Accessibility links

د.سه‌رخێڵ ئاراز: ئێستا ماڵ و گه‌ڕه‌ك و شوێن نه‌ماوه‌ كه‌یسی كۆرۆنای تێدا تۆمارنه‌كرێت


 د.سه‌رخێڵ ئاراز -به‌ڕێوه‌به‌ری كلینیكی عه‌لی ناجی-له‌سلێمانی
د.سه‌رخێڵ ئاراز -به‌ڕێوه‌به‌ری كلینیكی عه‌لی ناجی-له‌سلێمانی

د.سه‌رخێڵ ئاراز به‌ڕێوه‌به‌ری كلینیكی عه‌لی ناجی تایبه‌ت به‌كۆرۆنا ده‌ڵێت" ئێستا ئاستی سه‌ردانیكردن بۆ كلینكه‌كه‌ی ئێمه‌ ده‌توانم بڵێم ده‌ هێنده‌ی جاران زیادی كردووه‌، ئێستا ماڵ نه‌ماوه‌، گه‌ڕه‌ك نه‌ماوه‌، شوێن نه‌ماوه‌ كه‌یسی كۆرۆنای تێدا تۆمارنه‌كرێت، به‌پێی ئه‌م حاڵه‌تانه‌ له‌شاری سلێمانیدا ئه‌گه‌ر ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان به‌مشێوه‌یه‌ جێبه‌جێ بكرێت بكرێت دۆخه‌كه‌ زۆر مه‌ترسیدار ده‌بێت، ده‌شڵێت" جاران خۆمان ده‌گه‌ڕاین به‌دوای كه‌یسه‌كاندا واته‌ كه‌یسێك هه‌بووایه‌ له‌ گه‌ڕه‌كێكدا له‌شوێنێكدا ته‌له‌فونمان بۆ ده‌كرد بێت یاخود ده‌ماننارد به‌شوێنیدا له‌ڕیگه‌ی ده‌زگای ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ ئاگادارمان ده‌كرده‌وه‌ بێت بۆ كلینیكه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پشكنینی بۆ بكه‌ن به‌ڵام ئێستا خۆی كه‌سه‌كه‌ به‌پێی خۆی دێت بۆ كلینیكه‌كه‌، ئێستا هاوڵاتیانی شاری سلێمانی "سوپاس بۆ خوا" به‌شێوه‌یه‌كی باش ئاستی هۆشیاریان زیادی كردووه‌ به‌وه‌ی كه‌نیشانه‌یه‌ك یان چه‌ند نیشانه‌یه‌كیان هه‌بێت سه‌ردانی كلینیكه‌كه‌ ده‌كه‌ن."

"ئێستا ئاستی سه‌ردانیكردن بۆ كلینكه‌كه‌ی ئێمه‌ ده‌ هێنده‌ی جاران زیادی كردووه‌"

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری كلینیكی عه‌لی ناجی له‌سلێمانی ڕایگه‌یاند." جاران له‌م كلینیكه‌ ته‌نها سه‌نته‌رێك بوو كه‌پشكنینمان بۆ هاوڵاتیان وه‌رده‌گرت و ته‌واو به‌ڵام ئێستا كلینیكه‌كه‌مان تایبه‌ت كردووه‌ به‌كۆرۆنا پشكنینی توشبوون به‌ڤایڕه‌سی كۆرۆنا ده‌كه‌ین هه‌م پشكنینینی چاكبوونه‌وه‌ی كه‌سانی تووشبوون به‌كۆرۆنا ده‌كه‌ین هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ر ده‌درێت به‌و كه‌سانه‌ی كه‌باری ته‌ندروستیان جێگیره‌، واته‌ پێویستیان به‌نه‌خۆشخانه‌ نییه‌ داخلی ناو نه‌خۆشخانه‌ بكرێت كه‌چاره‌سه‌ره‌ سه‌ره‌تاییه‌كانه‌. هه‌روه‌ها لێره‌ پشكنین بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كرێت كه‌ چاكبوونه‌ته‌وه‌ و دژه‌ ته‌نیان دروستكردووه‌ و ده‌یانه‌وێت پلازمای خوێن ببه‌خشن، ئێستا ئاستی سه‌ردانیكردن بۆ كلینكه‌كه‌ی ئێمه‌ ده‌توانم بڵێم ده‌ هێنده‌ی جاران زیادی كردووه‌، پێشوتر ڕۆژانه‌ له‌وانه‌یه‌ 150- 200 هاوڵاتیمان هه‌بووبێت ئێستا ڕێژه‌كه‌ زۆر له‌مه‌ زیاتربووه‌ بۆ نموونه‌ ڕۆژانه‌ 500-600 هاوڵاتی سه‌ردانی كلینكه‌كانمان ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستی ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ باسم كردن، پشكنینی كۆرۆنا یان پشكنینی دڵنیابوون یان پشكنینی دژه‌ته‌ن و به‌رگری یاخود كه‌سانێك دێن بۆ به‌خشینی پلازمای خۆێن."

