Accessibility links

د.ڕەھێڵ فەرەیدون: بەپێی رێنماییەکانی WHO دەبێت تا کۆتایی ئەمساڵ لە 20% ی ھاوڵاتیانی هەرێم ڤاکسین وەربگرن


د.ڕەهێڵ فەرەیدوون-بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق
د.ڕەهێڵ فەرەیدوون-بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق

د.ڕەهێڵ فەرەیدون بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "بەپێی ڕێنماییەکانی (WHO) دەبێت تاکۆتایی ئەمساڵ 2021 لە 20%ی هاوڵاتیانی هەرێم ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا وەربگرن بۆ ئەوەش حوکمەتی هەرێم پلانی داناوە ئەو ڕێنماییە جێ بەجێبکات، دەشڵێت " ئێمە ڤاکسینی ئەسترازینیکا بەسەلامەت دەزانیین و WHO ش پشتڕاستی کردۆتەوە قسە لەوان وەردەگرین، د.ڕەهێڵ ئەوەشی وت" هەرچەندە بەدەمەوەهاتنی هاوڵاتیان وەک پێویست نیە بۆ تۆمارکردنی ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین ئێمە لەو دوودڵییەی ئەوان تێدەگەین بەڵام تائێستا هیچ حاڵەتێکی خراپ بەهۆی ڤاکسینەوە لەهەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە."

" بەفەرمی و بەدانیشتن و چەندجارێک داوامانکردووە لەحکومەتی عێراق کردووە هاوکارمان بن "

د.ڕەهێڵ فەرەیدوون لەسەرەتای وتووێژەکەدا وتی" دیارە وەکو وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێمە پێشتر باسمان لەوەکرد ئەو بڕەبەشەی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵەوە دابینکراوە و کار لەسەر مەسەلەی ڤاکسین کراوە و خۆمان ئەوە بکەین بتوانیین بکەین، لەم سێ مانگەی کۆتاییەوە ئێمە لیژنەیەکی باڵامان لەوەزارەت دانا بۆ ئەو مەبەستە کەڕاوێژکارێک و کۆمەڵێک کەسانی پسپۆڕی تێدایە لەو بەشانەی کەپەیوەندیان بەڤاکسینەوە هەیە، لەهەموو ئەو ڕێکارانەی کەدیاریکرابوو بەوەشەوە ئەو کۆمپانیانە کێن ئێمە وەکو هەرێم مامەڵەیان لەگەڵ بکەین لەلایەن بەغدادەوە ئەسترازینکا و فایزەر و سینوفارم بوون ئێمە دوای ئەوەی چەند دانیشتن و بەئاگابوون عێراق لەو گرێبەستانەی کەکردوویەتی و ئەوانەشی دەیکات بەشی هەرێم بۆ ڕێژەیەی دیاریکراوە کەهاوڵاتیان تا پەتای 2021 وەریبگرن، هەروەها هەندێک وردەکاری ئامادەکاری دابینکردنی ڤاکسین لەگەڵ ئەو کۆمپانیانەی هەروەها ئێمە تاچەند دەتوانیین وەکو حکومەتی هەرێم مامەڵەیان لەگەڵ بکەین بۆ ئەو مەبەستە بەفەرمی و بەدانیشتن و چەندجارێک داوامانکردووە لەحکومەتی عێراق کردووە هاوکارمان بن."

"چەند ڤاکسین هاتۆتە عێراق؟"

د.ڕەهێڵ فەرەیدوون ئەوەشی وت" مەسەلەی چەند ڤاکسین هاتۆتە عێراق دیارە یەکەمجار لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر ملیۆنێک و پێنج سەد ژەم ڤاکسین لە فایزەر کڕدراوە بەڵام هەتا ئێستاش نەهاتووە کێشەیەکی تەکنیکی لەکۆمپانیاکە هەبوو بەهۆی ڕێژەی زۆری ئەو گرێبەستانەی کە لەو وڵاتانەوە داواکاربوون، دوای ئەوە عێراق 16 ملیۆن ژەم لەئەسترازینکای کڕیووە دوای ئەوەش وڵاتی چین 50 هەزار جورعەی ناردە عێراق بەهاوکاری، سەرەتا ئێمە پێنج هەزار ژەمە ڤاکسینمان لە سینوفارم وەرگرت کەهەزاری چووە بۆ ئەندامان و ستافی کونسوڵگەری گشتی چین داوایانکردەوە، ئەوی ترمان ڕاستەوخۆ لەنێوان شارەکاندا بەشکرد بەپێی ڕێژەی دانیشتوان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت 43% بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین، 57% بۆ هەولێر و دهۆک بەکۆیە و سۆرانەوە."

