Accessibility links

د.كامه‌ران عه‌باس: به‌ڕاستی زۆر پێویستمان به‌كارگه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی ئۆكسجینه‌


د. كامه‌ران عه‌باس به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی كۆیه‌
د. كامه‌ران عه‌باس به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی كۆیه‌

د. كامه‌ران عه‌باس به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی كۆیه‌" له‌كۆیه‌ له‌ئێستادا زۆر پێویستمان به‌ كارگه‌یه‌كی ئۆكسجینه‌ بۆ تووشبووانی كۆرۆنا، ده‌شڵێت ، ئه‌و ژمارانه‌ی تۆماركراون سه‌باره‌ت به‌ڕێژه‌ی تووشبووانی كۆرۆنا له‌كۆیه‌ زۆر له‌وه‌ زیاتره‌، ده‌شڵێت"كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ و ناوه‌نده‌كانی خوێندن تاڕاده‌یه‌ك كاریگه‌ری هه‌بوو له‌زیادبوونی ڕێژه‌ی تووشبوون به‌كۆرۆنا له‌كوردستان به‌كۆیه‌-شه‌وه‌، ئێستاش كه‌ قوتابخانه‌ و ناوه‌نده‌كانی خوێندن داخراون یه‌كێكه‌ له‌هۆكاره‌كانی كه‌مبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی تووشبوون به‌كۆرۆنا."

"ژماره‌ی تووشبووان له‌وه‌ زیاتره‌ كه‌ تۆماركراوه‌ "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی كۆیه‌ "له‌ ڕاستیدا له‌كۆیه‌ش وه‌كو شوێنه‌كانی تری كوردستان ڤایره‌سی كۆرۆنا بڵاوه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر هه‌یه‌ به‌ڵام له‌و ژماره‌یه‌ی كه‌ پشكنینی بۆ كراوه‌ له‌ 8500 كه‌س 576 پۆزه‌تیڤمان هه‌بووه ‌53 گیانله‌ده‌سدانیش هه‌بووه‌ به‌ڵام بێگومان ژماره‌ی توشبووان له‌وه‌ زیاتره‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌مووی هه‌ر پشكنینی بۆ نه‌كراوه‌، هه‌ندێكی به‌ CT دیاریكراوه‌، هه‌ندێكیان له‌نۆرینگه‌كان و هه‌ندێكیشی ته‌نها به‌نیشانه‌كانی له‌لایه‌ن پزیشكانه‌وه‌ دیاریكرابێت، هه‌ندێكیان له‌وانه‌یه‌ چوو بێته‌ هه‌ولێر یان سلێمانی یان شوێنی تر به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌پشكنین دیاریكراوه‌ 576 كه‌سه‌."

د.كامه‌ران عه‌باس جه‌ختیكرده‌وه‌" به‌ڵێ ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنا له‌كۆیه‌ زۆره‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌ لای ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ته‌نها ئه‌وانه‌ی به‌پشكنینی (swab پشكنینی لووت) پۆزه‌تیڤ ده‌رده‌چن سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن ئه‌گه‌رنا ژماره‌ی توشبووان و نه‌خۆشه‌كان زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ چونكه‌ ژماره‌یه‌كی زۆریان سه‌ردانی پزیشكه‌كان ده‌كه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی بێنه‌ نه‌خۆشخانه‌ له‌ماڵه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێن هه‌ندێكیان ده‌چنه‌ هه‌ولێر ، هه‌ندێكیان له‌لایه‌ن یاریده‌ده‌ری پزیشكه‌كانه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێن ، هه‌ندێكیان هه‌رخۆشیان نایه‌ن، هه‌ندێكیشیان به‌( CT Scanning) دیاری ده‌كرێن، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌و بڕوایه‌دام ژماره‌ی توشبووان زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ له‌به‌رئه‌وه‌ش ڕێژه‌ی مردن زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت."

"به‌ڕاستی زۆر پێویستمان به‌كارگه‌یه‌كی ئۆكسجینه‌ بۆ كۆیه‌"

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی كۆیه‌ ده‌شڵێت" تاڕاده‌یه‌ك كه‌موكوڕی داوده‌رمان هه‌ندێكجار ڕوو ده‌دات به‌ڵام توانیومانه‌ تاڕاده‌یه‌ك چاره‌سه‌ری بكه‌ین به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌پێویستمانه‌ به‌ڕاستی زۆر پێویستمان به‌كارگه‌یه‌كی ئۆكسجینه‌، ئه‌ویش ئێستا له‌هه‌وڵداین له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كه‌ئه‌وه‌یان زۆر پێویسته‌، له‌ماوه‌ی ڕابردوودا توانیمان چوار ئامێری (CPAP) دابین بكه‌ین، وه‌ئێستا له‌هه‌وڵ ئه‌وه‌داین ده‌ ئامێری( BIPAP )یش په‌یدا بكه‌ین، (Ventilator)مان داناوه‌، ئامێری بێهۆشكاریمان داناوه‌ بۆ حاڵه‌تی پێوێست، سه‌نته‌رێكی دوانزه‌ بێدیشمان دروستكردووه‌ تایبه‌ت به‌كۆرۆنا."

