Accessibility links

به‌همه‌ن كاكه‌عه‌بدوڵا: لەمێژووی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردا غاندی و جیڤارا هەیە و زوریش لەوان خەبات و قوربانی دانیان زیاترە


به‌همه‌ن كاكه‌ عه‌بدوڵا-په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان
به‌همه‌ن كاكه‌ عه‌بدوڵا-په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان

به‌همه‌ن كاكه‌ عه‌بدوڵا ئه‌نداممی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ پێشنیازی پڕۆژه‌ یاسای فراكسیۆنه‌كه‌یان (پێشنیازی یاسای هێما نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان) ده‌ڵێت" له‌م پڕۆژه‌ یاسایه‌دا چاومان له‌هه‌موو وڵاته‌ دیموكراسیه‌كان كردووه‌ هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌یاسا تێیدا سه‌روه‌ره‌ بۆنمونه‌ له‌هیندستان بزانه‌ كه‌س ده‌توانێت سوكایه‌تی به‌ غاندی بكات، له‌ ئه‌مه‌ریكای باشور ده‌توانێت سوكایه‌تی به‌ جیڤارا بكات! ئێمه‌ش لەمێژووی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردا غاندی و جیڤارا هەیە و زوریش لەوان خەبات و قوربانی دانیان زیاترە من ناڵێم له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌ن به‌ڵام سه‌ركرده‌ی مێژوویمان هه‌یه‌ بۆیه‌ یاسای (هێما نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان) بۆ هه‌رێمی كوردستان پێویسته" ده‌شڵێت" هه‌ركه‌س و لایه‌نێك به‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ ڕازی نه‌بێت واته‌ ڕازیه‌ به‌وه‌ی كه‌سوكایه‌تی به‌ پیرۆزه‌كانی نیشتمانی بكات، وه‌ له‌دوای ده‌رچوونی یاساكه‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ ڕۆژنامه‌ی وه‌قائیعی كوردستان هه‌ركه‌س ئه‌و سوكایه‌تیه‌ بكات ئه‌وا ئیجرائاتی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، به‌همه‌ن كاكه‌ عه‌بدوڵا ئه‌وه‌شی وت" ئه‌وانه‌ش كه‌ به‌به‌رته‌سكردنه‌وه‌ی ئازادی ده‌زانن له‌ بنه‌ڕه‌تدا لێی تێنه‌گه‌یشتوون و ناشزانن ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ش چیه‌ ! ئه‌وه‌نده‌ی به‌لایانه‌وه‌ گرنگه‌ كه‌شه‌ڕه‌جنێو له‌ فه‌یسبوكدا هه‌بێت ئه‌وه‌نده‌ی به‌لاوه‌ گرنگ نییه‌ شته‌ پیرۆزیه‌كان پارێزراوبن له‌م وڵاته‌"

"ئه‌وه‌ی گرنگه‌ به‌لای ئێمه‌وه‌ پاراستنی مه‌سه‌له‌ی ئاڵا و سرودی نیشتیمانی و ناوی پێشمه‌رگه‌یه‌"

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا به‌همه‌ن كاكه‌ عه‌بدوڵا ئاماژه‌ی به‌پڕۆژه‌ یاسای فراكسیۆنه‌كه‌یان كرد و وتی" له‌هه‌موو دونیادا پیرۆزییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان پیرۆزی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌ و له‌یاسادا پارێزراون، له‌هه‌موو وڵاته‌ سه‌ربه‌خۆكان و له‌هه‌رێمه‌كان له‌ناو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه‌ تازه‌ش دروست بوون به‌ ده‌وڵه‌تی دواكه‌وتوو و پێشكه‌وتووشه‌وه‌ یاسایه‌ك هه‌یه‌ بۆ پاراستنی پیرۆزیه‌ نیشتیمانیه‌كان ئه‌وانه‌ی كه‌ڕه‌مزه‌ نیشتیمانییه‌كان پیرۆزن وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌پرۆژه‌ یاساكه‌ نوسیومانه‌ سرودی نیشتیمانییه‌ له‌گه‌ڵ ئاڵا-دا هه‌روه‌ها پێشمه‌رگه‌ و ڕابه‌ره‌ مێژوویه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی كوردستان."

