Accessibility links

د.دلۆڤان محەمەد: ئێستا خەڵک ئه‌وه‌نده‌ ناوییان تۆماركردووه‌ بۆ وەرگرتنی ڤاکسین به‌داخه‌وه‌ ژه‌مه‌ ڤاكسینی به‌رده‌ستمان نییه


د.دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر -
د.دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر -

د.دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر ڕایگەیاند" ئه‌و ڕێژه‌ ڤاکسینه‌ی که‌ گه‌یشتووه‌تە هەولێر 1% ی دانیشتوانی هه‌ولێره‌ ئێستا ئەوەندە خەڵک ناوییان تۆمارکردووە بەداخەوە ژەمە ڤاکسینی بەردەستمان نیە، دەشڵێت" چاوه‌ڕوانده‌کرێت تاوه‌کو کۆتایی مانگی شه‌ش بڕێکی زۆری ڤاکسین دابین بکرێت."

" ڤاکسین وه‌رگرتن ئیجباری نییه‌ پێویسته‌ که‌سه‌که‌ خۆی داوابکات "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر وتی"سه‌باره‌ت به‌و ژه‌مه‌ ڤاکسینانه‌ی دابینکراوه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر له‌سنوری پارێزگای هه‌ولێر بریتیه‌ له‌ 19 هه‌زار و 500 ژه‌مه‌ ڤاکسین له‌سێ جۆره‌ ڤاکسینن، ڤاکسینه‌کانی سینۆفارمی چینی که‌ هه‌زار و 360 ژه‌می ڤاکسین بوو، جۆری دووه‌میان ئه‌سترازینیکا که‌ 15 هه‌زار و 800 ژه‌مه‌ ڤاکسین بوو، وه‌ له‌جۆری فایزه‌ر 2 هه‌زار و 340 ژه‌مه‌ ڤاکسین بووه‌، سه‌ره‌تا ڤاکسینی سینۆفارمی چینی هات ئه‌وه‌بوو له‌لایه‌ن حکومه‌تی چینییه‌وه‌ وه‌کو به‌خشین نێردرابوو بۆ حکومه‌تی عێراقی له‌وێشه‌وه‌ دابه‌شکرا."

د.دلۆڤان محەمەد دەربارەی شێوازی دابەشکردنی ڤاکسین ڕوونیکردەوە" ئه‌و بڕه‌ ڤاکسینەی بۆ هه‌ولێر دابینکرا سه‌ره‌تا ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ ئه‌و که‌سانه‌ بوو له‌ که‌رتی ته‌ندروستی کارده‌که‌ن به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌کانی کۆرۆنان چونکه‌ بڕه‌که‌ی که‌م بوو به‌وانه‌ ده‌ستپێکرا به‌ پزیشک و کارمه‌ندانی ته‌ندروستی و فه‌رمانبه‌ران دواتر ئه‌وه‌ی ئه‌سترازینیکا دووباره‌ سه‌ره‌تا ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ پزیشک و کارمه‌ندانی ته‌ندروستی بوون له‌که‌رتی ته‌ندروستی بۆماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ک ڕاگه‌یه‌نرا ئه‌وانه‌ی که‌ داواده‌که‌ن ڤاکسین وه‌رده‌گرن بێن ڤاکسینه‌کان وه‌ربگرن بۆ که‌رتی ته‌ندروستی چونکه‌ به‌پێی یاسای ته‌ندروستی گشتی عێراقی که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستانیش به‌رقه‌راره‌ ڤاکسین وه‌رگرتن ئیجباری نییه‌ واته‌ پێویسته‌ که‌سه‌که‌ خۆی داوابکات و خۆی ڕازی بێت، دوای ئه‌و ماوه‌یه‌ ئێمه‌ ئه‌وله‌ویه‌تمان بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌کان بوو ئه‌وانه‌ی که‌ به‌رکه‌وته‌ی یه‌که‌من سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌وانه‌ی تەمەنیان گەورەیە و نه‌خۆشی درێژخایه‌نیان هه‌یه‌ ئه‌وه‌ش پرۆسێسه‌که‌ به‌شێوه‌ی ئه‌وه‌ چووه‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌ که‌ پۆرتاڵێک له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌کرابوو خه‌ڵک به‌شێوه‌ی ئۆنلاین ناوی خۆی ڕیکۆرد ده‌کات و کۆنفه‌رمه‌یشن-دڵنیاکردنه‌وه‌ی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌رواری پێدانی ڤاکسینه‌که‌یان بۆ دیاریده‌کرێت واته‌ نۆره‌که‌یان بۆ دیاریده‌کرێت."

