Accessibility links

حاکم فەرهاد حاتەم: ئەگەر داواکاری گشتی ڕۆڵی کارای نەبێت بەم شێوەیەی ئێستا بێت هەرنەبێت باشترە


دادوەری داواکاری گشتی دکتۆر فەرهاد حاتەم-فۆتۆ-ژیار محەمەد
دادوەری داواکاری گشتی دکتۆر فەرهاد حاتەم-فۆتۆ-ژیار محەمەد

دادوەری داواکاری گشتی دکتۆر فەرهاد حاتەم لەسەر کەیسی سزادانی شەش ساڵ زیندانی کردن بۆ پێنج چالاکوان و ڕۆژنامەوانی بادینان لەلایەن دادگای تاوانەکانی هەولێر-ەوە وەڵامی چەند پرسیارێکی یاسایی دەداتەوە سەبارەت بەڕۆڵ و ئەرک و کاری داواکاری گشتی هەروەها دادگایی کردن و سزادانی پێنج تۆمەتباری شارێکی تر لەشارێکی تر کە لەیاسادا پێی دەوترێت (نەبونی (عدم الاختصاص المكاني محکمە)."

دەقی وتووێژەکە:

"ئه‌م كه‌یسه‌ به‌بۆچونی من كۆمه‌ڵێك پرسیار هه‌ڵده‌گرێت "

لەسەرەتای وتوێژەکەدا دادوەری داواکاری گشتی د.فەرهاد حاتم باسی لەوەکرد" سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم ناكرێت دادگا بڕیارێك ده‌ربكات ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ئاگاداری دادگا نیین و ئاگاداری یاسا نیین به‌حه‌ق و به‌ناحه‌ق هێڵێكی ڕاست و چه‌پ بهێنن به‌سه‌ر هه‌موو دادگاكاندا و به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌هایی هه‌مووی ناشیرین بكه‌ن، دووه‌م ئه‌وه‌نده‌ی من زانیاریم هەبێت هه‌رچه‌نده‌ كه‌یسه‌كه‌ له‌لای ئێمه‌ نییه‌ له‌سنوری دهۆك بوو دواتر ئه‌م كه‌یسه‌ له‌هه‌ولێر بڕیاری تێدا دراوه‌ وه‌كو ئه‌ركی داواكاری گشتی ئه‌م كه‌یسه‌ به‌بۆچونی من كۆمه‌ڵێك پرسیار هه‌ڵده‌گرێت پرسیاره‌كان ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت بزانیین كێ سكاڵای تۆماركردووه‌؟ چونكه‌ هه‌موو كه‌یسێكی تاوانكاری پێویسته‌ كه‌سه‌كه‌ سكاڵا تۆمار بكات ئه‌گه‌ر كه‌یسه‌كه‌ تاوان بێت ده‌رهه‌ق بێت به‌مافی گشتی ئه‌سڵ وایه‌ داواكاری گشتی ئه‌م كه‌یسه‌ بجوڵێنێت من نازانم كه‌یسه‌كه‌م نه‌بینیووه‌ ئایا داواكاری گشتی ئه‌م كه‌یسه‌ی جوڵاندووه‌ یاخود نا، دووه‌م ئایا ئه‌و ڕێ و شوێنانه‌ی یاسای بنه‌ما دادگه‌رییه‌كان دیاریكردووه‌ و ئه‌و زه‌مانه‌تانه‌ی بۆ تۆمه‌تبار له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌ی تۆمه‌تباردا یاسا دیاری كردووه‌ ئایا ده‌سته‌به‌ركراوه‌؟"

دادوەر د.فەرهاد حاتم ڕونیکردەوە" له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا گرنگترین شت ئه‌وه‌یه‌ پێویست ده‌كات له‌كاتی وه‌رگرتنی وته‌كانی تۆمه‌تبار له‌هه‌ر كه‌یسێكی سزایی دا به‌تایبه‌تی كه‌یسێكی هاوشێوه‌ی ئه‌م كه‌یسه‌، دەبێت كه‌سه‌كه‌ به‌ئاماده‌بوونی پارێزه‌كه‌ی وتە بدات یان ئه‌گه‌ر توانای ئه‌وه‌شی نه‌بوو ته‌نانه‌ت پارێزه‌ر بگرێت پێویست ده‌كات حكومه‌ت له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی له‌سه‌ر خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت پارێزه‌رێك بانگ بكات و داكۆكی لێ بكات له‌كاتی وه‌رگرتنی وته‌كانیدا ئاماده‌بێت ئه‌مه‌ وێڕای گرنگی ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری داواكاری گشتی له‌كاتی وه‌رگرتنی وته‌كانیدا بۆ ئه‌وه‌ی ئێستا ئه‌و ده‌نگۆیه‌ی كه‌ له‌ملاو له‌ولا ده‌یبیستین ده‌ڵێن یان وته‌كانیان له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌شكه‌نجه‌ لێدان و ته‌هدیدكراوه‌ بوونی پارێزه‌ری تۆمه‌تبار بوونی داواكاری گشتی له‌م كه‌یسه‌ ده‌توانم بڵێم زه‌مانه‌تێكی باشه‌ بۆ تۆمه‌تبار بتوانێت به‌ئازادی خۆی و به‌ئاره‌زوومه‌ندا وتەکانی خۆی بدات و له‌ژێر هیچ ترس و كاریگه‌رییه‌ك نه‌بێت."

"پێشتر دوو لەو کەسانە لەدادگای دهۆک بڕیاری ئازادکردنی دان کەچی ئازاد نەکران و هێنرانە هەولێر حوکم دران"

ئەو دادوەرەی داواکارەی گشتی ئاماژەی بەخاڵێکی تری حوکمدراوان لەسەر ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی بادینان کرد و دەڵێت" خاڵێكی تر ئه‌م كه‌یسه‌ دووان له‌تۆمه‌تباره‌كان به‌ناوی (به‌ده‌ل و شڤان) پێشتر ئه‌م كه‌یسه‌یان له‌دژ جوڵێنرا دواتر دادگای تاوانه‌كانی دهۆك به‌شێوه‌ی پێداچونەوە بڕیاره‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و بڕیارێكی ده‌توانم بڵێم نموونه‌یی بوو زۆر به‌جوانی ئه‌وه‌ شیكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ئه‌و كاره‌ی ئه‌وان كردوویانه‌ ناچێته‌ چوارچێوه‌ی تاوانه‌وه‌ به‌ڵكو ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری و وه‌كو ڕۆژنامه‌نووسێك ئه‌ركه‌كه‌ی خۆیان جێبه‌جێكردووه‌ به‌ڵام دواتر له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی بڕیاره‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بڕیاری ئیفراج-ئازاد كردنیان ده‌رچوو كه‌چی به‌رنه‌بوون دواتر هێنرانه‌ هه‌ولێر به‌م كه‌یسه‌ دیسانه‌وه‌ حوكم دران، ئه‌مانە كۆمه‌ڵێك پرسیارن منیش به‌دوای وه‌ڵامدا ده‌گه‌ڕێم."