د.سه‌رخێڵ ئاراز ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد" ئه‌م كلینیكه‌ یه‌كه‌م خاڵی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایڕه‌سی كۆرۆنایه‌، واته‌ یه‌كه‌م كه‌یس له‌سلێمانی كه‌پێش ئه‌وه‌ی داخل بێت له‌نه‌خۆشخانه‌كاندا له‌م كلینیكه‌وه‌ پشكنینی بۆ ده‌كرێت دواتر بڕیاری له‌سه‌رده‌درێت كه‌ ئه‌م كه‌سه‌ "پی سی ئاڕی" پێویسته‌ یاخود داخڵكردنی پێویسته‌ له‌نه‌خۆشخانه‌كه‌ یاخود گواستنه‌وه‌ی پێویسته‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ وه‌ لێره‌ كه‌سانێك هه‌ن كه‌هه‌موو جۆره‌ چاره‌سه‌ره‌كان وه‌رده‌گرن هه‌موو ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ ده‌گمه‌نانه‌ی كه‌ئێستا له‌بازاڕه‌كانی جیهان به‌شێوه‌یه‌كی گران ده‌فرۆشێت، له‌ كلینیكه‌كه‌ی ئێمه‌ خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا به‌رده‌سته‌ و بۆ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی كه‌ پێویستیان پێیه‌تی وه‌تازه‌ترین ئامێری پێشكه‌وتووی جیهانی له‌ كلینیكه‌كه‌مان هه‌یه‌ بۆ پشكنینی ئه‌و كه‌سانه‌ی ڕوو له‌كلینیكه‌كه‌مان ده‌كه‌ن."

"جاران خۆمان ده‌گه‌ڕاین به‌دوای كه‌یسه‌كاندا به‌ڵام ئێستا خۆی كه‌سه‌كه‌ به‌پێی خۆی دێت "

سه‌باره‌ت به‌ڕێژه‌ی چاكبوونه‌وه‌كان به‌به‌راورد به‌تووشبووانی كۆرۆنا؟ به‌ڕێوه‌به‌ری كلینیكی عه‌لی ناجی شاری سلێمان ده‌ڵێت" كه‌ ڕێژه‌ی تووشبوون زیاتر بوو ڕێژه‌ی چاكبوونه‌وه‌ش زیاترده‌بێت به‌ڵام ڕێژه‌ی چاكبوونه‌وه‌ به‌و واتایه‌ نییه‌ كه‌هه‌ركه‌سێك توشی نه‌خۆشیه‌كه‌ بوو چاك ده‌بێته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ ئێستا ڕێژه‌ی مردنیش زیادی كردووه‌ به‌حوكمی ئه‌وه‌ی كه‌یسه‌كان زیاد بوون و ڕێژه‌ی مردنیش زیاتر بووه‌، جاران خۆمان ده‌گه‌ڕاین به‌دوای كه‌یسه‌كاندا واته‌ كه‌یسێك هه‌بووایه‌ له‌ گه‌ڕه‌كێكدا له‌شوێنێكدا ته‌له‌فونمان بۆ ده‌كرد بێت یاخود ده‌ماننارد به‌شوێنیدا له‌ڕیگه‌ی ده‌زگای ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ ئاگادارمان ده‌كرده‌وه‌ بێت بۆ كلینیكه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پشكنینی بۆ بكه‌ن به‌ڵام ئێستا خۆی كه‌سه‌كه‌ به‌پێی خۆی دێت بۆ كلینیكه‌كه‌، ئێستا هاوڵاتیانی شاری سلێمانی "سوپاس بۆ خوا" به‌شێوه‌یه‌كی باش ئاستی هۆشیاریان زیادی كردووه‌ به‌وه‌ی كه‌نیشانه‌یه‌ك یان چه‌ند نیشانه‌یه‌كیان هه‌بێت سه‌ردانی كلینیكه‌كه‌ ده‌كه‌ن."

