Accessibility links

عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د: ئاواته‌خواز نه‌بوین پێشبینیه‌كانمان سه‌باره‌ت به‌كۆرۆنا بێته‌دی به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هاته‌دی پێشبینی تریش ده‌كه‌ین


عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د جگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی بۆكاروباری كارگێڕی و دارایی
عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د جگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی بۆكاروباری كارگێڕی و دارایی

عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی بۆكاروباری كارگێڕی و دارایی ده‌ڵێت" ئاواته‌خواز نه‌بوین پێشبینیه‌كانمان سه‌باره‌ت به‌كۆرۆنا بێته‌ دی به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هاته‌دی ئێستاش پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان نه‌بن و حاڵه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان واز لێنه‌هێنن ، ماسك به‌كارنه‌هێنن و دوورنه‌كه‌ونه‌وه‌ له‌بوونی قه‌ڕه‌باڵغی به‌و شێوه‌ فراوانییه‌ی كه‌ئێستا ژیان ئاسایی بۆته‌وه‌ دڵنیایین له‌م ڕۆژگاره‌ی كه‌ئێستا تێیداین، ژماره‌كان به‌ره‌و زیاتر ده‌ڕۆن به‌دڵنیاییه‌وه‌ ژماره‌ی كۆچكردووان و تووشبوانیش به‌ره‌و زیاد بوون ده‌چن."

"له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی فه‌رمانێكی وه‌زاری حكومه‌تی ناوه‌ندی كه‌ له‌گه‌ڵ ڕێكخراویWHO ڕێككه‌وتبوون كه‌.... "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د له‌مساڵدا وتی" ئێمه‌ وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی هه‌ر له‌یه‌كه‌م حاڵه‌ت كه‌ له‌شاری سلێمانی تۆماركرا، به‌رنامه‌ و پلانمان بۆ هه‌موو قۆناغه‌كان دانابوو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا ببینه‌وه‌ یه‌كێك له‌و پلانانه‌ی كه‌داماننابوو لیژنه‌یه‌كمان پێكهێنا بۆ سه‌رپه‌رشتی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ڤایڕه‌سی كۆرۆنا كۆچی دوایی ده‌كه‌ن ئاواته‌خوازنه‌بووین هیچ كه‌سێك به‌و حاڵه‌ته‌ كۆچ بكات به‌ڵام دڵنیاش بووین بوونی حاڵه‌تی ڤایڕه‌سه‌كه‌ له‌ناو شاره‌كه‌دا ئه‌و حاڵه‌ته‌ش ده‌بێت هه‌تا بۆماوه‌ی نزیكه‌ 4-5 مانگ زۆر به‌ڕێكوپێكی و به‌شێوه‌یه‌كی زانستی، به‌شێوه‌یه‌كی پڕۆتۆكۆلی كه‌ ڕێكخراوی (WHO ) داوای كردبوو هه‌روه‌ها به‌شێوه‌یه‌كی شه‌رعی كاره‌كانمان جێبه‌جێ ده‌كرد، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی ڤایڕه‌سه‌كه‌ به‌ره‌و هه‌ڵكشانێكی زۆر ڕۆیشت پێشبینی پزیشكه‌كان و له‌وانه‌شه‌‌WHOش بۆ حاڵه‌تی سه‌ره‌تای ڤایڕه‌سه‌كه‌ و ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستا هه‌مانه‌ وه‌كو یه‌ك نه‌بووبێت و گۆڕانكاری تێدا دروست بووبێت به‌هه‌رحاڵ ئێمه‌ توانیمان كاره‌كان بكه‌ین."

هه‌روه‌ها وتیشی" له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی فه‌رمانێكی وه‌زاری حكومه‌تی ناوه‌ندی كه‌ له‌گه‌ڵ ڕێكخراویWHO ڕێككه‌وتبوون كه‌ده‌توانرێت ته‌رمی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌كۆرۆنا كۆچی دوایی ده‌كه‌ن ڕاده‌ستی كه‌سوكاره‌كانیان بكه‌نه‌وه‌ به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌ك كه‌بتوانن سه‌رجه‌م ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن، ئێمه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و بڕیاره‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندی و گه‌یشتینه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌شی كه‌ هاوڵاتیان وه‌كو سه‌ره‌تا نییه‌ له‌حاڵه‌تی بوونی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا تێگه‌یشتوون و هه‌ستی به‌رپرسیارێتیان زیاتره‌ بۆیه‌ به‌ڕاستی ئێستا ئێمه‌ ڕاده‌ستیان ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌ڵام خۆمان له‌ناو نه‌خۆشخانه‌كان ده‌یانخه‌ینه‌ كیسێكی تایبه‌ته‌وه‌ هه‌ر به‌و كیسه‌شه‌وه‌ ڕاده‌ستی خزم و كه‌سوكاریان ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌ڵام داوایان لێده‌كه‌ین كه‌قه‌ره‌باڵغی دروست نه‌كه‌ن وه‌ نه‌یشۆرن و كفنیشی نه‌كه‌ن هه‌روه‌ها له‌كاتی به‌خاك سپاردنیشدا ڕێنماییه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن."