" هه‌ست ده‌كه‌م خه‌له‌لێك هه‌یه‌ "

واتە کەسێک ئازاد بکرێت لەکەیسێکدا ناتوانرێت لەسەر هەمان بابەت دەستگیربکرێتەوە کاتێک دادگا دۆسێیەکەی داخستووە لەوەڵامدا دادوەر د.فەرهاد حاتەم وتی" نه‌خێر وه‌كو مه‌بده‌ئێكی قانونی كه‌سێك تۆمه‌تباربوو له‌كه‌یسێكدا ئیفراج-ئازاد كرا ته‌نها له‌یه‌ك حاڵه‌تدا نه‌بێت بۆ نموونه‌ ئێمه‌ له‌دادگادا به‌پێی بنه‌ما دادگه‌رییه‌كان ئه‌گه‌ر كه‌سێك تۆمه‌تباربێت له‌قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌ ئازاد بكرێت له‌به‌ر كه‌می به‌ڵگه‌ ئه‌وه‌ ئازاد ده‌كرێت بۆماوه‌ی دوو ساڵ، له‌ماوه‌ی ئه‌و دووساڵه‌ ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ی تر له‌سه‌ر هه‌مان كه‌یس دوباره‌ بویه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ به‌ڵگه‌كان لێك ده‌درێته‌وه‌، له‌قۆناغی دادگای كردنیشدا به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئازادكرا له‌قۆناغی دادگایی كردندا تاساڵێك لێی ده‌وه‌ستن دوای ساڵه‌كه‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌بێت به‌بڕیارێكی كۆتایی به‌ڵام هه‌ست ده‌كه‌م خه‌له‌لێك هه‌یه‌."

"بەسەرنجدان لەناوەڕۆکی ئەو یاسایەی پێی حوکمدراون هه‌ست ده‌كه‌م له‌جێی خۆی نییه‌ ئه‌و سزایه‌ "

دادوەر د.فەرهاد حاتم ئەوەشی وت" خاڵێكی تر كه‌زۆر گرنگه‌ نازانم تاچه‌ند دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ و داگای تاوانه‌كانی هه‌ولێر ئه‌م كه‌یسه‌ بینویانه‌ ئایا یه‌كه‌م شت كه‌دادگا پێویسته‌ لێی بكۆڵێته‌وه‌ و لێی وردبێته‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی دادگایی كه‌سێك بكات یان لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكات ئایا ئه‌م كرداره‌ی ئه‌و ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی تاوانه‌وه‌ ئێمه‌ مه‌بده‌ئێكی یاسایی و ده‌ستوریشمان هه‌یه‌ ده‌ڵێت "لاجریمه‌ ولا عقوبه‌ الا بالنص" واته‌ ناتوانرێت كه‌سێك تۆمه‌تبار بكرێت و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت و ئیجرائاتی له‌گه‌ڵ بكرێت له‌كاتێكدا ده‌قێكی دیاری كراو نه‌بێت كه‌ئه‌م كرداره‌ی ئه‌و به‌تاوان ئه‌ژمار بكرێت، ئه‌وه‌ی كه‌ من بیستم له‌م كه‌یسه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌پێی یاسای ژماره‌ 21 ی ساڵی 2003 كه‌له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچووه‌ ئه‌مانه‌ سزادراون به‌ڵام به‌سه‌رنجدان له‌ناوه‌ڕۆكی ئه‌و یاسایه‌ هه‌ست ده‌كه‌م له‌جێی خۆی نییه‌ ئه‌و سزایه‌."

دادوەر د.فەرهاد حاتەم لەبارەی هۆکاری نەگونجانی سزاکە لەگەڵ ناوەڕۆکی یاسای ژمارە (21) کەچالاکوانان و ڕۆژنامەنوسانی پێ سزا درا دەڵێت" چونكه‌ ئه‌و مادده‌یه‌ ده‌ڵێت هه‌ركه‌سێك به‌ئه‌نقه‌ست به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بێت له‌كارێكدا تێوه‌بگلێت به‌مه‌به‌ستی زیان گه‌یاندن له‌ئاسایش و سه‌قامگیری و سه‌روه‌ری داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ ببێته‌ هۆی كه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌و زیانه‌ واته‌ لێره‌ كاتێك كه‌سێك به‌پێی ئه‌م یاسایه‌ حوكم ده‌درێت ده‌بێت زیانێكی گه‌یاندبێت به‌داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆنموونه‌ بینایه‌كی ته‌قاندبێته‌وه‌، كونسوڵخانه‌یه‌كی سوتاندبێت، داموده‌زگاكانی حكومه‌تی تێكدابێت نازانم تاچه‌ند ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ ڕوویداوه‌؟ ئایا ئه‌مانه‌ چیان كردووه‌؟ ئه‌و کارەیان كردووه‌؟ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ریان دیاریكرا ئه‌گه‌ر ئه‌م كه‌سانه‌ تاوانێكیان كردبێت ئه‌م ده‌قه‌ به‌سه‌ریان جێبه‌جێ بكرێت ئه‌وا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ من ده‌ڵێم له‌وانه‌یه‌ خاتر گیرابن له‌سزاكه‌ چونكه‌ ئه‌م مادده‌ی كه‌ دانراوه‌ سزاكه‌ی هه‌تا هه‌تاییه‌كه‌ ده‌ڵێت سزا ده‌درێن به‌به‌ندكردنی هه‌تا هه‌تایی، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌قه‌ به‌سه‌ریان جێبه‌جێنه‌كرێت ده‌بێت بگه‌ڕێن و بزانیین ئایا هیچ ده‌قێكی یاسایی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ی ئه‌مان یان وه‌كو پێشتر دادگای تاوانه‌كانی دهۆك باسی له‌وه‌ كردووه‌ ئه‌مه‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی كاری ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌وه‌."

"به‌باشی ده‌زانم دادگای پێداچونەوە خۆی گشتاندنی بكات بۆ ده‌سته‌ی گشتی "

"له‌یاسادا پێی ده‌وترێت بنه‌مای یاسای تاوان و سزاكان كاتێك كه‌سێك تۆمه‌تبار ده‌كرێت ده‌بێت ده‌قێكی یاسایی هه‌بێت، ده‌بێت ئه‌ركانه‌كانی ئه‌و تاوانه‌ به‌سه‌ریدا جێبه‌جێبكرێت بۆ نموونه‌ كاتێك كه‌سێك دزی ده‌كات له‌سه‌ر تۆمه‌تی دزی سزا ده‌درێت ده‌بێت كه‌سه‌كه‌ شتێكی دزی بێت، ده‌بێت سكاڵاكارێك هه‌بێت و ماڵێكی دزراو هه‌بێت ناكرێت كه‌سه‌كه‌ سزابدرێت له‌سه‌ر تاوانێك كه‌تاوانه‌كه‌ ئه‌ركانه‌كانی جێبه‌جێ ناكرێت بۆیه‌ بەبۆچونی من ده‌بووایه‌ دادگا وردتر بوایه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئێستا وه‌كو كورده‌واری ده‌ڵێت " هێشتا نه‌چووه‌ تیابچێت" بائێمه‌ پێش ڕووداو نه‌كه‌وین دادگای پێداچونەوە به‌ڕێوه‌یه‌ بۆیه‌ من به‌باشی ده‌زانم له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م كه‌یسه‌ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ی هه‌بووه‌ خۆی ده‌چێته‌ به‌رده‌م ده‌سته‌ی جه‌زائی دادگای پێداچونەوە به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی دادپەروەری زیاتر به‌رقه‌رار بێت بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین ده‌نگ و بۆچونی له‌سه‌ربێت به‌باشی ده‌زانم دادگای پێداچونەوە خۆی گشتاندنی بكاته‌ سه‌ر ده‌سته‌ی گشتی بۆئه‌وه‌ی هه‌موو دادوه‌ره‌كانی دادگای پێداچونەوە ئه‌م كه‌یسه‌ بیبینن دواتر ئه‌وان به‌كۆی ده‌نگ یان به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیارێكی تێدابده‌ن به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و بڕیاره‌ بڕیارێكی دادپه‌روه‌رانه‌ش ده‌بێت به‌كۆی ده‌نگ." دادوەر د.فەرهاد حاتەم- دادوەری داواکاری گشتی وایوت"

"ئەگەر هیچ کام لەو تاوانانە ڕوینەدابێت ده‌بێت ئازاد بكرێن و حه‌قی ئه‌وانه‌ش ده‌بێت داوای قه‌ره‌بووش بكەن "

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئێستا کەهیچ کام لەو تاوانانەی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەوانانەی پێ تۆمەتبارکراون ڕوینەداوە (تیرۆر و تەقاندنەوەی کونسڵخانە و... هتد) (واتە وقوع الجریمە) نیە ئایا دادگای پێداچونەوە دەبێت چی بکات لەڕووی یاساییەوە؟

لەوەڵامدا دادوەری داواکاری گشتی د. فەرهاد حاتەم دەڵێت" ئەوە پرسیارێکی جوانە، ئه‌گه‌ر هیچ کام لەو تاوانانە ڕوینه‌دابێت بەبڕوای من ده‌بێت ئیفراج-ئازاد بكرێن و حه‌قی ئه‌وانه‌ش ده‌بێت داوای قه‌ره‌بوو بكەن چاره‌سه‌ر ئه‌مه‌یه‌ چاره‌سه‌ری ناوه‌ندی نییه‌.
ئه‌م شتانه‌ی كه‌ باسمكرد ئه‌ركی داواكاری گشتییه‌ له‌قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌ به‌پێی ده‌قێك له‌یاسای داواكاری گشتیدا له‌یاسای بنه‌ماكانی دادگایی هاتووه‌ داواكاری گشتی ئه‌ركیه‌تی له‌كاتی وه‌رگرتنی وته‌ی كه‌سێك كه‌تۆمه‌تباره‌ به‌تاوانێك له‌جۆری تاوانكاری وه‌كو ئه‌م كه‌یسه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌م ده‌ستماندایه‌ ده‌بێت ئاماده‌یی هه‌بێت له‌گه‌ڵ دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ كاتێك وتەی وه‌رده‌گیرێت ده‌بێت بڕواته‌ به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ دانیشێت و گوێ بگرێت ڕۆڵی داواكاری گشتی ڕۆڵی چاودێریكردنی ڕەواییه‌، ڕه‌وایی ئیجرائاتی دادگایه‌ ده‌بێت داواكاری گشتی چاودێر بێت به‌سه‌ر ئه‌و ئیجرائاتانه‌وه‌ كه‌دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌یكات ده‌بێت چاودێری ئه‌وه‌ بكات ئه‌م تۆمه‌تباره‌ پارێزه‌ری بۆ دابین بكرێت، ئه‌گه‌ر پارێزه‌ری نه‌بوو داوا بكات له‌دادوه‌ر بڵێت من قبوڵ ناكه‌م ئیفاده‌ی وه‌ربگریت تاپارێزه‌ره‌كه‌ی ئاماده‌نه‌بێت یان پارێزه‌ری بۆ داده‌نێن. "

"ئەرکەکانی تری داواکاری گشتی "

دادوەر د.فەرهاد حاتەم زیاتر وتی" ئەرکێکی تری داواکاری گشتی ئەوەیە دەبێت بزانێت ئه‌م تۆمه‌تباره‌ ئیفاده‌ی له‌ژێر هەڕەشەی لێ وەرگیراوە؟ ئه‌شكه‌نجه‌ دراوه‌ یان نه‌دراوه‌؟ ئه‌مه‌ هه‌مووی ئه‌ركی داواكاری گشتییه‌ دواتریش ئه‌گه‌ر ئه‌م داواكاری گشتیه‌ هه‌ستی كرد بڕیاره‌كه‌ی دادوه‌ر به‌حه‌واڵه‌كردنی ئه‌م تۆمه‌تبارانه‌ له‌جێی خۆی نییه‌ پێویسته‌ پێش ئه‌وه‌ی دادگایی بكرێن بڕیاره‌كه‌ی دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ به‌حه‌واڵه‌كردنی ئه‌م تۆمه‌تبارانه‌ ته‌مییز بكاته‌وه‌ له‌به‌رده‌م دادگای تاوانه‌كان به‌سیفه‌تی پێداچونەوە هاوشێوه‌ی ئه‌م كه‌یسه‌ی كه‌باسم كرد كاتێك حه‌واڵه‌ ده‌كرێن بۆ دادگای تاوان دادگای تاوانیش پێش ئه‌وه‌ی بڕیاربدات داواكاری گشتی ده‌بێت لائیحه‌ی خۆی بخوێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی من زانیاریم هه‌بێت له‌م كه‌یسه‌ داواكاری گشتی داوای ئیدانه‌كردنی تۆمه‌تباره‌كانی كردووه‌، ئیتر ئه‌وه‌ بۆچونی خۆیه‌تی نازانم به‌ڵگه‌ی پێویستی له‌به‌رده‌ستدابووه‌ بۆئه‌و داواكارییه‌ یاخود نا."