"ئەو ڕێژە ڤاکسینانەی هاتۆتە هەرێم"

بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم ئاماژەی بەو ڕێژە ڤاکسینە دا کەتائێستا هاتۆتە هەرێمی کوردستان لەو ڕووەوە دەڵێت" سەرەتا 5000 ژەمە ڤاکسینی چینی هاتە هەرێم، خۆیان داوای 1000 دانەیانکردووە بۆ کونسوڵگەریەکەی خۆیان ئەو خەڵکانەی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن، هەروەها ئەسترازینکا لەگوژمی یەکەم 43 هەزار و 800 ژەمە ڤاکسین نارد بۆ سێ شارەکەی هەرێمی کوردستان سلێمانی و هەولێر و دهۆک بەپێی لیستێک کەخۆی لەسەر بنەمای ئامارێکی دانیشتوان کەبەڕاستی نازانم بنەماکەی چۆنە و چ ئامارێکە دابەشی کرد بەسەر شارەکانی هەرێم و هەموو شارەکانی عێراقدا 16 هەزار و 500 هاتە سلێمانی 15 هەزار و 800 ژەم چووە هەولێر و 11 هەزار و 500 چووە دهۆک، ئێمە پێشتریش ئاماژەمان بەوە دابوو چۆنیەتی دابەشکردنەکەی بەپێویستی ئیشی خۆمان یەکەمجار داماننا ئەو کەسانەی لەناو کەرتی تەندروستیدابوون و لەهێڵی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایڕەسەکەدا بوون ئەمە هەر لەسینۆفارمەوە دەستمان پێکرد، وە سەرەتاش هەم وەزیر و بەشێک لە بەڕێوەبەرە گشتیەکان لەخۆیاندا و بەش بەحاڵی خۆشم لەبەرئەوەی کە تووشبووم جارێ ماوە زانستیەکە نەهاتووە لەخۆمی بدەم، لەخۆمم نەدا بەڵام بۆ ئەوەی پشتیوانی هاوڵاتیان بکەین و دڵنیایان بکەینەوە کە ئەمە سەلامەتەولێی نەترسن."

"هەر هاوڵاتیەکیش پێویست بێت ڤاکسین وەربگرێت ئەگەر نەشبێت لەچوارچێوەی ئەو خاڵبەندییەی کردوومانە بەڵام پێویست بێت بۆی دەکەن "

سەبارەت بەداواکردن لەهاوڵاتیان بۆ تۆمارکردنی ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی" بەرنامەکە لەپاڵ ئەوانەی لەکەرتی تەندروستیدان ئێستا ناونوس دەکرێت هەم وەزارەتی تەندروستی حکومەتی فیدڕاڵ و هەم وەزارەتی تەندروستی لەحکومەتی هەرێم لینکێک و بەرنامەیەک دانراوە کەهاوڵاتیان خۆیان ناونوس دەکەن و خۆیان تۆماردەکەن، وە ئەولەویەتیش دراوە بەو کەسانەی لەدوای ستافی تەندروستی ئەوانەی تەمەنیان لە 60 ساڵ بەرەو سەرەوەیە لەگەڵ ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە لەگەڵ ئەوانەی داواکاریانکردووە و ئەوانەی مەترسیان هەیە بۆ نموونە مامۆستایانی قوتابخانەکان بەتایبەتی ئەوانەی پۆلی 12 ی ئامادەیی دەڵێنەوە چونکە ئەو پۆلانە کراونەتەوە بەرەوڕووی خوێندکاران، وەکو یەکسانیش بەڵێ ئێمە هیچ کەسێکمان تەفزیل نەکردووە بەسەر کەسێکی تردا، هەر هاوڵاتیەکیش پێویست بێت بیدرێتێت ئەگەر نەشبێت لەچوارچێوەی ئەو خاڵبەندییەی کردوومانە بەڵام پێویست بێت بۆی دەکەن."