د.سه‌رخێڵ ئاراز ده‌شڵێت" له‌هه‌مانكاتدا به‌رامبه‌ر به‌مه‌ش به‌شێك له‌هاوڵاتیان به‌داخه‌وه‌ پابه‌ندنین به‌ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كانه‌وه‌ به‌تایبه‌تی كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كان، دانانی پرسه‌كه‌ ئه‌مه‌ وایكردووه‌ كه‌یسه‌كان ڕوو له‌هه‌ڵكشان بكه‌ن، وه‌ هه‌روه‌ها ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی له‌ناو هاوڵاتیاندا تائێستا به‌رده‌وامی هه‌یه‌ بۆ نموونه‌ له‌دانیشتنی كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كاندا به‌رده‌وام ئه‌و كێشه‌یه‌مان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هاوڵاتیان كه‌ئێمه‌ ڕه‌نجی چه‌ند مانگه‌مان بۆ ڕووبه‌ڕووی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا ده‌بینه‌وه‌، جاری به‌ دانیشتن و كۆڕو كۆبوونه‌وه‌یه‌ك یان دانانی پرسه‌یه‌ك واده‌كات كه‌ هه‌رچی ڕه‌نجمانه‌ به‌زیاده‌ بچێت."

"دۆخه‌كه‌ زۆر مه‌ترسیدار ده‌بێت "

" ئێستا ماڵ نه‌ماوه‌، گه‌ڕه‌ك نه‌ماوه‌، شوێن نه‌ماوه‌ كه‌یسی كۆرۆنای تێدا تۆمارنه‌كرێت، به‌پێی ئه‌م حاڵه‌تانه‌ له‌شاری سلێمانیدا ئه‌گه‌ر ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان به‌مشێوه‌یه‌ جێبه‌جێ بكرێت دۆخه‌كه‌ زۆر مه‌ترسیدار ده‌بێت، له‌ڕێگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانیه‌وه‌ كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ ئێستا له‌نه‌خۆشخانه‌كاندا جێگه‌ نه‌ماوه‌ و به‌ڕاستیش جێگه‌نه‌ماوه‌، نه‌خۆشێك ئه‌گه‌ر هه‌بێت ده‌بێت چاوه‌ڕێ بكات تا نه‌خۆشێكی تر ده‌رده‌چێت و چاك ده‌بێته‌وه‌ یاخود جێگه‌یه‌كی چۆڵ هه‌بێت ئه‌و كاته‌ نه‌خۆش داخڵبكرێت، بۆیه‌ ئێستا نه‌خۆش له‌شاری سلێمانیدا به‌زه‌حمه‌ت داخڵ ده‌بێت له‌نه‌خۆشخانه‌كانی تایبه‌ت به‌كۆرۆنا."د.سه‌رخێڵ ئاراز وای وت"