"داواکاری گشتی دەتوانێت تانە لەبڕیارەکانی دادگا بدات و داوای پێداچونەوە بکات "

دادوەر د.فەرهاد حاتەم دەشڵێت " ئه‌گه‌ر داواكارێكی گشتی له‌به‌رده‌م دادگای تاوانه‌كان قه‌ناعه‌تی به‌دادگای تاوانه‌كان نه‌بوو به‌سزادانیان مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ته‌میزی بكاته‌وه‌ له‌به‌رده‌م دادگای پێداچونەوە له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تۆمه‌تباره‌كان خۆشیان مافی ته‌میز كردنه‌وه‌یان هه‌یه‌ هاوكات داواكاری گشتیش مافی ته‌میزكردنه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌ڵام كێشه‌كه‌ لێره‌ ئەوەیە ئه‌گه‌ر داواكارێكی گشتی له‌به‌رده‌م دادگای تاوانه‌كان خۆی داوای ئیدانه‌كردنیان بكات به‌دڵنیاییه‌وه‌ ته‌مییزی ناكاته‌وه‌ چونكه‌ بڕیاره‌كه‌ی ئه‌و به‌ئاراسته‌ی داواكه‌ی ئه‌و بووه‌. "


ئایا هیچ بەربەستێکی یاسایی هەیە ئەگەر داواکاری گشتی لەکەیسی ئەو ڕۆژنامەوان و چالاکوانانە داوای زیادکردنی سزای کردبێت بەڵام ئێستا داوای پێداچونەوە بکات؟

وەڵامەکەی دادوەر د.فەرهاد حاتەم بەمجۆرە بوو " لەئێستاشدا داواکاری گشتی ده‌توانێت واتە هیچ ڕێگرییه‌كی یاسایی نییه‌ به‌ڵام له‌ڕووی عه‌مه‌لییه‌وه‌ پێشبینی ده‌كه‌م داوای پێداچونەوە نه‌كات چونكه‌ لەکاتێکدا ئه‌و خۆی داوای ئیدانه‌كردنیانی كردبێت چۆن ته‌مییزی ده‌كاته‌وه‌؟!"

" داواكاری گشتی ده‌یتوانی ئه‌و بابه‌ته‌ نه‌ك ڕابگرێت به‌ڵكو یه‌كلایی بكاته‌وه‌ "

دادوەر د.فەرهاد حاتەم کەپێشتر سەرۆکی فەرمانگەی گشتی داواکاری سلێمانی بوو ئێستاش یەکێکە لەداواکارە گشتیە چالاکەکان لەناو خەڵک و میدیاکاندا بەو دادوەرە ناسراوە لەپۆستەکانیدا زۆرترین ئەو کەیسانەی جوڵاندووە کە پەیوەندی بەمافی گشتیەوە هەبووە و خەڵک وەک فریادڕەسێک بۆ هەندێک لەبڕیارەکانی دادگایان بینیووە لەچەند کەیسێکی گرنگ.

بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا پرسیاری ئەوەی لەدادوەر فەرهاد حاتەم کرد ئەگەر تۆ لەکەیسی ئەو پێنج حوکمدراوەی بادینان داواکاری گشتی بویتایە لەکاتێکدا گوێ بیستی ئەوە دەبویت ئەو تۆمەتبارانە بڵێن "لەژێر هەڕەشەی ناموسدا دانمان بەو تۆمەتانەدا ناوە " ئایا تۆ چیت دەکرد وەک داواکاری گشتی؟

وەڵامەکەی دادوەر د.فەرهاد حاتەم بەمجۆرەبوو "بەبۆچونی من ئه‌وه‌ ئه‌ركی داواكاری گشتی بوو له‌و قۆناغه‌ ئیجرائات بكات و به‌دواداچوون بكات چونكه‌ ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌ له‌وه‌ بكات بزانێت كێن ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌هەڕەشەیان كردووه‌؟ لەبەرئەوەی ئه‌مه‌ خۆی بۆی تاوانه‌ چونكه‌ هیچ تۆمه‌تبارێك نابێت له‌ژێر ته‌هدید و زۆر و ئه‌شكه‌نجه‌ و بەڵێندا ئیفاده‌ی وه‌ربگیرێت ئه‌وه‌ ئه‌ركی داواكاری گشتیه‌ كه‌قبوڵی ئه‌وه‌ نه‌كات، داواكاری گشتی ده‌یتوانی ئه‌و بابه‌ته‌ نه‌ك ڕابگرێت به‌ڵكو یه‌كلایی بكاته‌وه‌. "

"کەیسی تۆمەتباری تیرۆر-مان هەبووە کەلەبەردەم دادگا وتویەتی لەژێر هەڕەشەدا دانم ناوە بەتاوانەکەدا کە بەڵگەی تر لەبەردەست دادگا نەبووە ئازادمان کردووە "

دادوەر د.فەرهاد حاتەم زیاتر ئاماژەی بەوەکرد کاتێک تۆمەتبارێک لەبەردەم دادگا دەڵێت لەژێر هەڕەشەدا دانم بەتاوانەکەدا ناوە دەبێت دادگا و داواکاری گشتی لەوکاتەدا چی بکات، لەو ڕوەوە دەڵێت" ئێمه‌ كه‌یسی وامان هه‌بووه‌، تۆمه‌تبارمان هه‌بووه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌شكه‌نجه‌داندا ئیعترافی كردووه‌ دوایی تۆمه‌تباره‌كه‌مان ئازاد-(ئیفراج) كردووه‌ و لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌شمان له‌دژی ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ پێکهێناوە كه‌ئه‌شكه‌نجه‌ی داوه‌ و لێداوه‌، وه‌ ئیجرائاتیشمان كردووه‌ به‌رامبه‌ری سزاش دراوه‌، ئه‌مه‌ ڕێگه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆیه‌تی."

هەروەها وتی" خاڵێكی زۆر گرنگ هه‌یه‌ وه‌كو كه‌یس وه‌كو یاسا باس ده‌كه‌م ئێمه‌ بۆ نموونه‌ ئێستا له‌دادگاكانی تاوانه‌كانی سلێمانی تۆمه‌تبارێك ئه‌گه‌ر له‌قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌شدا ئیعترافی كردبێت له‌قۆناغی دادگایی كردندا بڵێت من ئینكاری ئه‌و ئیعترافه‌ ده‌كه‌م و پاشگه‌زبێته‌وه‌ له‌ئیعترافه‌كه‌ی و بڵێت ئه‌و ئیعترافه‌ له‌ژێر هەڕەشە و فشاردا کردومە و ئه‌شكه‌نجه‌دراوم ئه‌گه‌ر نه‌شیسه‌لمێنێت مادام ئیعترافه‌كه‌ی "موعه‌زه‌ز" نییه‌ بەڵگەی پشت ئه‌ستور نییه‌ به‌ئیعترافه‌كه‌ی ئه‌وا ئازادی- ئیفراجی ده‌كه‌ین."