"هاوڵاتیان ئەگەر خۆیان ناونوس نەکەن لەو لینکەدا ناتوانن ڤاکسین بگرن "

د.ڕەهێڵ فەرەیدون جەختیکردەوە پێدانی ڤاکسین لەهەرێمی کوردستان بەردەوامە، لەو ڕوەوە دەلێت " بەردەوام ئەو ژەمە ڤاکسینانە لێدراون، هاوڵاتیان ئەگەر خۆیان ناونوس نەکەن لەو لینکەدا ناتوانن وەری بگرن بەڵام مامۆستایان و ئەو خەڵکانەی کەدێن هەندێکیان پێمان وتوون و ناویشیان لێی وەردەگرین بۆئەوەی بتوانیین ئاسانکاریان بۆ بکەین و بۆیان بکەین."

"مامۆستایان و ڕۆژنامەنوسانیش ئەولەویاتن بۆ وەرگرتنی ڤاکسین "

سەبارەت پێدانی ڤاکسین بەمامۆستایان د.ڕەهێڵ فەرەیدون وتی " بەڵێ بۆنموونە مامۆستایان خۆیان داوایانکردووە لەڕێگەی یەکێتی مامۆستایانەوە ئێستا ڕۆژنامەنوسانیش داوادەکەن دەڵێن کەئێمەش لەهەموو شوێنەکانیین و لەناو نەخۆشخانەین و زیاتر لەباری توشبوون و وەرگرتنی نەخۆشیەکەن بۆیە ئەمانە ئەولیەتیان دراوەتێ."

"سێ شەممەی ڕابردوو فایزەر وەڵامی داینەوە و وتی ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئێوە ناکەین مەگەر لەڕێگای حکومەتی ناوەندی عێراقەوە نەبێت "

سەبارەت بەهەوڵەکان بۆ دەستخستنی ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا؟ د.ڕەهێڵ فەرەیدون ڕونیکردەوە " ئێمە وەکو وەزارەت بۆ گرێبەست لەگەڵ فایزەر قسەمانکرد هەموو هەنگاوەکانی خۆمان بەئاگاداری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ( WHO) بووە و بەئاگاداری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی فیدڕاڵ بووە بەڵام بەداخەوە لەسێشەمەی ڕابردوو فایزەر بەفەرمی وەڵامی داینەوە کە ئێمە ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئێوە ناکەین مەگەر لەڕێگەی حکومەتی ناوەندی بەغدادەوە نەبێت، دووەم لەمانگێک زیاترە ئێمە چەندین دانیشتمان و دانوستانمان لەگەڵ ئەسترازینکا کردووە تەنانەت داواکاری ئەوان لەفۆڕم پڕکرایەوە بەڵام کۆتاجار باسیان لەوەکرد یەکێک لەو سێ شوێنەی کەکۆمپانیای ئەسترازینکا بەرهەم دێنێت ڕووسیایە، کۆریای باشور، هیندستانە ئێمە لەگەڵ ڕووسیادا مامەڵەمان کردبوو لەڕێگەی کۆمپانیای ئاڕ فاڕم، ئەو کاتە باسی لەوەکرد تائەم ساتە پرۆسێسینی کۆتایی فرۆشتنی ڕوسیای ئەسترازینکای تەواو نەکراوە ئێمە تۆزێک پاشەکشەمان لەو بارودۆخە کرد."

هەروەها ئەوەشی وت" لەگەڵ سینوفارم ئێستا کەوتینەتە گەڕ و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین چونکە بەڕاستی پێمانوایە ڤاکسینە چینیەکەش کاریگەری خۆی هەیە، پێشتر لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا لەبەرئەوەی بەروبوومی چینی یان کەلوپەلی چینی بەشێوازێکی کوالیتی خراپ هاتووە گومانی زۆری لەسەربوو بەڵام دوای ئەوەی لەڕێگەی کەناڵەکان و خۆشمان باسمان لەوە کرد کەچەندین شوێنی دنیا بەکاری دەهێنێت و ئێستاش لەمامەڵە کردندا لەگەڵ سینۆفارمدا تاچەند بتوانیین لەگەڵ ئەواندا گرێبەست بکەین وەکو گرێبەست لەگەڵ کەسدا کۆتایی پێنەهێنراوە و زیاتر جەختمانکردۆتەوە لەسەر سینوفارم, ملیۆنێک و 200 هەزار کەس دەکات کە دەکاتە کە 20% ڕێژەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات. "

بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەپلانی وەزارەتەکەیان بۆ دابەشکردنی ڤاکسین بەسەر هاوڵاتیاندا وتی" ( WHO)دەڵێت ئەگەر تاکۆتایی 2021 ، 20% و لەکۆتایی 2022 ش 50% بکەن دەکاتە 70% کەدەبێت لایەنی کەم 70% کۆمەڵگەکان بکوترێن ئینجا بەرگری بڵاودەکاتەوە بەڵام هەندێک وڵاتی دەستڕۆیشتوو و توانادار هەوڵدەدەن هەر ئەمساڵ کۆتایی پێبهێنن بۆنموونە بەریتانیا، ئیسرائیل، هەندێک لەوڵاتەکانی کەنداو واتە ئەمانە توانای زۆریان هەیە و توانیوییانە ڤاکسین دابین بکەن هەر زوو گرێبەستیان کردووە و بەردەستە بۆیان."

واتە وەک حکومەتی هەرێم پلانی ئەوەتان هەیە وە تواناتان هەیە تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو ڕێژەیەی لە20% WHO داوادەکات ڤاکسین دابین بکەن و هاوڵاتیان وەریبگرن بەوڕێژەیە؟ لەوەڵامدا د.ڕەهێڵ فەرەیدون وتی" بەڵێ ئینشائەڵا چونکە هەوڵمانداوە و حکومەتی هەرێمیش بڕیاریداوە ئەگەر بەغداد نەیتوانی ڤاکسین دابین بکات ئێمە بتوانیین دابینی بکەین بۆیە خەریکی مامەڵە و دانوستانیین لەگەڵ ئەو کۆمپانیانە ئەوانەی کە باسم لێوە کرد."

"ئایا ئەسترازینیکا مەترسیدارە؟ "

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا دەنگۆکان سەبارەت بە مەترسی ڤاکسینەکان لەنێویاندا ڤاکسینی ئەسترازینیکا کاریگەری هەبووە لەسەر گفتوگۆکانتان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە بۆ دەستخستنی ڤاکسین؟ لەوەڵامدا بریکاری وەزارەتی تەندروسیی هەرێم دەڵێت"یەکەم ئێمە کەئەمە دەکەین چاودێری ئەو سەنتەرە زانستیانە دەکەین کەباس لەوە دەکەن لەڕێگەی کەناڵەکانەوە ئێمە بەفەرمی قسەمان لەگەڵ (WHO) کردووە و پێی ڕاگەیاندین کەتائێستا هیچ توێژینەوەیەکی زانستی سەلمێنراو نییە بۆنموونە باسی خەستبوونەوەی خوێن دەکەن وەکو سایت ئیفێکتی-کاریگەری لاوەکی ئەسترازینکا، شتێک نییە بیسەلمێنێت لەڕووی زانستیەوە کە ئەمە ڤاکسینەکە دەیکات بەڵکو لەهەندێک شوێندا
WHO وادەڵێت کە کاریگەری سلبی دوای ڤایڕەسەکە خۆیەتی."

" ئێمە ڤاکسینی ئەسترازینیکا بەسەلامەت دەزانیین و WHO ش پشتڕاستی کردۆتەوە قسە لەوان وەردەگرین "