سەبارەت بەشێوازی دابەشکردنی بڕە ڤاکسینەکان بەسەر بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگاکان؟ بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر وتی" خۆی ئه‌و دابه‌شکردنه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقی و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ بڕیاری له‌سه‌ردراوه‌ زیاتریش به‌پێی ڕێژه‌ی دانیشتوان و به‌رکه‌وته ته‌نانه‌ت ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقه‌وه‌ بۆ ده‌رمان و پێداویستی پزیشکی و ئه‌وانه‌ش داده‌نرێت له‌سه‌ر ئه‌و ڕێژه‌یه‌ بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌ بۆ هه‌موو پارێزگاکان له‌ناویشیاندا پارێزگای هه‌ولێر که‌ قه‌زای کۆیه‌شی له‌سه‌ره‌ چونکه‌ قه‌زای کۆیه‌ خۆی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کی گشتییه‌ له‌وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی کوردستان به‌ڵام له‌ عێراق قه‌زای کۆیه‌ هه‌ر سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێره‌ بۆیه‌ ئه‌و ژه‌مه‌ ڤاکسینانه‌ی که‌ دابینکراوه‌ پشکی قه‌زای کۆیه‌شی له‌سه‌ره‌ ته‌نانه‌ت له‌هه‌موو جۆره‌کانی ڤاکسین پشکه‌که‌ی له‌لای ئێمه‌ دابینکراوه‌ بۆ قه‌زای کۆیه‌."

"ئه‌و ڕێژه‌ ڤاکسینه‌ی که‌ گه‌یشتووه‌تە هەولێر 1% ی دانیشتوانی هه‌ولێره‌ "

د.دلۆڤان محەمەد ئاماژەی بەڕێژەی ئەو ڤاکسینەکرد کەبەر پارێزگای هەولێر کرد لەو ڕوەوە وتی" لە34% به‌شی هه‌ولێر ده‌بێت له‌زۆربه‌ی ئه‌و ده‌رمان و پێکوتە و پێداویستیه‌ پزیشیکیانه‌ی که‌ له‌عێراقه‌وه‌ دابینده‌کرێت."

بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر ئەوەشی وت" تائێستا ئه‌و ڕێژه‌ ڤاکسینه‌ی که‌ گه‌یشتووه‌تە هەولێر بەشی لە 1% ی دانیشتوانی هه‌ولێره‌ چونکه‌ هه‌ولێر نزیکه‌ی 2 ملیۆن دانیشتوانی هه‌یه‌ ئه‌وه‌ی که‌هاتووه‌ تائێستا 19 هه‌زار و 500 واته‌ نزیکه‌ 20 هه‌زاره‌ بابڵێین که‌واته‌ ده‌کاته‌ 1% ی دانیشتوانی هه‌ولێر."

"ئێستا ئەوەندە خەڵک ناوییان تۆمارکردووە بەداخەوە ژەمە ڤاکسینی بەردەستمان نیە "