"دانپێدانان بەتەنها بەس نیە بۆ سزادانی تۆمەتبار"

دادوەری داواکاری گشتی د.فەرهاد حاتەم ئەوەشی خستەڕوو" ده‌یان كه‌یسمان هه‌یه‌ له‌سلێمانی له‌قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌ به‌تاوانی تیرۆریش كه‌سێك تۆمه‌تباره‌ به‌تیرۆر له‌قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌ دانی ناوە بەتاوانەکەیدا به‌ڵام له‌قۆناغی دادگایی كردندا هاتووه‌ وتویه‌تی ئه‌و ئیعترافه‌م له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌شكه‌نجه‌داندا بووه‌ و ئینكاری ده‌كه‌م و ئێستا پاشگه‌زبوومه‌ته‌وه‌ ئێمه‌ سه‌یرده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر ئه‌م ئیعترافه‌ی ئه‌م هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نه‌بوو به‌هێزی بكات ئه‌وكاته‌ ئێمه‌ كه‌یسه‌كه‌ داده‌خه‌ین چونکە ئیعتراف به‌ته‌نها به‌س نییه‌ بۆ ئیدانه‌كردنی- حکومدانی تۆمه‌تبار کاتێک پاشگەزبێتەوە لەبەردەم دادگا لێی، بۆیه‌ ئه‌مه‌ش خۆی بۆخۆی بابه‌تێكه‌ ئایا دادگای تاوانی هه‌ولێر ئایا ئه‌م كه‌یسه‌یان به‌م ئاراسته‌یه‌ بینیووه‌؟ به‌م وردییه‌ دیراسه‌یان كردووه‌؟"

"کەی ئەو پێنج کەسە دەتوانن داوای قەرەبوو بکەن؟"

دادوەری داواکاری گشتی ( د.فەرهاد حاتەم) وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە لەچ کاتێکدا ئەو پێنج کەسە لەڕووی یاساییەوە دەتوانن داوای قەرەبوو بکەن لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵیان؟ لەوەڵامدا دادوەر د.فەرهاد حاتەم دەڵێت" ئێمه‌ یاسایه‌كمان هه‌یه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ناوی یاسای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ده‌رئه‌نجام ئازاد(ئیفراج) ده‌كرێن و حوكمی بێتاوانیان ده‌رده‌كرێت و به‌ناحه‌ق ده‌گیرێن ئه‌و یاسایه‌ ڕێگه‌ی داوه‌ كه‌دوای قه‌ره‌بوو بكه‌ن وە ڕێوشوێنه‌كانیشی دیاری كردووه‌ له‌ناو هەموو دادگاکان لیژنه‌یه‌ك هه‌یه‌ تایبه‌ت به‌خه‌مڵاندنی زیانی ماددی و مه‌عنه‌وی ده‌توانن داوای بكه‌ن به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌مانه‌ به‌ناحه‌ق گیراون و به‌ڵگه‌ نه‌بووه‌ و له‌ژێر كاریگه‌ری هەڕەشە و فشاردا ئیفاده‌یان داوه‌ لەم حاڵەتەدا دەتوانن داوای قەرەبووی مادیی و مەعنەوی لەبەردەم دادگادا بکەن ئەوەش كاتێك ده‌توانرێت بڕیاره‌كه‌ی دادگای پێداچوونه‌وه‌ ده‌ربچێت و پله‌ی كۆتایی وه‌ربگرێت به‌ڵێ ده‌توانن داوای قەرەبوو بکەن ئەوکاتە."


دادوەر د.فەرهاد حاتەم زیاتر ڕونیکردەوە" بڕیاره‌كه‌ی دادگای پێداچوونه‌وه‌ كه‌هاته‌وه‌ ئه‌و بڕیار ده‌دات، جاری واهه‌یه‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ به‌ته‌واوه‌تی ئازادیان ناكات، جاری واش هه‌یه‌ بڕیارێكی دادگای تاوانه‌كان هه‌ڵده‌وشێنێته‌وه‌ به‌ڵام ده‌ڵێت لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتری تێدا بكه‌ن ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ ده‌توانن داوای قه‌ره‌بوو بكه‌ن واته‌ هێشتا گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڕیاره‌كه‌ی دادگای پێداچوونه‌وه‌ به‌و ئاراسته‌یه‌ بێت یه‌كسه‌ر خۆی بڕیاری كۆتایی تێدا بدات و بڵێت به‌و وه‌سائیلانه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌ستی ئێمه‌دایه‌ ئه‌و تاوانه‌ ته‌شكیل ناكات و ئه‌و كه‌یسه‌ ده‌بێت دابخرێت و بڕیارماندا به‌داخستنی، ئه‌وكاته‌ له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی بڕیاره‌كه‌ی دادگای پێداچوونه‌وه‌یه‌ ئەو کەسانە ده‌توانن داوای قه‌ره‌بوو بكه‌نه‌وه‌."

"ناکرێت دەسەڵاتی دادوەری لەگەڵ حکومەتدا لەیەک بەرەدابن خەڵک و ڕۆژنامەنوسیش بەرەیەک بن "

دادوەر د.فەرهاد حاتەم لەقسەکانیدا باسی بەیاننامەکانی لایەنی حکومی و ئەنجومەنی دادوەری و لایەنەکانی تری دادوەری کرد لەو ڕوەوە وتی" شتێكی زۆر گرنگ هه‌یه‌ ئه‌مه‌ خاڵێكی یاساییه‌ كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مڕۆ دووبه‌ره‌ دروست بووه‌ به‌داخه‌وه‌، به‌ره‌یه‌ك حكومه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری ئه‌وه‌تا هه‌میشه‌ وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه‌ و به‌یاننامه‌ ده‌رده‌كه‌ن وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌سه‌نگه‌رێك بن، به‌ره‌یه‌كیش خه‌ڵك كه‌ئه‌مه‌ خۆی بۆخۆی مه‌ترسیداره‌ و دیارده‌یه‌كی نه‌شازه‌ و دیارده‌یه‌كی نامۆیه‌ له‌ناو ده‌سه‌ڵاتی دادوەری، ناكرێت ده‌سه‌ڵاتی دادوەری له‌گه‌ڵ حكومه‌تدا به‌ره‌یه‌ك بێت و خه‌ڵكیش به‌ره‌یه‌ك بێت و ڕۆژنامه‌نووسیش به‌ره‌یه‌ك، له‌وڵاتێكدا باسی ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری ده‌كرێت یاسایه‌ك هه‌یه‌ به‌ناوی یاسای ڕۆژنامه‌گه‌ری باس له‌ئازادی ڕاده‌ربڕین ده‌كرێت له‌ولاشه‌وه‌ خه‌ڵك ده‌گیرێت و حكوم ده‌درێت ئه‌مه‌ خۆی بۆ خۆی مه‌ترسیداره‌."

