‌ ئه‌وێ و نه‌هێڵم قاچاخچێتی هه‌ندێك كه‌س بكرێت و پاره‌یان لێبستێنم بیكه‌مه‌ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت و ئه‌و پاره‌یه‌ هه‌موو مانگێك بیده‌مه‌ خه‌ڵكی كوردستان، "به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی" لێهاتوترین كه‌سی ناو پارتییه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت، پارتی ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ی دروست بووه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ت نه‌كات وتم له‌نێوان خراپ و خراپتردا ئه‌مه‌ به‌رده‌وام بێت یان شه‌ڕی براكوژی بكرێت."

" هیوادارین هاوكاری كاك قوباد بكرێت له‌ حكومه‌تدا تاهه‌موو ڕۆژێك پارتی به‌كاك قوباد نه‌ڵێت ئه‌وه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ی تۆ ئه‌و دزی و تاڵانییه‌ هه‌یه‌ و پاره‌كه‌ش ناهێننه‌وه‌ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت "

به‌ڵام له‌سلێمانی یه‌كێتی و گۆڕان هاوپه‌یمانی حیزبه‌كه‌ی خۆت-ن له‌حكومه‌ت؟ له‌وه‌ڵامدا هێڤیدار ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت" پارێزگای سلێمانی فه‌قیره‌ هیچی به‌ده‌ست نییه‌، خۆی ده‌زانێت ئه‌م دزیانه‌ ده‌كرێت كاك قوباد پیاوێكی زۆر به‌ڕێزه‌ و له‌ناو پارتی-یش ئه‌م پیاوه‌مان زۆر خۆش ده‌وێت، حه‌زی له‌ئیداره‌یه‌ و حه‌زی له‌و به‌زمه‌ نییه‌ كه‌ له‌وناوچه‌ی ئه‌و ده‌كرێت هیوادارین هاوكاری كاك قوباد بكرێت له‌ حكومه‌تدا ئه‌م پاره‌یه‌ بێته‌وه‌ حكومه‌ت و هه‌موو ڕۆژێك پارتی به‌كاك قوباد نه‌ڵێت ئه‌وه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ی تۆ ئه‌و دزی و تاڵانییه‌ هه‌یه‌ و پاره‌كه‌ش ناهێننه‌وه‌ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت خۆیشی چاك ده‌زانێت ئێمه‌ ویستمان كه‌لێنێكی ئه‌منی پڕبكه‌ینه‌وه‌ وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م وڵاته‌ وایه‌ هه‌تاوه‌كو ئێستا هێزی پێشمه‌رگه‌ یه‌كیان نه‌گرتۆته‌وه‌ دارایی هێشتا یه‌كیان نه‌گرتۆته‌وه‌، تائێستاش 57%پاره‌ هه‌رێمی كوردستان هی هه‌ولێر و دهۆكه‌ ئه‌مه‌ نادادپه‌روه‌ری تێدایه‌ چونكه‌ 43% ئه‌گه‌ر به‌ ڕێژه‌ی نفوسیش بێت ئه‌و ناوچه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ نییه‌، كه‌م بكرێته‌وه‌ قبوڵی ناكه‌ن و ده‌بینه‌ به‌شێك له‌عێراق هه‌موو ڕۆژێك قه‌وانێك لێده‌ده‌نه‌وه‌. ئه‌وه‌ی به‌پاره‌ چاره‌سه‌ر بكرێت زۆر باشتره‌ كه‌ به‌ خوێن چاره‌سه‌ر بكرێت."