"به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌بوونی هه‌موو حاڵه‌تێكی قه‌ره‌باڵغی ڤایڕه‌سه‌كه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ئێمه‌ داوامان لێكردوون ده‌بێت ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌م ئاماده‌ ببێت له‌مه‌راسیمی ناشتنی كۆچكردووه‌كه‌ نه‌یشۆرن و كفنی نه‌كه‌ن و لێی نزیك نه‌بنه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌ده‌ستكێش و ده‌مامكی تایبه‌ته‌وه‌ بینێژن، وه‌ ده‌بێت گۆڕه‌كه‌شی دوو مه‌تر هه‌تا دوو مه‌تر و نیوی بۆ هه‌ڵبكه‌نن، گرفته‌كه‌ هه‌ربوونی ناشتنی مردوو نییه‌ له‌شاری سلێمانی دا، بوونی ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی كه‌به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌چێت له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ سه‌رجه‌می ژیان ئاسایی بۆته‌وه‌ بازاڕ و ماركێت و كافتریاكان كراونه‌ته‌وه‌ ده‌رگای سنوره‌كان كراونه‌ته‌وه‌ به‌دڵنیایه‌وه‌ ئه‌وانه‌ش سه‌رچاوه‌یه‌كن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایڕه‌سه‌كه‌." عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی بۆ كاروباری ئیداری وایوت"

ده‌رباره‌ی ده‌رهێنانه‌وه‌ی چه‌ند ته‌رمێكی نێژراوی كۆرۆنا له‌و گۆڕستانه‌ تایبه‌تیه‌ وه‌ گواستنه‌وه‌یان بۆ گۆڕستانه‌كانی تر، عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌شی وتی" ئێمه‌ ته‌نها شوێن بووین وه‌كو پارێزگای سلێمانی كه‌ شوێنێكمان به‌تایبه‌تی دابین كردبوو بۆ به‌خاكسپاردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ كۆچی دوایی ده‌كه‌ن به‌هۆی كۆرۆناوه‌، خۆی شوێنه‌كه‌ گۆڕستان نه‌بوو به‌ڕاستی ئێمه‌ كردمان به‌گۆڕستان له‌ 2011 هه‌تا 2012 ئه‌و شوێنه‌ دیاریكرابوو كه‌ له‌داهاتوودا ببێت به‌گۆڕستانی شاری سلێمانی به‌ڵام كه‌سی تێدا نه‌نێژرابوو، به‌داخه‌وه‌ یه‌كه‌مین كه‌س كه‌ تێیدانێژرا، بریتی بوون له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ قوربانی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا بوون به‌دڵنیایه‌وه‌ هه‌ر له‌و كاته‌ی كه‌ئێمه‌ ئه‌و كه‌سانه‌مان به‌خاك ده‌سپارد هه‌ر له‌و كاته‌شدا كه‌سوكاره‌كانیان داوایان ده‌كرد كه‌ ته‌رمه‌كانیان ڕاده‌ست بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌و كاته‌ له‌به‌ر ته‌شه‌نه‌كردنی ڤایڕه‌سه‌كه‌ ڕاده‌ستمان نه‌ده‌كرده‌وه، پاش تێپه‌ڕبوونی نه‌وه‌د ڕۆژكه‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی زانستی قسه‌مان كردوو هه‌روه‌ها له‌ڕووی شه‌رعیشه‌وه‌ قسه‌مان كردووه‌ كه‌سوكاری ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ كۆچی دواییان كردووه‌ ده‌توانن گۆڕه‌كانیان بگوازنه‌وه‌ لیژنه‌یه‌ك له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و له‌ پارێزگا و ئاسایش پێكهاتبوو به‌سه‌رپه‌رشتی پارێزگار كه‌هه‌ركه‌سێك داوا بكات به‌ڵام ده‌بێت 90 ڕۆژ به‌سه‌ر كۆچكردووه‌كه‌دا تێپه‌ڕبوو بێت ئینجا ده‌توانیین ڕاده‌ستیان بكه‌ینه‌وه‌."