ڕابه‌ر كێیه‌؟

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا مه‌به‌ست له‌(ڕابه‌ره‌ مێژوویی و ڕزگاریخوازه‌كانی گه‌لی كوردستان )كێن؟ ئایا سه‌ركرده‌ی هه‌موو حیزبه‌كان ده‌گرێته‌وه‌؟ له‌وه‌ڵامدا به‌همه‌ن كاكه‌ عه‌بدوڵا وتی" جارێ له‌یاساكه‌ دیاری نه‌كراوه‌ پێناسه‌ی ڕابه‌ر كێیه‌ و به‌كێ ده‌وترێت ڕابه‌ری بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی كوردستان ئه‌وه‌ له‌یاساكه‌ دواتر ده‌كرێت به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی كوردبوون و سه‌ركرده‌ی ئه‌م گه‌له‌بوون وه‌ ڕۆژێك له‌ڕۆژان له‌خه‌باتی شاخ شۆڕشیان كردووه‌ و سه‌ركردایه‌تی شۆڕشیان كردووه‌ ده‌كرێت ئه‌وانه‌ ڕابه‌ری نه‌ته‌وه‌یی بن و ڕابه‌ری مێژووی كوردبن و حساب بكرێن له‌ناو ئه‌وانه‌دا به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ به‌لای ئێمه‌وه‌ پاراستنی مه‌سه‌له‌ی ئاڵا و سرودی نیشتیمانی و ناوی پێشمه‌رگه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌بینین لێره‌ و له‌وێ هه‌ندێك جار هه‌ندێك خه‌ڵك به‌مه‌ست بێت یان بێ مه‌به‌ست بێت سوكایه‌تی به‌و ڕه‌مزانه‌ ده‌كات كه‌ئه‌مه‌ مایه‌ی قبوڵكردن نییه‌."

" پرۆژه‌ یاساكه‌ پێشكه‌شی په‌رله‌مان كراوه‌ "

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌وه‌شی وت" ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌ پێشكه‌شی په‌رله‌مان كراوه‌ ده‌چێته‌ لیژنه‌ی یاسایی، لیژنه‌ی یاسایی ئه‌ندامانی هه‌موو فراكسیۆنه‌كانی تێدایه‌ له‌وێ ڕاپۆرتی له‌سه‌ر ده‌نوسرێت، دواتر ده‌خرێته‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م وه‌ له‌خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌میش ده‌خرێته‌ به‌رده‌م هه‌موو ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌خوێندنه‌وه‌ی دووه‌مدا هه‌موو ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ڕا و سه‌رنج و پێشنیاریخۆیان ده‌ڵێن دواتر له‌خوێندنه‌وه‌ی سێیه‌م ده‌نگدانی له‌سه‌رده‌كرێت، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌چێته‌ پێش هه‌موو فراكسیۆنه‌كان."

"ئه‌مانه‌ پیرۆزی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانن"