" دواتر لەم چەند هەفتەی ڕابردوودا هەندێک لەوڵاتانی ئەوروپادا بڕیاریاندا لەتەمەنی 60 ساڵ و 55 ساڵ بەرەو سەر بەکاری بهێنن جارێکی تر ئێمە قسەمان لەگەڵ WHO کردەوە و پێی ڕاگەیاندین کە هەموو تەمەنەکان ئاساییە بەکاری بهێنن بەڵام نموونەی بەریتانیا وەردەگرین کەزیاد لە 30 ملیۆن ڤاکسینی بەکارهێناوە، تائێستا ئەو ڕێژەی باسدەکرێت لەکەناڵەکاندا کەدەڵێت 30 کەس بارودۆخی باش نییە و 7 کەس مردووە، وە ئەگەر خوانەخواستە ئەو 30 کەسەش کۆچی دواییان کردبێت بەڕاستی 30 کەس لە 30 ملیۆن ژەم شتێکی ئاساییە کەناتوانرێت بسەلمێنرێت ڤاکسینەکە وایکردووە بۆیە ئێمە ڤاکسینی ئەسترازینیکا بەسەلامەت دەزانیین WHOش پشتڕاستی کردۆتەوە ئێمە قسە لەوان وەردەگرین."د.ڕەهێڵ فەرەیدون بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم وایوت"

"تائێستا هیچ حاڵەتێکی خراپ بەهۆی ڤاکسینەوە لەهەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە"

بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم دووپاتیکردەوە ڤاکسینەکانی دژ بەکۆرۆنا سەلامەتن و هیچ حالەتێکی مەترسیدار لەهەرێم بەهۆی بەکارهێنانی ڤاکسینەکەوە تۆمارنەکراوە؟ لەوڕوەوە وتی" کەشتێک بەکاردەهێنرێت تاقیدەکرێتەوە و چاودێری دەکرێت، ئەمە تاقیکراوەتەوە بەپرۆسە زانستیەکاندا ڕۆیشتووە ئەمەشیان تەواو کردووە، ئێمە چاودێری و بەدواداچوونی وردمانکردووە ئەو خەڵکانەی وەریانگرتووە لەستافەکانی ناو تەندروستیەوە تائێستا خۆشبەختانە حاڵەتێکی وامان نییە کەبڵێن بۆتە هۆکاری مردن، بەڵێ هەندێک کەس وەکو زۆرێک لە ڤاکسینەکانی دیکە کە مناڵان بەپێی بەرنامە وەریدەگرن بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تیایەتی 24 کاتژمێر تای دەبێت هەیە ڕۆژێک یان هەیە دوو ڕۆژ و چەند ڕۆژێک ئازاری جەستەی هەیە ئەمانە ئاساییە لەوە زیاتر من بۆخۆم کۆمەڵێک هاوڕێی زۆر نزیکی خۆم وە کۆمەڵێک ستاف کە لەدەم بەڕێوەبەرە گشتیەکان باسکراوە ئەم نیشانە سادەیان هەبووە، بەڵام حاڵەتمان نەبووە چوبێتە چاودێری چڕی ورد و لەژێر چاودێریدا بێت بەهۆی ڤاکسینەکەوە بووبێت جگە لەوانە ئەگەر حاڵەتێکی وادەربکەوێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هەماهەنگی دەکەین و لەگەڵ بەغداد ڕایدەگرین بەڵام شتی وانەبووە."

"تائێستا بەدەمەوە هاتنی هاوڵاتییان وەک پێویست نیە"

لەدوو ڕۆژی ڕابردوو وەزارەتی تەندروستی هەرێم لەبانگەوازێکدا داوای لەهاوڵاتیان کرد ناوی خۆیان تۆمار بکەن بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا سەبارەت بەوەی تاچەندە هاوڵاتیان بەدەم ئەو بانگەوازەی وەزارەتەوە هاتوون؟ لەوەڵامدا د.ڕەهێل فەرەیدون وتی" تائێستا بەداخەوە زۆر وەکو پێویست نییە بەڕاستی ئێمە تێدەگەین چونکە تا ئەم دەقیقەیە دوو دڵییەکی زۆر لەناو هاوڵاتیاندا هەیە بەڵام ئێمە بەردەوامین لەوەی هۆشداری بدەین کەڤاکسین مەترسی نییە بۆیە ئێستا بەنموونە یەکێتی مامۆستایان یان ڕۆژنامەنوسان داوادەکەن و دەڵێن پێویستمانە بەڕاستی لەدوای ستافی تەندروستی ئێمە دەڵێن فەرموو بێن و لەخۆتانی بدەن بۆئەوەی زیاتر هاوڵاتیان ڕێژەی زیاتر ببینن کە لەخۆیان دەدەن و گرفتیشییان توشنەبووە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:43 0:00




XS
SM
MD
LG