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا به‌ته‌نها له‌شاری سلێمانییه‌ كه‌ وه‌ك خۆت ده‌ڵێیت" ماڵ نه‌ماوه‌، گه‌ڕه‌ك نه‌ماوه‌، شوێن نه‌ماوه‌ كه‌یسی كۆرۆنای تێدا تۆمارنه‌كرێت؟ به‌ڕێوه‌به‌ری كلینیكی عه‌لی ناجی ڕوونیكرده‌وه‌" له‌هه‌رێمی كوردستان له‌هه‌موو شوێنه‌كانه‌وه‌ له‌عێراق به‌گشتی له‌وانیه‌ كه‌سانێك هه‌بن هه‌ڵگربن و نیشانه‌یان تێداده‌رنه‌كه‌وتبێت و ده‌توانن كه‌سانی تریش تووش بكه‌ن، بۆیه‌ له‌هه‌رێمی كوردستانیش به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و له‌عێراقیشدا له‌وڵاتانی دراوسێی ئێران و توركیاش له‌م وڵاتاندا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ڕێژه‌ی ڤایڕه‌سه‌ ڕوو له‌هه‌ڵكشانه‌، وه‌ چه‌ند ڕۆژێكی تر ڕوو له‌سه‌رما ده‌كه‌ین ئێستا له‌وه‌رزی پایزداین ئه‌گه‌ری حاڵه‌ته‌كانی ئه‌نفلۆنزای وه‌رزیش بێته‌ پاڵی ئه‌مه‌ واده‌كات به‌ئاسانی جیانه‌كرێته‌وه‌ و پێویستی به‌پشكنینی تایبه‌تی تاقیگه‌ بێت كه‌ ئه‌نفلۆنزای وه‌زی و كۆرۆنا جیابكرێته‌وه‌."

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت" له‌سلێمانیدا وه‌كو وتم شوێن نه‌ماوه‌ كه‌یسێكی تیانه‌بێت، به‌ڵام به‌شێكی ئه‌مانه‌ی كه‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێن له‌كلینیكه‌كانی ده‌ره‌وه‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێن به‌تایبه‌تی كلینك و نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌كان كه‌سانێك هه‌ن په‌نا بۆ ئه‌و نه‌خۆشخانانه‌ ده‌به‌ن وه‌ كه‌سانێكیش هه‌ن نیشانه‌یان هه‌یه‌ له‌ماڵه‌وه‌ خۆیان كه‌ره‌نتینه‌ده‌كه‌ن، ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ی كه‌چاره‌سه‌رێكی پرۆتۆكۆڵیه‌ به‌كاری ده‌هێنن و به‌ئاسانی نه‌خۆشیه‌كه‌یان تێ ده‌په‌ڕێنن و زاڵ ده‌بن به‌سه‌ر نه‌خۆشیه‌كه‌."

"نه‌به‌كه‌ره‌نتین چاره‌سه‌ر ده‌كرێت نه‌ ته‌نها به‌كه‌رتی ته‌ندروستی و حكومه‌ت "

به‌ڕێوه‌به‌ری كلینینكی عه‌لی ناجی ڕاشیگه‌یاند" ئێمه‌ چه‌ندجارێك ئه‌وه‌مان وتووه‌ پێویستمان به‌وه‌یه‌ یه‌كه‌م شت هۆشیاریه‌كی وه‌ها لای هاوڵاتیان دروست ببێت كه‌هاوڵاتیان به‌شێوه‌یه‌كی باشتر خۆیان بپارێزن و پابه‌ندی ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان بن، وه‌ به‌پێی ئه‌و ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر بكه‌ن چونكه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری و پیشاندانی نمونه‌ی ڕاستی ڕووداوه‌كه‌ بگاته‌ لای خه‌ڵك چونكه‌ ئه‌مه‌ نه‌به‌كه‌ره‌نتین چاره‌سه‌ر ده‌كرێت نه‌ته‌نها به‌كه‌رتی ته‌ندروستی و حكومه‌ت چاره‌سه‌رده‌كرێت، له‌به‌شێك له‌وڵاتان ته‌نها ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان جێبه‌جێده‌كرێن و كه‌یسه‌كانیشیان ڕوو له‌كه‌مییه‌، وه‌ تێكه‌ڵاوبوونیش هه‌یه‌ و شوێنه‌ گشتیه‌كانیش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دانه‌خراون له‌وڵاتێكی وه‌كو سوید هیچ شوێنێك دانه‌خراوه‌ له‌سه‌ره‌تای كه‌ره‌نتینه‌وه‌ به‌ڵام ئاستی مردنیان كه‌متره‌ به‌ڵام پابه‌ندبوونی هاوڵاتیان به‌بنه‌ما ته‌ندروستیه‌كانه‌وه‌ زۆرتره‌ ئێمه‌ش پێویستمان به‌وه‌یه‌، واته‌ ئێمه‌ یه‌كه‌م خاڵ كه‌پێویسته‌ ڕوووبه‌ڕووی ببینه‌وه‌ ئاستی هۆشیاری هاوڵاتیانه‌ بۆیه‌ به‌پابه‌ندبوون به‌ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زیادكردنی ئه‌و پشكنینانه‌ و زیادكردنی چه‌ند كلینكێكی تایبه‌ت به‌كۆرۆنا له‌ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان یاخود له‌ناو شاره‌كان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت به‌ئاسانی كه‌یسه‌كان ده‌ستنیشان بكرێت و بزانرێت حاڵه‌ته‌كان له‌كوێدا هه‌یه‌ و له‌ كوێدانییه‌."