"لێدوانەکەی سەرۆکی حکومەت پێش بڕیارەکەی دادگا به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان ده‌ستتێوه‌ردانه‌ له‌دادگاكان "

بەچەند ڕۆژێک پێش سەپاندنی سزا بەسەر ئەو پێنج ڕۆژنامەنوس و چالاکوانەی بادینان لەلایەن دادگای تاوانەکانی هەولێرەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (مەسرور بارزانی) لەوەڵامی پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی (سپێدە) سەبارەت بەکەیسی دەستگیرکراوان و چالاکوانانی بادینان وتی" ئەوانە سیخوڕن جگە لەهەوڵی سیخوڕی هەوڵی ڕفاندنی کەسانی بیانی و تەقاندنەوەی بینا و کونسڵگەرییە بیانیەکانیان داوە"

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی هەڵسەنگاندنی یاسا بۆ ئەو قسانەی سەرۆکی حکومەت پێش بڕیاری دادگا بۆ ئەو تۆمەتبارکراوانە چیە؟

دادوەر د.فەرهاد حاتەم لەوەڵامدا ڕایگەیاند" ئه‌م جۆره‌ لێدوانانه‌ خۆی بۆخۆی خه‌له‌له‌ به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان به‌تایبه‌تی له‌كه‌سێكه‌وه‌ ده‌ربچێت كه‌سه‌رۆكی پۆستێك بێت له‌ده‌سه‌ڵاته‌ گرنگه‌كان كه‌ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه‌ ئه‌مه‌ كاریگه‌ری ده‌بێت به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان ده‌ستتێوه‌ردانه‌ له‌دادگاكان هه‌رچه‌نده‌ پێویست نییه‌ دادگا گوێ له‌ده‌ستێوه‌ردانه‌كان بگرێت پێویسته‌ دادگا خۆی بڕیار بدات."

"خاڵێکی تر ئەوەیە ئه‌م بابه‌ته‌ كه‌ له‌دهۆك بووه‌ بۆچی دادگای تاوانه‌كانی دهۆك دادگایی نه‌كردووه‌ و بۆچی هاتۆته‌ هه‌ولێر "

دادوەر د.فەرهاد حاتەم سەرنجێکی تری یاسایی لەسەر کەیسی پێنج سزادراوەکەی بادینان خستەڕوو، لەو ڕوەوە وتی" خاڵێكی تر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ كه‌ له‌دهۆك بووه‌ بۆچی دادگای تاوانه‌كانی دهۆك دادگایی نه‌كردووه‌ و بۆچی هاتۆته‌ هه‌ولێر؟ خۆی له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ تاوان به‌چی دیاریده‌كرێت به‌و شوێنه‌ی كه‌تاوانه‌كه‌ی تێدا ئه‌نجامدراوه‌، بۆنموونه‌ كه‌سێك له‌ سلێمانی تاوانێك ئه‌نجام ده‌دات باماڵی له‌هه‌ولێر یان دهۆكیش بێت، ئه‌و كه‌سه‌ ده‌بێت له‌دادگای سلێمانی دادگایی بكرێت."

"شوێنی ئەنجامدانی تاوان واتای چی؟ "

دادوەر د.فەرهاد حاتەم دەربارەی شوێنی ئەنجامدانی تاوان لەیاسای بنەماکانی دادگەری سزایی دوا و وتی " (الاختصاص المكاني)ی - واتە شوێنی ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه‌ كوێ بێت ده‌بێت دادگای ئه‌و شوێنه‌ دادگایی بكات له‌یاسای بنه‌ما دادگه‌رییه‌ سزاییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كات ده‌ڵێت "دیاریكردنی شوێنی تاوان له‌و شوێنه‌ ده‌كرێت كه‌تاوانه‌كه‌ی تێدا ئه‌نجامدراوه‌ و هه‌ر دادگای ئه‌و شوێنه‌ش ده‌بێت دادگایی بكات پێشتریش دووان له‌م تۆمه‌تبارانه‌ له‌دادگای تاوانه‌كانی دهۆک ئه‌م كه‌یسه‌یان بینراوه‌ من نازانم هه‌مان کردار-دۆسێیە بێت ئه‌گه‌ر هه‌مان كردار بێت ئه‌مه‌ خۆی بۆخۆی خه‌له‌له‌، ئه‌گه‌ر كه‌سێك پێشتر له‌دادگای تاوانه‌كانی دهۆك ئیفراج كرابێت و كه‌یسه‌كه‌ی داخرابێت ناكرێت جارێكی تر دۆسێیەکەی ببینرێته‌وه‌ له‌یه‌ك حاڵه‌تدا نه‌بێت ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ی تازه‌ دروست ببێته‌وه‌ كه‌هه‌ر ده‌بێت له‌دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی دهۆكه‌وه‌ ده‌ست پێبكاته‌وه‌ نه‌ك بێت بۆ هه‌ولێر چونكه‌ كه‌یسه‌كه‌ له‌دهۆك جێماوه‌ و كه‌یسه‌كه‌ی له‌دهۆكه‌."

باشە (عدم الاختصاص المكاني) لەهەر تاوان و دۆسێیەکدا دەبێتە هۆی ئەوەی بوترێت بڕیار لەسەر دۆسێیەکە باتڵە؟

وەڵامەکەی دادوەر د.فەرهاد حاتەم بەم جۆرەبوو" ناتوانرێت بوترێت باتڵه‌ به‌ڵام بۆخۆی جێی گومانه‌،واته‌ پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیشی من وەک دادگای تاوانەکانی هەولێر نییه‌، بۆچی من ده‌یبینم؟!"

وتیشی" ئێستا هه‌ر دادگایه‌ك ببینێت كه‌یسه‌كه‌ تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و نییه‌ خواخوایه‌تی كه‌یسێكی كه‌متری له‌سه‌ربێت و یه‌كسه‌ر ده‌ینێرێت بۆ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌."

" ......ئایا ئه‌مه‌ وای نه‌كردووه‌ ئه‌م كه‌یسه‌ له‌ده‌ستی دهۆك ده‌ربكرێت و بخرێته‌ هه‌ولێر بۆئه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌ به‌شێوازێكی تربێت؟ "

دادوەری داواکاری گشتی د.فەرهاد حاتەم لەسەر سەرنجە یاساییەکانی بۆ کەیسی پێنج ڕۆژنامەوان و چالاکوانەکەی بادینان زیاتر وتی" پرسیارێكمان لادروست ده‌بێت ئایا ده‌ركردنی بڕیارێكی پێشووتری دادگای تاوانه‌كانی دهۆك ئه‌مه‌ وای نه‌كردووه‌ ئه‌م كه‌یسه‌ له‌ده‌ستی دهۆك ده‌ربكرێت و بخرێته‌ هه‌ولێر بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌ به‌شێوازێكی تربێت؟ ده‌توانیین وابڵێین؟"

" ...ئەگەر من دادوەری ئەو کەیسە بم ...."