" له‌ 30% تا 35% ڕێژه‌ی تووشبووانی كۆرۆنا كه‌سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كانی كۆرۆنا ده‌كه‌ن له‌سلێمانی هی ده‌ره‌وه‌ی شاری سلێمانیه‌ وه‌ به‌ڕاستی ئێستا نه‌خۆشخانه‌كانمان پڕبوون "

سه‌باره‌ت به‌هۆكاری به‌رزی ژماره‌ی كۆچكردووانن به‌كۆرۆنا له‌سلێمانی، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی وتی" شاری سلێمانی وه‌كو سه‌نته‌رێكی لێهاتووه‌ زۆبه‌ی زۆری هاوڵاتیان ڕووی تێده‌كه‌ن ئێمه‌ نه‌خۆشمان هه‌یه‌ كه‌ له‌شاره‌كانی تره‌وه‌ دێت یان له‌ قه‌زاو ناحیه‌كانه‌وه‌ دێت، دوو ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆمان هه‌یه‌ وه‌كو ئیداره‌ی گه‌رمیان و ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین له‌گه‌ڵ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌مان هه‌یه‌ بوونی هه‌موو ئه‌و داتایانه‌ دێته‌وه‌ سه‌ر پارێزگای سلێمانی كه‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات دووه‌م ڕێژه‌كه‌ 30% تا 35% هی ده‌ره‌وه‌ی شاری سلێمانیه‌ وه‌ به‌ڕاستی ئێستا نه‌خۆشخانه‌كانمان پڕبوون هه‌ر كه‌سێك له‌و كه‌یسانه‌ی كه‌داخلی نه‌خۆشخانه‌كانمان ده‌بن به‌حاڵه‌تێكی ته‌ندروستی زۆر ناجێگیره‌وه‌ داخل ده‌بن، ته‌نانه‌ت كه‌یسمان هه‌بووه‌ هه‌ر له‌ڕێگا كۆچی دوایی كردووه‌ كه‌یسمان هه‌بووه‌ هه‌ر له‌ناو نه‌خۆشخانه‌دا كۆچی دوایی كردووه‌ وه‌ ئه‌وه‌ی له‌نه‌خۆشخانه‌كانن 80% بۆ90%پێیویستیان به‌ئۆكسجینه‌، ڕێژه‌كه‌ زۆر زۆر له‌هه‌ڵكشاندایه‌ وه‌ نه‌خۆشخانه‌كانیشمان ته‌قه‌بولی ئه‌و هه‌موو نه‌خۆشانه‌ ناكات بۆیه‌ هه‌ر نه‌خۆشێك كه‌ داخل ده‌بێت به‌حاڵه‌تێكی ته‌ندروستێكی زۆر ناجێگیره‌وه‌ داخل ده‌بێت، بۆیه‌ تاڕاده‌یه‌ك ڕێژه‌كه‌ زیاتره‌ له‌گه‌ڵ سوپاس و ده‌ستخۆشیم بۆ سه‌رجه‌م دكتۆر و كارمه‌نده‌كان كه‌ ماندوو نه‌ناسانه‌ هه‌رچی توانا و ووزه‌یان هه‌یه‌ له‌پێناوی نه‌خۆشه‌كاندا به‌كاریده‌هێنن."

"ئاواته‌خواز نه‌بوین پێشبینیه‌كانمان بێته‌ دی به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هاته‌دی "

عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد" ئێمه‌ 4-5 مانگ له‌مه‌و پێش زۆر داوامان له‌هاوڵاتیان كرد كه‌پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان بن كه‌ئه‌وكاته‌ دۆخه‌كه‌ زۆر ئاسایی بوو، پێمان ده‌وتن ئه‌گه‌ر پابه‌ندنه‌بن ده‌چینه‌ ڕۆژگارێك كه‌ زۆر زۆر ناڕه‌حه‌ت ده‌بێت، ئێمه‌ ئاواته‌خوازنه‌بووین پێشبینییه‌كانی ئێمه‌ بێته‌ دی به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هاته‌دی ئێستاش ده‌ڵین به‌م دۆخه‌ی ئێستا و به‌ره‌ و په‌تای وه‌رزی ده‌ڕۆین به‌ره‌و پایز و زستان ده‌ڕۆین به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌یڵێن ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان نه‌بن و حاڵه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان واز لێنه‌هێنن ، ماسك به‌كارنه‌هێنن و دوورنه‌كه‌ونه‌وه‌ له‌بوونی قه‌ڕه‌باڵغی به‌و شێوه‌ فراوانییه‌ی كه‌ئێستا ژیان ئاسایی بۆته‌وه‌، دڵنیایین له‌م ڕۆژگاره‌ی كه‌ئێستا تێیداین، ژماره‌كان به‌ره‌و زیاتر ده‌ڕۆن به‌دڵنیاییه‌وه‌ ژماره‌ی كۆچكردووان و تووشبوانیش به‌ره‌و زیاد بوون ده‌چن."