واته‌ له‌كۆیه‌ كێشه‌ی نه‌مانی ئۆكسجینتان بۆ دروست ده‌بێت؟ له‌وه‌ڵامدا د.كامه‌ران عه‌باس ده‌ڵێت" نه‌خێر، به‌ڵام هه‌تا دابینی ده‌كه‌ین جاری واهه‌یه‌ ده‌نێرینه‌ هه‌ولێر، هه‌ندێكجار ده‌نێرینه‌ سلێمانی و كه‌ركوك، واته‌ نه‌مانهێشتووه‌ ئۆكسجین ببڕێت به‌ڵام هه‌ندێكجار زۆر به‌زه‌حمه‌ت په‌یدای ده‌كه‌ین، له‌ڕووی دابینكردنی تێچووه‌كه‌شی هه‌ر گیروگرفتمان بۆ دروست ده‌بێت به‌ڵام تائێستا نه‌مانهێشتووه‌ ببڕدرێت."

ده‌رباره‌ی پێداویستی نه‌خۆشخانه‌كانیان به‌تایبه‌ت بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا؟ د.كامه‌ران عه‌باس ده‌ڵێت" له‌وه‌زاره‌ته‌وه‌ به‌شێكی زۆری پێداویستی كۆرۆنا بۆمان دابین ده‌كرێت، هه‌روه‌ها هه‌ولێریش هاوكاریمان ده‌كات، سلێمانیش هه‌ندێكجار هاوكاریمان ده‌كات "زۆر سوپاسیان ده‌كه‌ین" به‌ڵام به‌شی زۆری له‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ بۆمان دابین ده‌كرێت له‌كۆگای وه‌زاره‌ت به‌ڵام كێشه‌مان هه‌ندێكجار بۆ دروست ده‌بێت له‌مه‌سه‌له‌ی هاتنی دكتۆر له‌هه‌ولێر به‌تایبه‌تی، به‌ڵام هه‌ندێكجار پسپۆڕه‌كه‌ لێره‌ ده‌مێنێته‌وه‌ كێشه‌ی بۆ دروست ده‌بێت كه‌ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، ئێستا كه‌می پزیشكمان هه‌یه‌ له‌بواری ژنان و مناڵبوون له‌به‌رئه‌وه‌ی دووانیان چوون بۆ خوێندن و شوێنه‌كانیان پڕنه‌كراونه‌ته‌وه‌ ، هه‌روه‌ها له‌به‌شه‌كانی تریش وه‌كو ئێسك و شكاوی كێشه‌مان هه‌یه‌."

هه‌روه‌ها وتیشی" دكتۆره‌كان ئیشی خۆیان ده‌كه‌ن به‌ڵام فشارێكی زۆریان له‌سه‌ره‌، واته‌ پسپۆڕێك مانگی 10 ئێشكگری 24 كاتژمێری و 10 ڕاوێژكاری و جگه‌ له‌نه‌شته‌رگه‌ری و ئه‌وانه‌، هه‌وڵًیانداوه‌ به‌ڵام ئه‌وانیش تواناكه‌یان دیاریكراوه‌، ئه‌گه‌ر وابڕوات كێشه‌مان بۆ دروست ده‌بێت، له‌هه‌وڵداین له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت بۆمان چاره‌سه‌ربكه‌ن."

"كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ و ناوه‌نده‌كانی خوێندن تاڕاده‌یه‌ك كاریگه‌ری هه‌بوو له‌زیادبوونی ڕێژه‌ی تووشبوون به‌كۆرۆنا "

ده‌رباره‌ی هۆكاری به‌رزی ڕێژه‌ی تووشبووانی كۆرۆنا له‌قه‌زای كۆیه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی كۆیه‌ ڕایگه‌یاند" له‌سه‌ره‌تادا هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌بوو كه‌ پابه‌ندبوون كه‌م بوو ، ڕێنماییه‌كان به‌ باشی جێبه‌جێ نه‌كران، له‌كۆیه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆش به‌باشی جێبه‌جێ نه‌كرا، له‌م دوواییانه‌ش كرانه‌وه‌ی قوتابخانه‌ و خوێندنگاكان كاریگه‌ری هه‌بوو."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی تاچه‌نده‌ كردنه‌وه‌ی ناوه‌نده‌كانی خوێندن له‌ڕابردوودا كاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر زۆربوونی تووشبوونی كۆرۆنا؟ له‌وه‌ڵامدا د.كامه‌ران عه‌باس وتی" به‌ڵێ تاڕاده‌یه‌ك كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستانیش و له‌سه‌ر ئاستی كۆیه‌-ش."

هه‌روه‌ها وتی" به‌پێی ئاماره‌كانی كوردستانیش دیاربوو كه‌ له‌كاتی كرانه‌وه‌ی خوێندنگاكان، به‌ڕاستی ژماره‌ی توشبووان زیاتربوو به‌ڵام ئێستا ژماره‌ی تووشبووان كه‌مبۆته‌وه‌"

د.كامه‌ران ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد" هۆكاری كه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی تووشبووان به‌به‌راورد به‌ڕابردوو بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئێستا به‌شێكی زۆری خه‌ڵك تووشبووه‌ گیانله‌ده‌ستدانی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ش له‌وانه‌یه‌ جۆرێك له‌ترسی دروست كردبێت له‌وانه‌یه‌ به‌شێكی خه‌ڵك خۆی بپارێزێت به‌شێكی تووشبووه‌ له‌و بڕوایه‌داین به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه‌ بچێت به‌ڵام بێگومان خۆپارێزیه‌كه‌ هه‌ر گرنگه‌."

هه‌روه‌ها وتیشی" ڕێژه‌ی تووشبوون له‌كۆیه‌ تاڕاده‌یه‌ك دابه‌زیووه‌ به‌ڵام دوێنێ و پێرێ 3 گیانله‌ده‌ستدان هه‌بووه‌."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:28 0:00


XS
SM
MD
LG