"گرفته‌کان به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تای پرۆسیسه‌که‌ که‌ ده‌ستمان پێکرد خه‌ڵکه‌که‌ دوودڵ بوون له‌سه‌رئه‌وه‌ی ئایا ڤاکسین وه‌ربگرن یان نا؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی نزیکه‌ی مانگێک پێش ئێستا ئێمه‌ ده‌ستمان به‌پرۆسێسی ڤاکسین کرد ئه‌وکاته‌ خه‌ڵک دوودڵ بوون و په‌رۆشی هاوڵاتیان ته‌نانه‌ت کارمه‌ندو پزیشکانی ته‌ندروستیش زۆر خراپ بوو له‌به‌ده‌مه‌وه‌چوونی ڤاکسین وه‌رگرتن، ئێستا گۆڕانکاری زۆری به‌سه‌ردا هاتووه‌ به‌ڕاستی دوای ئه‌وه‌ی ئێمه‌ کارێکی زۆرمان له‌سه‌رئه‌وه‌ کرد خه‌ڵک هانبدرێت به‌تایبه‌تی ئه‌و که‌سانه‌ی خه‌ڵکی ناسراون و هونه‌رمه‌ندن و که‌سایه‌تی ناسراوی هه‌ولێر و ته‌نانه‌ت ئه‌و به‌رپرسانه‌ی که‌ ناسراویشن ئه‌وانه‌مان هاندا بۆئه‌وه‌ی ڤاکسین وه‌ربگرن و خه‌ڵکیش چاویان لێبکات له‌به‌رئه‌وه‌ ئێستا ڕێژه‌ی به‌شداربووان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین زۆر زیاتری کردووه‌ زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ناویان ده‌نوسن له‌ڕێژه‌ی ئه‌و ڤاکسینه‌ی له‌به‌رده‌ستدایه‌ ئێستا زیاتری کردووه‌، ئێستا ئه‌وه‌نده‌ ناویان تۆمارکردووه‌ بۆ وەرگرتنی ڤاکسین به‌داخه‌وه‌ ژه‌مه‌ ڤاکسینی به‌رده‌ستمان نییه‌."د.دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر وایوت "

"هەموو ئەو ڤاکسینانەی بۆ عێراق و هەرێم دابینکراوە جۆری باشن و کاریگەری تەواوییان دەبێت "

د.دلۆڤان محەمەد باسی لەوەشکرد" ئێمه‌ له‌ڕێگه‌ی که‌ناڵه‌کانه‌وه‌ و له‌ که‌مپینه‌کانه‌وه‌ ته‌نانه‌ت له‌ڕێگه‌ی گشت سۆشیال میدیاوه‌ له‌هه‌موو بواره‌کانی ڕاگه‌یاندن و که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کردۆته‌وه‌ ئه‌و ڤاکسینانه‌ی که‌ دابینکراوه‌ بۆ عێراق و هه‌رێمی کوردستان هه‌رهه‌مووی جۆری باشن و هه‌رهه‌مووی کاریگه‌ری ته‌واویان ده‌بێت به‌ڵام خاڵێک هه‌یه‌ لێره‌ ئێستا دنیا گۆڕانکاری به‌سه‌ردا هاتووه‌ خه‌ڵک خۆی له‌وانه‌یه‌ له‌ڕێگه‌ی سۆشیال میدیا یان له‌ڕێگه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ توێژینه‌وه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌ یاخود ئه‌و هه‌واڵانه‌ی که‌ له‌ وڵاته‌کانی تر بڵاوده‌بێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت بۆماوه‌یه‌ک ئه‌سترازینیکا له‌ وڵاته‌ ئه‌وروپیه‌کان ڕاگیرا و توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر کرا به‌ڕاستی ئه‌وه‌ خه‌ڵکه‌که‌ی دوودڵ کرد، ڕاسته‌ ئێستا هه‌موو وڵاته‌کان ده‌ستیان پێکردۆته‌وه‌ و به‌کاریده‌هێنن ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ولێریش ئه‌گه‌ر بێین ته‌ماشای ڕێژه‌که‌ بکه‌ین، ئێمه‌ له‌و 19 هه‌زار و 500 ژه‌مه‌ ڤاکسینه‌ی که‌ پشکی شێر به‌ ئه‌سترازینیکا که‌وتووه‌ 15 هه‌زار و 600 ژه‌مه‌ ڤاکسین بووه‌ له‌وه‌ تائێستا ئێمه‌ له‌ هه‌ولێر 15 هه‌زار ژه‌مه‌ ڤاکسینمان به‌کارهێناوه‌ واته‌ ئه‌سترازینیکاش خه‌ڵکێکی زۆر ڤاکسینی وه‌رگرتووه‌ تێیدا به‌ڵام به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ فایزه‌ر و سینۆفارم ئه‌وان بڕه‌کانیان زۆر زۆر که‌مبووه‌ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌سترازینیکا له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێستا ڕێژه‌یه‌کی که‌م یان ژماره‌یه‌کی که‌م ڤاکسینمان له‌به‌رده‌ست ماوه‌ که‌ ئه‌سترازینیکایه‌. "