دادوەرەکەی داواکاری گشتی (د.فەرهاد حاتەم) ئەوەشی وت" بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر من دادوه‌ر بم و ئیسپات بێت كه‌كه‌سێك ئه‌و یاسایه‌یان (یاسای ژمارە 21) ی به‌سه‌ریدا جێبه‌جێبكه‌م ناچم شه‌ش ساڵ حكومی بده‌م ده‌چم حوكمی هه‌تا هه‌تایی ده‌ده‌م چونكه‌ یاساكه‌ وام پێده‌ڵێت ئه‌گه‌ر نه‌شیكردووه‌ پێویسته‌ ئازادی بكه‌یت، چاره‌سه‌ری ناوه‌ندی نییه‌ لەیاساکەدا (واتە یا حوکمی هەتا هەتاییە یاخود دەبێت ئازاد بکرێن) ئه‌و یاسایه‌ ڕوونه‌ ده‌بێت كه‌سێك تاوانێكی كردبێت و زیانی گه‌یاندبێت به‌سه‌قامگیری و ئه‌من و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و به‌داموده‌زگاكانی ده‌بێت به‌رئه‌نجامی ئه‌و كرداره‌ی كه‌ كردوویه‌تی زیانێك كه‌وتبێت واته‌ زیانه‌كه‌ (موته‌حقیق) بەدیهاتبێت پرسیاره‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌مانه‌ به‌رئه‌نجامی ئه‌و كرداره‌ی كه‌گوایه‌ كردوویانه‌ سه‌فاره‌تێك ته‌قێنراوه‌ته‌وه‌؟ كونسوڵخانه‌یه‌ك ته‌قێنراوه‌ته‌وه‌؟ یان ته‌قینه‌وه‌یه‌ك هه‌بووه‌؟ بینایه‌كی حكومه‌ت ڕووخێنراوه‌ یان سوتێنراوه‌؟ شتی وا ڕوویداوه‌؟ کەواتە کە نه‌كرابێت كه‌واته‌ تاوانه‌كه‌ (موته‌حه‌قیق) ئه‌نجامدراو نییه‌ ده‌بێت بگه‌ڕێن به‌دوای ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌م كرداره‌ی ئه‌مان ده‌چێته‌ بابی تاوانێكی تره‌وه‌؟ چونكه‌ ناكرێت كه‌سێك له‌سه‌ر شتێك حكوم بده‌یت كه‌ ئه‌و تاوانه‌ به‌سه‌ریدا جێبه‌جێ نه‌بێت، ئەوە وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌سێك حكوم بدرێت له‌سه‌ر تاوانی كوشتن به‌ڵام خۆی تاوانی كوشتنی ئه‌نجام نه‌دابێت و جنێوی دابێت."

"داواکاری گشتی لەهەرێم بە یاسای ساڵی 1979 کاردەکات کەیه‌كێك له‌ئامانجه‌ گرنگه‌كانی ئه‌و یاسایه‌ ده‌ڵێت "پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی شوڕشی به‌عسە"

دادوەری داواکاری گشتی د.فەرهاد حاتەم سەبارەت بەهۆکاری کارانەبونی ڕۆڵی داواکاری گشتی لەهەرێمی کوردستان کەوەک هەندێک ڕەخنە لەو دامەزراوەیە دەگرن و بەناکارا ناوی دەبەن دەڵێت" من له‌ ساڵی 2006 وه‌ كه‌ دامه‌زاراوم وه‌كو داواكاری گشتی تائیستا ئێمه‌ له‌ هه‌وڵداین ده‌زگای داواكاری گشتی كارا بكه‌ین و به‌هێزی بكه‌ین،له‌پێداویستیه‌كانی كاراكردنی ئه‌م ده‌زگایه‌ ده‌ركردنی یاسایه‌كی تۆكمه‌یه‌ كه‌تۆزێك ده‌ستی داواكاری گشتی بكاته‌وه‌ و تۆزێك ده‌سه‌ڵاتی زیاتر بداتێت و هێزی زیاتر بداتێت و چاودێری زیاتر بتوانێت بكات و ئیجرائات زیاتر بتوانێت بكات هاوشێوه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی كە لەدنیادا هەن من خۆم یه‌ك مانگ له‌ئه‌مه‌ریكا بووم سه‌رسام بووم به‌سیسته‌می داواكاری گشتی و ئه‌و وڵاته‌ كه‌چۆن ئیش ده‌كه‌ن و داواكاری گشتی له‌ چ ئاستێكدایه‌ و له‌ شوێنێكی یاسایی به‌هێزدایه‌ كه‌ له‌ئاستی هه‌موو حكومه‌ت به‌ده‌ست داواكاری گشتییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكرێت به‌ داواكاری گشتی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌ندا ڕووی به‌راوردی نییه‌ چونكه‌ ئێمه‌ له‌چوارچێوه‌ی یاسایه‌ك ئیش ده‌كه‌ین كه‌ له‌ساڵی 1979 وه‌ ده‌رچووه‌، یه‌كێك له‌ ئامانجه‌ گرنگه‌كانی ئه‌و یاسایه‌ ده‌ڵێت "پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی شۆڕش و به‌عسە"واته‌ یاسایه‌ك بۆ پارێزگاری كردن له‌خودی خۆی و له‌ده‌ستكه‌وته‌كانی حیزبی به‌عسی عه‌ره‌بی ئیشتراكی ئەمه‌ شه‌رمه‌زاری نییه‌ كه‌ئێستاش به‌و یاسایه‌ ئیش ده‌كه‌ین به‌ڵام به‌كێ بڵێین؟."

"داواكاری گشتی ئه‌گه‌ر به‌م شێوازه‌ بمێنێته‌وه‌ نه‌بوونی باشتره‌ "

دادوەرە گشتیەکە ئەوەش دەڵێت" له‌ساڵی 2006 وه‌ ئێمه‌ پرۆژه‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌ین و ده‌ڵێین داواكاری گشتی ناكرێت وابێت نابێت ئاوا كپ بێت و نابێت ده‌سته‌مۆ بێت و نابێت بێ ڕۆڵ بێت داواكاری گشتی ئه‌گه‌ر به‌م شێوازه‌ بمێنێته‌وه‌ نه‌بوونی باشتره‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ ده‌زگایه‌ك نه‌توانێت به‌ئه‌ركی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی هه‌ستێت یان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م ده‌زگایه‌ بخه‌نه‌ شوێنی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی و ده‌زگایه‌كی به‌هێز بێت وه‌كو هاوشێوه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌هه‌ن یان به‌ڕای من نه‌بوونی باشتره‌."