ده‌رباره‌ی ڕه‌خنه‌ی هه‌ندك كه‌ده‌ڵێن هه‌رێمی كوردستان له‌مكاته‌دا له‌چه‌ندین قه‌یران و بێ مووچه‌یی چ پێویست به‌ یاسایه‌كی واده‌كات وه‌ك هه‌ندێك ده‌ڵێن؟ به‌همه‌ن كاكه‌ عه‌بدوڵا به‌مجۆره‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی" ئێمه‌ له‌سه‌ر مووچه‌ چه‌ندین دانیشتنمان كردووه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌په‌رله‌مان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی مووچه‌ هیچ قسه‌یه‌كی نه‌كردبێت ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان زۆرترین دانیشتنی له‌سه‌ر مووچه‌ و بارودۆخی دارایی بووه‌ زیاتر له‌4-5 جار وه‌زیری دارایی بانگ كراوه‌، سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت خۆیان هاتوونه‌ته‌ په‌رله‌مان و ماوه‌ی ده‌ كاتژمێر له‌په‌رله‌مان بوون و پرسیاری مووچه‌ و بارودۆخی دارایییان لێكراوه‌ و بارودۆخی خه‌ڵكیش ده‌زانیین به‌ڵام په‌رله‌مان یاسا داده‌نێت بۆ ئه‌و شتانه‌ی كه‌ بۆشایی یاسایی مان هه‌یه‌ بۆ مه‌سه‌له‌ی پاراستنی پیرۆزییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و نیشتیمانییه‌كانیشمان ئێمه‌ بۆشایی یاساییمان هه‌یه‌ ئه‌مانه‌ پیرۆزی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانن، به‌ته‌نها موڵكی حیزبێك نیین، ئاڵای كوردستان به‌ته‌نها موڵكی پارتی نییه‌ یان موڵكی یه‌كێتی و گۆڕان نیه‌، به‌ڵكو ئه‌مه‌ موڵكی هه‌موو حیزبێكه‌ موڵكی كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو و سۆشیالیست و حیزبی شیوعی و موڵكی خه‌ڵكی كوردی بێلایه‌نیشه‌ ، موڵكی حیزبی و ناحیزبیه‌ موڵكی چه‌پ و ڕاسته‌ ئاڵا ڕه‌مزی هه‌موومانه‌، پێشمه‌رگه‌ ، پێشمه‌رگه‌ی هه‌موومانه‌، واته‌ پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌، به‌بێ "ئینتمای" حیزبی له‌شه‌ڕی داعش هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان بوون به‌پێشمه‌رگه‌، به‌شێكی زۆر خه‌ڵك چوون خۆبه‌خش بوون و سه‌ر به‌هیچ حیزبێك نه‌بوون و شه‌ڕی داعشیان كردووه‌ و ئه‌م نیشتمانه‌یان پاراستووه ئه‌م ئازادییه‌ به‌رهه‌می ئه‌وانه‌."

"دوای ده‌رچوونی ئه‌و یاسایه‌ هه‌ركه‌س ئه‌و سوكایه‌تیه‌ بكات ئه‌وا ئیجرائاتی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت "

به‌همه‌ن كاكه‌ عه‌بدوڵا له‌باره‌ی جێ به‌جێكردنی یاساكه‌وه‌ ده‌ڵێت " ئه‌مه‌ یاسایه‌ك نییه‌ "ئه‌سه‌ری ڕه‌جعی"هه‌بێت بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ڕابردوو قسه‌یان كردووه‌ به‌ڵام پرۆژه‌ یاسایه‌كه‌، كه‌ بوو به‌یاسا به‌دڵنیاییه‌وه‌ دوای ئه‌و به‌رواره‌ی كه‌ له‌ وه‌قائیعی كوردستان بڵاوده‌بێته‌وه‌ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ر كه‌س ئه‌و سوكایه‌تیه‌ بكات ئه‌وا ئیجرائاتی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت به‌ڵام ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌یه‌ك نییه‌ بڵێن تایبه‌ته‌ به‌پارتی به‌ته‌نها یان حیزبێكی تر، مه‌سه‌له‌ی سرودی نیشتیمانییه‌، مه‌سه‌له‌ی پێشمه‌رگه‌ و ئاڵایه‌، مه‌سه‌له‌ی ڕابه‌ره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌ كه‌ژیانی خۆیان كردۆته‌ قوربانی بۆ ئه‌م میلله‌ته‌، له‌هیچ وڵاتێكدا ڕێگه‌ نه‌دراوه‌ سوكایه‌تی به‌ڕه‌مزه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ خۆی بكرێت."

"من بڕوا ناكه‌م له‌كوردستاندا ئه‌وه‌ شتێكی ئاسایی بێت و ئاڵا بكه‌یته‌ پێڵاوی خۆت و ئه‌و شتانه‌ "

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی هه‌ندێك وڵات ئاڵای وڵاته‌كه‌یان ده‌كه‌نه‌ پێڵاو و كه‌ره‌سته‌ی به‌كارهێنان و هه‌تا هه‌ندێكجار جلی ژێره‌وه‌، ئایا به‌پێی ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ ئه‌گه‌ر هاوڵاتیه‌كی كورد به‌وجۆره‌ كه‌لوپه‌ل له‌ ئاڵای كوردستان دروست بكات واتای بێڕێزیه‌ و سزا ده‌درێت؟