" تیمی تایبه‌ت و به‌شی تایبه‌تمان هه‌یه‌ بۆ دڵنیایی بوون له‌ سه‌لامه‌تی و له‌ دروستی ئه‌و ڤاکسینانه‌ "

بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر وتیشی" ئێمه‌ به‌رپرسی یه‌که‌مین له‌م شاره‌ له‌لایه‌نی ته‌ندروستیه‌وه‌ ئێمه‌ش تیمی تایبه‌تمان هه‌یه‌و به‌شی تایبه‌تمان هه‌یه‌ بۆ دڵنیایی بوون له‌ سه‌لامه‌تی و له‌ دروستی ئه‌و ڤاکسینانه‌ی که‌ له‌به‌رده‌ستدایه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی کوردستان و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقی هه‌ر ڤاکسینێک که‌ دێته‌ناو عێراق و هه‌رێمی کوردستان دڵنیایی له‌سه‌رسه‌لامه‌تی به‌کارهێنانی و سه‌لامه‌تی گواستنه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت چۆنیه‌تی کۆگاکردنی وئه‌وانه‌ هه‌مووی جه‌خت له‌سه‌ر سه‌لامه‌تیه‌که‌ی ده‌کرێته‌وه‌ ئینجا ڕێگه‌پێدراو ده‌بێت بۆئه‌وه‌ی به‌کاربێت بۆیه‌ چ بۆ دڵنیایی بوون له‌ کۆگاکردنه‌که‌ی، وه‌ هه‌روه‌ها سه‌لامه‌تی به‌کارهێنانه‌که‌ی، وه‌ کاریگه‌ری له‌سه‌ر که‌سه‌که‌ و دروستبوونی به‌رگری به‌ڵێ به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌رسێکیان جۆری باشن به‌شاهێدی ئه‌وه‌ش تاوه‌کو ئێستا ژماره‌یه‌کی زۆر له‌وانه‌ی که‌ ڤاکسینه‌کانیان وه‌رگرتووه‌ له‌هه‌ر دووجۆره‌که‌ی یه‌که‌م چونکه‌ فایزه‌ر تازه‌ وه‌رگیراوه‌ و هێشتا پشکنینی ( IgG )و به‌رگریه‌که‌ی بۆ نه‌کراوه‌ به‌ڵام دووه‌که‌ی تر سینۆفارم و ئه‌سترازینیکا به‌رگری زۆرباشیان بۆ دروستبووه‌."

" هیچ کاریگەرییەکی لاوەکی بەهۆی ڤاکسینی کۆرۆنا لەو ژمارەیەی بەکارییان هێناوە ڕوویاننەداوە "

د.دلۆڤان محەمەد جەختیکردەوە تائێستا هیچ بەکارهێنەرێکی ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا کاریگەری لاوەکی لەسەر دروست نەبووە لەو ڕووەوە وتی"تائێستا نه‌خێر خۆشبه‌ختانه‌ هیچ یه‌کێک له‌و 15 هه‌زاره‌ی که‌ باسمانکرد کاریگه‌ری لاوه‌کی له‌سه‌ریان دروستنه‌بووه‌ ته‌نها یه‌ک که‌س نه‌بێت ئه‌ویش که‌ داخلی نه‌خۆشخانه‌ کرابوو به‌ڵام ئه‌و کاریگه‌ریه‌ لاوه‌کییه‌ی هه‌روه‌کو ئه‌وانه‌ی تر بوو که‌ ئازاری له‌شی ده‌بێت و تای به‌رزده‌بێته‌وه‌ و سه‌رئێشه‌ ده‌یگرێت."