" پەرلەمان ده‌یان پڕۆژه‌ یاسای ده‌ركردووه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی پرۆژه‌یاسای داواكاری گشتی بێت له‌ ڕه‌فه‌كان دانراوه‌ و هه‌موو ساڵێك قورعه‌ی بۆ ده‌كرێت به‌ڵام ناگاته‌ ئه‌نجام "

واتە لەپەرلەمانی هەرێم یاساکەتان بۆ هەموار ناکرێت یا دەرناچوێنرێت؟ دادوەر د.فەرهاد حاتەم دەڵێت" به‌ڵێ ئێستا ده‌یان پڕۆژه‌ یاسایان له‌په‌رله‌مان ده‌ركردووه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی پرۆژه‌ یاسای داواكاری گشتی بێت له‌ڕه‌فه‌كان دانراوه‌ و هه‌موو ساڵێك قورعه‌ی بۆ ده‌كرێت به‌ڵام ناگاته‌ ئه‌نجام جگه‌له‌وه‌ لایه‌نێكی زیندووی كه‌مترین ده‌سه‌ڵاتی داواكاری گشتییه‌ ده‌بێت پێداچوونه‌وه‌یه‌كی گشتی بكرێته‌وه‌ به‌پۆسته‌كانی ناو داواكاری گشتی ده‌بێت بزانیین ئایا پێوه‌ری دانانی داواكاری گشتی چییه‌؟ جێگره‌كانی چین؟ سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌كان چین؟ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌رپه‌رشیتیاری دادی چین ؟ته‌نانه‌ت هه‌ڵبژادنی خودی داواكاری گشتی ده‌بێت كۆمه‌ڵێك پێوه‌ر و دیسپلین هه‌بێت، ده‌بێت چاودێریه‌ك هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌دای ئه‌م ئه‌ندامانه‌، ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێكی داواكاری گشتی كارایه‌ وكاریگه‌ره‌ جێگه‌ی ده‌ستخۆشیه‌ ئه‌گه‌رنا توانای نییه‌ و قابیله‌تی نییه‌ پێویسته‌ لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت،پێویسته‌ لایه‌نێك هه‌بێت چاودێری بكات كه‌ ئه‌مه‌ تائێستا بوونی نییه‌."

"دیارده‌یه‌كی خراپ و مه‌ترسیداره‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵك والێ بكه‌ین هه‌مووی به‌ئاراسته‌یه‌كی ناشیرین سه‌یری دادگا بكات و شكۆی دادگا بشكێنن "

لەکۆتایی وتووێژەکەی بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا دادوەری داواکاری گشتی د.فەرهاد حاتەم وتی" له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو تێبینیانه‌ و ئه‌و بابه‌ته‌ یاسایانه‌ی كه‌باسم كرد دیارده‌یه‌كی خراپ و مه‌ترسیداره‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ خه‌ڵك والێ بكه‌ین هه‌مووی به‌ئاراسته‌یه‌كی ناشیرین سه‌یری دادگا بكات و شكۆی دادگا بشكێنن و له‌ فه‌یسبوكدا جنێو بدات به‌ده‌زگای دادگه‌ری ئه‌مه‌ شتێكی خراپه‌ به‌ڵام ده‌بێت ئیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ین چۆن بتوانیین ئه‌گه‌ر خه‌له‌لێك هه‌یه‌ چاره‌سه‌ری بكه‌ین؟ ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ ئه‌رك ده‌بینن له‌وه‌ی كه‌شكۆی دادگا بپارێزن یه‌كێك له‌ده‌زگا گرنگه‌كان داواكاری گشتیه‌، من كاتی خۆی سه‌رۆكی داواكاری گشتی سلێمانی بووم كه‌یسی وا هه‌بووه‌ ئه‌و داواكاری گشتیه‌ كه‌ له‌دادگای تاوانه‌كان بووه‌ به‌شێوازێك داواكاری پێشكه‌ش كردووه‌ به‌ڵام كه‌چی من خۆم وه‌كو سه‌رۆكی داواكاری گشتی بڕیاره‌كه‌م ته‌مییز كردۆته‌وه‌ له‌دادگای پێداچوونه‌وه‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ كه‌یسی مامۆستا ساكار كه‌دادگای تاوانه‌كانی سلێمانی ئیفراجی كرد به‌ڵام من وه‌كو سه‌رۆكی داواكاری گشتی خۆم ته‌مییزم كردەوە له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕیاره‌ نه‌بووم ئه‌وه‌ بوو له‌دادگای پێداچوونه‌وه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت له‌ناو داواكاری گشتیدا ئێمه‌ بێلایه‌ن بین به‌مانای وشه‌ چونكه‌ له‌ئه‌نجام ئێمه‌ چاودێری ده‌زگای دادوەری ده‌كه‌ین."

"ئەو کەیسە تەنها دوو کەس بۆی هەیە داوای پێداچونەوە لەبەردەم دادگای پێداچونەوە بکات "

د.فەرهاد حاتەم ڕاشیگەیاند" كاتێك دادگا بڕیارێك ده‌دات به‌ئاراسته‌یه‌ك ئه‌ركی خه‌ڵك نییه‌ به‌یاننامه‌ بڵاوبكاته‌وه‌ و دژی خۆپیشاندان بكات و جنێوبدات به‌دادوه‌ر و سوكایه‌تی بكات به‌دادوه‌ر بكات، ئه‌و كه‌یسه‌ ته‌نها دووكه‌س بۆی هه‌یه‌ "ته‌میزی" بكاته‌وه‌ داواكاری گشتی له‌گه‌ڵ كه‌سه‌كه‌ی كه‌ حوكم دراوه‌ ئیتر خه‌ڵكی تر له‌ هاوكێشه‌كه‌دا نییه‌ بۆیه‌ ئه‌مه‌ش بۆخۆی خراپه‌ هه‌ركه‌یسێك دادگا بڕیاری تێیدا دا یه‌كسه‌ر ئێمه‌ بڕۆینه‌ سه‌رشەقام و ئاراسته‌ی دادگا بگۆڕین و كێ ده‌ڵێت ئه‌و كه‌سه‌ شایسته‌ی ئیدانه‌كردن نییه‌؟ ده‌بێت شته‌كان وابێت یه‌كه‌م شكۆ بۆ دادگا بگه‌ڕێته‌وه‌، دووه‌م ئه‌و دادوه‌ره‌ی كه‌ بڕیارده‌دات پێویسته‌ به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ بڕیاربدات هەروه‌ها داواكاری گشتیش به‌ڕۆڵی خۆی هه‌ستێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:22:13 0:00



XS
SM
MD
LG