به‌همه‌ن كاكه‌ عه‌بدوڵا له‌وه‌ڵامدا وتی"هه‌ر وڵاتێك بۆ وڵاتێك و هه‌ر گه‌لێك بۆ گه‌لێك كلتوری جیاوازی خۆی هه‌یه‌ پێده‌چێت له‌كلتوری وڵاتێكی ئه‌وروپی یان ئه‌مه‌ریكی ئه‌وه‌ شتێكی ئاسایی بێت به‌ڵام من بڕوا ناكه‌م له‌كوردستاندا ئه‌وه‌ شتێكی ئاسایی بێت و ئاڵا بكه‌یته‌ پێڵاوی خۆت و ئه‌و شتانه‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆچوونی كه‌سی خۆمه‌، جارێ له‌پرۆژه‌ یاساكه‌ ئه‌م شتانه‌ دیاری نه‌كراوه‌ كلتوری میلله‌تان جیاوازن به‌ڵام له‌هیچ وڵاتێك كه‌س قبوڵ ناكات به‌ناوی سوكایه‌تی به‌مانای سوكایه‌تی، سوكایه‌تی به‌ ئاڵاكه‌ی بكرێت، وه‌ سوكایه‌تی به‌ "موقه‌ده‌ساتی " بكرێت كه‌مه‌سه‌له‌ی سروده‌ نیشتیمانییه‌كه‌یه‌تی ، مه‌سه‌له‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌یه‌كانیه‌تی، ده‌بینیت له‌ ئه‌مه‌ریكا كێبڕكێی حیزبی هه‌یه‌، كێبڕكێی هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌ له‌نێوان دیموكراتیه‌كان و كۆمارییه‌كان ئه‌وه‌ی نه‌شێت به‌یه‌كتری ده‌كه‌ن به‌ڵام هیچ كامیان سوكایه‌تی به‌ئاڵاكه‌یان ناكه‌ن. "

" ئه‌وكات قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌كرێت كێ له‌به‌ر سروودی نیشتمانی هه‌ڵده‌ستێت وه‌ كێ هه‌ڵناستێت "

هه‌روه‌ها وتی" ئه‌وه‌ی له‌ كوردستاندا هه‌یه‌ سرودی " ئه‌ی ڕه‌قیب" سرودی نیشتیمانییه‌، ئینجا له‌داهاتوو گۆڕانكاری تێدا ده‌كرێت یان نا ئه‌وه‌ قسه‌یه‌كی تره‌."

له‌باره‌ی ئه‌و مشتومڕانه‌ی كه‌هه‌ندێكجار له‌بۆنه‌كاندا دروست ده‌بوون له‌سه‌ر هه‌ڵنه‌ستان له‌به‌ر سروودی نیشتمانی له‌كوردستان؟ به‌همه‌ن كاكه‌ عه‌بدوڵا وتی" كه خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م كرا، دواتر خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ئه‌و ورده‌كاریانه‌ له‌پرۆژه‌ یاساكه‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێت كه‌ چی سوكایه‌تییه‌ و چی سوكایه‌تی نییه‌؟ ئه‌وكات قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌كرێت كێ هه‌ڵده‌ستێت و كێ هه‌ڵناستێت، ئێستا ئه‌م سرووده‌ سرودی نیشتیمانییه‌ ده‌كرێت له‌داهاتووش گۆڕانكاری تێدابكرێت ئه‌وه‌ شتێكی تره‌."

" هه‌ركه‌س پێی ڕازی نه‌بێت، واته‌ ڕازیه‌ به‌وه‌ی كه سوكایه‌تی به‌ پیرۆزه‌كانی نیشتمانی بكات "

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی بۆچوونی فراكسیۆنه‌كانی تر و لایه‌نه‌كانی تر(یه‌كێتی و گۆڕان و لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كان) چیه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ (پێشنیازی یاسای هێما نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان) ئه‌گه‌ری ڕازی نه‌بوونیان به‌و پپڕۆژه‌ یاسایه‌؟