هەروەها ڕاشیگەیاند" نه‌خێر خوێن مه‌یین ڕووینه‌داوه‌ له‌ هیچ که‌سێک تاوه‌کو ئێستا، ئێمه‌ لیژنه‌یه‌کی زانستی تایبه‌تیشمان دروستکردووه‌ له‌پارێزگای هه‌ولێر له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر هه‌رحاڵه‌تێک هه‌بێت ئێمه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی که‌ ئازاری له‌شیان یاخود تا به‌رزبوونه‌وه‌که‌یان ئه‌گه‌ر تۆزێک به‌قورسیش بوو بێت به‌دواداچوونمان کردووه‌ ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن پزیشکه‌کانیشه‌وه‌ ئه‌گه‌ر حاڵه‌تی واهه‌بوو بێت ئاگاداری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی کراوه‌ته‌وه‌ و به‌دواداچوونمان کردووه‌ تائێستا هیچ حاڵەتی وا ڕووینه‌داوه‌ و زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ش له‌هه‌موو شوێنه‌کان ئه‌وه‌ی پێدانی ڤاکسینی تێدا ده‌درێت پزیشکی تێدایه‌ ڕاهێنراوه‌ که‌ خه‌ڵکه‌که‌ ئامۆژگاری ده‌کات ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌ر کاریگه‌رییەکی لاوه‌کی یاخود یه‌کێک له‌نیشانه‌کانی به‌قورسی گرت ئه‌وا په‌یوه‌ندی به‌پاراستنی ته‌ندروستی بکات به‌شی ڤاکسین بۆئه‌وه‌ی به‌دواداچوون له‌سه‌ر ئه‌و که‌یسانه‌ بکرێت."

" ڤاکسینی فایزەر داواکاری زۆر لەوە زیاتر لەسەربوو کەبەردەستبوو "

بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر دەربارەی بەشێک لەگلەیی هاوڵاتییان لەسەر دابەش کردنی ڤاکسین بەتایبەت جۆری فایزەر وتی" له‌سه‌ره‌تای پرۆسێسه‌که‌ لینکێکی تایبه‌ت دانراوه‌ ئه‌و لینکه‌ بۆئه‌وه‌یه‌ هه‌رکه‌س ناوی خۆی تۆمار بکات ئه‌و که‌سانه‌ چ هاوڵاتی بێت چ به‌رپرس بێت چ له‌که‌رتی ته‌ندروستی یاخود چ له‌ده‌ره‌وه‌ی که‌رتی ته‌ندروستی هه‌موو هاوڵاتیه‌ک به‌ به‌رپرسیشه‌وه‌ مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ناوی خۆی تۆماربکات ئه‌و که‌سانه‌ش مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ناوی خۆیان تۆماربکرێت ئه‌وله‌ویه‌تیش ده‌درێته‌ ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ته‌مه‌نیان گه‌وره‌یه‌، ئه‌وانه‌ی که‌ نه‌خۆشی درێژخایه‌نیان هه‌یه‌، وه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ڕاسته‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵکێکی زۆر داواکاری له‌سه‌ر فایزه‌ر هه‌بوو، ڤاکسینی فایزه‌ر داواکاریه‌که‌ی زۆر له‌وه‌ زیاتربوو، ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی که‌ داوایانده‌کرد هه‌ربۆیه‌ش خه‌ڵکێکی زۆر به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌ وه‌ربگرێت یان نۆره‌ وه‌ربگرێت سه‌ردانی سه‌نته‌ری پێدانی ڤاکسینیان کرد له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ڕزگاری له‌به‌رئه‌وه‌ش بوو به‌ڕاستی خه‌ریک بوو نۆره‌که‌ تێکبچێت، ئه‌گه‌ر هاتوو به‌رپرسێک یاخود یه‌کێک له‌وانه‌ی که‌ پله‌ی حکومیان هه‌یه‌ ڤاکسینه‌که‌یان وه‌رگرتبێت ئەوا به‌نۆره‌ی خۆیان یان به‌سه‌ره‌ی خۆیان بووه‌ جگه‌له‌وه‌ش به‌ڕاستی وه‌کو ئاماژه‌مان به‌وه‌دا ئێمه‌ چه‌ندجارێک له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی ڤاکسین له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌ڵک به‌په‌رۆش نه‌بوو بۆ ڤاکسینه‌که‌ و نه‌ده‌هات سه‌ردان بکات ئێمه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ناسراوبوون چ هونه‌رمه‌ند بێت چ که‌سی ئاینی بێت چ به‌رپرس بێت به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ناسراون ئێمه‌ خۆمان داوامانده‌کرد و هانمانده‌دان بۆئه‌وه‌ی ڤاکسین وه‌ربگرن تاوه‌کو خه‌ڵکانی تریش چاویان لێبکه‌ن."