هه‌روه‌ها وتیشی" ده‌بێت ئێمه‌ لۆد كه‌متر بكه‌ینه‌وه‌ له‌ شوێنه‌كاندا، زیادكردنی كلینكه‌كان، هه‌ر ته‌نها زیادكردنی ژماره‌ی شوێنه‌كان نییه‌، پێویسته‌ ئیداره‌ی نه‌خۆشخانه‌كانه‌ به‌كارمه‌ند و ستافێكی باش و ڕاهێنراو بكرێت، زیادكردنی ژماره‌ی نه‌خۆشخانه‌ و دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌ و بنیادنانی نه‌خۆشخانه‌ و دابینكردنی ئامێر به‌ته‌نها به‌س نییه‌، پێویسته‌ حكومه‌ت بیر له‌وه‌بكاته‌وه‌ هاندانی ستافی ته‌ندروستی زیاتر بكات چ پزیشكه‌كان چ كارمه‌ند و ستافی كارگێڕییه‌كانی ناو كه‌رتی ته‌ندروستی، له‌ئێستادا بارودۆخێك تێكه‌وتووین كه‌هاوڵاتیان و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند مانگ جارێك نیوه‌ مووچه‌ یان چاره‌كه‌ مووچه‌یه‌ك وه‌رده‌گرن كه‌ ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كاریگه‌ری كردۆته‌ سه‌ر ئاستی ده‌روونی ستافی ته‌ندروستی پزیشك و كارمه‌نده‌كان و ستافی كارگێڕی كه‌نه‌توانن به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام پابه‌ندی ده‌وام كردن بن، به‌ڵام به‌شێك هه‌یه‌ كه‌ له‌خه‌می شاره‌كه‌ و له‌خه‌می هاوڵاتیاندایه‌ به‌رده‌وام له‌خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی بۆیه‌ ئه‌مه‌ پێویستی به‌چاو پیاخشاندنه‌وه‌ی حكومه‌ت هه‌یه‌، پێویسته‌ حكومه‌ت به‌ گرنگییه‌وه‌ بایه‌خ بدات به‌ته‌ندروستی گشتی چونكه‌ به‌ته‌نها دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌ به‌س نییه‌ كه‌ده‌توانرێت ماڵێك یان ژوورێك بكرێت به‌نه‌خۆشخانه، یان بینای قوتابخانه‌یه‌ك بكرێت به‌نه‌خۆشخانه‌، واته‌ ده‌توانیت ئه‌مانه‌ دابین بكه‌یت و پێداویستیشی بۆ دابین بكه‌یت هه‌م له‌ڕووی "بێده‌" هه‌م له‌ڕووی ئۆكسجینه‌وه‌ به‌ڵام كێ ئه‌م شتانه‌ت بۆ ده‌كات پێویستمان به‌په‌رستاره‌ پێویستیت به‌پزیشكی پسپۆڕه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی جددی ئاوڕ له‌م بارودۆخه‌ بداته‌وه‌."