به‌همه‌نی كاكه‌ عه‌بدوڵا وتی" ئه‌مه‌ موڵكی ئێمه‌ نییه‌ به‌ته‌نها هه‌ركه‌س پێی ڕازی نه‌بێت واته‌ ڕازیه‌ به‌وه‌ی كه‌سوكایه‌تی به‌پیرۆزه‌كانی نیشتمانی بكات باوه‌ڕناكه‌م هیچ حیزبێك هه‌بێت پێی خۆش بێت كه‌سوكایه‌تی به‌ئاڵای كوردستان بكرێت، باوه‌ڕیش ناكه‌م هیچ حیزبێك له‌ كوردستان پێی خۆش بێت سوكایه‌تی به‌ناوی پێشمه‌رگه‌ و به‌سرودی نیشتیمانی بكرێت، وه‌ك بینیشمان له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا كه‌ له‌سه‌ر لقی پێنجی پارتی له‌ به‌غداد ئاڵای كوردستان سوتا هه‌موو حیزبه‌كان هه‌ڵوێستێكی زۆر جوانیان هه‌بوو كه‌ئیدانه‌ی ئه‌و كاره‌یان كرد وه‌ ئه‌وه‌یان به‌ به‌زاندنی هێڵی سوور زانی."

به‌ڵام ئایا پێت وانیه‌ دیاریكردنی ئه‌و سزایه‌ زۆر بێت؟ له‌وه‌ڵامدا به‌همه‌ن كاكه‌ عه‌بدوڵا وتی" ئه‌مه‌ دواتر ئه‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وانه‌ی كه‌ یاسایین له‌لیژنه‌یی یاسایی و له‌ناو دانیشتنی په‌رله‌مان، سزاكان به‌و شێوه‌یه‌ دیاری ده‌كرێن ئیتر چه‌ند زۆره‌ و چه‌ند كه‌مه‌ ئه‌و كاته‌ دیاری ده‌كرێت."

"لای من ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌سته‌كه‌ پاراستنی ئه‌و پیرۆزیه‌ نیشتمانیانه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ مه‌به‌سته‌كه‌ سزادانی خه‌ڵك نییه‌، ئه‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌نیه‌ بته‌وێت سزای خه‌ڵك بده‌یت ئه‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی بۆ خه‌ڵكی خۆت دیاری بكه‌یت وه‌ به‌خه‌ڵكی خۆت بڵێت لای ئێمه‌ و ئێوه‌ پیرۆزه‌."به‌همه‌ن كاكه‌ عه‌بدوڵا وای وت"

"یاساكه‌ هه‌موو كه‌س ده‌گرێته‌وه‌ "

به‌همه‌ن كاكه‌ عه‌بدوڵا جه‌ختیكرده‌وه‌" هه‌ركه‌س له‌هه‌ر پله‌ و پۆستێكدا بێت و سوكایه‌تی به‌و پیرۆزیه‌ نیشتیمانیانه‌ بكات به‌دڵنیاییه‌وه‌ یاساكه‌ ده‌یگرێته‌وه‌ چونكه‌ یاسا بۆ هه‌موو كه‌سه‌ بۆ خه‌ڵكێكی بێ ده‌سه‌ڵات نیه‌ و خه‌ڵكێكی ده‌سه‌ڵاتدار لێی ده‌رباز بێت، واته‌ هه‌موو كه‌س ده‌بێت وه‌كو یه‌ك ڕێزی لێ بگرێت له‌منداڵێكی ئه‌م وڵاته‌ و له‌خه‌ڵكێكی بێلایه‌ن و لایه‌نداره‌وه‌ هه‌تاوه‌كو ده‌گاته‌ به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م وڵاته‌ كه‌سه‌رۆكی هه‌رێمه‌، ئه‌مه‌ بۆ هه‌موومانه‌ ئاڵا و سرودی نیشتیمانی و پێشمه‌رگه‌ پیروزه‌ لای هه‌موومان خه‌ڵك ئازاده‌ ڕقی له‌حیزبه‌كه‌ی منه‌ كه‌حوكمڕانه‌ قسه‌ی پێ بڵێت و ڕه‌خنه‌ی لێ بگریت به‌ڵام ئازاد نییه‌ قسه‌ به‌ ئاڵای كوردستان بڵێت."