"حكومه‌تی ئه‌ڵمانی به‌ڵێنی داوه‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی 100 بێد-ی مان بۆ بكاته‌وه‌ "

جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی جه‌خت ده‌كاته‌وه‌" به‌ڕاستی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا ته‌نها به‌كه‌رتی ته‌ندروستی كۆنتڕۆڵ ناكرێت و پێویستمان به‌هاوكاری هه‌موو لایه‌كه‌ پێویستمان به‌بوونی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌ هه‌موو داموده‌زگاكانی تر كه‌هاوكاربن له‌گه‌ڵ كه‌رتی ته‌ندروستیدا كه‌رتی ته‌ندروستی ته‌نها لایه‌نی زانستی و ده‌ركردنی ڕێنماییه‌كانه‌ بۆ خۆپاراستن به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ داوای ده‌كات."

هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاند" له‌وانه‌یه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش وه‌كو پێوێست هاوكارنه‌بێت له‌گه‌ڵماندا، به‌ڕاستی ئێمه‌ پێویستمان به‌ بودجه‌ی تایبه‌ته‌ داوامان له‌حكومه‌ت كردووه‌ پێویستمان به‌دامه‌زراندنی ڕێژه‌یه‌ك له‌ كارمه‌نده‌ وه‌ پێوێستمان به‌ كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌یه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئێستا ئێمه‌ له‌حاڵه‌تی ئه‌وه‌داین كه‌یه‌كێك له‌نه‌خۆشخانه‌كانی تریش بكه‌ینه‌وه‌، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ین كه‌ حكومه‌تی ئه‌ڵمانی به‌ڵێنی داوه‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی 100 بێدی مان بۆ بكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ بێته‌ به‌رده‌ست ئێمه‌ ده‌توانیین زیاتر زاڵ بین به‌سه‌ربوونی حاڵه‌ته‌كاندا."

عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد" ناڵێین حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوكار نییه‌ به‌ڵام وه‌كو پێویست نییه‌ ـ هه‌تاوه‌كو ئێستا یه‌ك كارمه‌ندی بۆ دانه‌مه‌زاندووین مووچه‌ له‌كاتی خۆیدا نایه‌ت كه‌دوو مانگ جارێك ئێمه‌ مووچه‌كانمان وه‌رده‌گرین بۆیه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانیش وه‌كو پێویست جێبه‌جێ ناكرێت."

"ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌حاڵه‌تی زیندوێتی دا خزمه‌تمان بكه‌ن "

پێشتر وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند هه‌ه‌ر پزیشك و كارمه‌ندێكی ته‌ندروستی به‌كۆرۆنا كۆچی دوایی بكات وه‌ك قه‌ره‌بوویه‌ك بڕی پێنج ملیۆن دینار ده‌درێت به‌كه‌سوكاره‌كه‌ی."

عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د سه‌باره‌ت به‌م بڕیاره‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌ڵێت "به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌حاڵه‌تی زیندوێتی دا خزمه‌تمان بكه‌ن، وه‌ هیچ كاریگه‌ری له‌بوونی حاڵه‌ته‌كان ناكات به‌ڵام هه‌ركارێك كه‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌یكات په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ بژێوی ژیانی خه‌ڵك به‌ره‌و باشبوون بڕوات ئێمه‌ ده‌ستخۆشی لێده‌كه‌ین، یه‌كێك له‌بوونی ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی كه‌ له‌بواری كۆمه‌ڵایه‌تیدا بۆ هه‌رێمی كوردستان سوود به‌خانه‌واده‌كه‌شی ده‌گه‌یه‌نێت چونكه‌ ده‌زانیین ئه‌وانه‌ی كه‌ كۆچیان كردووه‌ زۆربه‌ی زۆری ئه‌وانه‌ له‌حاڵه‌تێكی دارایی باشدانیین به‌ڵام ئێستا ئێمه‌ ئاواته‌خوازین حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئێستا كه‌پێویستمان به‌بودجه‌یه‌كی تایبه‌ته‌ و له‌حاڵه‌تێكی زیندوێتیداین و ماڵ و مناڵه‌كانیشمان بتوانن به‌ سه‌ربه‌رزی بژین و كارمه‌نده‌كانمان ڕوو له‌ كه‌رتی تایبه‌ت نه‌كه‌ن بۆ بژێوی ژیانیان، له‌كاتی بوونی ژیانیشیاندا ئه‌و خزمه‌ته‌ی كه‌ پێشكه‌شیان ده‌كه‌ن، ئێستا پێشكه‌شیان بكه‌ن به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ ئه‌گه‌ر بۆ خانه‌واده‌كانیشیان بێت هه‌ر كارێكی باشه‌."

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:06 0:00


XS
SM
MD
LG