"تا ئێستا هیچ ڕۆژێك پێداویستی پزیشكی و پێداویستی سه‌لامه‌تی بۆ ستافه‌كه‌ له‌ئێمه‌ نه‌بڕاوه‌ "

د.سه‌رخێڵ ئاراز له‌كۆتا به‌شی وتووێژه‌كه‌دا ئه‌وه‌شی وت" ئێمه‌ هه‌تا ئه‌م ساته‌ له‌مانگی سێ-وه‌ هیچ ڕۆژێك پێداویستی پزیشكی و پێداویستی سه‌لامه‌تی بۆ ستافه‌كه‌ له‌ئێمه‌ نه‌بڕاوه‌ به‌ڵام ئێمه‌ له‌ "تموحماندایه‌" بۆ نموونه‌ پشكنینی زیاتربكه‌ین حه‌زمان ده‌كرد ڕۆژانه‌ 500 پشكنین بكه‌ین له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌دوو شه‌فت ده‌وام ده‌كه‌ین، حه‌زمان ده‌كرد بمانكردایه‌ به‌ چوار یان پێنج شه‌فتی ده‌وام كردن، بۆیه‌ "تموحی" ئه‌وه‌ی له‌ڕووی پێداویستیه‌وه‌ پشت به‌خوا و به‌پشتیوانی به‌ڕێز به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی نه‌یهێشتووه‌ هیچ مادده‌یه‌ك له‌م كلینكه‌ ببڕێت ته‌نانه‌ت تازه‌ترین ئامێری تاقیگه‌یی بۆ ئه‌م كلینكه‌ دابینكراوه‌ له‌م كاتی قه‌یرانه‌دا وه‌ تازه‌ترین جۆری ده‌رمان له‌كلینیكه‌كه‌ی ئێمه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ نرخی 300 دۆلاره‌، لێره‌ بێ به‌رامبه‌ر ده‌درێت به‌و نه‌خۆشانه‌ی پێویستیان پێیه‌تی، هه‌موو ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ی كه‌له‌م كلینیكه‌ ده‌كرێت بێ به‌رامبه‌ر ده‌درێت به‌و كه‌سانه‌ی كه‌سه‌ردانی ئه‌م كلینه‌كه‌ ده‌كه‌ن و پێویستیان پێیه‌تی، له‌ڕووی پێداویستیه‌وه‌ له‌ڕووی بابه‌تی خۆپارێزییه‌وه‌ له‌ڕووی ئامێری تاقیگه‌وه‌ ئه‌م كلینكه‌ی ئێمه‌ هیچ كات بێ مه‌واد نه‌بووین و پێداویستی ئه‌وتۆمان لێ نه‌بڕاوه‌ چونكه‌ ئیداره‌كردنی كلینكێكی وه‌هاش ئیداره‌كردنێكی زۆر قورسه‌ له‌سه‌رشانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی هه‌م له‌ڕووی دابینكردنی پێداویستیه‌وه‌ به‌تایبه‌تی پێداویستی خۆپارێزی و پێداویستی ڕۆژانه‌ی پاكژكردنه‌وه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی بۆ نموونه‌ پشكنینێكی (PCR ) 50دۆلاری تێده‌چێت كه‌ئه‌مه‌ كولفه‌یه‌كه‌ له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی وه‌ پشكنینی دژه‌ته‌ن 15 دۆلاری تێده‌چێت، هه‌روه‌ها ئه‌و پێداویستیانه‌ی كه‌به‌كارده‌هێنرێت بۆ نموونه‌ ماسك و ده‌ستكێش و بابه‌تی پاكژكردنه‌وه‌ بۆ ستافه‌كه‌ ڕۆژانه‌ دابین ده‌كرێت چه‌ند جارێك و به‌چه‌ند شێوه‌یه‌ك به‌كارده‌هێنرێت ئه‌مانه‌ هه‌مووی كولفه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی به‌ڵام "له‌خوا به‌زیادبێت" تا ئێستا هیچ مادده‌یه‌كمان لێنه‌بڕاوه‌."

please wait

No media source currently available

0:00 0:12:59 0:00


XS
SM
MD
LG