" ئه‌وانه‌ش كه‌ به‌به‌رته‌سكردنه‌وه‌ی ئازادی ده‌زانن له‌ بنه‌ڕه‌تدا لێی تێنه‌گه‌یشتوون و ناشزانن ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ش چیه‌ ! ئه‌وه‌نده‌ی به‌لایانه‌وه‌ گرنگه‌ كه‌شه‌ڕه‌جنێو له‌ فه‌یسبوكدا هه‌بێت "

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا یاسایه‌كی له‌وجۆره‌ نابێته‌ هۆی به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ڕای ئازاد له‌هه‌رێمی كوردستان؟ به‌همه‌ن كاكه‌ عه‌بدوڵا وتی" نه‌خێر له‌هه‌موو وڵاته‌ ئازاده‌كانی دونیا ئه‌م شتانه‌ هه‌یه‌ و به‌ یاسا پارێزراوه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌مه‌ به‌رته‌سكردنه‌وه‌ی ئازادی نییه‌، ئه‌وانه‌ش كه‌ به‌به‌رته‌سكردنه‌وه‌ی ئازادی ده‌زانن له‌ بنه‌ڕه‌تدا لێی تێنه‌گه‌یشتوون و ناشزانن ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ش چیه‌، ئه‌وانه‌ به‌لایانه‌وه‌ گرنگ نیه‌ ئه‌وه‌نده‌ی به‌لایانه‌وه‌ گرنگه‌ كه‌شه‌ڕه‌جنێو له‌ فه‌یسبوكدا هه‌بێت ئه‌وه‌نده‌ی به‌لاوه‌ گرنگ نییه‌ شته‌ پیرۆزیه‌كان پارێزراوبن له‌م وڵاته‌، هه‌ر شتێك پیرۆزی خۆی هه‌یه‌ له‌هه‌موو دونیا ئاڵا ڕه‌مزی نه‌ته‌وه‌یه‌ و ڕه‌مزی نیشتیمانه‌ پیرۆزه‌، پێشمه‌رگه‌ و سرودی نیشتیمانی و ڕابه‌ره‌ مێژوویه‌كانمان بۆ ئێمه‌ پیرۆزه‌ چونكه‌ ڕۆژگارێك له‌ڕۆژان ئه‌وان هه‌موو ته‌مه‌نی خۆیان بۆ ئه‌م میلله‌ته‌ سه‌رفكردووه‌، وه‌ خه‌باتیان كردووه‌، قوربانیان داوه‌، ئێستا ئه‌ردوگان حیزبێكی ئیسلامیه‌ له‌توركیا حكومڕانی ده‌كات، ئه‌ردوگان ده‌توانێت وێنه‌ی ئه‌تاتورك له‌پشتی خۆی لابدات؟ له‌كاتێكدا ته‌تاتورك ئەتاتورک کۆتایی بەخەلافەتی ئیسلامی هیناو دەولەتی علمانی دامەزراند بەلام ئوردوگان ئیسللامیە."

"چاومان له‌هه‌موو وڵات دیموكراسیه‌كان كردووه‌"

واته‌ ئێێوه‌ چاوتان له‌ توركیا كردووه‌ له‌م پڕۆژه‌ یاسایه‌ كه‌خۆت نمونه‌ی ئه‌رردۆگان و وێنه‌ی ئه‌تاتورك ده‌هێنیته‌وه‌؟ یاخود چاوتان له‌چ وڵاتێك كرردووه‌؟

له‌وه‌ڵامدا به‌همه‌ن كاكه‌ عه‌بدوڵا وتی" چاومان له‌هه‌موو وڵاته‌ دیموكراسیه‌كان كردووه‌ ، هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌یاسا تێیدا سه‌روه‌ره‌، بۆنمونه‌ له‌هیندستان بزانه‌ كه‌س ده‌توانێت سوكایه‌تی به‌ غاندی بكات، له‌ ئه‌مه‌ریكای باشور ده‌توانێت سوكایه‌تی به‌ جیڤارا بكات؟"

" له‌كوردستاندا غاندی و جیڤارا هه‌یه‌ زۆریش له‌وان خه‌بات و قوربانیدانیان زیاتره‌ "

به‌همه‌ن كاكه‌ عه‌بدوڵا له‌كۆتایی وتووێژه‌كه‌ی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ئه‌وه‌شی وت" به‌ڵێ له‌كوردستاندا غاندی و جیڤارا هه‌یه‌ زۆریش له‌وان خه‌بات و قوربانیدانیان زیاتره‌، من ناڵێم له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌ن به‌ڵام سه‌ركرده‌ی مێژوویمان هه‌یه‌ وه‌كو جیڤارا وه‌كو غاندی و وه‌كو ماندێللا هیچیشیان له‌وان كه‌متر نییه‌."

please wait

No media source currently available

0:00 0:12:45 0:00


XS
SM
MD
LG