د.ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی فەرمی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم وتوێژەدا باس لەهەوڵەکانیان دەکات بۆ دەستخستنی ڤاکسینی دژی کۆرۆنا ڤایرەس، هەروەها ئاماژە بەدۆخی کۆرۆنا وە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ڕێژەی تووشبووانی کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان دەکات.
"ئەوان دووپاتیدەکەنەوە کە لەکۆتاییەکانی مانگی سێ ڤاکسینەکە بەردەست دەبێت"
د.ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی فەرمی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت" تا ئەم ساتەی قسەی تێدا دەکەم بەتەواوەتی کات و ڕۆژی هاتنی ڤاکسینەکە (ڤاکسینی دژ بەڤایرەسی کۆرۆنا) بۆ عێراق دیاری نەکراوە،بەڵام بەپێی ئەو هەماهەنگی و پەیوەندییەی کەهەمانە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدراڵ ئەوان دووپاتیدەکەنەوە کە لەکۆتاییەکانی مانگی سێ ڤاکسینەکە بەردەست دەبێت."
"مەجالی تێدانیە پشکی هەرێمی کوردستان پارێزراوە لەبابەتی هاتنی ڤاکسین بۆ عێراق "
د.حەوێزی ئەوەشی وت" وەک دەزانرێت حکومەتی عێراقی بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستی هەیە لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر بۆ دابینکردنی ڤاکسین، بەپێی گرێبەستەکە نزیکەی شانزە ملیۆن پێکوتە بەشی عێراقە، لەقۆناغی یەکەم ملیونێک و پێنج سەد هەزار ژەمە ڤاکسین دەگاتە عێراق، لەو ڕێژەیەش بەدڵنیای پشکی هەرێمی کوردستانی تێدایە ئەوکاتەی کەدەگاتە عێراق، سەبارەت بەڕێژەکەش لەکاتی خۆیدا دیاریدەکرێت بەڵام مەجالی تێدانیە پشکی هەرێمی کوردستان پارێزراوە لەبابەتی هاتنی ڤاکسین ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش خۆی ئاگاداری ئەم بابەتەیە."
" لیژنەیەک پێکهێنراوە "
وتەبێژی فەرمی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت " لیژنەیەک پێکهێنراوە بەسەرپەرشتی "جەنابی وەزیری تەندروستی هەرێم" بۆ دانیشتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمێنەرانی ڤاکسین (کەپەسەند دەکرێن) چەند کۆبونەوەیەکمان لەگەڵدا ئەنجامداون وە بەردەوامیش دەبێت، بەبەپێی ستانداردە جیهانیەکانیش چەند (ئەولەویەتێک) هەیە لەدابەشکردنی ڤاکسینەکەدا چونکە ئێمە گروپی مەترسیدارمان هەیە، بەسوپاسەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بەوردی چاودێری ئەم بابەتە دەکات لەبەرئەوەی پەیوەستە بەگیانی هاوڵاتیان، ئەمەش شتێکی ئاساییە کۆبونەوە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە تاوەکو ئەگەر کەموکورتیەک هەبێت لەو بەشە ڤاکسینەی هەرێمی کوردستان تا بۆ خۆمان ڤاکسینەکە بکڕین و ئەو کەموکورتیە پڕبکەینەوە بۆ هاوڵاتیانی خۆمان دابینی بکەین."
د.ئاسۆ حەوێزی سەبارەت بە (ئەولەویەتەکان) لەوەرگرتنی ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا زیاتر ڕوونیکردەوە" ئەو ئەولەویاتانەستانداردی جیهانین، کەدابهشكراون بۆ سێ گروپ، گروپی مهترسیداری پێ دهڵێن یهكهم گروپن و لهشكری سپی پێ دهڵێن ئهوانهی كەبەرکەوتنیان ههیه بهشێوهیهكی ڕاستهوخۆ لهگهڵ توشبووانی كۆرۆنا پزیشكان و كارمهندانی تهندروستی دهگرێتهوه، گروپی دووهمیش -هێزی"ئەمنی"دهگرێتهوه، گروپی سێیهمیش بهساڵاچووان دەگرێتەوە بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کەچینەکانی تر بواری وەرگرتنی ڤاکسینەکەیان نەبێت نەخێر بەڵام ئەوانە لەقۆناغی یەکەمدا ئەولەویەتن."
"هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بەکۆرۆنا لەهەرێم "
د.ئاسۆ حەوێزی سەبارەت بەدۆخی کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان دەڵێت" خۆشبەختانە ئێستا ڕێژەی تووشبوون بەکۆرۆنا لەنزمبوونەوەدایە حاڵەتە مەترسیدارەکان و گیانلەدانیش بەهۆی کۆرۆناوە بەڕێژەیەی باش کەمیکردووە ئەوەش بەهۆی چەند هۆکارێکەوەبوو، لەوانە ئەو ڕێکارانەی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم گرتنیەبەر ڕێکاری زۆر گرنگ بوون بۆ ئەوەی ژمارەی تووشبووان کەمبێتەوە لەوانە هەڵمەتی هۆشیاری تەندروستی، وە توندکردنی ڕێنماییەکانی تەندروستی و داخستنی قوتابخانەکان هەروەها پابەندبوونی هاوڵاتیانیش لەبیر نەکەین "بەسوپاس و دەستخۆشی بۆ هەموو لایەک کە پابەندی ڕێنماییەکانی تەندروستین تاڕادەیەکی باش."
هەروەها ڕاشیگەیاند " هیوادارین ئەو پابەندبوونە ساردبوونەوەی پێوەدیار نەبێت چونکە بەڕاستی ئێمە نامانەوێت بگەینەوە خاڵی سفر، هێشتا کۆرۆنا هەر هەیە مەترسیەکی جدیشە بۆیە پابەندبوون بەڕێنماییەکانی تەندروستی تائێستاش بەگرنگی دەزانین و گرنگی پێدەدەین بۆیە داواکارین کەخەڵک پابەندبێت چونکە وەک دەزانرێت جیهان لەشەپۆلێکی توندی کۆرۆنادایە چ لەوڵاتانی ئەوروپا وە ئەمریکا هەروەها ڕۆژهەڵاتی ئاسیا هەتا وڵاتانی دەوروبەریش کە تائێستاش بەهۆی حاڵەتە خراپەکانی کۆرۆناوە دەناڵێنن بۆیە ئێمەدەمانەوێت بەردەوام بین لەڕێکارەکانی خۆپارێزی بۆ ئەوەی نەگەینەوە قۆناغی ڕابردوو هیوادارین هەموو لایەک بەردەوام بن بەپابەندبوون بەڕێنماییەکانی تەندروستی."