"له‌هیچ وڵاتێكی دونیا كه‌ئه‌زمونه‌كه‌یان نزیكی ئێمه‌ بوون و گه‌نده‌ڵیان تێدا بووه‌ چاكسازی به‌ڕۆژێك و به‌كابینه‌یه‌ك و دوو نه‌بووه‌ "

جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی و ئابوری له‌په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ده‌شڵێت" "به‌ڕێز" به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گومرگه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان كاك ساماڵ یه‌كێتیه‌ خۆی وتی پرۆفیشناڵترین ده‌روازه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان، ده‌روازه‌كانی لای پارتی-ین به‌تایبه‌ت ئیبراهیم خه‌لیل، خۆی وتی ئه‌و ده‌روازانه‌ی كه‌ لای سنوری یه‌كێتین له‌به‌رده‌م لیژنه‌ی دارایی وتی به‌ڵێ قاچاخچێتی له‌وێ ده‌كرێت و به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتمان هه‌بێت، ئه‌مه‌ چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت له‌هیچ وڵاتێكی دونیا كه‌ئه‌زمونه‌كه‌یان نزیكی ئێمه‌ بوون و گه‌نده‌ڵیان تێدا بووه‌ چاكسازی به‌ڕۆژێك و به‌كابینه‌یه‌ك و دوو نه‌بووه‌، سه‌نگافوره‌ دوای 46 ساڵ سه‌ركه‌وتنی خۆیان به‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیدا ڕاگه‌یاند، مه‌هاتیر مه‌حه‌مه‌د دوای ساڵی 1981 هاته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات ، 2003 وتی مالیزیا هه‌ندێكم چاك كردۆته‌وه‌ واته‌ كاتی ده‌یه‌وێت." هێڤیدار ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند" ئێمه‌ ده‌ستمان پێكردووه‌، پێویسته‌ حكومه‌ت له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان هه‌ندێك یاسای بۆ ده‌ر بكات به‌یاسا ڕێگه‌یان لێبگرێت، هه‌وڵ بده‌ن په‌رله‌مان ڕۆڵی خۆی ببینێت قۆناغی باش هاتۆته‌ پێش یه‌كه‌مجار دوو هه‌رێمی بوو، دواتر هه‌وڵیاندا بوو به‌یه‌ك هه‌رێمی بوو به‌یه‌ك حكومه‌ت به‌ڵام چه‌ند وه‌زاره‌تێك به‌جیابوون، دواتر وه‌زاره‌تی ناوخۆ هات ئینجا وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و دارایی هات ورده‌ ورده‌ ئێستا حكومه‌ته‌كه‌ پێكه‌وه‌ن ئه‌مه‌ قۆناغی ده‌وێت تاوه‌كو له‌ شه‌ڕێك ده‌رباز ببین،ئێستا شه‌ڕ بۆ گه‌نده‌ڵی وه‌ ئه‌نجامه‌كه‌شی زوو به‌ده‌ست نایه‌ت به‌ڵام ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستان نیه‌تێكی زۆر جددی ده‌بینیین له‌به‌شێك له‌ناو یه‌كێتی و له‌ناو هه‌موو پارتی هه‌ر هه‌مووی كه‌ ده‌یانه‌وێت چاكسازی بكرێت له‌و ده‌روازانه‌ی كه‌ گۆڕان به‌ڕێوه‌به‌ریه‌تی له‌وێش قاچاخچێتی ده‌كرێت واته‌ باته‌نها دروشم به‌ خه‌ڵك نه‌فرۆشن، سه‌رپه‌رشتیاری ده‌روازه‌ی په‌روێزخان گۆڕان و له‌پێش چاوی ئه‌و قاچاخچێتی ده‌كرێت و تاڵانكاری هه‌یه‌ و خۆی بێده‌نگه‌ مانای وایه‌ تۆ شه‌ریكیت یان ڕازیت به‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ ئیتر پێویست ناكات په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان قسه‌یه‌ك به‌خه‌ڵك بفرۆشنه‌وه‌ ئه‌مه‌ ڕاستیه‌كه‌یه‌ ئه‌مه‌ هه‌م قسه‌ی خۆیانه‌ و هه‌م ئێمه‌ به‌ مه‌یدانی چوینه‌ته‌ ئه‌وێ و بینیومانه‌."

please wait

No media source currently available

0:00 0:19:04 0:00


XS
SM
MD
LG