"بەهیچ جۆرێک جیاوازی ناکەین "

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر دووپاتیکردەوە" لەپێدانی جۆرەکانی ڤاکسین بەهیچ جۆرێک جیاوازی ناکه‌ین لەئەپلیکەیشینی داخوازی بۆ وەرگرتنی ڤاکسین ئه‌و بژارده‌یه‌ی تێدا نییه‌ که‌ چ جۆرێک لەڤاکسین داوابکات به‌ڵام به‌ڕاستی له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ناوشاری هه‌ولێر ته‌نها شوێن که‌ بۆ فایزه‌ر دابینکراوه‌ ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی ساردکەرەوەی پێویست یان پله‌ی گه‌رمی پێویست ته‌نها سه‌نته‌ری ڕزگاری دانراوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌و خه‌ڵکانه‌ خۆیان که‌ زانیویانه‌ ڤاکسینی فایزه‌ر له‌وێ به‌رده‌ست ده‌بێت ئه‌و خه‌ڵکه‌ خۆی سه‌نته‌ری ڕزگاری هه‌ڵبژاردووه‌، ئێمه‌ له‌سه‌رشێوه‌ی جوگرافی دابه‌شمانکردووه‌ بۆنموونه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو خه‌ڵکی دانیشتووی (ئازادی) بێت یان ده‌وروبه‌ری بێت ئه‌وا بنکه‌ی ته‌ندروستی ئازادی هه‌ڵده‌بژێرێت بۆئه‌وه‌ی له‌ نزیکترین شوێن ڤاکسینه‌که‌ی بۆ دابین بکرێت."

" چاوه‌ڕوانده‌کرێت تاوه‌کو کۆتایی مانگی شه‌ش بڕێکی زۆری ڤاکسین دابین بکرێت "

د.دلۆڤان محەمەد ئەوەشی وت" بڕیاره‌ تاکۆتایی 2021، 20% ی دانیشتوانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان ڤاکسینیان وه‌رگرتبێت به‌مانای ئه‌وه‌ی که‌ له‌و پێنج شه‌ش مانگه‌ی داهاتوو پێویسته‌ لە 19% ی تر بگاته‌ هه‌رێمی کوردستانیش، هەروەها چاوه‌ڕوانده‌کرێت تاوه‌کو کۆتایی مانگی شه‌ش بڕێکی زۆری ڤاکسین دابین بکرێت له‌هه‌موو جۆره‌کان بۆ عێراق و هه‌رێمی کوردستان."

پێشتر د.هێڕش سەید سەلیم سەبارەت بەدوودڵی بەشێک لەخەڵکی بۆ وەرنەگرتنی ڤاکسین بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندبوو: کەسێک تائێستا جورئەتی ئەوەی نەکردووە لەخودی خۆیان ئەو پرسیارە بکات هیوادارم ئەوان خۆیان وەڵامیان هەبێت بۆ ئەو جۆرە پرسیارانە، دەشڵێت "وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن بەرپرسانەوە کاریگەری باشی دەبێت لەسەر دڵنیایی کردنەوەی خەڵک سەبارەت بەڤاکسینەکان، لەو ڕووەوە وتی" بەدڵنیاییەوە کاریگەری زۆر زۆرە لەسەر دڵنیایی کردنەوەی خەڵک و ڕەواندنەوەی گومانی خەڵک لەوبارەیەوە خۆ ئەو وڵاتانە لەخۆیانەوە سەرۆکەکانیان یاخود بەرپرسە تەندروستیەکانیان لەخۆڕایی ئەم ڤاکسینە بەکارناهێنن لەبەرچاوی خەڵک و لەبەرچاوی کامێرا، ئەمە یەکەم بۆ دروستکردنی متمانەیە، دووەم بۆ ئەوەیە کەهانی خەڵک بدات خەڵکی بەکاری بهێنن بێ ترس و دڵەڕاوکێ."

please wait

No media source currently available

0:00 0:13:44 0:00



XS
SM
MD
LG